عه‌تا قه‌ره‌داخی : کاریگه‌ری نه‌رێنی دامه‌زراوه‌کانی پێشتر‌و ئێستاش له‌سه‌ر ره‌وتی سرووشتی رێنیسانسی نه‌ته‌وه‌یی کوردی .
مه‌به‌ست له وروژاندن له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا ئه‌و شێوه کارکردنه‌یه حیزب و نوخبەى سیاسی و راگه‌یاندنی کوردى له ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵ و له ژێر کاریگه‌ری هه‌ڵچوون و عاتیفه‌ی هه‌رزه‌کارانه‌دا له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا به‌رده‌وام بیادەى دەکەن . ئەمەش نه‌ک هه‌ر زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵکردووه به‌ڵکو رۆڵی نه‌رێنیشی هه‌بووه‌و هه‌یه له کۆنترۆڵکردنی هه‌ست و نه‌ستی کۆمه‌ڵگه‌و ئاراستهکردتی به‌و ئاراسته‌و به‌و ئامانجه‌ی که خۆی ده‌یه‌وێت که ئه‌ویش به‌و ئه‌ندازه‌ی به‌ره‌و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبی و تاکه‌که‌سیه به‌و ئه‌ندازه به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی نیه . هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا سۆز‌و هه‌ڵچوون و عاتیفه و رقی کوێرانه یان خۆشه‌ویستی کوێرانه‌و جۆرێک له ده‌روێشی جێگای عه‌قڵ و لێکدانه‌وه‌و تێڕامانی گرتووه‌ته‌وه . ئه‌مه‌ش ته‌نیا له سنووری سیاسه‌ت و ژیانی حیزبایه‌تی و راگه‌یاندندا نه‌ماوه‌ته‌وه ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته ناو قوڵایی تێڕوانین و شێوازی کارکردنی رووبه‌رێکی فراوانیش له نوخبه‌ی رۆشنبیر‌و نووسه‌رو ئه‌دیب و لێکۆلەری کوردیش . ره‌نگه به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبین ئه‌گه‌ر بڵێین هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م دیارده نائاساییه‌ش لاوازی عه‌قڵ و لێکدانه‌وه‌و تێگه‌یشتنی مرۆڤی کورد به گشتی و حیزب و نوخبه‌ی رۆشنبیری کورده به تایبه‌تی، که نه‌یانتوانیووه تاکو ئێستا رۆڵی کاریگه‌ری خۆیان ببینن له ئاراسته‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌دا به ئاراسته‌ی رێنیسانسی نه‌ته‌وه‌یی به جۆرێک که کۆمه‌ڵگه وه‌کو یه‌که‌یه‌کی یه‌کگرتوو به‌ره‌و ژیانه‌وه و گواستنه‌وه بۆ قۆناغێکی پێشکه‌وتووتر بجوڵێنێت .
با سه‌ره‌تا له باره‌ی نووسینه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین . ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێت زۆرینه‌ی ئه نووسینانه‌ی له جوگرافیای نووسینی کوردی‌دا ده‌یبینین له خاسێتی لێکۆڵینه‌وه یان ره‌خنه رووتکراوهن و زیاتر دوو جۆرن یان وه‌سف و پیاهه‌ڵدان و وێناکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردین وه‌کو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی په‌ره‌سه‌ندووی پێشکه‌وتووی ئه‌وتۆ که هیچ که‌موکورتی و کێشه‌یه‌کی له‌به‌رچاوی نه‌بێت و کۆی گه‌لی کورد به چین و توێژ‌و ده‌سته‌و گروپ و بیروباوه‌ڕو ئایدیۆلۆجیاو په‌یڕه‌وی ئایینی و مه‌زهه‌بی و ته‌ریقه‌ته‌وه ، به‌هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێر‌و مێوه هه‌موو به شێوه‌یه‌کی گونجاوو بێ کێشه پێکه‌وه ده‌ژین. جۆری دووه‌م ئه‌وه‌یانه که رق و کینه‌و سه‌نگه‌رگرتن ئیتر له ژێر کاریگه‌ری هه‌ر فاکته‌رێکدا بێت مۆتیڤی به‌رهه‌مهێنانی نووسین و ته‌نانه‌ت قسه‌کردنیشن له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا . ته‌نانه‌ت له ئێستادا ده‌سه‌ڵات و نه‌یاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتیش به‌سه‌ر ئه‌م دوو سه‌نگه‌ره‌دا دابه‌ش بوون . لای ده‌سه‌ڵات کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی نموونه‌ییه‌و هیچ کهمووکورتییهکی نییه ، لای نه‌یاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتیش کوردستان وێرانه‌یه‌و هیچ ترووسکه‌یه‌ک نییه. هه‌ڵبه‌ت له هه‌ردوو باره‌که‌شدا ئاستی بابه‌تی بوون زۆر لاواز ده‌بێت و له بارێکی وه‌هاشدا ئه‌م دوو جۆره نووسین یان هه‌ڵوێسته نه‌ک هیچ سودێک به بواری فه‌رهه‌نگی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداری کوردی ناگه‌یه‌نێت به‌ڵکو جۆرێک له شێواوی ناپهیوهستبوون به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌له‌وه نیشان ده‌ده‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی مۆتیڤی هه‌ردوو هه‌ڵوێست و ئاراستهکهیه .
ئێمه پێشتر له‌سه‌ر ئه‌وه دواوین که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی په‌ره‌سه‌ندنێکی نائاسایی هه‌بووه‌و به درێژایی مێژوو به شێوه‌یه‌کی سرووشتی گه‌شه‌ی نه‌کردووه‌و په‌ره‌ی نه‌سه‌ندووه . ئه‌وه‌ش وایکردووه کورد وه‌کو کۆمه‌ڵگه له هیچ قۆناغێکدا نه‌یتوانیووه ئه‌وه به‌رهه‌م بهێنێت که کۆمه‌ڵگه ئاساییه‌کانی سه‌ر رووی گۆی زه‌وی له په‌ره‌سه‌ندنی خۆیاندا به‌رهه‌میان هێناوه. ته‌نانه‌ت ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه ناسرووشتیه بووه‌ته رێگر له به‌رده‌م درووست‌کردنی دامه‌زراوه‌و عه‌قڵی دامه‌زراوه‌یی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا . سه‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ش هه‌میشه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی شێواو‌و پر له کێشه‌و ئاژاوه‌مان به‌رچاو که‌وتووه .
مێژووی کورد تا سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بریتیه له مێژووی خێڵ و عه‌شیره‌ت و مێژووی ده‌سه‌ڵاته ناوچه‌ییه سنوورداره‌کان که به‌رزترین ئاستیان ده‌سه‌ڵاتی میرنشین بووه. ئه‌وه‌ش یه‌کێکه له ده‌رهاوێشته‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی ناسرووشتی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی چونکه له په‌ره‌سه‌ندنی سرووشتیدا کۆمه‌ڵگه له قۆناغێکی دیاریکراودا ده‌گاته ئاستی به‌رهه‌مهێنانی دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت که‌چی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له به‌رزترین ئاستی په‌ره‌سه‌ندنیدا میرنشینی به‌رهه‌مهێناوه. ئاشکرایه دامه‌زراوه‌ی میرنشین به‌راورد به دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت له ئاستێکی زۆر نزمتردایه ، هه‌روه‌ک پێشتر له کتێبی په‌ره‌سه‌ندنی ناسرووشتی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا گوتوومانه میرنشین له‌چاو ده‌وڵه‌تدا دامه‌زراوه‌یه‌کی نیمچه سه‌ره‌تاییه . مێژووی کورد مێژووی ململانێی خێڵ و عه‌شیره‌ته‌کان بووه له‌نێو خۆیاندا ، ئه‌وه‌ش مێژووی لۆکاڵیهو کۆی ئه‌و کێشانه‌یش به‌رهه‌می عه‌قڵی داخراوی ئه‌و دامه‌زراوه‌بوون. خێڵ و عه‌شیره‌ته‌کانی کورد له‌به‌ر بوونی گرفت له بنیادی پێکهێنهراهنهیاندا نه‌یانتوانیووه گه‌شه بکه‌ن و بگه‌نه ئاستی پێکهێنانی جۆرێک له یه‌کێتی و یه‌کبوون له‌نێو خۆیاندا‌و سه‌رئه‌نجام جۆرێک له فیدراسیۆنی خێڵایتی پێکبهێنن و بتوانن له فۆناغێکدا ده‌وڵه‌تی خێڵ درووست بکه‌ن ، به‌ڵکو بهپهڕهوازهبی له ده‌ره‌وه‌ی یه‌کگرتن و یه‌کبوون به‌شێکیان میرنشینیان درووست کردووه، ئه‌ویش بریتی بووه له ده‌سه‌ڵاتی پهرهسهندووتری خێڵ . به‌ڵام له‌گه‌ڵ درووستبوونی دهسهڵاَتی میرنشیندا کێشه ناوخۆییه‌کان که‌متر نه‌بوونه‌ته‌وه ، به‌ڵکو زیاتر پهرهیانسهندووهو له ئه‌نجامی لاوازی بنیادی عه‌قڵی و ئیداری میرنشینه‌کان و له‌ئه‌نجامی نهتهوانینی پێکه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ خێڵ عه‌شیره‌ته‌کانی ده‌وروبه‌ریاندا له‌لایه‌ک له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌کانیاندا له ئاژه‌وه‌دا بوون ، له‌لایه‌کی تریشه‌و له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش خێزانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌لایه‌ک له‌نێو خۆیاندا له کێشه‌و ململانێدا بوون له‌لایه‌کی تره‌وه بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر یه‌کتردا ئه‌ندامانی هه‌مان بنه‌ماڵه زۆرجار په‌نایان بۆ ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ر بردووه ، ئه‌وه‌ش وایکردووه هه‌موو ده‌سه‌ڵات و کۆنترۆڵێکیان له ده‌ست بچێت و سه‌رئه‌نجامیش ببنه ئامراز به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تانی تره‌وه‌و که‌ی ویستبێتیان کۆتای‌یان پێهێناون .
دواتریش که بزووتنه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌تایبه‌تی له ده‌یه‌ی پێنجه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌کردنی ناسیونالیزمی کوردی نه‌بوون و زیاتر به‌رهه‌م کاری تاکه‌که‌سی ناسیونالیست بوون ، ئه‌وانیش سرووشتێکی ناوچه‌یی و خێڵایه‌تیان هه‌بووه‌و سه‌رباری هه‌وڵ و کۆششیان نه‌یانتوانیووه وه‌کو بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئاسایی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ربکه‌ون به‌ڵکو هه‌ریه‌کیان په‌یوه‌ست بووه به ناوچه‌یه‌کی جوگرامی دیاریکراوهوهو له پێناوی کۆمه‌ڵێ داواکاری سنوورداریدا کاریان کردووه‌و هیچیشیان نه‌یانتووانیووه بۆ ماوه‌ی دوور‌و درێژ به‌رده‌وامبن چونکه له‌لایه‌ک کاری تاکه‌که‌سی بوون ، له‌لایه‌کی تره‌وه نه‌بوونه‌ته بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی و خاوه‌نی پرۆژه‌ش نه‌بوون . هه‌روه‌ک نه‌یانتوانیووه رووبه‌ری خۆیان فراوان بکه‌ن و له رووبه‌ری جوگرافیای خێڵ و عه‌شیره‌ته‌وه بگوازنه‌وه بۆ رووبه‌ری جوگرافیای نه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه ناسروشتیهیه که مرۆڤی کوردی به‌و عهڵیهته لۆکاڵیه ته‌سکه په‌روه‌رده‌کردووه، که به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و چه‌مکه خهلدوونیهی به‌سه‌ردا ده‌چه‌سپێت که ده‌ڵێت: الاماره ولو علی الحجاره. ئه‌م عه‌قڵیته به‌رده‌وام هۆی ئاژاوه‌و ناکۆکی و ململانێی ناڕه‌وا بووه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیداو ئه‌وه‌ش وایکردووه هه‌موو توانا‌و وزه‌ی کورد له‌و ململانێ ناوخۆییانه‌دا به فیڕۆ بڕوات له‌بری کارکردن به ئاراسته‌ی سرووشتی کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌رده‌وام ئاراسته‌ی به‌ره‌و زیاتر شێواندن و لێکترازاندنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌هێزتر بووه.
ئایا له مێژووی نوێ‌دا به‌تایبه‌تی ئێستا کورد توانیوێتی له‌و باری لێکترازانه ده‌رباز ببێت، یان هێشتا کۆیله‌ی ده‌ستی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌یه که ته‌نیا له‌دوای به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانی خۆی ده‌گه‌ڕێت ئه‌وه‌ش وایکردووه تائێستاش کورد وه‌کو پێکهاته‌یه‌کی لیکترازاو ده‌ربکه‌وێت و بنه‌ماکانی یه‌کگرتن و یه‌کبوون له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه له‌و په‌ڕی لاوازیدابن؟ دیاره یه‌کێتی و یه‌کبوون به‌رئه‌نجامی گه‌شه‌و رێنسانسی نه‌ته‌وه‌یی گشتگرو هه‌مه‌لایه‌نن .
بێگومان سه‌رباری ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی له رووکه‌شدا به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا هاتووه تاکو ئێستاش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناسیونالیزمی کوردی به جۆرێک په‌ره‌ی نه‌سه‌ندووه که بتوانێت هه‌موو سنوور‌و دیواره ناوخۆییه‌کان هه‌ڵبوه‌شێنێت و هه‌موو دامه‌زراوه ناوچه‌ییه‌کان له خێڵ و عه‌شیره‌ت و حیزب و ده‌سته‌و گروپ و مه‌زهه‌ب و ئایین و شارچێتی و ناوچه‌چێتی لێکبترازێنێت و له یه‌که‌یه‌کی گه‌وره‌تردا رێکیان بخاته‌وه که نه‌ته‌وه‌یه، مانای ئه‌وه‌یه بارودۆخه‌که هه‌ر وه‌کو خۆی ماوه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ی گۆڕاوه ته‌نیا رووکه‌شه. هه‌رچۆن خێڵ و عه‌شیره‌ت و میرنشین له رابردوودا به‌رده‌وام له ململانێ و شه‌ڕدا بوون له‌پێناوی فراوانکردنی رووبه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا له‌سه‌ر حیسابی رووبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانی تر، ئێستاش ململانێکانی نێوان حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستان هه‌مان شێوهیهیهو کۆی ململانێکان له سه‌ر پاراستی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و رووبه‌ره جوگرافیانهیه که هه‌ر حیزب و رێکخراوێک له کوردستاندا بهدهستیهوهیهو له‌و ململانێیه‌شدا ئه‌وه‌ی که ون و نادیاره مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه .
ئه‌و حیزبانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدان ههوڵوکۆششیان بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یانه، که ئه‌ویش به‌ئاشکرا دیاره که به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی ته‌سکیان وایکردووه بهورژهوهندی باڵای نه‌ته‌وه له ئاستی نادیاردا بێت. دیاره له‌م رووه‌شه‌وه حیزبی کوردی له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه‌و نیه هه‌میشه جه‌ماوه‌ریان بۆ ئاستێک وروژاندووه‌و له‌وه‌شدا رۆحی وروژاوی جه‌ماوه‌ر یان کۆمه‌ڵگه له‌به‌رنه‌بوونی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی که له رێنیسانسی نه‌ته‌وه‌و سه‌رچاوه ده‌گرێت و ئه‌ویش درووست‌کردنی ده‌وڵه‌ته، به‌لاڕێدا براوه ، واته رۆحی وروژاوی کۆمه‌ڵگه له‌بری بڵندبوون و گه‌یشتن به ئاستی ره‌های بۆ گوزارشت له‌خۆکردن که ئه‌وه‌ش له ده‌وڵه‌تدا ده‌بێت، له‌رێگای راستی خۆی لادراوه‌و چه‌پێندراوه که رۆڵی نه‌رێنی نوخبه‌ی رۆشنبیری سیاسی و راگه‌یاندنی لۆکا‌ڵی خه‌ریکبوو به وروژاندنی زۆرێک له‌و بابه‌تانه‌وه که به‌های راگه‌یاندنیان نیه هێنده‌ی تر رۆڵیان بینیووه‌و ده‌بینن له چه‌پاندنی رۆحی گشتی کۆمه‌ڵگه‌دا. ئایا چۆن کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌م باره‌ی ئێستایه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ قۆناغێکی له‌وه‌ی ئێستای باشتر‌و په‌ره‌سه‌ندوتر؟ تاکه چاره‌سه‌ر ته‌نیاو به‌س ته‌نیا شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌لتووری گشتگره که بتوانێت رهگو ریشه‌ی ئه‌م نوخبه سیاسیه‌و ئه‌م جۆره حیزبانه‌ی که هیچ پرۆژه‌یه‌کی ئاینده‌ییان بۆ نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان نیه‌و ئه‌م جۆره راگه‌یاندنه وروژێنه‌ره‌ی که رۆڵی نه‌رێنی ده‌بینێت له ورژاندنی کێشهکانداو زیاتر ئاڵۆزکردنی بارودۆخه‌که‌دا له ره‌گ و ریشه‌وه هه‌ڵکێشێت. ئه‌وه‌ش بێگومان به شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مه‌لایه‌ن ده‌بێت که هه‌موو جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه بگرێته‌وه‌و له هه‌موو ئه‌و ناجۆرانه پاکی بکاته‌وه. ئه‌و شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ش بریتیه له بزووتنه‌وه‌یه‌کی رێنیسانسی که بکه‌ره‌که‌ی ناسیونالیزمی پێشکه‌وتنخوازی ئاسۆ کراوه‌ی مرۆڤ دۆست بێت که بتوانێت سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان پێکبهێنێت نه‌ک ده‌وڵه‌تی حیزب و بنه‌ماڵه‌و تاکه‌که‌س. تا رێنیسانسی کوردی له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییه‌وه سه‌رهه‌ڵنه‌دات و کۆمه‌ڵگه نهگوازێـهوه بۆ قۆناغێکی تر، ئه‌وا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی وه‌کو مزراح له شوێنی خۆیدا دهخوڵێـتهوهو حاڵی له‌وه‌ی ئێستای باشتر نابێت و هیچ ههنگاوێکی به‌ره‌و ئاینده نانێت .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت