Aritma-Muhamadi

ئاریتما موحه‌ممه‌دی : با سامانی سرووشتیی به‌ نه‌ته‌وه‌یی بكرێت و له چنگی حیزبدا نه‌مێنێت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ده‌مێكه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌ستی قه‌یرانی سیاسیی و ئابوورییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و بنه‌مای هه‌موو قه‌یرانه‌كانیش له‌ بێ متمانه‌ییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت . له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا هه‌رێمی كوردستان به‌ قۆناغگه‌لی جیاواز ، هه‌ستیار و هاوكات چاره‌نووسسازدا تێپه‌ڕ بووه‌ و تاكوو هه‌نووكه‌ش به‌ ته‌واوه‌تیی له‌ ده‌روازه‌ی ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ ئاودێو نه‌بووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی سیاسیی و ئابووریی به‌رۆكی پێگرتووه‌ . هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م كێشانه‌ش بۆ بێ ئه‌زموونیی سیاسیی و نه‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌زا له‌ دامووده‌زگاكانی حوكوومیی ده‌گه‌ڕێته‌وه .‌ هاوكات تاكوو هه‌نووكه‌ش له‌ هیچكام له‌و كێشانه‌دا سه‌ركه‌وتووانه‌ ده‌رباز نه‌بووه ‌.
شاراوه‌ نییه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ته‌وه‌یی نییه‌ كه‌ پابه‌ند بێ به‌ ڕێكخستنی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن به‌ چه‌شنێكی پێشكه‌وتوو ، ئه‌مڕۆیی و سه‌ربه‌خۆ . بۆیه‌ هه‌ركام‌ له‌ جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌ربه‌ستی لایه‌نگه‌لی سیاسیین‌ و هه‌ركام به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان هه‌وڵ ده‌دات گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیای جیاواز ببه‌ستێت و به‌و چه‌شنه‌ سه‌ركه‌وتن بۆ خۆی تۆمار بكات و له‌م نێوه‌نده‌شدا كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا كه‌ ئه‌زموونی كاركردن و به‌رهه‌مهێنانیان زیاتره ،‌ له‌ دۆخه‌كه‌ كه‌ڵك وه‌رده‌گرن و چه‌كووشی خۆیان له‌ سامانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێخاوه‌ن ده‌وه‌شێنن .
بێگومان چه‌مكی كاپیتالیسم به‌رهه‌مهێنراوی كۆمپانیاكانی زه‌به‌لاحی سه‌رمایه‌داریین و له‌ هه‌ر وڵاتێكدا ده‌رفه‌تی گه‌شه‌كردنیان هه‌بێ خۆیانی پێوه‌ ده‌نێن . هه‌رێمی كوردستانیش له‌م ڕووه‌وه‌ به‌ده‌ر نییه‌ و به‌هۆی ململانێی سیاسیی و ناشارستانی هه‌ركام له‌ لایه‌نه‌كان كه‌لۆر و ده‌رگایان بۆ كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای سه‌رمایه‌خواز كردووه‌ته‌وه‌ . مه‌زنترین كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێیان وایه‌ هاتنی كۆمپانییاكان بۆ هه‌رێم به‌ واتای پێشكه‌وتنی سیاسیی و ئابووریی هه‌رێم دێت ! نا بێگومان ئه‌م بۆچوونه‌ هه‌ڵه‌یه ‌.
هاتنی كۆمپانیاكان به‌ هۆی ده‌رفه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی سامان و سه‌رمایه‌یه‌. وڵاتێكی وه‌ك نۆروێژ كه زۆربه‌ی كۆمپانیاكان خه‌ریكن چۆڵی ده‌كه‌ن ، به‌ واتای دواكه‌وتوویی سیاسیی و ئابووریی نایه‌ت . به‌ڵكوو به‌واتای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ده‌رفه‌تی خه‌شكردن و گه‌نده‌ڵیكردن كه‌متره‌ . سه‌رمایه‌ش له‌ كۆمه‌ڵگا و له‌نێو سیسته‌می سیاسیی گه‌نده‌ڵدا كۆ ده‌كرێته‌وه‌ . ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ هه‌رێمی كوردستان كاتێ دڵ به‌ هاتنی كۆمپانیاكان خۆش بكات كه‌ لیژنه‌ی شاره‌زا له‌ بواری نه‌وتدا به‌ هاوكاریی په‌رله‌مانی كوردستان و له‌به‌رچاوی میدیاكانه‌وه‌ چاوه‌دێریی گرێبه‌سته‌كان بكه‌ن .
هه‌نووكه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌هۆی شاره‌زا نه‌بوون له‌ كایه‌ی ڕاوێژ و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا سه‌رمایه‌خوازه‌كان هه‌رێمی كوردستانی تووشی قه‌یرانی ئابووریی كردووه‌ . ئه‌م‌ دۆڕاندنه‌ له‌ كه‌س شاراوه‌ نییه ‌. به‌ڵام ئیستا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن ده‌كرێ هه‌رێم له‌ژێر قه‌رزی كۆمپانیاكانی بوواری نه‌وت و گاز ده‌ربچێت و یه‌كێ له‌ كۆمپانیاكانیش‌ دۆسییه‌یه‌كی دوو ملیار دۆلاریی له‌ حوكوومه‌تی هه‌رێم بردووه‌ته‌وه‌ و ساڵی داهاتووش دۆسییه‌یه‌كی دیكه‌ی یه‌ك میلار دۆلاری له‌ دادگای بریتانیا تۆمار ده‌كات ‌.
تاكه‌ ڕێگه‌چاره‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سامانه‌ سرووشتییه‌كان كه‌ له‌ ئاو ، نه‌وت ، گاز و كانگاكانی ژێر زه‌وی پێك دێن به‌ نه‌ته‌وه‌یی بكرێن و ببنه‌ موڵكی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان . واتا له‌ژێر چه‌نگی حیزب و ڕێكخراوه‌كانی سیاسیی ده‌ربهێنرێن . ده‌بێ یه‌كه‌م قۆناغیش له‌ پارله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ست پێبكرێت . پێویسته‌ كه‌ پارله‌مانی كوردستان هه‌موو گرێبه‌سته‌كانی بوواری نه‌وت و گاز هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌ و بڕیار له‌سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یی كردنی سامانه‌ سرووشتییه‌كان بدات . ئه‌و كات دادگا ملی له‌ژێر پێی ده‌نگ و ڕه‌نگی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت . چونكه‌ پارله‌مان له‌ كاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تێكڕای گرێبه‌سته‌كاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌به‌ر گه‌نده‌ڵی و ده‌ستی حیزبی له‌نێو گرێبه‌سته‌كاندا بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو گرێبه‌سته‌كانی داوه‌ و ده‌بێ گرێبه‌سته‌كان دیسان له‌ژێر چاوه‌دێریی ئه‌و لیژنه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا ڕێكبخرێنه‌وه ‌.
دکتۆر موحه‌ممه‌دی مووسه‌دیق یه‌كێ له‌ نێوه‌ ناسراوه‌كانی گۆره‌پانی به‌ نه‌ته‌وه‌یی كردنی نه‌وتی ئێران بوو و ئیستاش ڕۆڵی به‌رز ده‌نرخێنرێت . ئه‌و كات واتا ساڵی ١٩٣٣ زایینیی ڕه‌زا شا گرێبه‌ستێكی له‌ بوواری نه‌وتدا له‌گه‌ڵ وڵاتی بریتانیادا به‌ست و‌ له‌و گرێبه‌سته‌ش‌دا وه‌ك ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی بوواری نه‌وت و گازدا به‌ستراوه‌ به‌بێ ئاگاداربوونی خه‌ڵك و له‌ ژووره‌كانی تاریكدا بڕیاری له‌سه‌ر درا و هه‌موو گرێبه‌سته‌كانیش له‌‌‌ قازانجی بریتانیا بوون .
پاش ئه‌وه‌ دکتۆر مووسه‌دیق به‌ هاوكاری چه‌ند كه‌س له‌ ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی كه‌وته‌ دژایه‌تیكردنی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ و دواتر به‌ هاوكاری شه‌قامی ئێران نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌ی به‌ نه‌ته‌وه‌یی كرد و گرێبه‌سته‌كانی له‌گه‌ڵ بریتانیادا هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ گرێبه‌ستی دیكه‌یان ‌له‌گه‌ڵ به‌ستن . پێویسته‌ كه‌ پارله‌مانی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ڕوڵی مووسه‌دیق بگێڕێت و گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێم و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه ‌. ئه‌و كات هه‌رێم له‌ژێر قورسایی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ قه‌رزه‌ ده‌رده‌چێت . ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كرێت چاڵه‌كانی نه‌وت و گازی كوردستان ده‌بنه‌ موڵكی ئه‌و كۆمپانییانه ‌.
بێگومان كۆمپانییایه‌كی وه‌ك داناگاز به‌ مه‌به‌ستی تاییبه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ته‌ هه‌رێم ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كۆمپانییه‌ك بیهه‌وێت له‌ وڵاتێكدا به‌رهه‌مهێنان بكات ، قه‌د پردی دواوه‌ی خۆی ناڕۆخێنێت و هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌دا كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات و قه‌د كێشه‌كانی ناباته‌ دادگا . به‌ڵام دیاره‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م كۆمپانییه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ناشاره‌زایی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ به‌ستنی گرێبه‌ست ئاگادار بوونه ‌‌، بۆیه‌ گرێبه‌ستێكی له‌و چه‌شنه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ستوون و قه‌د به‌ مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنان نه‌هاتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان .
ئه‌م گرێبه‌سته‌ش وه‌ك گرێبه‌ستی نێوان هه‌رێم و توركیه‌ بۆژ ده‌رچوو ، چونكه‌ له‌ گرێبه‌ستی نێوان هه‌رێم و توركییه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌رێم هه‌ر بۆشكه‌یه‌ نه‌وت ده‌ دۆلار هه‌رزانتر له‌ نرخی ستانداردی جیهانیی بفرۆشێته‌ توركیه‌ و هاوكات به‌جیا كرێی بۆرییه‌ نه‌وته‌كه‌ش بدات . واتا كرێی بۆرییه‌ نه‌وته‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ تاكوو به‌نده‌ری جیهان ده‌درێته‌ توركیه‌ و له‌وێشه‌وه‌ توركیه‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌‌ دۆلار هه‌رزانتر له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كڕێت، پاش ئه‌وه‌ش خۆی نه‌وته‌كه‌ هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌ . ئه‌مه‌ پێی ناوترێت ڕێكه‌وتنی ستراتیژیی . ” ڕێك پێی ده‌وترێت كڵاو له‌سه‌ر نانی ستراتیژیی “.
هاوكات وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ جێی ئه‌وه‌ دان به‌و هه‌ڵه‌یه‌ی خۆیدا بنێت ، كه‌چی ده‌ڵێ نابێ كۆمپانیای داناگاز له‌م دۆخه‌دا سه‌ر له‌م ڕازه‌ هه‌ڵ بداته‌وه‌ و خه‌ڵكی لێ ئاگادار بكاته‌وه‌ . له‌بیری چووه‌ كه‌ كۆمپانیای داناگاز كۆمپانییه‌كی سه‌رمایه‌خواز و كاپیتالیسته‌ كه‌ به‌ شوێن كۆكردنه‌وه‌ی سامان و سه‌رمایه‌یه‌‌ . ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان ئاماژه‌یه‌ بۆ بێ ئه‌زموونیی و ناشاره‌زایی له‌ بوواری به‌ستنی گرێبه‌ست و به‌رهه‌مهێنان . چونكه‌ پتر پێداگری له‌سه‌ر هه‌ستیاریی دۆخی هه‌رێم ده‌كات تاكوو خه‌ڵه‌كانی نێو گرێبه‌ست و ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی نێوانیان .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت