عیماد عەلی : لە دوو بەرەکیەوە بۆ سێ بەرەکی .
ئەوەی لێدوان و قسەو باس و هەڵوێستەکانی بەناو ژمارەیەک لە سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆران ببینێت ، زۆرینەیان لەسەر ئەرزی واقیع سەلماندویانە ، کە بە ناوی بزوتنەوەکەوە جگە لە بەرژەوەندی تەسکی خۆیان هیچ حسابێک بۆ بنەماو شیعارو رێباز و ئامانجەکانی ناکەن ، بەڵکو رێز لە بۆچون و رەفتار و عەقڵیەتی رێکخەر و سەرکردە باڵاکانیشی ناگرن . ئەوەتا بە رۆژی نیوەرۆ دەیانەوێت هەمان هەڵەی ستراتیجی زلهێزەکانی تر دووبارە بکەنەوە ، کە دوێنی بوو پەشیمانی خۆیان لەمەر رەفتارەکانیان درەبری . بە خۆیان رایانگەیاند، کە ئەگەر بە شێوەیەکی مەدەنیانە تر و بە ئالیەتێکی تر هەڵسەوکەوتیان بکردایە ، پێویستی بە داوای لێبوردنی پاشوەخت لە هەڵەکانیاندە نەکرد و ، ئێستاش پارتی ئاوا بەم شێوەیە نەبووە کەڵەگا و دەبووە هێزێکی پەراوێزکەوتوو نەک هێزی یەکەم و ئەمە سەردەمە قەت پشتی نەگرت .
رەفتاری نەشیاو لەکاتی نەشیاودا ، سەرجەم ئاراستەکان دەگۆرێت و ئامانجەکان دەخاتە ژێر یەک دونیا پرسیارەوە . مەعقولە کوردستانێک لە نێوخۆی خۆیدا گیرۆدەی دەستی چەک و رەفتاری عەسکەری و برا کوژی بێت و ، تۆش نەفرەتی لێ بکەیت ، ئێستا تۆ بتەوێت هەڵەکانی ئەوان دووبارە بکەیتەوە . ئەگینا ئەوانەی کە داوای پێکهێنانی هێزی چەکدار دەکەن جگە لە خۆبردنە پێشەوە و مەرایی پاش لاوازی هەڵوێستیان لەمەر ئەو رەفتارانەی پێشویان خۆبردنە پێشەوەیان لەئاست پارتی ، هیچ کەسێکی گۆرانخوازی عەیار باشی تێدا نابینم .
بونی دوو هێزی چەکدار جگە لە مەینەتی بۆ خەڵکی کوردستان هیچ شتێکی تێدا نەبوو . بونی دوو هێزی چەکدار براکوژی لێکەوتەوە . بونی ئەو دوو هێز بوو هەڵوێستەکانی کوردی لەئاست سەرجەم پرسەکانی دەرەوە و ناوەوەی دوو کرت کرد ، هەر ئەو دوو هێزە کوردستانی دابەش کرد بەسەر هەردوو تەوەری ناوچەکەدا دوو ئیدارەیی سەپاند ، هەر بونی ئەو دوو هێزە ململانێی گیاندە ئەم حاڵەتە نەفرەتیە .
تۆیەک کە بروات بە مەدەنیەت و رەفتاری سەردەمانە بێت و هەموو رەخنەکانت لەسەر بیرو فەلسەفەی تازەگەری و پێکەوشتنخوازی بنیات نابێت و ئیدیعای گۆرینی بەرەو پیشەوەت کردبێت بە هێزی چەکدار دەیگۆریت ؟ ئەو بەهانە و حیجەتانەی دەیهێننەوە کە خۆیان بە دڵسۆزی گۆران دەزانن و جگە لە لاوازیان هیچی تر بەدی ناکرێت و جگە لە زەرەر بۆ خودی گۆران و هاوار و دادو بێدادیەکانی لەدەست هێزە کلاسیەکیەکان هیچی تریان پێ نیە . ئەگینا پەنجا هێزی تر دروست بکەن نەک بەرگەی هێزی دوو زلهێزە کلاسیکیەکە ناگرن بەڵکو بەهانەش دەدەنە دەستی ئەو دوو هێزە کە لەناویان بەرن و خەڵکیش رەحمیان پێناکات .
تۆیەک کە پشتت بە هێزی گەل بەستبێت و لە هەڵبژاردندا سەرکەوتو بیت و هێزی خەڵک بیت دووەم هێزی جەماوەریت لەبەردەستدا بێت . ئەگەر بارودۆخە گشتیەکە و هۆشیاری میلەت و رۆشنبیریەکەی تەزکیەت نەکات و بەرگریت لێ نەکات لە تەنگانەدا ، ئگەر بە شێوەیەکی دیموکراسیانەی سەردەمانە لەبەرامبەر هێزی کلاسیکی نەوەستیت ، کە لە قازانجی خۆت و گەلەکەشتدایە ، بەهێزی سێیەم کە تازەبەتازە دەتوانیت بەرگری لە رێکخراوێک بکەیت ، کە دووەم هێزی کوردستانی بونت بە رەفتاری دیموکراسیانە و مەدەنیانە بەدەست هێناوە . بۆیە ، ئەکەر بارودۆخی بابەتی و خودی پشتت نەگرێت و ، خەڵک و جەماوەرەکەت و دەنگەکانت کۆلەکەی پشتت نەبن ، نەمانت باشترە . تۆیەک ، ئەگەر لەم کاتەدا پشت بە هێز ببەستیت کە لە قۆناغێکی هەستیاری و گواستراوەداین ، زۆر بە راشکاوی بۆ خەڵک دەیسەلمێنیت کە هیچ خوێندنەوەیەکت بۆ ئاندە پێ نیە و ، ئەگەرەکانت لەبەر چاو نەگرتووە ، تۆیەک کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ناکامڵ لەقەڵەم دابێت و لای تۆ هێزی حزب بێت و هیچ سیفەتێکی نیشتمانی پێوە نەبێت ، هێزی حزبیش لای تۆ میلیشیا بێت ، بۆچی بتەوێت هێزێکی میلیشیایی تر دروست بکەیت ، ئایا ئەمە نیشانەی شکستی گەورە نیە . بۆیە ئەگەر پیاوانی زانای نێو بزوتنەوەی گۆران و بە تایبەتی عەقڵی سەردەمیانەی رێکخەرەکەی رێگە بەم دەنگە نەشازانە بدەن لە قسە زۆر بێ جێکانیان ، جگە لە قووڵکردنی کێشەکانی کوردستان هیچیان بۆ خەڵک نابێت و ، هەمووان لەخۆیان دوور دەخەنەوە و جەماوەریان دەگاتە ئەسفەلی سافلین . بۆ خەڵکیش دەیسەلمێنن کە لە پێناو ململانێی حزبی دامەزراون و لە پێناو ئامانجی تەسکی حزبی و شەخسی سیاسەت دەکەن ، نەک گۆرانی سەرتاسەری و بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کوردستان ، کە خەڵکی وەک ئێمەومانان دڵی پێ خۆشکردون .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت