شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : هەر بە خێرایی !
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ئەترسم بەیانیێک لە خەو هەڵسین و تەماشا کەین کە بووینەتە خاوەن ئیمارەتێک کە کورسیەکەی تێدا بۆ هەتا هەتایە مسۆگەر کراوە و سەرۆکی پەرلەمانەکەی قەتەرییە و کابینەی حکومەتەکەی تەنیا لە شەش وەزارەت پێک هاتووە ، وەزارەتی مافی مرۆڤ کە لەلایەن سعودیەوە بەرێوە دەبرێت ، وەزارەتی داد لەلایەن داعشەوە ، وەزارەتی گەشتوگوزار لە لایەن ئەمیرەکانەوە ! وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەلایەن پارتیەوە ، وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگەی لەلایەن تورکیاوە و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و شەهیدان و ئەنفالکراوانیشی دراوتە دەست بەرپرسانی پێشووی رژیمی بەعسی روخاو و ئاو بێنە و دەست بشۆ!! هەموو شتێک رێی تێدەچێت کاتێ کە بەرامبەر بەو پێشێلکاریانەی خوارەوە هەڵویستێکی ئەوتۆ نەبینرابێت !!
رادەست کردن و گرتنەوەی شەنگال بە کونفەیەکونێک ..
واژووکردنی گرێبەستێکی پەنجا ساڵە لە چاوو تروکانێکدا ..
ئفلیج کردنی پەرلەمان و دەست بەسەرداگرتنی حکومەت و داگیرکردنی پایتەختی هەرێم پاش ئەو هەموو سازان و حەیرانە ! داخستنی دەرگای نێوان هەرێم و بەغدا بە فوویک .. رێگەدان بە بوردومان کردنی قەندیل لە لایەن هێزی ئاسمانی تورکیاوە و حاشا کردن لە بەشدار بوونی هێزە کوردستانیەکان لە ئازادکردنی ناوچە کوردستانیەکاندا و بە ئاشکرا پشتگیری کردنی ئاک پارتی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا دژی خواستی گەل و زەوت کردنی داهاتی هەرێم و داگیرکردنی دەیان بیری نەوت بە بیرەنەوتەکانی کەرکوکەوە .. ئیفلاس پێکردنی بانکەکانی هەرێم لە پێناو دەوڵەمەند کردنی بانکی کوردستاندا .. برسی کردنی خەڵک و رفاندن و تەهدید کردن و ناو زڕاندن بۆ دەمکوت کردنی دەنگە ئازادەکان بە رۆژی نیوەڕۆ و … هتد .
بێ گومان هەموو ئەمانەش دەگەڕێنەوە بۆ پەیڕەو کردنی سیاسەتی ( هەر خۆم و خۆم ) و ( یاخۆم یا کەس ) لەلایەن پارتیەوە و قەیرانی نەبوونی سیاسی وورد و دووربین پاش نەخۆشکەوتنی بەرێز مام جەلال و کەمتەرخەمی و پەرتەوازەیی و هەر کەس بۆ خۆیی لایەنە سیاسیەکان کە بە داخەوە پشکی شێری بەر یەکێتی دەکەوێت و هەروەها مەترسی لە دەستدانی دەستکەوتی شەخسی هەندێک لە کارکتەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی ئەمڕۆمان !
ئاشکرایە کە نەرمی نواندن و کۆبونەوە پچڕ پچڕەکان و فسکە فسکی ناو دیوەخانەکان دەردی قەیرانەکانی دەوا نەکردوە و نایکات !! بۆیە دەبێ لایەنە سیاسیەکان و بەتایبەتیش یەکێتی بێتەوە مەیدان و رۆڵی چاوەروان کراووی خۆی ببینێت و بریارێکی بوێرانەو یەکلاکەرەوە و شۆرشگێرانە بدات و بە ئاشکرا هاوپەیمانێتی یاخود بەرەیکی نیشتیمانی راستەقینە بۆ رێگری کردن لە جێبەجێکردنی نەخشە و پیلانی نەیارانی گەلەکەمان پێک بهێنێت بەر لەوەی کە کوردستان پڕ ببێت لە جەندرمە و حوشتر .
بە کلیک کردنە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەنێریت بۆ هاوڕێکانت
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە