نەوزادی موهەندیس : خاڵە لاوازەكانی یاسای بودجەی ساڵی 2016 بۆ هەرێمی كوردستان .
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشكرایە لە ڕۆژی 4 شەممە بەرواری 16/12/2015دا یاسای بودجەی ساڵی 2016 ی دەوڵەتی عێراقی لەلایەن پەڕلەمانی عێراقەوە بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرا كە لە 53 مادە پێكهاتوە ، و بەم هەنگاوە حكومەت و پەڕلەمانی عێراق توانیان لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەم یاسا گرنگە پەسەند بكەن بۆئەوەی سەرەتای ساڵی نوێ كاری پێبكرێت و بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە ئەم خاڵە بۆ ڕاییكردنی كاری حكومەت و هەموو وڵاتێك زۆر گرنگە و كاریگەری گەورەی هەیە . و ناكرێت هیچ دەوڵەت و حكومەتێك بەبێ یاسای بودجەی ساڵانە هیچ خەرجیەك بكات ، بەپێچەوانەوە هەمووی دەبێتە زیادەڕەوی و كاری نایاسایی .
یاسای بودجە بریتیە لە بەرنامە و كار و فەلسەفەی هەر حكومەتێك بۆ گەشەپێدانی ئابوری و كۆمەڵایەتی ، ئامانجی سەرەكی لە دابینكردن و دیاریكردنی بودجەی ساڵانەی هەر حكومەتێك بریتیە لەوەی كە سەرچاوەكانی داهات هەمەجۆر بكات و كۆشیان بكاتەوە و بەپێی پێویست و بە یاسا و ڕێسای ژمێریاری و پلانی زانستی وواقعیش خەرجیان بكاتەوە. هەر یاسایەكی بودجە توانی بە كەمترین داهات زۆرترین خزمەتگوزاری ئابوری و كۆمەڵایەتی پێشكەش بكات ئەوا بودجە و یاسایەكی سەركەوتوە و بەپێچەوانەشەوە گەر كورتهێنانی زۆر هەبوو ئەوا یاسا و بودجەیەكی سەركەوتوو نیە . دیاریكردنی بودجەی هەر وڵاتێك گرنگی دەداتە لایەنی ئاوەدانكردنەوەی وڵات و گەشەكردنی سەرجەم بوارەكانی كۆمەڵگا لە ئەمنیەت و ئاسایش و سەربازی وپیشەسازی و كشتوكاڵ و نیشتەجێبون و تەندروستی و پەروەردە و خوێندن و ڕێگاوبان و كارەبا و ژینگە و … هتد . بەشێوەیەكی گشتی بودجە دەخرێتە خزمەتی خۆشگوزەرانی و بەرزكردنەوەی ئاستی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگا و ئاشتی و ئارامی و پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتەوە .
سەرەڕای چەسپاندنی پشكی 17%هەرێمی كوردستان لە یاساكەدا بەهیمەت و خەمخۆری ئەندامانی كوردی پەڕلەمانتار كە كارێكی ئاسان نەبوە و ناشبێت لەبەرامبەر داخ لەدڵانی عەرەبی سونە و شیعەی توندڕەو ودەمارگیردا ، بەڵام بەداخەوە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بەسراوەتەوە بەچەند كۆت و بەندێكەوە كە هەر لە سەرەتاوە دیارە جێبەجێ ناكرێت و نادرێت وەكو ساڵانی 2014 و 2015 .. هەربۆیە نابێت خەونی ڕەنگاوڕەنگی لەسەر هەڵبچنرێت ، چونكە پەسەندكرندن و جێگیركردنەكەی بەهێندەی جێبەجێكردن و ناردنەكەی گرنگی نیە .
لەیاسی بودجەی ساڵی 2016دا كۆمەڵێك خاڵی لاوازی تیادایە بۆ هەرێمی كوردستان كە بریتین لە :
1 – یاساكە نرخی 1 بەرمیل نەوتی دیاریكردوە بە 45 دۆلار ، كە لەڕۆژی پەسەندكردنی یاساكەدا لە 16/12/2015دا نرخی 1 بەرمیل نەوت بە 36 دۆلار بوە . واچاوەڕوانیش دەكرێت لەساڵی 2016 دا نرخەكە دابەزێت بۆ 25-29 دۆلار دوای هەناردەكردنی نەوت لە لایەن ئەمریكاوە .. كەواتە ئەم نرخەی كە دانراوە خەیاڵیەو دەبێتە هۆی زیادكردنی بڕی كورتهێنان لە بودجەدا.
2 – دیاریكراوە كە لە ساڵی 2016دا ڕۆژانە عێراق 3600000 بەرمیل نەوت هەناردە بكات بە 550هەزار بەرمیلەكەی كوردستانیشەوە . كە ئەمەش بۆخۆی كارێكی نەكردەیە چونكە لە كۆتا مانگی 10/2015 دا عێراق توانیویەتی تەنها بڕی 3200000 بەرمیل هەناردە بكات . كەواتە ئەم خاڵەش خەیاڵیە و جێبەجێناكرێت و بڕی كورتهێنان زیاتر دەكات .
3 – لەیاساكەدا بەڕێژەی 95% و زیاتریش پشت بەسراوەتە سەر داهاتی نەوت . كە ئەمەش بۆخۆی خاڵێكی لاوازە و دەبوایە گرنگی بدرێت بە دۆزینەوە و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات لە ڕێگەی گەشەپێدانی بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری و سەرچاوە مرۆییەكان و … هتد .
4 – بڕی داهات دانراوە بە 81700803138 تریلۆین دینار و كۆی خەرجیەكانیش دانراوە بە 105895722619 تریلیۆن دینار . كەواتە بڕی كورتهێنان بریتیە لە 24194919481 تریلیۆن دینار . كە بڕیارە بە قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی و پارەی گەڕاوەی ساڵانی پێشوتر و بەرزبونەوەی نرخی نەوت و هەناردەكردنی زیار پڕ بكرێتەوە . كە لە بنچینەدا هەموو ڕێوشوێنەكان نایەنەدی و قەرزەكانیش هێندەی تر ئەستۆی حكومەت بارگرانتر دەكەن .
5 – ڕێژەی تەنها 24% دانراوە بۆ پڕۆژە و خەرجیەكانی وەبەرهێنان و ڕێژەی 76% یش دانراوە بۆ خەرجیە تەشغلیەكان ، كە ئەمەش وادەكات لەساڵی 2016دا كەمترین پڕۆژەی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان جێبەجێبكرێت ، واتە ساڵی ئایندەش هەموو عێراق و كوردستانیش هەر بەرخۆردەبین نەك بەرهەمهێن .
6 – ڕاستە بڕی 17% وەك پشكی هەرێم دیاریكراوە كە پێش بڕینی خەرجیە حاكیمی و سیادیەكان دەكاتە 18 تریلیۆن دینار و لەدوای دەركردنی ئەو خەرجیانەش دەبێتە 13 تریلیۆن و 67 ملیار دینار . كە مانگانە دەكاتە بڕی 1 تریلیۆن و 139 ملیار دینار. بەڵام ناردنی ئەم بڕە پارەیە پەیوەستكراوەتەوە بە :
1 – بەپێی مادەی 9 و بڕگەی یەكەم ، دەسەڵاتی خەرجكردنی دراوەتەوە دەست سەرۆكی وەزیرانی عێراق .
2 – بەپێی هەمان مادە و بڕگەی دووەم دوای دەركردنی خەرجیە حاكیمەكان دەنیردرێت .
3 – بەپێی هەمان مادە و بڕگەی چوارەم ، لەدوای ووردبینیكردنی هەموو داهاتەكانی ساڵانی پێشووی هەرێم لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە بڕەكە كەم و زیاد دەكات .
4 – بەپێی مادە 10 و بڕگەی یەكەم / ا / هەموو مانگێك لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی بەغداد و بەهاوكاری وەزارەتی دارایی هەرێم مانگانە داهاتە فیدڕاڵیەكان لەهەرێم وەردەگیرێت و دەنیردرێت بۆ بەغداد .
بەپێی هەمان مادە و بڕگەی دووەم/ هەركاتێ هەرێم هەڵنەستا بە ناردنی داهاتە فیدڕاڵیەكان ئەوا وەزارەتی دارایی بەغداد بڕی ئەو داهاتانە لە پشكی 17% دەبڕێت .
5 – هەناردەكردنی بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە و ڕادەستكردنی بە كۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتەكەی بۆ خەزینەی دەوڵەتی عێراقی بە پێی ڕیًكەوتنامەی بەغداد و هەرێم لە 2/12/2014دا ,
6 – بەپێی مادەی 10 وبڕگەی سێیەم/ ناردنی پشكی 17% ی هەرێم جارێكی تریش بەسراوەتەوە بە پابەندبوونی هەردوولا بە ڕێكەوتنی 2/12/2014 و ناردنی داهاتە نەوتی و داراییەكان بۆ بەغداد .
7 – بەپێی مادە 20 ی یاساكە ، لە پشكی 17%ی هەرێم ، پێویستە هەرێم شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتیەكان بدات نەك لەسەر پشكی بەغداد . كە ئەمەش بڕێكی زۆر و قورسە لە ئێستای حكومەتی هەرێمدا .
8 – بەپێی مادە 32 ی یاساكە ، هەرێم پابەندكراوە بە ناردنی هەموو ئەو داهاتانەی كە لە فرۆشتنی زیادەی نەوتی هەرێمەوە دەستدەكەوێت كە زیاتر لە 550 هەزار بەرمیل نەوتە و بەمەش هەرێم ناتوانێت مامەڵە بە داهاتی فرۆشی نەوتی زیاتر لە 550 هەزار بەرمیلەوە بكات بۆ خۆی .
بەم شێوەیە دەبینین كە ناردنی پشكی 17% هەرێم وەك دەرهێنانی پارویەك نانە لە قوڕگی شێردا و بە ئاسانی و سانایی نانێردرێت وەك ساڵانی پێشوو ، چونكە لای هەموان ئاشكرایە كە دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم بەو مەرجانە ڕازینابن و نین ، و نایانەوێت كە جارێكی تر فرۆشتنی نەوتی هەرێم بخەنەوە ژێر دەستی بەغداد ، هەربۆیەش پێشبینی دەكرێت كە ساڵی 2016 ش هیچ بڕە پارەیەك نەنێردرێت بۆ هەرێم و قەیرانی دارایی هەرێم قوڵتر ببێتەوە و كارەساتی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی لێبكەوێتەوە ، چونكە نزیكەی 3 ساڵە هەرێم نەیتوانیوە هیچ پڕۆژەیەكی گەشەكردن و ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاری پێشكەش بكات كە ئەمەش بۆتە هۆی زیاتر وێران بوونی ژێر خانی ئابوری و پێشكەوتن و خزمەتگوزاریەكان .
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە كە گەر دەسەڵاتدارانی هەرێم گەرەكیانە لەم قۆناغە سەخت و دژوار و جەنگی داعش و مانەوەی نازحە عەرەبەكان و سەرجەم گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بەسەركەوتوی دەرباز ببێت و جەماوەری میلەتەكەشمان لەنەبونی و برسێتی ڕزگار بكات ، پێویستە نەرمونیانی بنوێنێت و لەگەڵ بەغداد پێكبێت و بیانوەكانی بەغداد نەهێڵێت و ئیلتیزاماتی نەوتی و داراییەكانی خۆی جێبەجێ بكات بۆئەوەی بەغدادیش ئەركی سەرشانی خۆی بهێنێتەدی .
ئاشكراشە حكومەت و دەسەڵاتی خۆماڵی و دڵسۆز و خەمخۆر ئەو دەسەڵاتەیە كە لەپێناو بەرژەوەندی میلەتدا هەموو كارێك بكات نەك بەرژەوەندی حیزب و سەركردە و بنەماڵەیەكی دیاریكراو .
ئەو ڕاستیەش ڕوونە كە میلەتەكەمان دڵسۆزترین و خەمخۆرترینە بۆ حكومەت و دەسەڵاتەكەی و ڕۆژانە ڕۆڵەكانی دەكاتە قوربانی لە پێناو پاراستنی سنور و كەرامەتی تاك بەتاكی میلەت و سەركردەكان ، بۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانیش پاداشتی ئەو قوربانی و خوێن و فرمێسكانە بدەنەوە بەخزمەتكردنیان نەك نانبڕین و برسیكردنیان .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی