عیماد عەلی : ئایا کورد قازانج لە وەزعی پاش خستنەخوارەوەی فرۆکە روسیەکە دەکات ؟
ئێمەی کورد ، ئەگەر بە سەرپێی مامەڵە لەگەڵ روداوی خستنە خوارەوەی فرۆکە روسیەکە نەکەین و ، پیشهاتەکان لە روانگە و بۆچون و ستراتیجیەتی کوردەوە شەن و کەو بکەین ، زانیاریەکانی پشت پەردەی ئەم کردەوە و رەفتارەی تورکیا بەدەست بێنین و رۆڵی ئەمریکا لەمبارەوە بزانین ، ئینجا دەبێت بە گونجاوترین رێگە هەنگاوەکان بنێن و هەڵویست بنوێنین و ، زۆر جار دواخستنی هەڵوێستی گەورە و ستراتیجی یان بێلایەنی ، شای هەڵوێستەکان دەبێت ( لە کاتێکی هەستیاری هاوشێوەی ئەمرۆ، هەڵەیەکی بچوک بەقەد گەورەترین هەڵە لەسەرت دەکەوێت ) . ئەگەر کردەوە هەمەجۆر و پلانەکانی لایەنە سەرەکیەکانی روداوەکانی ناوچەکەمان و بۆچونی پشت پەردەیان بەردەست بوو ، دەتوانین دوارۆژی ئەم کردەوانە بە ئاسانی بخوێنینەوە . دیارە ، ئەگەر هەڵویستەکان لە بەشەکانی کوردستان ، جیاوازیان تێدا بێت بە پێی رەوشی سیاسی و جیاوازیەکان ، رۆڵەکان دابەش بکرێت بەسەر لایەنەکانی هەرچوار پارچەی کوردستاندا ( کە ئەمە بەدوور دەزانم ، لەبەر ئەوەی پەیوەندیەکانی لایەنەکانی کوردستان لەسەرجەم پارچەکان لە ئاستێکدا نیە کە بۆ ئامانجێکی ستراتیجی گرنگ پشتی پێ ببەستیت ) ، ئەگەر ئەگەرە زۆرەکان لە پیش چاو بن ، دەتوانین لە هەڵەکانیش کەم بکەینەوە و کاریگەری سەلبی لێکەوتەکانی هەر هەڵوێستێکی نادروست زۆر نەبێت . چۆن ؟
ئەگەر تورکیا داوای لێبوردنیش بکات و دان بە هەڵەی خۆیشیدا بنێت ، لە ئێستا بەدواوە پەیوەندی روسیا و تورکیا بۆ ماوەیەکی درێژ ناگەرێتەوە جاری جارانی ، ئەمەلە لایەکەوە لە قازانجی ستراتیجی کوردایە ، لەلایەکی ترەوە رەفتاری روسیا بە ئاراستەیەکدا دەبێت کە لەقازانجی کوردستانی رۆژئاوادا بێت و لەوەشدا بە روونی دیار نیە کە رۆڵی ئەمریکا چۆن دەبێت ، یان دەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستان چۆن پەیوەندیەکانیان رێکدەخەنەوە ، کە لەسەر حسابی پارچەکانی تر نەبێت و ، لەو نێوەندەشدا بە خۆیان نەبنە قوربانی ناکۆکیەکانی ئەمریکا و روسیا لە سوریا . لێرەشدا پێویستیەکی هەرە زەروری هەماهەنگی نێوان لایەنە کوردیەکانی باشوری کوردستان و رۆژئاوای دەوێت ( ئەمەش بەدوور دەزانم لەبەر ئەوەی لایەنی دسەڵاتداری کوردستانی باشور لە پەیوەندیەکی توندوتۆڵدایە لەگەڵ تورکیا و بە هیچ شێوەیەک باوەر ناکرێت لەم بارەوە هەنگاوێکی وا بنێت کەلە قازانجی کوردستانی رۆژئاوادا بێت ) .
ئەوەی چاوەروان دەکرێت ، کە پەکەکە و رەوتی پرسی کورستانی باکوور لەم مەسەلەیە قازانجی باش بکەن ، ئەگەر ئەمانیش بە جوانی بۆ روداوەکان بچن و کاریگەری هەر هەنگاوێکیان لەمبارەوە لەمەر پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بە جوانی بخوێننەوە و ، رۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکە بەباشی لێکبدەنەوە ، نەوەک هەم لەعەلی بن و هەمیش لەعومەر . لێرەدا دەتوانن لە نێوان ئەمریکا و روسیا ، یاریەکی سیاسی جوان بکەن .
کوردستانی باشور و ئەم وەزعە نالەبارە و ناکۆکیەکانی و پەیوەندیە ناجۆرەکانی لایەنەکان و خۆبەستنەوەیان لەگەڵ میحورەکانی ناوچەکە و دابەشبونی بەسەر دوو جەمسەردا ، شتی زۆر گرنگی لێ نابینرێت ، بەتایبەتی ، لەم ناکۆکیە قوڵەی کە تێیدان . بۆیە دەکرێت کوردستانی رۆژئاوا چەندین هەنگاو پێش کوردستانی باشور بکەوێت ، ئەگەر وا بە یەکگرتوویی بمێننەوە و ناوەندی بریار رۆڵی کاریگەری خۆی لەدەست نەدات . بۆیە دەکرێت بڵێم لە رووی بابەتیەوە کورد لەم چەند ساڵەدا باش بۆی هاتووە و لە نێوخۆی خۆیدا ناکۆک و نالەبار بووە ، بۆیە لە جێگەی خۆیدا چەقی بەستووە . ئەمەش دەیسەلمێنێت کە نەگەیشتنمان بە دوامەنزڵگە لە دەرئەنەجامی زیرەکی و ژیریی ئەوانی تر نەبووە بەقەد ئەوەی لە دەرئەنجامی نەزانین و تێنەگەیشتن و بێتوانایی خۆمان بێت . بۆیە زۆر جار راستەرێکردنی کاروانی سیاسی ناوچەکە لە رووی بابەتیەوە نەک خودیەوە لە قازانجی ئێمە کەوتۆتەوە ، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئەو هەلانەمان نەقۆستۆتەوە و بەفیرۆ رۆیشتون . هیوادارم ئەم هەڵتیزکانەی تورکیا قازانجی بۆ گەلی کورد هەبێت ، بەڵام بەم عەقڵیەتەی ئەم سەرکردایەتیە و رەفتارو بۆچون و ململانێکانیان ، شتی باشیان لێ رانابینم . بەهیوام هاوکێشەکانی ناوچەکە بمانگەنێتە دوائامانج و خەونەکانمان بێنێتەدی و هیچ پێویستیەکمان بە ژیری سەرکردایەتی کورد نەبێت .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت