عیماد عەلی : پێویستمان بە ئەنجومەنی حاڵەتی نا ئاساییە .
هەموو رۆژێک لە ناخی خۆماندا دەپرسین : چۆن شەرعیەت بۆ دەسەڵاتی هەرێم دەگەرێتەوە ، کێ بەرپرسی یەکەمە بۆ هەنگاونان لەوبارەوە ؟ چارەنوسی گەلی کورد بەرەو کوێ ؟
ئەگەر بمانەوێت پێناسەی شەرعیەت وەک چەمکێکی هەمەگیری گشتی بۆ هەر دەسەڵاتێک لە جیهاندا بکەین ، دەتوانین وەزع و سیفەتەگشتیەکانی وڵات بە مەرجی لە ئارابونی حاڵەتی پەیوەستیی دامودەزگاکان بە یاسا و ئەولەویەتی خەڵک و ئامانجە گشتیەکانیانەوە بێـت ، بۆ دارشتنی پێناسە راستەقینەکەی . لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا ، بە شێوەیەکی تایبەت و لە مێژویەکی دیاریکراودا یاساکانی شەرعیەتپێدانی کارو مامەڵەکردن لەگەڵ هاونیشتمانیان و بەرژەوەندیەکانیان بە سانایی بەرجەستە دەبێت و خۆی دەسەپێنێت و ، بە شێوەیەکی زۆر ئاڵۆز ، چونێتی بینین و مامەڵە کردن لەگەڵ دەرهاویشتە و روداوەکانی رۆژانەی خەڵک دیاری دەکرێت ودەخوێنرێتەوە و ، ئەم شەرعیەتەش بە چەندێتی و چۆنێتی گرنگیدان بە دوارۆژی هاوڵاتیان خۆی دەبەستێتەوە .
واتە شەرعیەت بەرجەستەبونی دەسەڵاتی هەر وڵاتێک ، شەرت نیە بە شەرعیەتبونی یاسای خەڵکێکی تر لە وڵاتانی تر ببەسترێتەوە و ، وا بزانیت دەبێت بە هەمان ریتم و یاسا و فۆرم و شێوە ببرێت بەرێوە و ، لەو بروایەدا بیت کە دەبێت بە هەمان شکڵ و ناوەرۆک بێت ، لە سەرجەم وڵاتاندا . بۆ سەلماندنی ئەم راستیە دەڵێین، بەنمونە : شەرت نیە یاسایەکی تایبەتی ولایەتێکی ئەمریکا لە ولایەتێکی تر بەشەرعی سەیر بکرێت و ، بەڵکو دەکرێت بە ناشەرعیش لەقەڵەم بدرێت و ، ئەویش بە پێی مێژووی ولایەتەکان و یاسا رێگە پێدراوەکان و قازانجى گشتی و بۆچون و رای گشتی خەڵکەکەی و رازیبونیان بە یاساکە و بەشەرعی بینینان ، شەرعیەت وەردەگرن ، کە لە روانگەی قازانجی گشتیەوە تەماشای دەکەن و ، بە بەستراوە یان لێکئاڵاوی یان هەڵهێنجراوی یاسا دانپیدانراوەکان دەبینرێت .
لە شەرعیەتدان بە هەر کردەوە و روداوێک دا ، دەبێت زەمان و مێژوو و ژیانی خەڵک و رادەی قازانج و زەرەری گشتی و ،پابەندبونی خەڵک بە یاساوە حسابی بۆ بکرێت . واتە شەرتە کە شەرعیەت پەیوەست بێت بە جەوهەری یاسای تایبەت بە هەر شوێنێک و ، مافی گشتی و ئەرکەکان بخوێندرێتەوە و ، لەمەشدا وەک شتێکی بابەتی و لە شوێنێکدا دەبێت کە یاساکان بەرقەراربن و دەستور رۆڵی خۆی بگێرێت و یاسا گرنگەکانی پەیوەست بە گەل و نیشتمان خۆیان سەپاندبێت و جێبەجێکرابن .
ئەوەی لە کوردستان بەرێوەدەچێت لە حکومەت و پەرلەمان و یاسا و رێساکان، بە یاسای گوازراوەی قۆناغێکی گوازراو دەبینرێت و ، پشت بە هیچ کۆڵەکەیەکی یاسایی بنەرەتی لە شێوەی دەستور نابەستێت و ، دەکرێت بە لاستیکی تەماشا بکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ، واتە بێ هەبونی دەستور بە پشت بە ستن بە یاساگەلێک کەلە پەرلەمان دەرکرابێت بەو شێوەیەی کەوا لە واقعێکی نالەباری پێش و لەکات و دوای شەری نێوخۆیی و تەگەرە هەمەچەشنەکان دەرکرابێت و ، وەک دەزانین هیچ یاسایەک لە سەر ئەرزی واقع تاقینەکراوەتەوە کە لە قازانجی کۆی گشتی ژیانی خەڵکدا بێت یان لە دژی وەستابێتەوە لە پراکتیزەدا . ئەو یاسایانەش لەگەڵ وەزعی ئێستای گەلی کوردستاندا دەگونجێت یان بە بەسەرچونی کات هیچ بەهایەکی نامێنێت .
ئەگەر حسابی ورد بۆ ئەمرۆی کوردستان بکەین ، لەبارەی بەسەرهات و روداوەکانی نەهێشتنی بەناو ئەو شەرعیەتەی ، کە لە رووی پێناسەی شەرعیەت و یاساوە بەهیچ شێوەیەک خۆی لەقەرەی شەرعیەتی راستەقینە نادات ، بۆیە ئەم کردەوانەی لەم دواییەی پارتی ، خۆی لەخۆیدا نەهیشتنی شەرعیەتی ناشەرعی واقعی یاسایی کوردستان بووە . لێرەدا ئەگەر ئەو حسابە وردەی شەرعیەت لە باری یاساییەوە بکەین ، دەبێت بە ریشەیی لە روی پەیوەستی شەرعیەت بە یاسا و ئەولەویەت و مافی گشتی و ، لەهەموو گرنگتر نەبونی شەرعیەتی دەوڵەت و یاسا پەیوەستەکانی و سەرگەردانیی لە نێوان دەستوری عیراق و نەبونی دەستوری هەرێم دا خولمان خواردۆتەوە .
بۆ گەرانەوەی بە ناوشەرعیەتی کوردی ، پێویستمان تەنها بە گەرانەوەی شتەکانە بۆ جێگەی خۆی ، واتە لە رووی جەوهەری کێشەکەوە ، دوبارە خۆخەریک کردن بە کاری نەشەرعی بە ناوی شەرعیەتەوە ، کە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چەندین ساڵە لەسەری دەروات . واتەئەو کۆمەڵە یاسایانەی دەرچون پشتیان بە دەستورێکی شەرعی هەڵقوڵاوی بارودۆخی تایبەتی و مافە گشتیەکان و ئەولەویەت نیە کە لە مەرجە سەرەکیەکانی شەرعیەتدانن بە هەر یاسا و رێسایەک .
بۆیە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆران بۆ سەر کاروباری خۆیان ، مەرج نیە شەرعیەت بدات بە ئەو واقعەی کە هەیە ، لەبەر ئەوەی لە هەر کات و زروفێکدا هەر خەڵکێکی تر بتوانێت ئەم شەرعیەتە لە ناو بەرێـت و خەڵکیش هیچ نوتقێکی لێ نەیەت ، ئەوە خۆی لە خۆیدا شەرعیەتەکە بێ پشتگیری جەماوەر وگەلی کوردستانە ، واتە بی هیچ کۆڵەیەکی سەرەکی شەرعیەتی زانستیانەی واقعی دسەڵاتە و ، لە دەرئەنجامدا ناتوانرێت بە شەرعی لەقەڵەم بدرێت .
هەر بۆیە ، پاش گەرانەوەی هەموو گۆرانکاریەکانی ئەم دواییە بۆ پێش 12 ی تەشرینی یەکەم و ، ئەگەر لایەنەکان رێکبکەون بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی حاڵەتی نائاسایی بۆ دارشتن و تێپەراندنی دەستور و هەڵبژاردنی پێش وەخت لە نزیکترین کاتدا ، باشترین و کورتترین رێگە دەبێت بۆ گەرانەوە و نەهێشتنی شەرعیەتە ناشەرعیەکە و لە هەمان کاتدا بەدیهێنانی شەرعیەتی راستەقینە وەک چەمک و بنەمایەکی سەرەکی ژیانی مۆدرێن و سەردەمایانەی خەڵکی کوردستان .
بە کورتیەکەی ، لەم حاڵەتەدا هەموو لایەنەکان و ئەوانەی لەم روداوانە توشی ئیحراجی بون و بەدوای روسوریەک دەگەرێن بۆ گەرانەوە بۆ حاڵەتی ئاسایی ، لەو بارودۆخە رارایی و نیگەرانیە حزبی و سیاسیی تێیدان ، رزگاریان دەبێت و ، بە پاکێجێک بەشێوەیەکی ریشەیی قەیرانەکان چارەسەر دەکرێت و ، لەم رێگەیەشەوە بناغەی چارەسەری بۆ پرسە درێژخایەنەکەش دەدۆزرێتەوە . واتە ئێمەی کورد لە حاڵەتی نایاسایی و ناشەرعی دامودەزگاکانداین ، بۆیە پێویستمان بە پێکهێنانی ئەنجومەنی حاڵەتی نا ئاساییە بۆ دارشتنی دەستور و یاساکان ، لە کەسی یەکەمی لایەنەکان و یاساناسانی شارەزا و خەڵکی دڵسۆز ، بەوەش دەتوانرێت یەکەمین هەنگاوی گەرانەوەی شەرعیەت بنرێت و ، لە قەیرانە هەمەجۆرەکان رزگارمان بێت .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت