بورهان شێخ ڕەئوف : بچڕاندنى پەیوەندیەکانى عەرەبستانى سعوودیە و ئێران .
هەروەکو ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەمووان ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین بە قەیرانگەلێکى سەخت و دژواردا گوزەر دەکات کە زۆر فاکتەرى مێژوویى و بابەتى گرنگ هەن کە ئەو زەمینە لە باروو خۆشدەکەن بۆ خووڵقانى ئەو قەیران و ئاڵۆزیانە کەمن نامەوێت لێرەدا بچمە ناویەوەو لەوەیە لە وتارێکى وا کورتدا بوارى ئەوە نەبێت .
بەڵام بە دیاریکراوى لە دواى سەرهەڵدانى بزوتنەوە و گۆڕانکاریەکان بە ناوى بەهارى عەرەبى و دواتر درێژەکێشانى ئەو ڕووداوانە لە بەحرێن و یەمەن و بە تایبەتى لە سوریا بۆ زیاتر لە چوارساڵ ڕەوتە مەزهەبى و ئتنیکیەکانى ناوچەکەى بە ئاکارێکى زۆر توند قووڵکردەوە کە وڵاتانى ناوچەکەى بە ڕاستەوخۆ تێوەگلاند بە تایبەتى ئێران و عەرەبستانى سعوودیەو تورکیا .
هەروەکو ئاشکراشە ئەمساڵ ساڵى هەڵبژاردنە لە وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا و ئەوان سەرقاڵى کێبڕکى و ململانێ ى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتین و بۆشاییەکى گەورەیان لە ناوچەکەدا بە جێ هێشتووە چۆن ڕووسەکان هاتوونەتە سووریا و سوپاى تورکیا هاتۆتە ناو خاکى عێراقەوە لە ئاوا بارودۆخێکدا عەرەبستان و ئێران لە هەوڵى ئەوەدان ئەو بۆشاییەى کە ئەمریکیەکان درووستیان کردووە ئەمان پڕى بکەنەوە چۆن لە کاتى کشانەوەیان لە عێراق واتە کشانەوەى ئەمریکیەکان لە 2011 شوێنەکەیان بە جۆریک لە جۆرەکان پڕکرایەوە .
لە ئێستاشدا لە دواى جێبەجێ کردنى بڕیارى لە سێدارەدانى پیاوى ئایینى سعوودى شیعە مەزهەب شێخ نمر باقر ئەلنمر لە گەڵ 47 کەسى تر لە لایەن حکومەتى عەرەبستانى سعوودیەوە ، ناڕەزایەتى و نیگەرانیەکى زۆرى ئێرانى لێکەوتەوە چ لە لایەنى فەرمى و شەقامى ئێرانیەوە کە وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ڕووداوەکەى بە ئەوپەڕى بێحیکمەتى و هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتى وەسفکرد و , جگە لە هەندێ لێدووانى هەڕەشە ئامێزی تر کە وتیان عەرەبستان نرخێکى قوورسى ئەم کردەوەى دەدات و لە هەمانکاتدا خۆپیشاندەران باڵوێزخانەى عەرەبستانیان سووتاند بەبێ ئەوەى هێزە ئەمنیەکان هیچ بەرگریەکى لێبکەن و دواتر ئەو شەقامەش کە باڵوێزخانەکەى تێدایە لە تاران ناونرا ( ئەلنمر ) ، دواتر لەڕۆژى شەمەش قوونسڵخانەى عەرەبستان لە شارى مەشهەدیش هێرشى کرایە سەر .
کاربەدەستانى عەرەبستانی سعوودیەش ئەم کردارانەیان کردە بیانوو بۆ ئەوەى دیبلۆماتکارەکانیان بگەڕێننەوە لە ئێران لە ماوەى 48 کاتژمێردا هەندێک لە چاودێران لەو بڕوایەدان کە سعوودیە بڕیارێکى پێشووەختى هەبووە بۆ بڕینى پەیوەندیەکانى لە گەڵ ئێراندا بەڵام ئەو بیانووەى کە هێزە ئەمنیەکانیان هیچ پەرچەکردارو بەرگریەکیان لە باڵوێزخانەکە نەکردووە بکەنە بەڵگەو کۆتایى بە پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانیان لە گەڵ ئێراندا بهێنن .
هەروەکو ئاماژەکان پیشانى دەدەن هەڵوێستى ئێران لە سەر لە سێدارەدانى شێخ نمر تاکە فاکتەر نەبوو بۆ بچڕاندنى پەیوەندیەکانیان چونکە ئێران هەر لە سەرەتاى کێشەکەى شێخ نمر و حوکمى لە سێدارەدان دواتر پشتڕاستکردتەوەى حوکمە ئێران هەڵوێستى توندى هەبوو سعوودیەکانیش بە کارێکى ناوخۆیى وڵاتەکەیان دەزانى و لێدوانەکانى ئێرانیان بە دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆى وڵاتەکەیان ناوزەد دەکرد و جێگە نیگەرانیان بوو .
هەروەکو لاى سعوودیەکانیش کارێکى شاراوە نەبوو کە ئێران کاردانەوەى تووندى دەبێت بەرامبەر بە لە سێدارەدانى ئەو پێشەوا شیعە مەزهەبە لە هەمان کاتیشدا ئێرانیەکان ئەمە بە ئیستیفزازێکى گەورەى خویان دەزانن .
ناکۆکى و ململانێکان گەلێک زیادیان کردووە لەنێوان ئەو دوو ڕکابەرەدا چ لە سوریاو یەمەن و عێراق و بەحرێن و لوبنان وتۆمەتبارکردنى ئێران بە دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆى وڵاتانى کەندا و لە لایەن سعودیەوە .
لە هەمانکاتدا لە ڕووى ئابووریەوە تۆمەتبارکردنى سعودیە لە لایەن ئێرانەوە بەوەى کە بڕێکى ئێجگار زۆر نەوتى خستۆتە بازاڕەکانەوە و بووەتە هۆى ئەوەى نرخى نەوت بەم شێوەى ئێستا بیتە خوارەوە کە بە ڕادەیەک کاریگەرى نیگەتیفیشى لەسەر ئابوورى خودى سعودیەش کردووە بەڵام سعوودیەکان لەو بڕوایەدان بەم کارەیان ڕۆڵ و تواناى ئێران کەم دەکەنەوە لە دواى واژوکردنى ڕێکەوتنى (5+1)کە سعودیەکان پێیان وایە پێگەو هەژموونى ئێران لە ناوچەکەدا بە هێز دەبێت .
لە ڕووى سەربازى و سیاسیشەوە عەرەبستانى سعودیەوە خوازیارە بەربەستێک لە بەردەم فراونبوونى هەژموون و دەستەڵاتى کۆمارى ئیسلامى ئێران کە پەیڕەو لە ئاینزاى شیعە دەکات ، دروست بکات بە سەرکردایەتى خۆى کە پەیڕەو لە ئاینزاى سوونە دەکات ئەمەش خۆى لەو هاوپەیمانێتیانەدا دەبینێتەوە کە لە لە چەند مانگى پێشوو لە یەمەن دروستیان کرد بە ناوى هاوپەیمانى عەرەبى دژ بە حوسیەکان و ئەوەى ئێستاش لە چەند ڕۆژى پێشوودا ڕاگەینرا بە ناوى هاوپەیمانى ئیسلامى .
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کەکێشەو قەیران و ململانێ ى ناوچەکە ڕوو لە زیادبوونن دواى ئەوەى ئەمریکا لە چوارچێوەى ڕێکەوتنى (5+1) لە گەڵ ئێراند بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییەکانیان ئاسایى دەبێتەوە و سعودیەى بەتەنیا جێهێشتووە لە ڕووبەڕووى ئێراندا ئەمە چەند جارێک لە سەر زارى لێپرسراوانى سعوودیەوە باسى لێوەکراوە لە دواى ڕێکەوتنى ناوبراوەوە بەتایبەتى لەکاتى کۆبوونەوەى لوتکەى وڵاتانى کەنداو لە گەڵ سەرۆک ئۆبامادا .
بۆیە دەکرێت عەرەبستان و ئێران هەریەکە هەوڵى ئەوەبدەن ناوچەى هەژموون و دەستەڵات و گەمەکانیان لە ناوچەکەدا پەرپێبدەن و هاوپەیمانێتى دژبەیەک دابمەزرێنن هەروەکو لە یەمەن و عێراق و سوریا لە ڕابردوودا کردوویانە ،
لە لایەکى ترەوە پێشبینى دەکرێت ئەم ناکۆکیانە قەیران و ئاڵۆزیە ئاینزایى و ئیتنیکیەکانى ناوچەکە قووڵتر بکاتەوە عەرەبستانى سعوودیە وەکو نوێنەرى سوونە خۆى نمایش بکات بەرامبەر هەژموون و دەستەڵاتى کۆمارى ئیسلامى ئێران هەروەکو لە سەرەتاکەیەوە دەرکەوت کە بەحرێن و سودان پەیوەندیەکانیان بچڕان لە گەڵ ئێران و دەوڵەتى ئیماراتى عەرەبیش ئاستى پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانى نزم کردەوە .
دەمێنێتەوە سەر ڕۆڵى تورکیا لەم بلۆک بەندیەدا هەرچەندە تورکیا ئەندامە لەو هاوپەیمانێتیە ئیسلامیەى کە بە سەرکردایەتى سعوودیە ڕاگەیەنرا لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا بەڵام لە سعودیە و تورکیا لەوەیە لە چەند خاڵێکدا یەکبگرنەوە وە لە قەیرانى سوریا هاوهەڵوێستن و ئەو بۆندى کڕین چەک و کەلوپەلى سەربازى لە تورکیا کە سەرچاوەکان باسى دەکەن کە بایى زباتر لە (10) ملیار دۆلارە ،
بەڵام گەلێک فاکتەرو ڕێگر هەن کە تورکیا وئێران بچنە ناو سەنگەرى ململانێى ئاینزاییەوە لەم کاتەدا کە پەیوەندیەکانى تورکیاو ڕووسیا بە دۆخێکى هێجگار هەستیاردا تێپەڕدەبێت کە تورکیا نایەوەێت بەرەیەکى ڕووسى ئێرانى لە دژى خۆى بکاتەوە و لە هەمان کاتدا پەیوەندى ئیستراتیجى و دارایى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوان هەردوو دراوسێدا هەیە کە زیاتر لە (20) ملیار دۆلارە ساڵانە .
هەر لە سەر ئەو بنەمانەش بوو تورکیا لە کێشەى یەمەن گەردەلوولى حەزم بەشدارى نەکرد هەر بە هەڵوێستى پشتیوانى زارەکى دۆخەکەى بەڕێکردو بۆیە تورکیا لە کاتى ئێستادا حەز بەوە ناکات بەرەیەکى ناکۆکى و ململانێ لەگەڵ ئێراندا بکاتەوە ئەوەى بەلاوە باشترە کێشەو ململانێکانى ناوچەکە بە بێدەنگى بڕۆن بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندى بەبەرەى ناوخۆیى تورکیاوە هەیە و کێشەى کورد لە تورکیادا کە لەئێستادا لە ڕووبەڕوونەوەیەکى سەختدایە دواى هەرەسهێنانى پرۆسەى چارەسەرى ئاشتیانەى کێشەى کورد لەو وڵاتەدا نایەوێت دەرگا بۆ دەستێوەردانى ئێران بکاتەوە .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت