ئارام قزلەریی : کورتە نامەیەک بۆ سەرۆکی کۆریای باکور .
بەڕێز ( جیم گۆنگ ئانی ) سڵاوتان لێ بێت هیوادارین نمونەتان زۆر بێت بۆ سزادانی گەندەڵکاران .
زۆر خۆشحال ئەبین جەنابتان بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت ببنە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەمان پێویستی بە سەرکردەیەکی بوێری هاوشێوەی جەنابتانە .
تەنها کەسێکی وەک ئێوە ئەتوانێت ئەم وڵاتە بێسەرو بەرەیەمان بۆ چاک بکات و سەرجەم هەموو ئەو دزو گەندەڵکارانەی بونەتە میکرۆبێکی کوشندە و کوردستانیان وێران کردوە ، وەک ئەوانەی لای خۆتان سزیان بدەیت و ڕەوانەی دۆزەخیان بکەیت .
کە تەشریفتان فەرموو ـ هاتن ، لە گەڵ خۆتاندا کۆمەڵێک سەگی برسی بهێنن و زۆرێک لەو گەندەڵکارانەیان دەرخوارد بدەن و هەندێکیشیان ببەستن بەچەند موشەکێکەوە و ڕەوانەی دۆزەخیان بکەیت و چیتر ئاو هەوای کوردستان هەڵنەمژنەوە .
ئێمەی گەلی کوردی ستەم دیدە ، تەنها و تەنها سەرکردەیەکی وەک تۆی بوێر ئەتوانێت میللەتەکەمان ڕزگار بکات لەدەست ئەو هەموو دزو گەندەڵ و مافیایانەی دەستیان خستۆتە بینە قاقای میللەتەکەمانەوە و بە ئارەزوی خۆیان داهاتی وڵاتمان تاڵان فرۆش ئەکەن و میللەتەکەشیان برسی کردوە .
بەڕێز جیم گۆنگ ئانی ، ئەوانەی تۆ لە وڵاتی خۆتاندا دەرخواردی سەگیان ئەدەیت و لە گەڵ موشەکەکاندا ئەیان تەقێنیتەوە بڕوا ناکەم بە قەد بچوکترین بەرپرسی گەندەڵی وڵاتی ئێمە خیانەتیان لە خاک و نیشتیمان و هاوڵاتیان کردبێت .
ئەوەی دەستی میللەتەکەمانی گرتوە ناتوانێت وەک وڵاتانی عەرەبی لەوانە ـ میسرو تونس و لیبیا ، ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری بکەن و هەموە گەندەڵکاران ڕەوانەی دۆزەغ بکەن ، تەنها لە ترسی ئەوەی هەمانە لەدەستی بدەین ، کە بەدیوارە پتەوەکانی گۆشت و ئێسقانی هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە هەڵچنراون و ، دەکرێت بە چەند ساتێک لەیەک هەڵیوەشێننەوەو بمان گەرێننەوە بۆ خاڵی سفر . کاتێک ئەوان باکیان نەبێت لەتاڵانکردنی وڵات و پرۆسەی پرسی کردنی کۆمەڵگا ، زۆر ئاسانە لایان ئاسمان و زەویی وڵاتیش بە بڕیارێکی ترسنۆکانە بە داگیرکەرانی وڵات بفرۆشن . دەنا گەلەکەمان هێندە بێزارن لەچەند چرکە ساتێکدا دەتوانن بڕژێنە سەر شەقامەکان و تەخت و تاراجی ئەم حکومەت و دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان تەفروتونا بکەن .
بەلاتانەوە سەیر نەبێت بەڕێز جیم گۆنگ ، لە وڵاتێکدا کە سەرخان و ژێر خانەکەی هەموی خێرو بێرو کانزاو بیرە نەوتە . تازە بەتازە گرفتی ئاوی خواردنەوەمان هەیە ، کارەبای وڵاتمان گەڕاوەتەوە بۆ نیو سەدە لەمەو پێش ، موچەی فەرمانبەران موچەخۆرانیش بەچەند مانگ جارێک دەدرێت ، بەڵام بە پێچەوانەوە وڵاتانی دراوسێمان حەساونەتەوە بە بۆنەی نەوت و غازی سروشتی وڵاتەکەمانەوە ئێمەی گەلی کوردیش ڕۆژ بەڕۆژ هەنگاو ئەنێن بەرەو برسێتی و نەهامەتی و خاک و نیشتیمان بەجێ دەهێڵین و سەری خۆمان هەڵئەگرین لە داخی بەرپرسانی وڵاتەکەمان ، هیچ جۆرە ناڕەزایی و مانگرتن و ڕەخنەو نوسینێکیش سودی نیەو بەخەیاڵیاندا نایەت ، وا ئەزانن هەموو گەلی کورد خزمەتکاری ئەوانەو ئەوان بونەتە میراتگری گەورەو پچوکی هەرێمی کوردستان .
بەکلیكێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت