ئازاد حەمدی : بۆ حزبایەتی شورەییە ؟ .
وا هەستپێدەکرێت حزبایەتی دوور کەوتبێتەوە لە مەبەستی تێکۆشان لە پێناو بیرو باوەڕ . هەمو کەسێک بە گەورەو بچوکەوە بە زاناو نەزانەوە ، ئێستا تێوە گلاوون و ئەبێ سەرجەمیان حزبی ولایەنگیر بن .. ئەمانەش هەمویان لە هەوڵی گەیشتن بە پلەوپایە و کورسی و مووچەی تایبەتی دیاری کراودا ئەبن . کۆمەڵ و ڕێکخراوەکان ( جەماوەری و پیشەییەکانیش ) هەمویان مۆرکی سەر بە لایەنی حزباییان پێوەیە و بەویست و بەرژەوەندی حزبێکەیان کار دەکەن .
سەرنجیش ئەدەیت هەر کۆڕو کۆمەڵێک بیانەوێ پێکیی بێنن و سەرپێ بکەوێت ؟ بانگەشەی بێلایەنی و سەربەخۆیی بۆ دەکەن . ئەم تارماییە لەگەڵ رێزمدا بۆیان ڕۆشنبیران و شاعیران و ئەدیبان و هونەر مەندانیشی گرتۆتەوە .. هەروەکو ئەوەی حزبایەتی شورەییبێت ، پاکانەی بێلایەنی ڕائەگەیەنن ، کەبەهۆی زۆرکاریی ناڕەواوە .. ئاوا حزبایەتی لەناو کۆمەڵگادا قێیزەوەند بووە ، بەهۆی گەندەڵی و دزی و خۆپەرستی و لاو لایەنکاری کە ناویان نا سەنگەر گوواستنەوەش .. لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی .
بە پێچەوانەی جارانەوە ، حزبایەتی سەنگو قورسایی لەناو چەماوەردا زۆر بەرز دەنرخا .. سەرچاوەی خۆ ڕۆشنبیرکردن و پێشبڕکێی خزمەت کردنی جەماوەردا بوو … بەهۆی رەووشتبەرزی گیان فیداییەوە نموونەی نیشتیمان پەروەری بوون .
دووربوون لە تانەو تەشەر ، ئەوەی حزبایەتی بکردایە .. ئەبووایە پاک و خاوێن و خۆڕاگرو بەرگەگری رۆژی تەنگانە بێ .. سیفاتی نیشتمان پەروەر تەواوی تێدابێت .. لە خزمەتکردندا ئەبووایە پێشەنگ بووایە ، بەرژەوەندی گشتی لەپێیش بەرژەوەندی خودەوە بێت .
ئەووترا : پێویستە حزب و حزبایەتی ببێتە پرد بۆ سەرکەووتن و پەڕینەوەی جەماوەری گەل ، بەرەو پێیش بردنی لە بووارەکانی ژیاندا . نەوەکو ـ وەکو ئێستاکە پێچەوانە کراوەتەوە ، جەماوەر کراوەتە پرد بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و هەڵئاوسان .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکان ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت