نەوزادی موهەندیس : داعش … زیانبەخشێكی بە سوود .
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئەوەی ئاشكرایە كە هەموو كارێك یان ڕووداوێك دوولایەنەی باش و خراپی هەیە و هەمیشە دەكرێت لە دوو ڕوەوە یان زیاتر تێڕوانین و تێگەیشتن بۆ ڕووداو و دیاردەكان یان كار و كردەوەكان بكرێت بەباش یان خراپ .
داعش وەك ڕێكخراوێكی توندڕەوی سەلەفی سونەی ئیسلامی ، كە دروستكراو و دەستكردی گەلێك دەزگای ئەمنی و جاسوسی نێودەوڵەتی و ناوچەییە و هەریەكەیان بۆ مەرامێكی تایبەتی بەشێواز و میكانیزمی جیاواز پشتیوان و هاوكاری دەكەن، بەشێوەیەك كە لە ئێستادا بۆتە مارەكەی شێخ هۆمەر و خەریكە بەگەردنی خۆیانەوە دەدات .
داعش بەشێوەیەكی گشتی بۆتە مایەی هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاشتی و ئارامی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەتی و هەموو دونیاش بەگشتی و هەموان بە دێوەزمە و دڕندە و تۆقێنەر لێی دەڕوانن بەدروشم و بە ئاشكرا و لەمیدیاكانەوە دوژمنایەتی خۆیانی بۆ دووپاتدەكەنەوە و بەڵێنی لەناوبردن و بچوككردنەوە و پوكانەوەی دەدەن ، بەڵام بەنهێنیش و لەڕێگای دەزگا جاسوسیەكانیانەوە هاوكاری و پشتیوانی مادی و مەعنەوی دەكەن .
بەڵام لەهەمان كاتیشدا داعش بۆتە هۆكاری قازانج و سوودگەیاندن بە حكومەتەكان و حیزب و سەركردەكان لە عێراق و كوردستان و ناوچەكە و دونیاشدا . بەشێوەیەك كە هەریەكەیان لە ڕووی مادی و مەعنەویەوە سوودیان لە جەنگی دژی داعش بینیوە و مانەوەی داعشیش و سەرهەڵدانی بونەتە مایەی سوود و قازانج بۆیان ، هەربۆیەشە كە ڕێكخراوێكی توندڕەوی مەزهەبی و ئاینی لەناوجەرگەی دونیادا كە دەوڵەمەندە بەسەرچاوەكانی وزە لە نەوت و غازی سروشتی ساڵ بەساڵ بەهێزتر و ناوچەی دەسەڵات و قەڵەم ڕەویشی فراوانتر دەبێت و هەڕەشەش لە زلهێزەكان دەكات و بەكردارەكیش كاری تیرۆریستی خۆی گەیاندۆتە ناودڵی ئەوروپا لە فەڕەنسا و بەلچیكا و ئەڵمانیا و دەستی تیرۆریشی گەیاندۆتە ئەمریكا و هەڕەشە لە ڕوسیا و وڵاتانی تری ئیسلامیش دەكات لە پێشیشیانەوە شانشینی سعودیە .
گەر لە كوردستانەوە بڕوانینە سوودی هەڕەشەكانی داعش دەبینین كە :
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وەك حیزبێكی سیاسی گەورە و كاریگەری كوردستان و عێراق ، سەرەتا گەلێك سوودی وەرگرت لە سەرهەڵدانی داعش و ڕووبەڕووبونەوەكانی لەگەڵیدا ، چونكە داعش بوە هۆی كپبونەوە و خاوبونەوەی ململانێ و ناكۆكیە ناوخۆییەكانی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەموان لە سەركردایەتی و ئاڕاستە جیاوازەكان پێكەوە بە ژیری و دووربینی و حەكیمانە سەرجەم ناكۆكیەكانیان وەلاناو خۆیان تەرخان كرد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش و دوورخستنەوەی مەترسی و هەڕەشەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان هەر لە خانەقینەوە تا جەلەولاو خورماتوو كەركوك و دبس و مەخمور و هەلێر و گوێر وخازەر و شەنگال . و بەمەش یەكێتی نیشتیمانی مەترسی دووكەرت بون و لێكجیابونەوەیەكی تری لێدووركەوتەوە و بەمەش داعش بوە ڕزگاركەری یەك و یەكگرتوویی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان .
پارتی دیموكراتی كوردستان ، هەرلەسەرەتاوە بە هۆی هەمئاهەنگی و هاوكاری و بونی پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ بزوتنەوە و ڕەوت و كۆمەڵە سونە مەزهەبە عەرەبەكانی عێراق و هاوپەیمانی توركیا و لەڕێگەشیەوە سعودیە و قەتەر و ئیمارات و … هتد . چوە بەرەی داعش و سوودی لە داگیركردنی موصڵ و ئەو ناوچانە وەرگرت كە وەك ئاشكرا بوە داعش نەوتی ئەو ناوچانەی لەڕێگەی هاوكاری بازرگانانی ناوچەكەوە كە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوە وەرگرتوە و نەوت بۆتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی داعش و درێژەدان بە دەسەڵات و هێز و مانەوەی . پارتیش هەم سوودو قازانجێكی زۆری كردوە لەو مامەڵەیەدا و هەروەهاش بەوەرگرتنی هاوكاری و یارمەتی مادی و مەعنەوی لە توركیا و سعودیە و قەتەر سوودمەند بوە و بۆتە هۆكاری زیاتر چەسپاندن و بەهێزبونی پارتیش لە سەر ئاستی حكومەتی هەرێم لەناوخۆ و عێراق و ناوچەكە و دونیاشداو پارتی خۆی كردە تاكە دەمڕاستی هەموو میلەتی كورد .
گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی ، قازانجی لە بوونی داعش بەوە كردوە كە دەسەڵاتی هەرێمی خستۆتە بەر مەترسیەوە و هەر ئەو هەڕەشەیەش بوو كە پارتی حكومەتێكی بنكە فراوانی پێكەوە ناو گۆڕان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی جارانی بەشدار پێكرد و كردینیە شەریكێكی ڕەزا قورس و تەنها جێگر لە حكومەتەكەیداو ئەمانیش لەبەرامبەردا بەشداربوون لە تامكردن و چێژ وەرگرتن لە كێك و شیرینی دەسەڵاتدا .
هەرسێ حیزبە ئیسلامیەكانیش سوودیان لە بون و سەرهەڵدانی داعش وەرگرت ، بەوەی كە داعش ڕووی ڕەش و توندوتیژی ئیسلامی پیشان هەمواندا و هەموانی گەیاندە ئەو باوەڕەی كە ئەم حیزبە ئیسلامیانە لە داعش باشترن و ڕای گشتی بەرەو لای ئەوان وەرگەڕاندەوە و تەنهاژمارەیەكی توندڕەوی ناو ڕێزەكانیانی ئاشكراكردو چوونە ناو داعشەوە ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە هەرسێ حیزبەكە بەشێوەیەك لە شێوەكان خۆشحاڵبوون بەسەركەوتنەكانی داعش وەك بنەماو باوەڕێكی ئاینی .
بازرگانانی شەڕ لەكوردستاندا بەهەمان شێوە سوودوقازانجیان لە بون و بەردەوامی داعش وەرگرتوە و كەوتونەتە مامەڵە و بازرگانی نەوت و ئۆتۆمبێل و … هتد . و بەوهۆیەوە بە ملیۆنان دۆلاریان قازانج كردوە و پێشیان خۆشە ئەم دۆخە هەر بەردەوام بێت .
دەسەڵاتدارانی عێراقیش ، بەهۆی شەڕی داعشەوە هێندەی تر گەندەڵی و دزی و ڕاوڕووتەكانیان شاراوە بووە ، و بونە دەوڵەمەند و خاوەن سەروەت و سامانی زۆر، بەتایبەتیش شیعە مەزهەبەكانیان چونكە شەڕەكان لەناوچە سونیەكاندایە و ماڵوێرانی و كاولكاریەكان تەنها بۆ سونەكانە و بەوهۆیەشەوە شیعەكان تونیوانە بچنە ناوچە سونەكانەوە و سونەی عەرەب لێكهەڵبوەشێنن و هێز و توانیان نەهێڵن .
حكومەتی توركیا ، سوودمەندی پلە یەكە لەناوچەكەدا لەبوونی داعش و بەردەوامبونی ، چونكە لەلایەك شەڕی كوردی ڕۆژئاوا و باشووری پێدەكات و لەلایەكی تریشەوە دەوڵەتی عێراقی شیعە مەزهەبی پێلاواز كردوە و لەولاشەوە دەوڵەتی بەعسی سوریاشی خستۆتە بەر مەترسی هەڵوەشان و ڕووخاندنەوە و مەترسیەكی داهاتوشە بۆ سەر ئێران و میسر ، كە هەموو ئەم كارانە و پشتیوانیەی بۆ داعش بە هاوكاری مادی سعودیە و قەتەریەكانن كە دوژمنی سەرسەختی مەزهەبی شیعەن لە سوریا و عێراق و ئێران .
زلهێزەكانی دونیاش بەتایبەتیش ڕۆژئاواییەكان و ئەمریكا ، قازانجێكی باشیان لەبونی داعش كردوە ، بەوەی داعش بۆتە هۆكای لێكهەڵوەشانی یەكڕیزی عەرەبەكان و دوورخستنەوەی شەڕ دژی ئیسڕائیل و كپكردنەوەی مەسەلەی فەلەستینیەكان و ڕێگە خۆشكردن بۆ هێنانی هێزی سەربازی و مانەوەیان لەناوچەكەدا و دەستگرتن بەسەر سەرچاوەكانی وزە لەنەوت و غازی سروشتی زۆر و زەوەندی ناوچەكەدا و دابەزینی نرخەكانیان لە بازاڕەكانی دونیادا و كارئاسانیكردنیش بۆ سەرخستنی پلانی دامەزراندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بەهەڵوەشاندنەوەی وڵاتە گەورەكانی ناوچەكە و دابەشبونیان بۆ وڵاتانی بچوكی بێهێز و پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان بۆ دەیان ساڵی تر .
بەم شێوەیە بون و درێژەدان بەمانەوەی داعش هەر هەڕەشە و مەترسی نەبوە بەڵكو لەیەك كاتدا هەموان هەریەكە بەپێی بەرژەوەندی خۆی قازانجی لە بون و سەرهەڵدان و شەڕی دژی داعش وەرگرتوە ، تەنها ئەوەی زیانی گەورەی پێگەیشتوە لە كوردستان و عێراق و سوریادا بەتایبەتی و بەگشتیش لەناوچەكە و دونیاشدا تەنها هاوڵاتی مەدەنی و بێتاوانە كە هەمیشە بونەتە قوربانی و سووتەمەنی و بەهەزاران ڕۆڵەی كورد و عێراقی و سوری بەهەموو نەتەوە و ڕەگەزەكانەوە شەهید و لەناوچوون و وڵاتیان وێران و كاولبوە و بونەتە كۆچبەر و پەناهەندەی وڵاتان و ڕێگای مەرگیان هەڵبژاردوە و لە ئاشتی و ئارامی بێبەش بونە . بەتایبەتیش كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكانی زلهێز و ناوچەییەكان و هەموان هەموو هێز و توانا و تەكنەلۆژیا سەربازیەكانیان بەسەر خاك و گەلانی ناوچەكەدا تاقیدەكەنەوە و لەولاشەوە خێر و بێری وڵاتەكانیان بەئاشكرا و بەنهێنی بەتاڵان دەبەن و گەلانی ئەم ناوچەیەش هەمیشە بەدواكەوتویی و هەژاری و نەخۆشی بەجێدێڵن .
لە كۆتاییدا،داعش بۆخۆی ئافەت و نەخۆشی و ماڵوێرانكەرێكی گەورەبوو بۆ هەموان گەر سەركەوتنی بەدەستبهێنایە و بیتوانیایە هێز و بازووی خۆی بسەپێنێتە سەر گەلانی ناوچەكە ئەوا بەدڵنیایی هەموانی دەگێڕایەوە بۆ سەدە تاریكەكانی ناوەڕاست، بەڵام خۆشبەختانە داعش تەنها بەهێز و بوێری و ئازایەتی پێشمەرگە و شەڕڤانان و گەریلاكانی كورد شكستیان هێنا و سەرەتای شكستیشیان لە كوبانێوە سەریگرت و تا ئێستاش بەردەوامە .
بەم شێوەیە چەندە داعش زیانی گەورەی گەیاندە كوردو كوردستان ، بەڵام لەولاشەوە بوە هۆی زیاتر ناساندنی كورد و مەسەلەی كورد لەسەر ئاستی ناوچەكە و دونیاش و بووە هۆی دروستبونی پشتیوانی گەورە و بەهێزی دونیا بە چەك و تەقەمەنی و یارمەتی و كۆمەكی مرۆیی و سیاسی و سەربازی بۆ كورد ، كە هیچ كات كورد بەهێندەی ئەم قۆناغەی خەبات دۆست و پشتیوانی نەبوە ، هەروەكو چۆن كارەساتی كیمیاویبارانی هەڵەبجە چەندە بەسوێ و پڕ ئازار بوو بۆ كورد بەڵام ئەنجامەكەی ناساندن و گەیاندنی مەزڵومیەتی كوردیش بوو بەهەموو دونیا و كورد و مەسەلەكەی سوودی گەورەیان لێكرد . كە ئومێدەكانی بە ئایندە و هەنگاونان بەرەو بنیاتنان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بەهێزكردوە و لە ئێستادا دۆست و دوژمنان پێیان وایە كە دەبێت نەتەوەی كوردیش لەم ناوچەیەدا ببێتە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەی و سەربەخۆی خۆی و ئەو غەدرە مێژوویەی كە پێش 100 ساڵ لەكورد كرا بەداگیر و دابەشكردنی لەسەری هەڵبگیرێت و نەخشەی سیاسی و ئابوری و سەربازی و سنورەكان گۆڕانكاریان بەسەردا بهێنرێت بەقازانجی كورد .
بۆیە داعش زیابەخشێكی بە سوود بوە و هەموان سوودیان لێبینوە وەك وتراوە (( رُبَّ صارە نافعە)) .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی