Yusf-Ezadin

شەنکار عەبدوڵڵا : دیمانە لەکەڵ یوسف عزەدین .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەنکار عەبدوڵڵا : گەنج کێیە ؟ یان گەنجێتى چییە ؟
یوسف عزەدین : قسەکردن لەسەر ئەم پرسیارە و پرسیارەکانى دیکەش ئاسان نین ، ئەگەر مەبەست بێت هەوڵى راڤەکردن و تێڕامان و لێخووردبوونەوە بدەین ، ئەگینا چەندین وەڵامى تەقلیدى و حازر بەدەست هەن ، کەهەن بێخۆماندووکردن پەناى بۆ دەبەن . گەنجێتى رووکەشیانەو راگوزەرانە گوزارشت لەقۆناغێکى تەمەنى مرۆڤ دەکات ، لەڕووى فەسلەجیى و کۆمەڵایەتى و لایەنەکانى دیکەوە . بەڵام کاتێک دەڵێین گەنجێتى چییە ، بەبەراورد لەگەل زۆرێک لەو پێودانگانەى کەبۆ گەنجێتى دانراوەو تا ئێستاش بەشێوەیەکى گشتى گەنجێتى پێ دەناسرێتەوە ، هەست بەدوورکەوتنەوەى ئەو جۆرە ناساندنانە دەکەین لەگەل خودى گەنجێتى وەک بوونێک ، زیاتر ئەوەى تائێستا قسەى لەسەر کراوە گەنجێتییە وەک زاراوەو چەمکێک ، یان سایکۆلۆژییەت و توانا فیزیکى و سێکسییەکانى گەنج ، یان چۆنییەتى رامکردن و بەکارهێنانى گەنج و هەموو ئەمانەش بەمەبەستى کۆنتڕۆڵکردن و جڵەوکردنى ئەو بوونەوەرەیە کەپێى دەگوترێت گەنج ، ئەگینا کارێکى جیدى دەرحەق بەناساینى ئەو قۆناغەگرنگەى تەمەنى مرۆڤ نەکراوە ، ئەوەى کەلەسەرەتادا گەنجێتى بەگەنجان دەناسێنێت کولتوور و داب و نەریت و شتەکانى دیکەى کۆمەڵگەیە ، کەدیارە ئەمەش لەکۆمەڵگەیەکەوە بۆ یەکێکى دى جیاوازە .
لێرەدا دەکرێت وەک نمونە ئاماژە بەگریمانى ئەوە بدەین کەئاخۆ ئەگەر مرۆڤ لە جیهانى ئاژەڵان جیانەبووایەتەوەو تائێستا وەک ئاژەل ژیابا ، ئەو دەم گەنجێتى بەبێ ناوهێنان و تێفکرین و بیرلێکردنەوەى وەک گەنجێتى هەر ئاژەڵێک ، قۆناغێکى ئازادانە دەبوو ، رێگرێک نەدەبوو لەبەردەم مومارەسەکردنیدا ، هەر لەبەگژداچوونى ئەوانى تردا تادەگاتە خۆفەرزکردن و مومارەسەى سێکس و کردەکانى دیکە . بەڵام لەکۆمەڵگەى مرۆڤدا ئەمە جودایەو هەر لەدەستپێکى گەنجێتییەوە گەنج رووبەڕووى یاساکانى کۆمەڵەکەى دەبێتەوە کەدەبێتە دیوارێک لەئاست ویستەکانى و دەبێتە سەرەتایەک بۆ تێکشکاندنە ناوەکى و دەروونییەکانى ، دواتر ئەگەر بەهەموو ئەوانەش بگات کەبەگەنجێتى بیرى لێکردۆتەوەو حەزى پێکردووەو ویستویەتى .. ئەوە پێموانییە چێژێکى ئەوتۆى پێ بگەیەنێت . ئەگەر کەمێک لەو هەموو گەنجە کرێکارانەى دنیا رابمێنین ، یان ئەوانەى ناچارن بۆ بژێوى خۆیان یان خانەوادەکانیان کار بکەن ، دەبینین سەربارى ئەوەى کەوەک زۆر گەنجى دیکەى هاوتەمەنى خۆیان کەپێویستیان بەکارکردن نییە ، هەڵگرى هەمان خەون و ویست و حەز و ئارەزوون لەکاتێکدا ناعەدالەتى سیستەمێک رێگرە لەوەى کەئەوانیش وەک ئەوانى تر زیندەگى بکەن ، بۆیە دەکرێت بڵێین بەشێکى زۆرى گەنجانى دنیا ناتوانن بەواتایەک لەواتاکان گەنج بن ، هەروەک ئەو منداڵانەى کەبێ بەشن لەوەى وەک مندال ئەو قۆناغەى ژیانیان بژین ، ئیدى وەک نمونەیەک ئەو مێینانەى کەهەر لەمنداڵییەوە یان گەنجییەوە ناچارن لەشى خۆیان بفرۆشن و ببنە لەشفرۆش ، مەحرومن لەخۆشەویستى و خۆشویستن . ئەمە لەگەل ئەوەى خودى ئەو سیستەمەى کەئەمڕۆ لەدنیادا باڵادەستە رێگرە لەئاست مومارەسەیەکى ئازادانەى ئەو قۆناغەى تەمەن لەلایەن گەنجانەوە ، رەنگە لەکۆمەڵێک شێواز و خستنەڕووى سەرزارەکیدا گەنجانى شوێنێکمان لەشوێنێکى دیکە پێ ئازادتر بێت ، لەکاتێکدا ئەوەى کەدەیبینین جیاوازى فۆرمەکانى ژیان و هەڵسووکەوتە ، لەنێو سیستمێکى بیرۆکراتیدا کەس ئازاد نییە . راپەڕینى 1968-ى گەنجانى فەڕەنسا نمونەیەکى ئەو هەستکردنە قووڵەى گەنجانە دەرحەق بەو بیرۆکراتییەتەى کەدنیاى کۆنتڕۆڵکردووە ، ئەوان لەو دەمەدا هەمیشە ” رەفزکردنیان ” کردە دروشم ، بەرانبەر بەدنیایەک راوەستانەوە کەپێیان وابوو لێوانلێوە لەزەبرو زەنگى کۆمەڵایەتى و ئایدیالیزمى فیکرى و ئیدیۆلۆژیاشى کردۆتە ماسکێک بۆ شاردنەوەى خودى راستەقینەى خۆى . گەنجە خوێندکارەکانى فەڕەنسا هەستیان بەترسناکى زانست کردبوو وەک ئەوەى دەخرێتەڕوو ، دەیانزانى دەسەڵاتێکى ئیمپریالییانەى نوێیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دنیا ، بۆیە لەراگەیاندنێکى دەستەى راپەڕینەکەدا ئاماژەیان بەوە داوە کەزانست گەرچى رەسەنایەتى لەوەدایە کەلەدەرەوەى بازنەکانى خۆى پراکتیسە بکرێت ، بەڵام لەگەل ئەوەشدا ناکرێت بێجگە لەپێودانگێک بۆخۆى هیچى دیکەبێت ، بۆیە راشکاوانە گوتویانە : ( باڕەفزى ئیمپریالییەتى شەعوەزەکارییانەى زانست بکەین کەبۆتە سەرچاوەى هەموو خراپەکارى و تێکشکاندنەکان ).
شەنکار عەبدوڵڵا ئایا گەنجێتى تەمەنێکى بایۆلۆژییە ، یان سۆسیۆلۆژییە ؟
یوسف عزەدین : دیارە سەرجەمى قۆناغەکانى بوونى مرۆڤ ئەو دەمى زیندووەو زیندەگى دەکات بەدەر لەبوونە ئەنتۆلۆژى و سایکۆلۆژى و سۆسیۆلۆژییەکەى بوونێکى فیزیکى و بایۆلۆژیشە .
شەنکار عەبدوڵڵا : بۆچى دەسەڵات بەگومانە لەگەنج ؟ ئایا ئەو گومانەى تا چەند واقیعییە ؟
یوسف عزەدین : لەمڕۆدا دەسەڵاتى لۆکاڵى هەر شوێنێک یەکەیەکە لەو جەستە گەورەیەى کەسیستمى دەسەڵاتى جیهانى پێکهێناوە ، تەنانەت ئەگەر وابێتە پێشچاویش کەدژ بەو دەسەڵاتە جیهانیەشە بەڵام لەڕاستیدا و لەڕوویەکى دیکەوە خزمەتى دەکات . چونکە دەسەڵاتێک کەلەمڕۆدا بەرقەرارە لەسەر پێگەى تەبایى و مرۆڤ دۆستى دانەمەزراوە بەڵکو لەنێو دژایەتیدا گەشە دەکات و تابتەوێت دژ بەمرۆڤ و سروشت و جوانییەکانە . بۆیە گومانى دەسەڵات لەتاکەکانى کۆمەل لەهەر زەمان و شوێنێکدا هەبووەو هەیە ، دەکرێت لەدوو توێى کتێبەکانى مێژوودا حیکایەتى دەیان کوشتار و قەتل و عامکردنى بەرفراوان بخوێنینەوە کەلەگومانى دەسەڵاتدارەوە سەرچاوەى گرتووە ، سوڵتان سلێمانى قانوونى لەساتەوەختێکدا کەگومانى لادروست بووە بەرانبەر بەنزیکترین هاوڕێى خۆیى کەبەهەموو شێوەیەک لەخزمەتیدا بووەو هیچ تاوانێکى نەبووە ، کەچى بآ لێکۆڵینەوەو پرسیار و دوودڵى کوشتوویەتى ، نەک هەر ئەوەندەش بەڵکو خودى کوڕى خۆى کوشتوە … لەوەش سەیرتر بەسەرهاتى ئەو سوڵتانە عوسمانییەیە کەلەپێناو دەسەڵات گرتنە دەستدا سەرجەم براکانى خۆشى کوشتووە . راستییەکەى هیچ کاتێک دەسەڵات لەسەر متمانە بنیات ناننرێت ، بەڵکو لەسەر متمانەنەکردن و گومان بنیات دەنرێت ، هەر بۆیە کاتێک باسمان لەدەسەڵات کرد دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین ، کەنەک هەر گومانى لەگەنجان و سەرجەم تاکەکانى کۆمەل هەیە بەڵکو گومانى لەخۆشى هەیە .
شەنکار عەبدوڵڵا : پەراوێز خستنى گەنج بۆ ناهوشیارى گەنج دەگەڕێتەوە یان پیلانێکى دەسەڵاتە دژ بەو نەوەیە ؟
یوسف عزەدین : خودى سیستمى گڵۆباڵى و سیستمە لۆکاڵییەکان لەسەر بناغەى توندوتیژى و لەناوبردن و سڕینەوەو پەراوێزخستنى ئەوانەى هەڵگرى توخمەکانى یاخیبوونن ، خۆیان بنیاتناوە . بەڵام بۆئەوەى لەپەراوێزدا نەمێنیتەوە پێویستە یاخى ببیت ، یاخى بوونێکى نێگەتیڤانە دژ بەوەى کەپێى قایل نیت و هەموو ئەمەش بەرچاو روونى و فامکردنى ئەوەى دەوێت کەلەدنیادا دەگوزەرێ .
شەنکار عەبدوڵڵا : زۆرجار گەنج بەوە تاوانبار دەکرێت کەزوڵم و ستەمى بەعسى نەدیوە بۆیە داواى شتى ناواقیعى دەکات بەبڕواى ئێوە تاچەند ئەمە راستە ؟
یوسف عزەدین : وەبیرهێنانەوەى رابردووى کارەسات و مەرگەسات و بارودۆخێکى تایبەت و نالەبارى مێژوویى ، بەبێ ئەوەى خودى ئەوانەى کەکاریان ئەو وەبیرهێنانەوەیەیە ، پرۆژەیەکى لێهەڵبهێنجن کارێکى بێسوودەو زیاتریش مەبەست لەو جۆرە وەبیرهێنانەوانە گرتنەخۆى ناڕەزایەتى و یاخیبوونێکە کەهەبێت ، هەروەک دەبینین چۆن لایەن و حیزب و گروپ و کۆمەڵە سیاسییەکانى کورد لەئان و ساتێکدا کەمەبەستیان بێت و بارودۆخەکە لەبەرژەوەندیاندا نەبێت و هەست بەنائارامى بکەن پەناى بۆ دەبەن ، ئەویش بەکردنە حیکایەتى ئەو جۆرە یادەوەرییانە بەمەبەستى بارگاوى کردنى خەڵکانێک بەگیانى بەرخۆدان و شتى لەو بابەتە لەساتەوەختێکى پێویستدا . واتە زیاتر وەک داردەستێک بەکار هێنراوە نەک وەک بابەتێک بۆ لێخوردبوونەوەو کارى راڤەکارى ، بەمەبەستى هەڵهێنجانى پرۆژەیەک وەک ئەوەى جولەکەکان پاش روودانى هۆڵۆکۆست کردیان و دەیکەن ، بۆیە ئەگەر لەئاستێکدا کردبێتیانە یادەوەرى ئەوە لەئاستەکانى تردا بۆتە پرۆژەى مەعریفى و سیاسى و فیکرى ، کەبەردەوام لەگۆڕان و پێداچوونەوەو بگرەو بەردەدایە ، واتە تەنها لەئاست تاکتیکێکى سیاسیدا رانەوەستاوە ، بەڵکو بۆتە ستراتیژییەتێکى کارکردنیان بۆ ئێستاو داهاتوویان . سەبارەت بەپرسیارەکەشتان دەکارێت بڵێم ئاخۆ کاتێک گەنجانى ئەڵمانیا لەمڕۆدا داواکارییەکیان دەبێت ، هیچ مانایەکى هەیە گەر دەسەڵاتى ئەڵمانى پێیان بڵێت ئێوە کارەسات و نەهامەتییەکانى جەنگ و ناخۆشییەکانتان نەبینیوە ئەگینا داواکاریتان نەدەبوو ! ؟ بێگومان رێگرتن لەداواکارییە رەواکانى هەر چین و توێژێک بەناوى نەژیانیان لەڕابردوودا ، یان بەشدارینەکردنیان شتێکى بێمانایەو نغرۆى شۆڤێنییەتە . بەو پێیەى کەکۆمەڵى کوردى – یش کۆمەڵێکى ئایدیۆلۆژییە پێش هەر شتێکى دى و خاوەن پرۆژەیەکى رۆشنبیرى و کلتوورى و تەنانەت سیاسیش نییە ، ئەگەر خاوەنى پرۆژەیەکیش بێت ئەوە وەک ” مەتاع سەفەدى ” دەڵێت : هەر ئەوەندەى ئایدیۆلۆژیا زاڵبوو بەسەر پرۆژەیەکى رۆشنبیریدا ، ئیدى بەرەو هەڵدێرى دروشم و مەراسیم و بۆنەکانى دەبات و ئەوانە دەکاتە ئامانج .
شەنکار عەبدوڵڵا : واهەست ناکەیت جۆرێک لەونبوون لەناو گەنجاندا هەیە ، بەهۆى داخراوى کۆمەڵگە و گەردەلوولى گڵۆباڵیزمەوە ؟
یوسف عزەدین : پێش هەموو شتێک و بەگشتى ونبوون خەسڵەتێکى ئەنتۆلۆژى مرۆڤە ، واتە ئاخۆ لەچ سەردەمێکدا مرۆڤەکان بەتایبەت ئەوانەى سەوداسەرى بیرکردنەوەو عەوداڵى تێڕامانن ، لەنێو ئەم دنیا سەراسیمەیەدا هەستیان بەونبوونى خۆیان نەکردووە ، لەهەموو قۆناغە جیاجیاکانى مێژووى مرۆڤایەتیدا هەر لەبەرایى بوونییەوە تا ئێستاى ئاڵۆز و سەردەمى تەکنۆ – کولتوور ئەو هەستەى بەونبوون هەبووەو دەبێت ، ئیدى لەمڕۆدا ئەگەر گەنجان هەست بەونبوون بکەن ، دەکرێت تاچەند بڵێین ئەمە ئاساییە یان نائاسایى ؟!
یان خوێندنەوەى ئێمە بۆ ئەو حاڵەتەو دەیان حاڵەتى لەو چەشنە چییە ، بەدڵنیاییەوە ئەم پرسیارەو سەرجەم پرسیارەکانى ئێوە لەنێو وەڵامدانەوە سادەکاندا جێیان نابێتەوە ، ئەمە لەگەل ئەوەى کارى ئێمە وەڵامدانەوە نییە ، بەڵکو هەوڵدانێکە بۆ راڤەکردن و گفتوگۆکردنێکى پڕ ئەرگۆمێنت ، دیارە دەبێت ئەوەش لەیادنەکەین وەڵام وەک خۆى کەرەهایى گرتە خۆى و بەچەشنێک لەچەشنەکان خۆى سەپاند ، ئەوە جارێکى دیکە راپێچى نێو بازنە داخراوەکانى دۆگما و ئیمپریالییەتى باڵادەستى زمانمان دەکات و لەوێدا سڕمان دەکات .
شەنکار عەبدوڵڵا : پێت وایە گەنج پێش ئەوەى کێشەى سیاسى هەبێت کێشەى کۆمەڵایەتى هەبێت ؟
یوسف عزەدین : گەنج پێش هەموو شتێک کێشەى ئازادبوونى هەیەو ئەم قۆناغەى ژیانى مرۆڤیش لەهەموو قۆناغەکانى تەمەنى مرۆڤ زیاتر هەستیارترە بەرانبەر بەو ئاستەنگانەى کەدەبنە رێگر لەئاست خەون و حەز و ئارەزوو و ویستەکانیدا .. حەزو ویستى گەنج بۆ ئازادبوون و بوونى ئەو رۆحییەتەى کەبەرەو یاخیبوونى دەبات ، هەردەم بۆتە کەرستەو ئامڕازێک بەدەست ئەو دەستەو تاقم و هێز و گروپ و دەسەڵاتانەى کەلەساتەوەختە جیاجیاکاندا گەنجیان لەپێناو گەیشتنە مەرامەکانیان بەکارهێناوەو زۆرترین ژمارەشیان لەو پێناوەدا کردوونەتە قوربانى ، نموونەى بەکارهێنانى نازى و فاشییەکان و سەرجەم ئەوانەى دیکەش بۆ گەنجان ، لەبەرچاودایەو دەکرێت بەوردى لێى وردبینەوە ، ئەمە لەکاتێکدا لایەنە نەیارەکانى نازییەت و فاشیزمیش هەر گەنجیان کردۆتە ئامرازى گەیشتنە مەرام و بەدەستهێنانى سەرکەوتنەکانیان ، واتە کاتێک لەجەنگى دووەمى جیهانیدا نازى و فاشییەکان گەنج دەکەنە ئامڕازو هۆکار ، ئەوە چەکى سەرەکى دژەکەشیان هەر بەکارهێنانى گەنجانەوەو دواجاریش ئەوەى دۆڕاوە یان براوەیە دەوڵەتەو ئەوەى ئەگەر نەشکوژرابێت و چانسى مانەوەى لەژیاندا مابێت گەنجێکى سەقەت و نووقسانە ، جا چ لەڕووى ئۆرگانیکییەوە بێت ، یان لەبارى سایکۆلۆژییەوە .. لەنێو هەموو دەوڵەتانى دنیادا کاتێک گەنجان خۆپیشاندان دەکەن و دەڕژێنە نێو شەقامەکان ، ئەوەى کەبەرپەرچیان دەداتەوەو ئەگەر پێویستى کرد سەرو گوێلاکیان دەشکێنێت … یان راپێچى زیندانەکانیان دەکات ، لەگەل ئەوەى دەوڵەتە بەڵام خودى تاکەکانى ئەو هێزەى کەبەرەنگاریان دەبێتەوە لەپۆلیس و ئاسایش و هێزەکانى تر لەڕاستیدا زۆرترینیان لەگەنجانێک پێکهاتوون کە لەهیچ روویەکەوە لەگەل ئەو گەنجانەدا جیاوازیان نییە کەناچارن لەڕوویاندا رابوەستن ، ئیدى ئەگەر کەمێک لەم نمونەیەو نمونەکانى دیکە وردبینەوە دەزانین ئێمە دەبێت لەکوێوە بڕوانینە کێشەکان !؟.
شەنکار عەبدوڵڵا : گەنجى ئێمە کوردستانى لێ بووە بەجەهەنەم و ئەوروپاشى کردووە بەبەهەشت ، وەک ئەوەى ئێوە ئێستا لەدەرەوەى وڵاتن تاچەند ئەمە واقیعییەو راکردن لەم واقیعە تا چەند گەیشتنە بەو بەهەشتە ؟
یوسف عزەدین : وەهمى رزگاربوون و گەیشتنە شوێنجێگەیەک بەبەهەشت بچێت ، لەقووڵایى تێڕوانینى غەیبانى و میتافیزیکییەوە هەڵدەقووڵێت و تەنها خەون و خەیاڵى گەنجانى کوردستان نییە .. زۆرێک لەگەنجانى ئەوروپا خەون بەگەیشتنە ئەمریکاوە دەبینن و گەنجانى شوێنانى دیکەش بەشوێنێکى ترەوەو ئیدى بەم شێوەیە ، هەردەم ئەم چەشنە حەز و ئارەزووانە بۆتە بەشێکى جیانەکراوەى هەوڵدانى گەنجان بۆ بەدەست هێنانى ژیانێکى ئاسوودەو پڕ ئارامى و دوورکەوتنەوە لەواقیعى تاڵى ژیانێک کەلەزێد و شوێنجێگەى خۆیاندا گیرۆدەى بوون ، بەڵام تاچەند ئەم خەیاڵ و خەونە وەهم ئامێزە واقیعییە ئەوە مەسەلەیەکى ترەو بەڵام لەهەموو بارەکاندا دەبێت مرۆڤ سەربەست بێت لەهەڵبژاردنى هەر شوێن و جێگەیەک کەمەبەستى بێت تێیدا بژى و پێى وابێت لەوێدا ئارامى و ئاسوودەیى و خۆشبەختى بەدەست دەهێنێت ، ئیدى ئەوە ئەو سیستمە گڵۆباڵەى ناشیرینەى دنیایە کەدەبێتە رێگرى مرۆڤە کەمدەرامەت و هەژارەکان لەئیختیارى ئەو شوێنەى کەمەبەستیانە ، لەکاتێکدا زەنگین و دەوڵەمەندان چۆن دەرکەى هەموو بانک و بازاڕەکانى دنیا لەبەردەم هاتن و چوون و هەڵسوڕانى سەرمایەو کاڵاکانیاندا کراوەیە ، ئاواش هەموو شوێن جێگەیەکى دنیا بۆ ئەوان وەک خاک و زێدى خۆیان لەئامێزیان دەگرێت . ئەوانەى کەبوونەتە رێگر لەئاست کۆچکردنى گەنجان بۆ هەر شوێنێک کەگەرەکیان بێت ، هەر ئەوانەن کەبۆ خۆیان مۆنۆپۆڵى هەموو جەمسەرە ئابوورى و سەرمایەگوزارییەکانى کۆمەڵیان کردووەو بازاڕەکەشیان وا دەخوازێت کەگەنجانى ژێر دەسەڵاتیان ناچار بکەن بەمانەوەو هەردەم کەرستەیەکى خاوى پرۆژەکانیان بن ، لەمەشدا دەسەڵاتە لۆکاڵى و گڵۆباڵییەکە هاوڕاو یەکگرتوون ، هەر بۆیە رۆژانە دەیان لەمپەر لەئاست کۆچکردن و مافى نیشتەجێبوونى مرۆڤدا دادەنرێت و هێندەى کەمەبەستیشیان بێت بۆ خۆیان دەرکەى کۆچکردن دەکەنەوە ، ئەو ئەوروپایەى کەئێستا دەرکە لەڕووى پەناهەندەکاندا دا دەخات رۆژگارێک بۆ خۆى مەبەستى بووە کۆچبەرانێک لێرەو لەوێى دنیاوە رووى تێبکەن .. بەهەر حال دەبێت ئەوە لەیاد نەکەین ئەوەى ئەم دنیا ماتەریالییە هەڵدەسووڕێنێت بەرژەوەندیی چینە باڵادەستەکانە .
شەنکار عەبدوڵڵا : لەکوردستاندا تا چەند هەست بەململانێى نێوان نەوەکان دەکرێت ؟ ئایا بەبۆچوونى ئێوە ئەم ململانێیە بە قازانجى چ نەوەیەکیان دەبێت ؟
یوسف عزەدین : دیارە کەباس دێتە سەر ململانێ مەبەست لەململانێیەکى سەرپێى و سەرزارەکى نییە ، بەڵکو خودى ناونانى شتێک بەململانێ لە بگرەو بەردەیەکى توندى فیکرى و مەعریفییەوە سەرچاوە دەگرێت ، بەمەبەستى گۆڕان و هەنگاو نانێکى جوداو جیاواز لەوەى پێشووتر . بۆیە پرسیارەکە لەوەدایە ئەگەر ململانێیەکى لەو چەشنە بەشێوەیەکى بەرفراوان پێشووتر هەبووبێت یان لەئێستادا هەبێت ، بۆ دەبێت هەست بەپێکدادانە ناوەکى و خودى و بابەتییەکانى نەکەین و راشکاوانە دەرئەنجامەکانى نەبینینەوە .
کاتێک باس لەبوونى ململانێیەک دەکرێت ، دەبێت دەرئەنجامى ئەو ململانێیەش لەبەرچاو بگیرێت ، یان بەبەرجەستەکراوى دەستنیشان بکرێت .
نازانم وەک نمونەیەک ئەگەر سەرژمێرییەک بکرێت ، دەبێت رێژەى خەتەکردنى مێینە لەکوردستاندا بەبەراورد لەگەل ساڵانى پێشوو و پێشووتردا ، چەند بەرەو کەمبوونەوە چووبێت ، تا بتوانین بڵێین لەئێستادا باوک بەتایبەتى و خانەوادەى کوردى بەگشتى ئەوەى پێشووتر نییەو گۆڕانى بەسەرداهاتووە ؟! یان کاتێک باس لەبڕیارێکى پەرلەمان دەکرێت لەسەر فرەژنى دەبێت چەند بەعەمەلى و بەشێوەیەکى گشتى هەر هیچ نەبێت نەوەى نوێ دژ بەم بڕیارە ناڕەزایەتى خۆیان دەربڕیبێت ؟! کەواتە تۆ ئەگەر وەک میللەتێک هەڵگرى هەمان تێڕوانینەکانى پێشووتر بیت و هیچ ئاڵوگۆڕێکى بەرچاو لەپابەندبوونت بەداب و نەریت و میراتى پێشینەى خۆتەوە رووینەدابێت ، ئەى کەواتە کوا ئەو ململانێ و کێشمانکێشەى کەهەن دەڵێن هەیە .. لەکاتێکدا کەئەگەر هەشبێت تەنها لەئاست گەنجان و خەڵکانێکى هۆشمەنددا بەدى دەکرێت و زیاتر تێڕوانین و دنیابینییە لەوەى کەبووبێتە هەوڵدانێکى عەمەلى .
شەنکار عەبدوڵڵا : ئایا دەبێت نەوەى نوێ بەردەوام بێت لەو ململانێیەى یان چاوەڕێ بێت تا پیرەکان بمرن و کورسییەکان جێ بهێڵن ؟
یوسف عزەدین : چاوەڕێ کردنى چۆڵبوونى شوێن و جێگەى کەسانى تر بەمەبەستى جێگرتنەوەیان ، تێڕوانینێکى کرچ و کال و نەزۆکەو هیچ مەعریفەیەک لەپشتیەوە نییە . تەنانەت هەڵقوڵاوى ئەو بیرۆکراتیەتەیە کەلەسەردەمى عوسمانییەکانەوە لەنێو ئەو پانتاییەى کەعوسمانییەکان تێیدا باڵادەست بوون ، هێشتاکە پەیڕەوى لێدەکرێت و یەکێکە لەهۆکارەکانى دواکەوتن و کۆنەخوازى و راوحکردن و مانەوە لەشوێنێکى دیاریکراودا ، ئەو سیستمەى کەعوسمانییەکان پەیڕەویان لێ دەرکرد ، لەباڵادەستکردنى کەسانێکى بەمەوقیع و مەقام و مانەوەیان لەشوێنى خۆیاندا تا دەمردن و بەمەش سەرجەم کۆمەڵگەکانى ژێر دەسەڵاتی خۆیان ئیفلیجکردبوو ، هەر ئەمەشە بەمیرات بۆمان ماوەتەوەو تائێستاش لەکوردستاندا پیادە دەکرێت .
قسە لەوەى کەدەبێت نەوەى نوێ بیکات ؟! دیارە چاوەڕێکردنى شوێنجێگەو مەوقیعەکان نییە ، یان هاتنە دى خەیاڵ و خەونێکى بۆ گەیشتنە سەرووى هەڕەمەکە ، بەڵکو کارى ئەو هەوڵدانێتى بۆ گۆڕینى ئەوەى کەهەیە هەر لەمیرات و کولتوورەوە تا دەگاتە شتە وردەکانیش .
شەنکار عەبدوڵڵا : گەنجى ئێمە تاچەند توانیویەتى مومارەسەى گەنجێتى خۆى بکات ؟
یوسف عزەدین : بەشێوەیەکى گشتى گەنجانى کورد بێبەرین لەمومارەسەکردنى ئەو قۆناغەى ژیانیان .
شەنکار عەبدوڵڵا : گەنجى ئێمە تاچەند توانیویەتى یاخى بێت لەو ترادیسیۆنە تەقلیدییەى کەنەوەى پێش خۆى بەسەریدا سەپاندووە ؟
یوسف عزەدین : پێموایە پێشتر شتێکمان سەبارەت بەم پرسیارە خستەڕوو .
شەنکار عەبدوڵڵا : ئایا لەئێستادا دەرفەت بۆ کام نەوە لەبارە بۆ سەرکەوتن لەو ململانێیەدا هەتا ئەفکارەکانى خۆیان پەرەپێبدەن و هەیمەنە بکەن ؟
یوسف عزەدین : راستیەکەى رەنگە لەئێستادا نەتوانم شتێکى ئەو تۆ لەبارەى ئەم پرسیارەوە بڵێم .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت