ئەبوبەکر جاف : وەهم و ئەفسانەی كەسە زۆر گرنگەكان

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كەسە زۆر گرنگەكان كێن ؟ بۆچی و چۆن گرنگن ؟

1

هیچ دەرئەنجامێكی لێكۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەكان ئەوەیان ڕانەگەیاندووە كە ، كۆمەڵگەو گردبوونەوەیەكی مرۆیی لە هەر چركەساتێكی مێژووییدا بووبێت ، خاوەنی گوتارو میكانیزمی دابەشكردن و جیاكردنەوەو پۆلێنبەندی و دابەشكاری نەبووبێت لە سەر بنەماو پرەنسیپ و ستراكتۆرێكی تایبەت و دیاریكراو . كۆمەڵگەی بەشەری لەو سەردەمانەی كە كۆمەڵگەی نوسین و بە دیكۆمێنتكردنیش نەبووبن و تەنیا لە ئاستێكی زارەكی و گێڕانەوەو دەماودەمی یاساو پرەنسیپە مۆراڵییەكاندا بوبێتیش ، دەسبەرداری جیاوازی سەرمایەو شوێن و مەكانەت نەبوون . پێگەو شوێن و ئیمتیازو سەرمایەی جیاواز كە پێگەو شوێن و بەهاو ئەرزشی لە سەر بیناكرابێت ، هەمیشە حوزوری هەبووە . ئەڵبەتە بە پێی بارودۆخ و هەلومەرج و كۆنتێكستی تایبەت ( بەهایەك ) كراوە بە پرەنسیپی پێودانگ و پێووری بیناكردنی چاكەو خراپەو باش و راست و هەڵەو جوانی و ناشیرینی و گرنگ و ناگرنگ …. واتە ئەوەی پێی گەیشتووین لە تەواوی گردبوونەوەو كۆبوونەوە مرۆییەكاندا بوونی هەبووە بە بێ ئەوەی ڕەچاوكردن و بە هەند وەرگرتنێكی پرسیاركردن لە ڕاستی و دەوستی بەهاو هەیمەنەو ماهییەتی بەهاكە .

2

لێرەداو وەك هەمیشە پییەر بوردیۆ بۆ ئێمە لە هەركەسێكی دیكە زیاتر گرنگ و زیاتر نزیك و زیاتر هاوكارمانە ، ئەڵبەتە زیاتر لە تێڕوانین و شیكردنەوەو تەفسیرو تەئویلی ماركس . بۆ ئێمە لێرەدا جیاكردنەوەو دەستنیشانكردن و دیاگنۆستیككردنی سەرمایەكان و ڕۆڵی جیاوازی هەریەك لەو سەرمایانە ، هاوكارێكی باشە بۆ دەستدان لە جۆری ئەو سەرمایەیەی كە شەرعییەت دەبەخشێت بەوەی كەس و شوێنێك گرنگ بێت و كەس و شوێنێكی دیكە گرنگ نەبێت . دروست كەسێكی وەك ماكس ڤیبەریش كە ، یەكێكە لە سەرچاوەگرنگەكانی پییەر بوردیۆ هاوكارێكی یەكلاكەرەوەیە . سەرمایەكان تەنیاو تەنیا لە سەرمایەو كاپیتالی ماتریالی و موڵكداریی ئامرازەكانی بەرهەمهێناندا كورتناكرێتەوە . كاریزمایی بوونی كەسێك و كاریزما هیچ كات بەند نییەو بەند نەبووە بەوەی كەسی رابەرو اەرۆك و گرنگ و بە شان و شەوكەت خاوەنی ماتریالی ئابوری بوبێت یاخود نا . سەرمایەی پیاوێكی ئاینی ، دەمسپی و دەمڕاستێكی گوندێكی دیاریكراو زۆربەی جار لە سەر بنەمای شەجەرەو ێەفسانەی پیرۆزیی و ئەم بوون و سەرمایە ناماتریالییانە بیناكراوەو كراوە بە دەمڕاست و دەمسپی كۆمەڵێك كەس ، هێزێك ، گوندو شارێك . سەرمایەی پیاوێكی ئاینی كە شەرعییەتی لێوە وەرگرتووەو تا ڕابەرایەتی و پێشەوایی كەاانێك بكات لەسەر ئابووری بینا نەكراوە ، بەڵکو سەر بە سەرمایەیەكی دیكەی كولتوری نا ئابوریتە كە ، سەر بە ژێرخان / سەرخانی ماركس نییە . سەرمایەی شۆڕشگێڕێك ، سەرمایەی مامۆستاو پرۆفیسۆرێكی زانكۆ ، سەرمایەی ڕوناكبیرو ڕۆشنبیرێك .. ئەم سەرمایانە كە شەرعییەت و بەسێنتەربوون دەبەخشن بە ئەكتەرێك ، سەر بە سەرمایەی ئابوری و ماتریالی نین . واتە پییەر بوردیۆو كاتیگۆرییە جیاوازەكسنی سەرمایەو كاپیتاڵ بۆ ئێمە گرنگترە لە تەفسیرگردنی فاكتێك تا ماركس .

3

هاوشان لە گەڵ پییەر بوردیۆدا ، ئێمە كارمان بە میشێل فوكۆیە تا ۆێمان بڵێت دەسەڵات نە بەرمەبنای ڕێككەوتن و یاساو ملمژانێی چینایەتی بینا ناكرێت . دەسەڵات لەسەرەوە شۆڕ نابێتەوە بەڵكو لە خوارەوە هەڵدەكشێت ، دەسەڵات تیۆرو بەندە ئەبستراكتەكان نییە ، بەڵكو پراکتیكە ، دەسەڵات لە پراتیك و پەیوەندییەكانی هێزدایە ، دەسەلات لە هەموو شوێن و پنتێكە بە شێوەیەكی ڕیزۆمی و شەبەكەیی . دەسەڵات نە دەبەخشرێت و نە وەردەگیرێت . دەسەڵات لە ناو پەیوەندییەكانی هێزدا كەموو شتێكە لە باونان و ناولێنان و وەرگرتن و دەركردن و نزیكخستنەوەو دورخستنەوەو بەهاپێدان و بێ بەهاكردن و بە كەنارو پەراوێزخستن و بە سێنتەركردن . هێزەكان لە ناو ململانێی و ستراتیژی هەیمەنەكردندا دەتوانن بەهاو ناوێك بە كەس و شوێن و پێگەیەك ببەخشن . هێزی شۆڕشگێڕیی و هێزی شۆڕشگێر بەرمەبنای ڕیسك و پاڵەوانیی و خەبات و ئازایەتیی و قوربانیدان و سڵنەكردن و نەترسان و چاوقایمی .. سەرمایەی گرنگیی و بەهاكان دەبەخشن بە شۆڕشگێرو پێشمەرگەو گەریلایەك ، بەڵام سەرمایەی شارنشینان لە هێزێكی دیكەوە دێت كە ترسنۆكی و دەستگرتن بە دونیاو پرۆژەی دیكەوە دێت . كەواتە بە گۆڕان و جێگۆڕكێی هێزەكان و ململانێی هێزەكان و پەیوەندی هێزەكان لە ناو بەریەككەوتن و ململانێكاندا ، بەهایەك دەدرێت بە كەس و هێزو شوێنێك و بەها لە كەس و شوێن و هێزو فۆرمێكی بوون دەسێنرێتەوە . هەموو شتێك لە پەیوەندی هێزەكان و ململانێ و بردنەوەو دۆڕاندنی هێزەكاندایە .

4

بەمشێوەیە : كەس و شوێن و پرەنسیپێكی مۆراڵی ، بەهای لە خۆیەوە وەرنەگرتووە ، بەڵكو بەهای لە زاڵبوون و هەیمەنەو هەژموونی ئەو هێزەوە وەرگرتووە كە زاڵ و باڵادەستە . بەهایەك لە خۆیدا و بە ڕوتوقوتی هیچ بەهایەكی نییە ، بەهاو نۆرمێكی ئەبەدی و ئەزەلییمان نییە ، ئەوەی هەیە بەرهەمی ڕێكەوتن و دانوستان و بەریەككەوتنی هێزەكانە ، هێزێك دێت و پێمان دەڵێت ئەمە مۆراڵییەو ئەمە نا مۆراڵیی ، ئەمە گرنگەو ئەمەیان گرنگ نییە ، ئەمە چاكەو ئەوەیان خراپە . چاكەو خراپەش بەرهەمی هێزەكان و پەیوەندیی هێزەكانە . بەڵام دەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت كە سەپاندن و بە ستانداركردنی جۆرو فۆرم و شێوازێك هەرگیز لە ڕێگەی توندوتیژی فیزیكی و جەستەییەوە نایەت ، بەڵكو گوتارێك هەلومەرج و ڕێوشەێن و میكانیزمی شاراوەو متبووی هەیە لەوەی بە خشكەیی تا ئاستی ناچاربوونی ئێمە بۆ سێنتەربوونی كەسێك ، دەیسەپێنێت . واتە بەشێوەیەك شەرعییەت و ڕەوایەتی و ئەفسانە هۆنینەوەو فریودان و قەناعەتپێكردنی هەیە ، ئێمە لە هیچ دۆخێكی وشیاری بەرهەڵستكاریی و ڕووبەڕووبوونەوەدا نین وەك حەقیقەت و واقع و ناچارییەك وەریدەگرین . توندوتیژیی و زەبروزەنگێكی ڕەمزی و نەرم هەیە تا توندوتیژییەكی ڕەق و زبر .

5

كەسی زۆر گرنگ و خاوەن كەسایەتی و خاوەن شان و شەوكەت و لەپێشینەبوون و لەبەربوون … هێزو زاڵێتی و هەیمەنەی هێزیك زاڵ و تایبەت لێی كردوین بە موهیم و گرنگ و گرنگترو ، یان خراپ و خراپتر . كەسە گرنگەكانی ڕیزی پێشەوەی هۆڵەكان و كورسییەكانی پێشەوە ، ێەو هێزە دیارییان دەكات كە وەك گوتار زاڵ و باڵادەست و هەیمەنەكارە لە هۆڵی دانیشتنەكەدا . هۆتێل و شوێنی مانەوەو دابینكردنی شوێنی زۆر گرنگ بۆ ئەكتەرێك ، پێاوێكی سیاسی ، بازرگانێك ، شۆڕشگێڕێك ، خەباتكارێك ، وەزیرێك ، كەسێكی دەركەوتو بەناو بانگ .. هێزی زاڵ و سەپێنەر كردوویەتی بە كەسێكی زۆر گرنگ و بە بەهاو بەهادار ، ئەگینا ئەو كورسی و شوێن و هێزە لە خۆیدا بێبەهاو هیچ تیانەبووە . پرۆفیسۆرێكی زانكۆ ، یاساناسێك . هەر فۆرمێكی بەهایی دیكە لەخۆیاندا هەڵگری هیچ بەهاو گرنگییەك نین بەڵكو سەپێنراون بەسەرماندا لە كۆنتێكستێكی تایبەتدا .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت