ئەبوبەکر جاف : ئۆنتۆلۆژیای ئافرەتبوون و ژنبوون .
بوون – بە ژن بە ناچاری كاریگەریی و تایبەتی لەسەر پیاوان هەیە بە هەمان ئەندازەی كاریگەری لە سەر ئافرەتان ـ ژیل دولوز ، فێلیكس گواتاری .
“Le devenir-femme affecte
nécessairement les hommes autant que les femmes”
(Deleuze, Guattari 1980, p. 357)
1
پوچترین پێناسەیەك ، قسەكردنێك ، لە بارەی ژنبوونەوە بەرگوێم كەوتبێت ، ئەو پێناسەی سیمۆن دو بوڤوارە : ژن بە ژنێتی لە دایك نابێت بەڵكو دەكرێت بە ژن ، دەكرێت بە ئافرەت .
2
كڵۆڵیی و كۆڵەواری ئەم دیدگایە قاچێكی لە ناو ئیدۆلۆژیای فیمینستییەكدایە كە بە سەردەمی یەكەمی فیمینیزمی بە ناو بانگە ، فیمینیزمێك كە ، دەرگیرە لە گەڵ یەكسانیكردنێكی فاشیستانەی دوو ڕەگەز كە بەرمەبنای جەهل بە ئاستە ئۆنتۆلۆژییەكەی ژنبوون و ئافرەتبوون بیناكراوە . هەر ئەم كڵۆڵییە بەرانبەر ئەو ێاستە ئۆنتۆلۆژییەی ژنبوون وایلێكردووە لەناو جەبرە كۆمەڵاییەتییەكاندا فۆرمی بوون و فۆرمیولەكانی بوون ببینێت . ئەم دیدە گەرچی لە فۆرمدا دەیەوێت لەودیودوالیزمەكانەوە ژنبوون ببینێت ، بەڵام لە ناو میتافیزیكیاو تەڵەزگەی ئیدۆلۆژیای دوالیزمەكاندا گیری خواردووە ، بە ڕادەیەك ئەم دوالیزمگەراییە لە هەناویدا ئامادەیە ، وەهمی یەكسانیی و وەك یەكی لە فۆرمێكی شكڵیی و سەتحیدا بەیانكردووە . هێشتاكە ئەم خانمە لەناو جەوهەرگەرایی و مێتافیزیكیای بوونی جەوهەرێكی چەسپاو و نەگۆڕدایە .
3
ژنبوون سەیرورەیە نەك جەوهەر ، سەیرورەیەكە بە ئیمانانسی لە جوڵەدایە ، بەڵام ژنێتی و ژنبوون و ئافرەتبوون بەدەر نییە لە فۆرمەكانی دیكەی بوون لە ناو سەیرورەدا . نەك نێرو مێ لە هەناوی یەكدیدان ، تەواوی بوون لەسەرو دژیەكییەكان و دوالیزمەكانەوە بە ئیمانانسی لەیەكتردان . ئەوەی ۆێی دەوترێت ژن ، لە یەككاتدا بە ڕاهایی پیاوبوونی تێدایە ، مناڵبوونی تێدایە ، دایكبوونی تێدایە ئەگەر منداڵێكیشی نەبێت ، باوكبوونی تێدایە ، بە ئاژەڵبوونی تێدایە ، سروشتی تێدایە . بە هەمانشێوەش پیاوبوون هەڵگری ژنبوون و مناڵبوون و ئاژەڵبوونە …. ئەمانە دوالیزم نین ، پەیوەندییەكە دیالێكتیكی نییە بەڵكو ئیسپاتییە بە بێ بوونی نێگەتیڤ .پەیوەندییەكە لەو دیو دوالیزم و سوژەو ئۆبژەوەیە . ژنبوون نەقس و نوقستانی پیاوێكی لە خۆیدا هەڵنەگرتووە ، ژن بوون ئەو ماكینەی ئارەزوو ئارەزووكردنەیە بۆ فۆرمێكی دەركەوتنی كەینوونەیی و ئۆنتۆلۆژی كە ، لە ناو جوڵەیەكدا ئارەزوی ژنبوون دەكات ، لە ناو جوڵەو خێراییەكی دیكەیدا ئارەزووی دەركەوتن و فۆرمیولەبوونی پیاوانەو پیاوبوون دەكات . پیاو بوونیش ئەو ماكینەی ئارەزووەیە كە لە ناو جوڵەو ماكینەی ئارەزووی بە مناڵبووندا ، ئارەزووی دەركەوتنی ژنبوون و ژنێتی دەكات . ژنبوون ڕەگەز نییە ، فۆرمێكی دەركەوتنی ناو پراتیكی ماكینەیەیەكی ئارەزووە . مناڵبوون ئەو سەیرورەو فۆرمە سەیرورەیەیی دەركەوتن و تەجەلابوونە كە ، لە ناو جوڵەو لەناو هەلومەرج و بارودۆخی هێزەكاندا ئارەزووی دەركەوتنی هەیە .
5
وتمان ژنێتی ، پیاوەتی و پیاوبوون ، مناڵبوون ، ئاژەڵبوون …. بوونی ئیمانانسین لە ناو سەیرورەو جوڵەی ڕەهادا . ژن ، پیاو ، مناڵ ، ئاژەڵ …. ئەمانە ئەو شوناس و هەویەبەخشینانەن كە ، هێزەكان ، ئیدۆلۆژیاو گوتارەكان بە مەبەستی كۆنترۆڵكردن و دیسپلینكردن و نوێنەرایەتیكردن دەیبەخشنەوە . ژن / پیاو ، مناڵ / گەورە ، دایك / باوك ، مرۆڤ / ئاژەڵ .. ئەمانە ئەو دوالیزمانەی پۆلێنكردنن كە لە ڕێگەیانەوە دەستەمۆدەكرێین . لە ڕێگەیانەوە كۆنترۆڵ دەكرێین ، لە ڕێگەیانەوە ئاراستە دەكرێین .. لە سەرو ئەم دوالیزمانەوە ، لەو دیو دابەشكاریی و پۆلێنكردنەكانەوە ، لەو دیو دژبەیەك و دژایەتییەكانەوە ، فۆرمی دەركەوتنی ئۆنتۆلۆژیی و كەینوونەیی هەیە كە تەنیا یەك هێڵە بەو شێوەی ئەگەرەكان ، تەواوی بوون و ئەگەرەكانی لە خۆیدا هەڵگڕتووە .
6
قسەوباسی ئێمە لە كۆمەڵێك دەركەوتن نییە ، لە كۆمەڵێك فۆرمیولەبوون نییە لە ئاستی واقعدا كە مەحكومە بە جەبری دەرەوەیەك كە خراپترین حاڵەتی دەركەوتن و مانێڤستبوونە . لادان و بەلاڕێدابردنی هێڵێكی بەرگریی و بەرهەڵستكاریی و فۆرمیولەبوونی ( بوونێكە ) كە لە ناو گوتاردایە . ژن ، پیاو ، مناڵ .. تەحریفكردن و تەشویهكردن و بەلاڕێدا بردنی ئەو بوونانەیە كە لە ئاستە ئیمانانسەكەیدا بە ڕەهایی لەناو یەكتردان ، بەڵام لە ناو هێڵێكی هەڵگەڕاوەدا دەكرێن بە فۆرمێكی دەركەوتنی فاشیستانە . فیمینیزم هێڵێكی هەڵگەڕاوەیە لە هەڵهاتن و لە سەیرورەی خۆی كە دەبێت بە گوتارو بە فاشیست . فیمینێزم فۆرمێكی فاشێستانەی كەڵگەڕانەوەی ژنبوونە و بووە بە ژن . ژنبوون ، پیاوبوون ، مناڵبوون بە ڕەهایی و بە خێرایی و بە جوڵەیەكی ناكۆتا هاتوو لە یەكتردان ، فیچقەكردننەكانن لەبەرانبەر ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی كە ڕێگرن لە ئەدای سروشتیانەی بوون لە سەیرورەكاندا . ژنبوون بەری نییە لە پیاو بوون ، پیاوبوون داڕنراو نییە لە منداڵبوون و مناڵێتی . ئەوەی وایكردووە مناڵبوون و مناڵێتی ، ژنبوون و ئافرەتبوون ، پیاوبوون و پیاوەتی لە ناو كات و وەقت و تەمەن و ڕەگەزو شوناسێكدا بێت گوتارەكانن . واتە گوتارێك ، ئیدۆلۆژییایەك دێت بۆ پێناسەكردن و دیاریكردن و ئاراستەكردن شوناس و پۆلێن و دابەشكاریی و جیاكاری دەبەخشێت . ئەمە تەنیا تایبەت نییە بە كۆمەڵگە وەبەلییەكانی خۆمانەوە . تەماشاكەین لە فەرەنساو و ئەڵمانیاو ئەمەریكا ، لە ڕۆژئاوادا ، لەسەر كارتی شوناسنامەو ناسنامەو فۆرمی زانیارییەكان هەمیشە دەبێت بنوسین : نێر یان مێ ، ژن یان پیاو .. لێرەوە تاوانباركردنی تەنیا كۆمەڵگە مەزهەبیی و ڕۆژهەڵاتییەكان بە پاتریاكی و پیاو سالاری قسەی پوچ و بێبنەمایە .
7
ئەو كاتەی بە ژنێك دەوترێت پیاوانە دێتە پێش ، پیاوانە هەڵسوكەوت دەكات ، پیاوێكە بۆ خۆی . یان بە ۆیاوێك دەوترێت هەڵسوكەوتی ژنانەیە ، ژنانییە .. حوكمێكی مۆراڵیی نییە كە ، بە چاوی كەم و زیاد و باش و خراپەوە لە یەكێكیان بڕوانین ، بەڵكو بەركەوتنێكی وجوودیی و كەینوونەیی و ئۆنتۆلۆژییە لە گەڵ دۆخێكی ناو سەیرورەدا كە لە فۆرمیولەبوونی لەو سیاقەدا پراتیككراوە . ئێمە لێرەدا قسە لە ئاستە ئۆنتۆلۆژیی – ئیماناسییەكەی ژنبوون و پیاوبوون دەكەین كە دەكەوێتە ئەو دیو موكم و موكمدانێكی مۆراڵیی یان سۆسیۆلۆژییەوە .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت