ئەبوبەکر جاف : بۆچی ژیانی مامۆستا كەریم كابان بۆ ئێمە بووە بە كێشە ؟ بۆچی دەمانەوێت نەژی ؟ .
بۆچی دەمانەوێت مامۆستا كەریم كابان بمرێت ؟ هەواڵی مەرگی كەریم كابان بە درۆ بێت یان بە ڕاست ، زۆر بە چڕی بەریەک دەكەون .
ئەوە مەرگی كەریم كابانە یان ژیانی كەریم كابانە ، یان تەمەنی كەریم كابانە بووە بە گرێیەك لای ئێمە ؟
ئێمە كێشەو گرفتمان لە گەڵ ژیانی كەریم كاباندا هەیە یان لە گەڵ مەرگیدا ؟
مەرگ بۆ خۆیی و لە خۆیدا هەڵگری مانایایەك نییە چونكە ئەزموون ناكرێت ، ئەزموونێك نییە بۆ گێڕانەوە ، كەواتە هەرچۆنێك قسەو باس لەسەر مەرگ بكەین ، ژیان بەرهەم دێنینەوە . هەست دەكەم مامۆستا كابان ئەو ژیانە بێ ژیانەیە كە دەبوایە زەمەنێكە مردبا . ئێمە مامۆستا كەریم كابانمان كردووە بە بار بە سەر ژیانەوە . ساڵانێكە مامۆستا زیندووش بوو بەڵام ئێمە ژیانمان لێسەندبووەوە . واتە ناچارمان كردبوو كە ، ئەو لە كاتی بەسەرچوودا دەژی .
دەبوایە بمردبایە ، ئێمە سەدان جار بەر ئەو دیدگایە دەكەوین كە مامۆستا كەریم كابان بە كەڵكی ژیان نەماوە . بێكەڵكی مامۆستاش لە ئاوابوونی دەنگ و دووبارەبوونەوەیدایە ؟، یاخود لەو تەمەنەیدا كە زیاتر لەهەر كەسێك لە نەوەی خۆی ژیانی درێژكراوەتەوە ؟ یان مامۆستا نوێنەرایەتی نەوەیەك دەكات كە بە زۆر خەریكی خۆڕاكێشانن و نامانەوێت نوێنەرەكانیشیان ببینین .
مەرگی كەریم كابان لە كوێی ژیانی ئێمەدایە ؟ چونكە مەرگی ئەوانی دیكە لە پەیوەندیدا بە ژیان و مەرگی ئێمەوە گرێدراوە .
مەرگی كەریم كابان چیمان پێدەڵێت و چاوەڕوانی چی لێدەكەین ؟ ئایا پەیوەندی بەو مەرگدۆستییەی ئێمەوە هەیە كە پاڵەوان و جوامێرەكانمان ئەوانەن كە مردوون ؟ ئەیا لە ژیاندابوونی هونەرمەندێك بەهاو سەرمایەی كەم دەكاتەوە ؟ قەدری كەسانێك لە نەبوون و دورەدەستیی و لە ناوچوونیاندایە ؟ .
من هەست دەكەم ئێمە كێشەمان لە گەڵ ژیاندن و تێگەیشتن بۆ ژیان هەیە . ئەگەر كەسێكی دیكە وەرگرین ، ئەم كەسە مامۆستا كەریم كابان نەبێت بەو سەرمایە هونەریی و كولتورییەوە كە هەیەتی ، ئێمە بە هەمان ئەندازە موشتاقی مەرگی بووین ؟ واتە كەسێكی ئاسایی لەو دیو ئەو سەرمایە ڕەمزی و مەعنەوییانەوە كە دەیكات بە كارێكتەرێكی میللی .
نەخێر. كەواتە ئەوەی دەمانەوێت بمرێت ، سەرمایەو كاپیتاڵێكی مەعنەویی و ڕەمزییە نەك كەسێك . بۆ دونیای ئێمە بۆچی درێژبوونەوەو ڕاكێشانی سەرمایەیەكی مەعنەویی و ڕەمزی بۆ ژیانی ئێمە دەبێتە كێشە ؟ .
دەبێت لە ژیان و مەرگی مامۆستا كەریم كابان تێبگەین لەناو پەیوەندیدا بە ژیان و مەرگی ئێمەوە . واتە ژیان و مەرگی كەریم كابان بۆ خۆی چ مانایەكی نییە ، ئەوەی چاوەڕوانین لێی ماناو خولقاندنی ماناو بەهاتە بۆ ئێمەی چاوەڕوان . ئێمە كێشەمان لە گەڵ ژیانی كەریم كاباندا هەیە نەك مەرگی ، كێشەی ژیانی كەریم كابان لە پەیوەندیدا بە ئێمەو ژیانی ئێمەوە .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت