بەكر ئیبراهیم : دەبێ و نابێ .
تەمەنم 12 ساڵان بوو كە سەرهەڵدانە پیرۆزەكەی ساڵی 1991ی گەلی كوردستان بەرپا بوو ، گەل خرۆشا ، حەماسەتی ئازادی و نەمانی رژێمی بەعسی ڕووخاو ، سەرجەم چینوتوێژەكانی سەرگەرم و مەستی ئەو ئازادیە كردبوو و جەژنئاسا جەماوەر و پێشمەرگە ئاوێتە و دەستەملانێی ئەو بەهارە سەرسەوزەی راپەڕین ببوون و درووشمی ئازادی و سروودە حەماسییەكانی شڤان پەروەر و نەمران مەرزییە رەزازی و حەمەجەزا و هونەرمەندانی تری وڵات بەقەدەر سەركردەیەك گوڕ و تین و حەماسەتی گەلی ژێردەستە و ئازادی نەدیتووی باشووری كوردستانیان وەكو ئاگری ئەو نەورۆزەی راپەڕین داگیرساندبوو ، وەكو ئێستا لە یادمە و ئێستایش هەمووتان دەتوانن گوێ لە سروودەكەی نەمر حەمەجەزا بگرنەوە كە دەیفەرموو ، هۆكاكی پێشمەرگە شۆڕشگێری قارەمان ، ناوی پیرۆزی تۆیە بۆتە وێردی سەرزوبان ، هەرچی ناوی سامانە شك نابەی لەو دونیایە .. بەڵام بەراستی نەمر حەمەجەزا مابایە ، دڵنیام لە گوتنی ئەو سروودە لە ئەمڕۆدا پەشیمانی دەردەبڕی نەك بۆ ئەو پێشمەرگانەی چیائاسا سنگیان كردۆتە قەڵغانی پاراستنی كوردستان لە دوێنێ و ئەمڕۆشدا، بەڵكو بۆ ئەو پێشمەرگانەی هەرچی ناوی سامانە لەو كوردستانە و لە دەرەوەی وڵاتیش هەیانە و هەر تێریش ناخۆن .
وەكو گوتم تەمەنم 12 ساڵان بوو كە راپەڕین كرا وا ئێستاش بۆ 38 ساڵ دەچم ، بە راستی ئەو بەرپرسانەی كە حوكمی وڵات دەكەن گوێیان كاس كردووین بە وشەی دەبێ ، تەبا بین ، یەكدەنگ بین ، یەكهەڵوێست بین ، ناوماڵی خۆمان رێك بخەینەوە، بگەڕێینەوە بۆ خانووە قوڕەكان كە سەردەمانی دەوڵەتی داگیركەری عێراق لانە و نەوا و ماڵی ئەو پێشمەرگانە بوون كە ئەمڕۆ حوكمی وڵات دەكەن ، كەچی هەر ” دەبێ ” دەبیستین و ناشیكەن بە كردار .
دەبێ هێزی پێشمەرگە یەك بخەینەوە و هێزێكی نیشتمانی دابمەزرێنین ، بەڵام ئەوە 24 بەهارە هەر دەبێیە و نابێت .
دەبێ چاكسازی بكەین پڕۆژەی چەندین لاپەڕەیی ئامادە دەكرێت و بۆ تەنەكەی زبڵەكەیە و ئەویش نابێ .
دەبێ كارەبای هاووڵاتیان 24 كاتژمێر بێت ، كەچی دوای 24 ساڵ لەو قسانە یەزدانی مەزن خێری مۆلیدەكان بنوسێ دەنا ئەوەندەی هەشە هەر نابێ .
دەبێ سیستەمی تەندروستی بگۆڕین بۆ خزمەتی زیاتری هاووڵاتیانی خێرنەدیوی كوردستان ، چونكە هی سەردەمی عوسمانییە، ئەوەشیان هەر خۆمان خۆش، چونكە ئەویش نابێ .
دەبێ كابانی ماڵیش مووچەی هەبێت ، بەڵام فەقیرانە مووچەی مێردەكانیشیان بە 4 مانگ نابێ .
بۆ سەر سندوقەكانی هەڵبژاردەن و دەنگدان بە بەڵێنی گەورە گەورە هانمان دەدەن تا دەنگیان بۆ بدەین ، چونكە كوردستانمان بەهەشتئاسا پیشان دەدەن ، كەچی ئەویش هەر دەبێیە و نابێ .
بنی خانووەكانمان هەمووی نەوت و غازە و بتڵ و بەرمیلی ماڵەكانیشمان هەر تەقەی دێ و ئەویش نابێ .
24 ساڵە هەر دەڵێن دەبێ و نابێ ئاخر گەلۆ ئەوانەی دەڵێن ، دەبێ وابێ خۆ هاووڵاتیی ئاسایی و تەماتەفرۆش و تایەفرۆش و تەڕەسازفرۆش و ترشیاتفرۆش نین ، كە من سەرم لە ئاستی جەستەی هیلاك و دەستی قڵیشاوی ئەو مرۆڤە رەنجدەرانە دادەنەوێنم ..
ئەوەی منی تەواو هیلاك و بێزار كردووە ، ئەوانەی دەڵێن دەبێ وابێ ، سەركردە و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی حزبەكان و وەزیر و گزیر و پەرلەمانتێر و بڕیاربەدەستانی وڵاتن ، كەچی زۆر بە ئاسانی بۆ هەر پرسیارێك كە لێیان دەكرێت ، دەڵێن دەبێ وابێ ئاخر قوربانەكان ، ئەم هەموو دەبێیەی ئێوە ، ئەوەمان پێ دەڵێ كە زۆربەتان ئاوی دانووتان بە دەست نییە ، ئەگەرنا بە كێ و روو لە كێ دەڵێن دەبێ وا بێ و وا بكرێ ، ئەی بۆ نایكەن ..
مرۆڤێكی بێویژدان نیم بڵێم هیچ نەكراوە ، بەڵام وەكو هاووڵاتییەكی ئەم باشووری كوردستانە ، بڕوام بە وشەی دەبێ نەماوە و لەسەر زاری هەر كەسێكیشەوە گوێم لێ دەبێت ، قاقا پێكەنینم بە خۆم و بە ئەویش دێت ، چونكە دەزانم كە نابێ ..
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت