یوسف عزەدین رەئوف : لەپەراوێزى هێنانەگۆى زمانێکى ڵاڵ .
کاتێک دوو کەس دەیانەوێت بیر لەیادەوەرییەکى هاوبەشى خۆیان بکەنەوە ، ئەوە بێگومان بەپشت بەستن بەتواناى وەبیرهاتنەوە ، رەنگە هەردووکیان هەمان یادەوەرى هاوبەشیان بەهەمان شێوە بیرنەکەوێتەوە و نەکرێت هەردووکیان وەک یەک وبەهەمان شێوە و لەهەمان گۆشەنیگاوە بیهێننە پێشچاویان و لەزەینیاندا بەرجەستەى بکەن . ئەمە جگە لەوەى وەیادهێنانەوەى یادەوەرییەک کەمجار تەنانەت لاى کەسانى ئاساییش وەک خۆى دێتەوە یاد ، زۆر هۆکار هەن کاردەکەنە سەر پرۆسێسى وەبیرهێنانەوەو بیرکردنەوە لە هەر شتێک کەپێشتر روویدابێت ، تەنانەت ئەگەرێکى زۆرى تێکەڵکارى و لەبیرچوونەوە و ئاوێزانبوونى خەون بەیادەوەرییەکى ریالیتى هەیە ، ئەمە جگە لەوەى ئەگەر مەبەست بێت یادەوەرییەکە بگێڕدرێتەوە ، ئەوا جارێکى تر بەویست یان بەدەر لەویستى ئەو کەسەى کەدەیگێڕێتەوە قابیل بەگۆڕان و تێکدان و پاش و پێشخستنە ، دەکرێت بڵێین هەست و نەستى کەسەکە و زۆر هۆکارى سایکۆلۆژى رۆڵیان هەیە لەبیناکردنێکى سەرلەنوێى ئەوەى کەوەبیردەهێنرێتەوە .
لەرۆژهەڵاتدا جیاوازى گێڕانەوەکان زۆر زیاترو بەشێوەیەکى بەرچاوتر دەکەوێتە پێشچاو ، تەنانەت ئەو کاتانەى کەکۆمەڵێک کەس پێکەوە دەڕواننە رووداوێک . سەبارەت بەمە باسێک هەیە کەگوایە ئینتلیجنسێکى ئینگلیز لەیەکێک لەشارەکانى رۆژهەڵات ، بەچاوى خۆى رووداوى کوشتنى زەلامێک دەبینێت ، بەڵام دواتر هەر وەک ئەوەى رووداوەکەى نەبینیبێت کاتێک بەجیاجیا دەست دەکات بەپرسیاکردن لەو خەڵکانەى کە رووداوەکەیان بینیوە ، دەبینێت هەریەکەى شتێکى جیاوازى لەویتر بۆ دەگێڕێتەوە ، ئیتر هەیانە ئەوەندەى پێوە دەنێن کابرا سەرسام دەکەن ، بەڵام پاش چەند رۆژێک کەدەپرسێتەوە سەیر دەکات ، کار لەکار ترازاوە و رێک رووداوەکە بۆتە حیکایەتێکى خەیاڵى کە هیچ پێوەندییەکى بەراستى رووداوەکەوە نییە . ئەمە بۆخۆى نموونەیەکى ئاشکرایە لەحەزى شاراوەى مرۆڤ بەگشتى و خەڵکى رۆژهەڵاتییش بەتایبەتى بۆ گێڕانەوە و تەنانەت گۆڕینى ئەوەى کەبەچاوى خۆى بینیویەتى ، ئەمە لەکاتێکدا کەمەرج نییە دوو کەس یان چەند کەسێک ، رووداوێکى ترسناکى دیاریکراو وەک یەکتر ببینن ، ترس لەو حاڵەتانەدا کاریگەرییەکى زۆرى لەسەر بینین هەیە ، سەربارى هەموو ئەوەى لەنێو کەسى بینەردا پەنهان و شاراوەیە ، لەرووى سایکۆلۆژییەوە زۆر حاڵەتى سەیر هەیە هەر بۆ نموونە جۆرێک لە هەلوەسە هەیە وا لەو کەسەدەکات کەئەو حاڵەتەى تێدا بەدیدەکرێت ، جەستەى خۆى بەدەر لەخۆى و لەحاڵەتى جووڵاندا ببینێت .. ” پاولۆ کۆییلیۆ ” دەڵێت : وەیادهاتنەوەى ساتەوەختێکى پڕترسى رۆژگارێکى بەسەرچوو بەسە بۆ ئەوەى کەوابکات لەگەڵ هاتنى هەر بەیانییەکى نوێدا هەمان رۆحى پڕ لەترس و تۆقین لەتۆدا دووبارە ببێتەوە .
نابێت ئەو راستیەشمان لەیاد بچێت کەهەموو شتەکان وەک یەک لاى کەسە جیاجیاکان مەئلوف یان نامەئلوف نین . ئەمە لەنێو شارستانیەت و ژیارە جیاجیاکانیشدا دەبینرێتەوە ، یەکەمجارى بینینى شتەکان سیحرو سەیر وسەمەرەیى خۆى هەیە ، تەنانەت هەندێ جار ترس و ترسناکییش لەخۆدەگرێت ، ترسان وخۆ شاردنەوەى خەڵکى گوندەکانى زۆر شوێن کاتێک بۆ یەکەمینجار ئۆتۆمبیلیان دیوە ، یان بەسەرهاتى ئەو ئاغایەى بۆ یەکەمینجار تفەنگى بنیوەو بۆ ئەوەى کە بزانێت بەڕاست مرۆڤ دەکوژێت لەسەر یەکێک لەپیاو ماقووڵەکانى خۆى تاقیکردۆتەوەو کوشتویەتى دواتر لەبەر سەیرى ئەو شتەى کەبۆیەکەمینجارە دەیبینێت و شاگەشکەبوونى ئاگاى لەوە نەماوە کەسێک لەبەردەمیدا لەخوێنى خۆیدا گەوزاوە .
هەندێ شارستانیەت هەبوون زاناکانى لەسەردەمێکدا زۆر راستى زانستییان کەشفکردووە ، کە لەئێستاشدا جێگەى سەرسامییە ، بەڵام لەنێو خودى ئەو شارستانییەتانەدا لەو کاتەشدا جێگەى سەرسووڕمان نەبووە و ئاسایى بووە . هەروەک شارستانییەتى هندییەکانى باکوورى هندستان و بەتایبەتیش لەسەردەمى گۆپتادا ، زانایانى ئەو شارستانیەتە لەو کاتەدا و پێش هەموو زانایانى شارستانییەتەکانى تر ، گەیشتوونەتە ئەو راستییەى کەگەردوون بێکۆتایەو توانیویانە مەوداى درێژى دەورى زەوى بخەمڵێنن کە هیچ جیاوازییەکى واى لەگەڵ پێوانەى ئەمڕۆدا نییە .
ئەم دنیایەى ئێمە بۆ خۆى شوێنێکى نائاسایی و پڕ لەدنیایەک خورافات و ئەفسانە و سیحر و شەعوەزەو شتى لەو بابەتەیە ، هێشتاکە چەندین درەخت و شاخ و رووبار و پەرستگەو نزرگەو مەزارو شوێنجێگەى بەناو پیرۆز لەدنیادا هەن و بەردەوام خەڵکانێکى بەژمارە یەکجار زۆر روویان تێدەکەن و هەموو ئەو گۆڕانکارییە مەعریفى و زانستى و فیکرییانەى کەلەدنیادا هەر لەسەردەمى رێنیسانسەوە روویانداوەو روودەدەن کاریان نەکردۆتە سەر زەینى هیچ کامێک لەوانەى کەئاستەمە باوەڕ بکەیت هێشتاکە ئەمانە سەربارى بوونى راستەقینەیان لەدنیاى ئەمڕۆدا بەئەقڵیەتى کەسانى هەزارساڵ لەمەوپێش دەگوزەرێن ، ئەمانە کەمینە نین بەڵکو رێژەى هەرە زۆرى خەڵکانى دنیان ، گڵۆباڵیزم و میدیا و سینەما و تەنانەت بەشێکى بەرچاوى ژانرەکانى ئەدەب و هونەریش لەخزمەت پاراستنى هەموو ئەو باوەڕ و تەقلیدە سەیر و سەمەرانەدایە . چى لەوە سەیرتر هەیە مرۆڤ بەبێگوێدانە ئەوەى لەدنیاى مەعریفەو زانستدا دەگوزەرێت ، هەڵگرى چەندین خورافات و بیرۆکەى میسیۆلۆژى سەیر و سەمەرە بێت ، لەهەمووشتێکیش زیاتر برەوى پێبدرێت .
بەچى بزانین دنیا گۆڕاوە و ئێمە لەچاخێکى تردا دەژین لەکاتێکدا ئاستى تێڕوانینى مرۆڤ بۆ شتە هەستیارەکان هەمان ئاستى تیڕوانینى سەردەمانێکى بەسەرچوو بێت . تۆ بڵێى مانەوەى هەموو ئەوەى مرۆڤ پێش هەزاران ساڵ بەدەر لەلۆژیک و زانست و پێى گەیشتووە ، لەئەنجامى ترسى مرۆڤ لە مەجهول تا ئەم ساتەوەختە مابێتەوە. رەنگە ” باسکاڵ ” بەخۆڕا نەڵێت :
ئەوەى لەرزم لێدێنێت بێدەنگى ئەبەدیى فەزا ناکۆتاکانە . ئیدى زۆربەى ئەوەى لەمڕۆدا لەم دنیا بەناو مۆدێرن و میکرۆڤیزیۆنیەدا روودەدات ، شتگەلێکى ناماقووڵ و عەجایبن ، لەنێو جەرگەى رۆژئاوادا ” ساتانیستەکان ” پەیدادەبن و چەندین گەنجى خوێندەوار رادەکێشن و دواجار بەو پەڕى قەناعەتەوە ئامادەکرێن ببنە قوربانى کەشێکى خورافى و سەرببڕدرێن ، یان خۆیان بکوژن .
ئیلۆهیم ” ییەکان گروپێکى ترن و بەهاریکارى چەندین دەوڵەمەند بەتەماى دروستکردنى شوێنجێگەیەکى یەکجار سەیرن ، بۆ پێشوازیکردنى ئیلۆهیم ” ئەودەمەى لەئاسمانەوە بەسەردان دەگەڕێتەوە سەر زەوى . ئەمانە باوەڕیان وایە پاش مردن ئیلۆهیم” لەرێى کڵۆنکردنیانەوە دروستیان دەکاتەوە ، واتە تەنها ئەوانە دروست دەکرێنەوە کەسەر بەو گروپەن و دەتوانن جارێکى تر بژێنەوە ، ئەندامانى ئەم گروپەش کەسانێکى نەخوێندەوار نین ، زووربەیان دکتۆر و ئەندازیار و خاوەن بڕوانامەن و لەسەرجەم وڵاتانى دنیادا نوێنەریان هەیە ، کۆبوونەوەى تایبەتیان هەیە ، سەما و کەشى سێکسییان هەیە ، دنیایەک لایەن و هێز لەپشت کەوالیسەوە پشتگیریان لێدەکات ، لەپشت هەموو ئەوەى ئەمانەو هاوچەشنەکانیان دەیکەن دنیاک شتى شاراوە و نهێنى هەیە . ئێمە لەرۆژگارێکدا دەژین تا بینەقاقاى نغرۆى وەهم و خورافەیە ، نغرۆى تیرۆر و کوشت و کوشتارێکى بێ وێنەیە ، تەنانەت گوتەکەى دۆرکهایم” یش بەدرۆ دەخاتەوە کەدەڵێت : لەگەڵ پێشکەوتنى پرۆسەى شارستانیبوون ژمارەى کوشتن کەم دەبێتەوە و روو لەکەمبوونەوە دەکات لەپێناو .
بەڵام ئەمە وەک ئێمە لەئێستادا دەیبینین کەى وایە ، ئەمە جگە لەوەى پرۆسەى گۆڕانى دنیا لەلایەن زلهێزەکانەوە پرۆسەیەک نییە حیساب بۆ تاکە کەس و مافەکانى مرۆڤ و ئەو شتانەى تر کەهەرخۆیان بانگەشەى بۆ دەکەن بکات . بەناوى گۆڕینى دنیا و میللەتانەوە رەئیس عەشیرەت و هێزەکانى جەهل و داکۆکیلێکەرانى چاخە تاریکەکان و جەللادەکان و دەیان هێزو لایەنى ناشرینى تر ، لەجێى جەللادەکەى تر دادەنێنەوە و ئەوەى گورزى کوشندەى بەر دەکەوێت کەسە ئاساییەکانن ، ئەو کەسانەى ئەندامى پێکهاتەى هۆز و تیرە و خێڵ و دەستە و تاقمە ئایینییەکان نین ، ئەوەى گورزى بەر دەکەوێت خەڵکێکى خوێندەوارە ، کەدەبێت لەمەو دوا بەپێى دڵى دنیایەک گەورە پیاو و گروپ و تاقم هەڵسوڕێ ، بیربکاتەوە ، بنووسێت .
ئەمەیە ئەو دیموکراسیەتەى کە پێشتر بانگەشەى بۆ دەکرا ، ئەمەیە گڵۆباڵیزم لەجێى دیکتاتۆرێک سەدان دیکتاتۆرى بچکۆلەت بۆ دروست دەکات ، لەجێى ئەوەى مرۆڤەکان لەزیندانەکاندا بکوژرێن ، لەپەناو پاسارەکاندا دەکوژرێن و هەر کەسیش نازانێت چۆن کوژراون ، ئەمە ئەو دنیا نوێیەیە کەبەناوى ئازاکردنى ئافرەتانەوە ، لە پێودانگە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکان ، بەناوى رزگارکردنى لە خێزان، باوک ، برا ، مێرد ، دەیکاتە بوونەوەرێک کە لە هەموو شوێنێکدا دەبێت چاوەڕێى ئەوە بێت پەلامار بدرێت ، بفڕێندرێت ، دەستدرێژى سێکسى بکرێتە سەر و هەر ئەم دنیایەشە دەیکاتە بابەتى فیلمە سێکسییەکان . دیارە هەر ئەم سیستەمەى ئێستاى دنیاشە دەیەوێت بەتەواوى خۆشەویستى مابەینى مرۆڤەکان نەهێڵێت ، بۆ هەموو شتێک ئەڵتەرناتیڤێکى موزەیەف بدۆزێتەوە . خودى ئەو سیستەمەى کەئێستا حوکمى دنیا دەکات پێویستى بەزۆرترین ژمارەى کوژراوە ، پێویستى بەبوونى تیرۆر و تیرۆریستانە .
لەم هەموو جانجاڵى و ئاشووبەدا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کەکردەى نووسین هەر لەم دنیایەدا دەگوزەرێ ، بەو مانایە نا کەدەبێت ببێتە ئاوێنەى ئەم واقیعە ناشرینە ، بەو مانایەنا کەدەبێت وێنەیەکى فۆتۆگرافى واقیعمان پیشان بدات ، کەس پێویستى بەبینینى دەقاودەقى هەموو ئەو شتانە نییە کەلەدنیادا روو دەدات ، میدیاکان بەزیادەوە ئەمە دەکەن ، بگرە بەدووبارەکردنەوەى چەندین جارەى وێنەى کوژراو و لاشە پارچەپارچەکراوەکان و دیمەنى کوشتارگەکان ، هەموو ئەمانەیان کردە شتگەلێکى ئاسایى و مەئلوف . ئەمڕۆ دنیا هێندەى گەورەبوونى هەوڵى بچووک بوونەوە دەدات ، هێندەى قەرەباڵغ بوونى هەوڵى خۆچۆڵکردن دەدات ، هێندەى زۆربوونى هۆکارە تەکنەلۆژییەکانى بینین و وێنەگرتن و وێنە پیشاندان ، هەوڵى نەبینین و سڕینەوەى وێنە جوانەکان و پیشان نەدانیان دەدات . کاتێک پیتەر زلۆتەر دایک دەڵێت : من سەر بەو گروپە فەلسەفییەم کەگاڵتەجاڕى دەنووسمەوە .
بەخۆڕایى واناڵێت و هەروەها سەرپێیش خۆى لەکایەناسى و گڵۆباڵگەرایى نەداوە . بۆیە بمانەوێت و نەمانەوێت ئەمڕۆ ئێمە لەدنیایەکى ترسناک و دزێودا دەژین ، دنیایەکى بێلەنگەر و ناهاوسەنگ و نابەرابەر ، دنیایەک زۆر ترسناکترە لەو جەنگەڵەى مرۆڤى بەرایى تێدا ژیاوە . بەڵام هەموو ئەوەى کەلەبارەى دنیاوە دەیزانین و دەیبینین ، یان راڤەى دەکەین و لێی وردەبینەوە ، هەموو ئەو لۆژیک و سنوورانەى پێش کردەى نووسین هەن ، لەئاست موجازەفەى نووسەرێکدا بۆ کەشفکردنى مەجهول و خستنە رووى نەزانراوەکان دەستەوسانن . پێموایە نووسەرى جدى جا لەهەر ژانرێکى ئەدەبیدا خۆى تاقیبکاتەوە ، وەک کەسێکى ئاسایى ناڕوانێتە فۆرمالیتەو ناوەڕۆکى شتەکان ، بەسادەیى ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ریالیتەو ئیماژى حەقیقەتى شتەکان بکات وەک ئەوەى هەن ، ئەگەر وابن ، چونکە خودى حەقیقەت وەک چەمکێک یەکێکە لەچەمکە هەردەم ناجێگیر و شلۆقەکان .
ئاشکرایە ونبوونێک یان وێڵبوونێک لەکردەى نووسینى ئەدەبیدا هەیە ، تەنانەت زۆرجار دەستەوسانى و بێهوودەییەکى قووڵ ئامادەیى هەیە کەدواجار خوێنەر دەباتەوە بۆ نێو پاساژە تاریک و ترسناکەکانى ناخ . ئەدەبیاتێک کەبەگشتى جوانى دەبەخشێت ، کار لەتۆپۆگۆافیایەکى خەیاڵیدا دەکات کەزەمەن ، شوێن و هەموو شتە نەویستراوەکانى تێدا فەرامۆش دەکرێت . نووسینە جوانەکان تەلیسم و سیحر و ئەتمۆسفێرى تایبەت بەخۆیان هەیە ، گەڕان و ئەوداڵبوونى تێدایە کە زۆرجار بەگەڕان و ئەوداڵبوونى سۆفییەکان دەچێت . شبلى دەڵێت : ئەمە مەجنونى بەنى عامیرە ، ئەگەر لەبارەى لەیلاوە پرسیارى لێکرابا ، دەیگوت من لەیلاـم ، لە لەیلاـدا خۆى غایب دەکرد تا دیمەنى لەیلا بهێڵیتەوە ، لەهەموو مانایەک غایب دەبوو بێجگە لەلەیلا و هەموو شتەکانیشى بەلەیلا دەبینى .
لەقوڵایى ئەدەبیاتى جدى و جواندا ، لەدەستدان و نەبینینەوەى شتێک یان شتەکان هەیە ، کردەى نووسینیش وەک گەڕانى مەجنونە بەشوێن لەیلادا ، عەشق و سەوداسەریى نووسەرە مەجنون ئاساکانە کەدەیانەوێت لەیلا-یەکى نەبوو بدۆزنەوە ، یان دەیانەوێت لەیلا-یەک بدۆزنەوە کەئەوان پێیان وایە هەیە . بەبۆچوونى من بۆ رامکردنى جوانییەکى نەبینراو ، دەبێت بەشوێن پێوەندییە نهێنى و پەنهانەکانى نێو شتەکاندا بگەڕێین ، بەشوێن دۆزینەوەى خەیاڵێکى بێکۆتادا ئەوداڵ بین ، دوورکەوینەوە لەرۆتیناتى واقیع و هەوڵ بدەین دنیایەک لەتاڵەهەوداکانى تیشک و تەم و شتە نەبینراوەکان بچنین ، ئاشکراشە ئەگەر دروستکردنى دنیایەکى جیاوازى ئەدەبى لاى نووسەرانى تەقلیدخواز و مۆمیاکراو و عەنتیکەو داوەڵەکانى دنیاى بەناو رۆشنبیریى ئەمڕۆ وەهم بێت ، ئەوە لاى نووسەرانى موجازیف و موغامیرى رێگە مەجهولەکان ، نەبینراوەکان ، کەشفنەکراوەکانى ئەدەبێک کەبیەوێت جوان و چێژبەخش بێت ، خودى ئەم دنیا ئەدەبییە ناشرینەى ئەوان ، واقیعێکە کەدەمێک ساڵە سەردەمى بەسەرچووە و بۆتە مۆدێلێکى یەکجار کۆن . ئەمە نەک هەر لاى ئێمە بەڵکو لەدنیادا وایە ، تەنانەت لەبوارى هونەریشدا ، دەرهێنەرى بەتواناى جەزائیرى محەمەد ئەلئەخزەر حەمینا خاوەنى فیلمى بەسەرهاتى ساڵەکانى پشکۆ ، سەبارەت بەهونەرى جەزائیرى دەڵێت : هونەرى جەزائیرى لەزەلکاودایە ” ئیدى لاى ئێمەش زۆر کەسانى وریامان هەن ، ئەو زەلکاوە دەبینن کە ئەدەب و هونەرى کوردى تێدا دەگەوزێت . ئیدى هەش بەسەر نێوەندی رۆشنبیرى وڵاتێک کە پارەى خەیاڵى بۆ فێستڤاڵى بێمانا و یادکردنەوەى نووسەر و هونەرمەندە مۆمیاکراوە عەنتیکەکانى ئەدەب و هونەر سەرف دەکات ، لەکاتێکدا هەموو ئەوەى کەلەگەڵیان نییە بەئەدیب و هونەرمەندان و نووسەرانەوە بەر نەفرەتى فەراعینەى بەناو رۆشنبیرى ئەوان کەوتوون و دەکەون .
بە کلیک کردنە سەرسمولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەت دەچێت بۆ هاوڕێکانت