نەوزادی موهەندیس : سووتاندنی ئاڵاكان ، كەلتورێكی دواكەوتوو .
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
سووتاندنی ئاڵای هەر وڵاتێك بریتیە لە بێڕێزیكردن بەرامبەر شكۆی نەتەوەی ئەو وڵاتە ، چونكە ئەو پارچە قوماشە ڕەنگاوڕەنگە بۆتە نیشانە و پەرچەمی ئەو وڵات و كۆمەڵگایە و هەمیشەش لەجێگەی بەرز و لە سەرووی سەرەكانەوە دەشەكێتەوە ، بۆیە داگرتن یان دڕاندن و سووتاندنی كارێكی ئەوپەڕی بێڕێزی و شكۆشكاندن و سەروەری خاوەنی ئەو ئاڵایەیە و كەمكردنە و گاڵتەكردنە بەسەروەری ئەو وڵاتە . سووتاندنی ئاڵاش لە كەلتوری كۆمەڵگا دواكەوتوەكانەوە سەریهەڵداوەو هەمیشە ئەو كۆمەڵگا و وڵاتانە ئەو كارە پیادە دەكەن كە بێدەسەڵات و دواكەوتوون و توانای بەرگریكردن و ڕوبەڕووبونەوەیان نیە لەگەڵ بەرامبەرەكانیاندا و هەمیشەش خۆیان بە سەركەوتوو دەزانن لەو كارەیاندا، لەكاتێكدا سووتاندنی پارچە پەڕۆیەكی بێ گیان هیچ ئازایەتیەكی ناوێت ، بەڵكو تەنها ئاماژەیەكە بۆ دەمارگیری و دواكەوتوویی و بێدەسەڵاتی . نمونەی ئەم كارانەشمان زۆر بینیوە لە سەردەمی بەعسی صدامیدا لە كاتی جەنگ و ناكۆیەكانیدا لەگەڵ ئەمریكا و ئێران و وڵاتانی تری عەرەبیدا كە وێنەی سەرۆك و پادشا و ئاڵاكانیان دەسووتاندن و دەیانخستنە ژێر پێیانەوە .
لەهەفتەی ڕابووردوودا دووجار و لەبەرچاوی كامێراكان و میدیادا لە شارێكی پیرۆزی شیعەكان ( كەربەلا ) و لە پایتەختی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵیشدا ( بەغداد ) لەلایەن چەند كەسێكەوە سوكایەتی و بێڕێزی بەرامبەر ئاڵای شەكاوەی كوردستان كرا ، ئەو ئاڵایەی كە بە هەزاران شەهیدی قارەمان لە پێناویدا گیانی خۆیان بەختكردوە و بە هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە لە سایەی ئەو ئاڵا پیرۆزەدا دژایەتی و مقاوەمەتی شۆڕشگێڕی ڕەوای نەتەوەیەكیان درێژە پێداوە دژی داگیركارانی ناوخۆی و دەرەكی ، ئەو ئاڵایەی كوردستان خوێنی لێدەچۆڕێت لە پێناو ئازادی و دیموكراسی كوردستان و عێراقدا ، بۆیە هەرگیز ڕەوا نیە كە هیچ كەس و لایەنێك بوێری ئەوە بكات بێڕێزی بەرامبەر بكات .
ئاشكراشە لەوەڵامی كردارێكی وا بێ ئەرزش و سەرەڕۆیی و كاڵفامانەی عەرەبیدا ، حەماس و خوێنگەرمی گەنجەكانی كوردیش پەرچەكردارێكی ئاوهایان هەبێت و ئاڵای عێراق بسوتێنن وەك وەڵامدانەوەیەكی ئەو كارە قێزەونە ، ئێمەی كورد هیچ كات بێڕێزیمان تەنانەت بەرامبەر دوژمنەكانیشمان نەكردوە چ جای هاو نیشتیمانان و بەناو براكانمان لە عەرەبی سونە و شیعە كە بە خۆشی بێت یان بەشەقی زەمانە لەیەك وڵاتدا پێكەوە دەژین، بۆیە لەلایەك ئەركی دەسەڵاتدارانی كوردە و لەولاشەوە دەسەڵاتدارانی عێراقە كە ڕێگە نەدەن بەهیچ گێرەشێوێنیەكی سەرەڕۆیی بۆ دووبارەكردنەوەی ئەو كارانە .
عەرەبەكان دەڵێن بەپێی یاسا ( سووتاندنی ئاڵای عێراق حوكمی 10-15 ساڵی زیندانی و جەزای 10 ملیۆن دیناری عێراقی هەیە ) ، ئێمەش دەپرسین ئەرێ سووتاندنی ئاڵای كوردستان سزا و جەزاكەی چەندە ؟ كە ناكرێت ئاڵایەكی پاشماوەی عەرەبی شۆفێنی و بەخوێن سووری ڕۆڵەكانی كورد و عەرەب ( كە تائێستاش جێگەی مشتومڕە و هەموان لەسەری كۆك نین ) ئەوەندە بەڕێز بێت و ئاڵای كوردستانیش بەخوێن سووری ڕۆڵەكانی بەبێ هیچ سزایەك تێپەڕ ببێت ، بۆیە هەق وایە لە پەڕلەمانی كوردستانیشەوە یاسایەك دەربچێت و ڕێز و سەروەری ئاڵای كوردستان بپارێزێت و سزای سووتاندن و بێڕێزیكردنیشی دیاریبكات .
ئەم كەلتورە بەداخەوە لەلایەن عەرەبەكانەوە زۆر دووپاتدەكرێتەوە هەر لە سووتاندنی ئاڵای ئیسڕائیل و ئەمریكا و بەریتانیاو فەڕەنساو ئێران و تەنانەت لەناوخۆی خۆشیاندا بەدەیان جار ئاڵای وڵاتە عەرەبیەكانیان سووتاندوە و بێڕێزیان بەرامبەر كردوە. بۆیە ئەركی دەسەڵاتدارانی كورد و ڕۆشنبیران و نوسەران و نوخبەی كۆمەڵگای كوردەواریە كە ڕێگە نەدەن ئەو كەلتورە قێزەون و دواكەوتووە و مایەی بێدەسەڵاتیە لە عەرەبەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو كورد و كوردستان ، ئێمەی كورد ئەوەندە بوێریمان تیادایە كە بتوانین ڕاستەوخۆ و بە ئاشكرا ڕووبەڕووی ناحەزان و دوژمنانمان ببینەوە ئیدی چ پێویست دەكات كە پەنا بەرینە بەر ترسنۆكی و سووتاندنی ئاڵای وڵات و كۆمەڵگایەك كە مەرج نیە ئەو كردارە جێگەی ڕەزامەندی هەموانیان بێت ، بۆیە ئێمەی كورد نابێت هەڵەی سەرەڕۆیی چەند كەسێك بە هەڵەیەكی هاوشێوە وەڵام بدەینەوە و سۆز و خۆشەویستی زۆرینەیان لەدەست بدەین . چونكە بەردەوام بوونی ئەم جۆرە كارانە و بەتایبەتیش لەم كۆمەڵگا دواكەوتوەی عێراقدا سەر دەكێشێت بۆ نانەوە و هەڵایسانی فیتنە و شەڕەنگێزی و توندوتیژی مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەیی كە ئێمەی كورد لە ئێستادا پێویستمان پێی نیە كە لەلایەكی ترەوە سەرقاڵی بەرگریكردنین لە خاك و ئاڵاكەمان لەدژی چەتەكانی داعش لە باشوور و ڕۆژئاوادا ، با ئێمە دەرگای شەڕێكی نەخوازراوی تر لەسەرخۆمان نەكەینەوە بەكردار و پەرچەكرداری هەڵە و وڵات و گەلەكەمان دووچاری مەینەتی و قەیرانێكی تر نەكەینەوەو بە عەقڵ و حیكمەت و گفتوگۆ و لە ڕێگەی یاساوە كێشە و قەیرانەكان چارەسەر بكەین .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی