Bestu-Hamasalih

بێستون محه‌مه‌دساڵح مسته‌فا : 19 ی ئاب ، بۆمبێك بۆ میراتگری .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌ دونیای شارستانیدا واباوه قۆناغی یه‌كه‌می ‌ پیاوانی به‌ڕێوه‌بردن و سیاسه‌تمه‌دارانی ده‌وڵه‌ت ته‌واوی هه‌ژمونی ژیانیان له‌ بواره‌جیاجیاكانی وه‌ك ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و كه‌لتووری ده‌گوزه‌رێنن ، پاشان قۆناغی دووه‌میان گواستنه‌وه‌یه‌ بۆ بواری پیاوی سیاسی و ده‌وڵه‌تمه‌داری .
له‌باشووری كوردستان بڕوابوون به‌ئیراده‌و قۆناغبه‌ندی پیاوانی به‌ڕێوه‌بردن و پیاوانی ده‌وڵه‌تمه‌داری و سیاسی هێشتا له‌ دارستانی جه‌نگه‌ڵی خێڵگه‌را نه‌ترازاوه‌و به‌ته‌مان فریاد ڕه‌سی خێزانی میراتگرو كه‌سی موقه‌ده‌س له‌ سه‌رده‌می عه‌وله‌مه‌ كه‌ جیهان بۆته‌ دێیه‌كی بچوك به‌رهه‌م بهێنن .
سه‌رئه‌نجامی ئه‌زمونی پیاوانی سیاسه‌ت له‌ دونیادا به‌م ڕیتمه‌ له‌ دوا وێستگه‌دا ده‌بنه‌ سیاسه‌تمه‌دار پاش ئه‌وه‌ی كۆی بواره‌ ژیاری و ژیانیه‌كانی مرۆڤایه‌تی به‌پرۆسێس خۆیان پیایدا ده‌ڕۆن و موتاڵای خال و بڕگه‌و ده‌قه‌كانی ده‌كه‌ن .
ئیدی بڕینی قۆناغه‌كان به‌رهه‌می ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وێ كات سیاسه‌تمه‌داریكی ساغڵه‌می لێ به‌رهه‌م دێت و خۆده‌گوازێته‌وه‌ به‌ پریاسكه‌یه‌ك له‌ ئه‌زمونی كۆمه‌ڵایه‌تی ئابووری فه‌رهه‌نگی هۆشیاری به‌ره‌و دونیاو جیهانبینی خزمه‌تكردن له‌ بواری سیاسه‌ت خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ .
كۆمه‌ڵگه‌ی هۆشیارو پڕئه‌زمون له‌ ژیان دۆستی و مرۆڤایه‌تی به‌رهه‌می ساته‌وه‌ختێكی هه‌نوكه‌یی نیه‌ ، به‌ هێندی ئه‌وه‌ی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی ڕۆژانه‌و به‌رده‌وامی له‌ ده‌ست كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێكی ئه‌مین و ئارام سپێردراوه‌ و پردی په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ڵك و پیاوانی ده‌وڵه‌ت ئیراده‌و متمانه‌یه‌ به‌ته‌نها .
كه‌مێك ڕۆچوون به‌ ئه‌زمونی گه‌لاندا گه‌لێك شاكارو نمونه‌ی جوان و شایسته‌ له‌ حوكمڕانی وێناو ده‌دۆزینه‌وه‌ ، به‌هه‌ند وه‌رگرتنی كات و شوێن و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و پیاوانی ئیداره‌دان و سیاسه‌ت له‌ وڵاته‌كه‌ و كارو چالاكی كه‌سانی چالاكوانی بواری مرۆڤ دۆستی ده‌بینیین .
به‌ڕێوه‌بردنی ووڵات و گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات فه‌لسه‌فه‌ و زانست و هۆشیاریی و متمانه‌ و ئیراده‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه ‌، هه‌میشه‌ به‌رهه‌می كاری ته‌ندروست و ڕاست وه‌ك كار ، كاردانه‌وه‌ی به‌پێزو مه‌دروس و به‌سیستماتیكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ .
حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ” به‌ درێژایی نزیكه‌ی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك ” ئه‌زمونێكی بێ وێنای له‌ به‌ڕێوه‌بردن و خه‌مڵاندن و ته‌به‌نی و سه‌رهه‌ڵدانی پیاوانی به‌ڕێوه‌بردن و سیاسه‌ت ، لانی كه‌م نه‌یانتوانیه‌وه‌ نمایشتێكی ڕێژه‌یی به‌ چێژو وه‌رگرتنی ئه‌زمونی گه‌لان له‌ ته‌واوی سێكته‌ره‌كانی حوكمڕانیدا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن .
هه‌میشه‌ هاوكێشه‌كه‌ ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌زمونی گه‌لانی دونیابووه ‌، پیاوانی به‌ڕێوه‌بردن و سیاسه‌تمه‌داری كورد له‌ باشوری كوردستان زاده‌ی پرۆسێسێكی ناته‌واو عه‌ره‌زی بوون و به‌نائاسایی ڕاسپارده‌ی مه‌هام و پێگه‌یان پێ سپێردراوه‌ ، بێ گوێدانه‌ ئه‌وه‌ی سووڕو كایه‌ی ته‌واوی بواره‌ جیاوازه‌كانی خزمه‌تكردن و به‌ڕێوه‌بردن و زانستی سیاسی و بازنه‌كه‌یان ته‌واو كردبێت ، به‌شێوازی مه‌ده‌نیانه‌ ڕه‌فتارو گوفتاریان هه‌میشه‌ بۆنی بارودو تفه‌نگ و زۆرو سته‌می لێ به‌رهه‌م هاتووه‌ .
به‌ڕێوه‌به‌رو سیاسه‌توانی كورد نه‌زعه‌یه‌كی شاخبینی و توندڕه‌وی شۆڕشگێڕی سه‌رده‌سته‌ی مانشیتی شوێنی كاری نێو كۆمه‌ڵگه‌ی بووه‌ له‌ دیدی ده‌سه‌ڵات و ئه‌مرو نه‌هیه‌كانی .
‌به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌ت و ‌سیاسی ده‌وڵه‌تمه‌داری له‌ باشوری كوردستان نه‌قسێكی گه‌وره‌یه‌و پڕكردنه‌وه‌ی ئاسته‌نگ و ئاسته‌مه‌ له‌م ساته‌ وه‌خته‌دا، به‌هۆكاری جیاواز .
خه‌ساندنی به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌ت و سیاسی ده‌وڵه‌تمه‌داری له‌ باشووری كوردستان هه‌ر زۆر ئاسانه‌ ، ته‌واوی ده‌روازه‌كانی بۆیان له‌سه‌ر پشت و كراوه‌ته‌وه‌ به‌ جۆرێك مه‌ستی كردون جه‌سته‌ی قه‌واره‌ی كوردیان به‌ ده‌ردێك بردووه‌ ماندوو هه‌ڵوه‌شاو پڕه‌ له‌ كاره‌سات و ماڵ وێرانی .
دنیابینی له‌ جه‌نگه‌ڵدا هه‌میشه‌ نه‌ڕه‌و ده‌نگی نه‌شازو نه‌شیاو هاوكێشه‌كه‌ی یه‌كلا كردۆته‌وه‌ .
ئه‌و كاتانه‌ی بانگه‌شه‌ی په‌یڕه‌وكردنی بنه‌ماكانی دیموكراسی ده‌كرێت له‌و ساته‌وه‌خته‌دا گه‌وره‌ترین بێ حورمه‌تی به‌ جاڕنامه‌ گه‌ردونیه‌كانی به‌های مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی ده‌كرێ و پێشێل ده‌كرێت .
ئه‌و ساتانه‌ی مانیفیستی چۆنیه‌تی ڕێزگرتن له‌سه‌روه‌ری یاساو په‌یڕه‌ وكردنی ده‌ستاوده‌سكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كرێت ، له‌و سه‌رو به‌نده‌دا گه‌وره‌ترین درۆی شاخدارو به‌رزترین و به‌ربڵاوترین تیۆری سته‌مكاری له‌لایه‌ن قه‌واره‌به‌ده‌ست و مالكی كورسی گوێزه‌ بانه‌ی بۆ ده‌كرێت .
ئه‌و قۆناغه‌ی هه‌لهه‌له‌ و نمایشت بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌رامبه‌رو پێكه‌وه‌ ژیان و ده‌ربڕینی ڕاو ڕای جیاواز له‌ په‌یڕه‌و به‌رنامه‌ی پیاوانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌توانی ده‌وڵه‌تداری تیانوس ده‌كرێت ، ئا له‌و پنتكه‌ شلۆقه‌دا به‌دۆست و نه‌یاران ده‌ڵێن هێنانه‌وه‌ی تیۆره‌ هه‌ڕه‌مه‌كیه‌كانی چه‌ته‌یی و داپڵۆساندن و ته‌جریدكردنی ئه‌وانه‌ی تر له‌ كۆی پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌رك و ده‌قێكی په‌یڕه‌وكراوی خێڵه‌كی ئێمه‌یه .
باشووری كوردستان له‌ به‌دبه‌ختیه‌كی سیاسی گه‌وره‌دا ڕاده‌گوزه‌رێت ، په‌رتكه‌و زاڵبه‌ی فیكری ، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حوكمی ئه‌شكه‌وت و خێڵگه‌رایی و له‌نێو خێڵیش به‌پیرۆزكردنی خێزانی پیاوانی به‌ڕێوه‌به‌ردنی ده‌وڵه‌ت و پیاوانی سیاسی و ده‌وڵه‌تمه‌دارو له‌ نێو خێزانیش به‌پیرۆزكردنی ته‌نها كه‌سێك وه‌ك فریاد ڕه‌سی ئه‌به‌دی به‌ كرده‌یی ئا له‌م قۆناغ و ساته‌وه‌خته‌دا عه‌قڵێك به‌ڵام چۆن عه‌قڵێك نه‌شازو ناقۆڵا سیناریۆی چۆنیه‌تی گه‌یاندنی ئه‌م په‌یامه‌ كاری كرده‌یی و جدی له‌سه‌ر ده‌كرێت ..
له‌ ده‌قی به‌رنامه‌و سیناریۆی سیاسی لایه‌نێك خاڵی مه‌ترسیداری وه‌ك نه‌هێشتن و ئیفلیجكردنی داموده‌زگای به‌ڕێوه‌بردن و چاودێری و ته‌شریعی كاری سه‌ره‌كی ده‌بێت و هه‌وڵی بۆ له‌باردنی شه‌رعیه‌ت و مه‌شروعیه‌ت متمانه‌ی به‌ خه‌لك و هاولاتی له‌ق كردووه‌ ، دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌سته‌و له‌ پێناو ئه‌و عه‌رزه‌ خێڵه‌كیه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵی نه‌پساوه‌ و ماكینه‌یه‌كی زل و زه‌به‌لاحی میدیاو راگه‌یاندن و خه‌ڵكی ده‌ربارو ئالوده‌ به‌م تێزو فكره‌ له‌ ئه‌ستۆ و ئامێز گرتووه‌ ئه‌نجام ده‌دات .
له‌ كوله‌كه‌كه‌ی بیلالی حه‌به‌شیه‌وه‌ ئه‌م هێزه‌ ناوازه‌یه‌ به‌سه‌رده‌م ، كار بۆ سیستمی میراتگری خێڵكه‌یی و ده‌ستاو ده‌سكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ نێو خیزان و به‌ره‌بابێكی دیاریككراو ده‌كات .
گه‌رتا دوێنێ ده‌قی سیناریۆكه‌ كه‌مێك شه‌رم و شكۆی پێوه‌ مابوو ، ئه‌وه‌ش نه‌ماو ئیدی په‌یڕه‌وانی بێ ڕتوش بێ موجامه‌له‌ نه‌ك ته‌نها له‌ سه‌كۆی گفتوگۆو جاڕدانی به‌شێوازی جیاجیا بگره‌ كردار شه‌رته‌یان كردۆته‌ مانشێتی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ پێناو بیردۆزه‌ی حوكمڕانی میراتگری له‌ نێو به‌ره‌بابێكی دیاریكراو مه به‌ستدار موبا‌ره‌ك و شاباش ده‌كه‌ن ..
پرۆسه‌یه‌كی له‌ م ته‌رحه‌ به‌ پاڵپشتی ئابوریه‌كی به‌ هێزو مه‌نتیقی هێز ده‌كرێت ، سه‌رچاوه‌ی ئابووری ئه‌م دیده‌ مه‌ترسیداره‌ له‌ خشته‌بردنی ماڵ و سامانی گشتیه‌ له‌لای هێزێكی دیاریكراو كه‌ نزیكه‌ی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ به‌لاڕێدابردن ناشه‌فافیه‌ت به‌ویست و ئاره‌زوو قۆرغی سه‌رچاوه‌ی داهات و سامانی نیشتمانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی ئابڵوقه‌داوه‌ .
له‌ڕوانگه‌ی هێزی سه‌ربازیشه‌وه‌ به‌ته‌ئكید قسوری نه‌كردووه‌ و ئه‌وه‌ی توانبیتی له‌ پڕچه‌كردن و ته‌مویل و دامه‌زراندنی هێزی حیزبی و جبه‌خانه‌و پێویستیه‌كانی به‌ بردنی قوتی خه‌ڵك مسۆگه‌ر كردووه‌ .
ئه‌م دیده‌ مه‌ترسیداره‌ هه‌ڵتۆقێنه‌ری زیاتر له‌ (50 ) جۆره‌ له‌ قه‌یران له‌ باشووری كوردستان ، هه‌میشه‌ قه‌یرانی به‌قه‌یران سپاردووه‌ ، ئیداره‌دانی به‌قه‌یران كردۆته‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی له‌ مانفیستی چۆنیه‌تی به‌میراتیكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ باشووری كوردستان .
گه‌وره‌ترین فه‌سادی ئابووری له‌ باشووری كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی به‌قۆرغكراوی پیاوانی به‌ناو به‌ڕێوه‌بردن و پیاوانی سیاسه‌توانی ده‌وڵه‌ت ئه‌نجام دراوه‌ ..
ده‌یان ملیۆن دۆلار نه‌وه‌ی ئاینده‌ی خستۆته‌ به‌ر قه‌رزاری ، ئاینده‌یه‌كی مه‌ترسیداری له‌
ئاسۆه وه‌ ڕاپێچی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات كردووه‌ .
سیناریۆی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ میراتگره‌ خۆسه‌پێنه‌ بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیی و ڕیفراندۆم ده‌كاته‌وه‌ بۆ مافی چاره‌ی خۆنوسین و ته‌به‌نی پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت بوون ئیدعا ده‌كات ، وه‌لێ له‌ هه‌ناویا ناوچه‌گه‌رایی و په‌لاماردانی هه‌موو ئه‌وانی تر زاده‌ی ناوه‌روك وعه‌قڵیه‌تی سیاسی و سه‌ربازیه‌تی .
ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ باوه‌ڕی به‌ هیچ یاسایه‌كی وه‌زعی نیه‌ ته‌نانه‌ت په‌نابردنی بۆ یاسای سروشتی به‌قه‌د عه‌قڵ و باڵای خۆی هه‌نگاوی بۆ ده‌نێت .
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م جۆره‌ له‌ عه‌قڵیه‌ت ، بزانیین عه‌قڵه‌كانی تری به‌ڕیوه‌بردن و سیاسه‌ت ئاست و بیركردنه‌وه‌و دنیابینیان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م تێزه‌ له‌ عه‌قل چۆن ، چیه‌ ؟ .
ڕۆناچمه‌ نێو ڕووداوه‌كانی نیو چاره‌كه‌ سه‌ده‌ له‌ حوكمڕانی باشووری كوردستان ، ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ پێش و دوای 19ی ئابی 2015 تا به‌ئه‌مڕۆ .
پێش 19ی ئابی 2015 به‌ ووردی له‌سه‌روبه‌ندی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن بۆ نێو كایه‌ی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات له‌ته‌ك ده‌سه‌ڵاتی به‌رجه‌سته‌كراوی هه‌ردوو حیزبی خاوه‌ن ڕیكه‌وتنامه‌ی ستراتیژی .
خه‌می یه‌كه‌می ئۆپۆزسیۆن وه‌چنگ خستنی به‌شێك له‌ ده‌سه‌لات بوو وه‌ك خۆیان ده‌لین بۆ كاری ڕیفۆرم و چاكسازی له‌باشووری كوردستان و به‌ نیشتمانیكردنی پرسه‌ گرنگه‌كان له‌ته‌واوی سێكته‌ره‌كانی به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانی ڕۆژانه‌ی هه‌رێمی كوردستان .
له‌ نیوه‌ی ڕێگه‌ مینێكی سیاسی ده‌ستوری یاسایی چێنراوه‌ كه‌ له‌ 19ی ئابی 2015 ته‌قینه‌وه‌ی ته‌واوی هاوكێشه‌و دونیابینی هه‌ردوولا ( ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات ) گه‌ردیله‌ی به‌تۆزو با به‌ئاسمانا ده‌بات ..
هه‌ر به‌كرده‌یی واكه‌وته‌وه‌ مینه‌كه‌ ئه‌توانیین بڵیین بۆمبێكی ئه‌تۆمی بوو ئیدی له‌ كات و ساتی خۆی ته‌قییه‌وه‌ ،كه‌وتینه‌ دوای ئه‌و به‌رواره‌ .
ئێستا باشووری كوردستان جه‌نگه‌ڵێكی بێ سه‌روبه‌ره‌و پڕه‌ له‌بێشه‌ی قه‌یران و هیچ پێوه‌رێك هیچ شه‌پۆلێك هیچ سیگناڵێك ناتوانێت له‌ مه‌دایه‌كی نزیكدا خویندنه‌وه‌ی بۆ بكات .
بێ ده‌نگی له‌م جه‌نگه‌ڵه‌دا مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی خوڵقاندووه‌ ، كه‌لاكی ده‌رچوو له‌ ئه‌نجامی بۆمی ئه‌تۆمی 19ی ئاب سه‌قه‌ت و كه‌م ئه‌ندامن عه‌قڵ وه‌ستاوه‌ ، ڕێك ئێستا سیناریۆی به‌میراتگری له‌ دارستان و جه‌نگه‌ڵی باشووری كوردستان پاڵه‌وانه‌كانی به‌رجه‌سته‌ی ده‌كه‌ن !.
ده‌رئه‌نجام ئه‌وه‌یه‌ كاتێك به‌ردێك نه‌زان بیخاته‌ نێو ئاوی ده‌ریاوه‌ به‌سه‌د زانا له‌ ئاوی قه‌تیسی زۆنگاوا ده‌رنایه‌ته‌وه ‌، له‌ كاتێكا نه‌زانه‌كه‌ له‌ ئاوی ڕووندا به‌رده‌كه‌ی فڕێداوه‌و زاناكان له‌ ئاوی قه‌تیسی زۆنگاو قه‌وزاویدا بۆی ده‌گه‌ڕێن ..
كه‌واته‌ : ئینجا چی بكه‌ین ؟ ..

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت