رێبوار حەمەوەیس : یەکێتى و یەکگرتوو .
ئەو قەیرانە سیاسى و ئابورییانەى هەرێمى کوردستانیان گرتۆتەوە لە دواى رێگریکردن لە سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و دەرکردنى وەزیرەکانى گۆڕان لە حکومەت بەبڕیارى مەکتەبى پارتى دیموکراتى کوردستان ، جگەلەوەى تاڕادەیەکى زۆر رەنگى سنورەکانى دوو ئیدارەیى تۆخکردەوە ، هێزو لایەنە سیاسیەکانیشى بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردوە .
بە پێى لێدوان و هەڵوێستە راگەیەنراوەکانیان ، بەشێک لە هێزو لایەنە سیاسیەکان کە بریتین لە باڵی ناڕازیى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و باڵى دهۆکى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆتاکان و چەند حزبێک کە خاوەنى یەک کورسین لە پەرلەمانى کوردستان ، لە بەرەى پارتى دیموکراتى کوردستاندان و پشتیوانى سیاسەتەکانى ئەو حزبە لەناوخۆ و دەرەوەى هەرێمى کوردستان دەکەن ، ئەم بەرەیەش نزیکە لە دەوڵەتى تورکیا بە سەرۆکایەتى ئاکەپە ،
بەشێکى تریش لە هێزو لایەنە سیاسیەکان کە بریتین لە باڵى دەستڕۆیشتوى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و باڵى سلێمانى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى ، بە جۆرێک لە جۆرەکان و لە رێگەى وتارو لێدوانەکانەوە هاوشانى بزوتنەوەى گۆڕان سیاسەت دەکەن و پێیان وایە ئەوەى پارتى لە دواى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2015 دا کردى نایاساییەو بۆتە مایەى قوڵبونەوەى قەیرانەکان ، لایەنەکانى ئەم بەرەیەیە تێڕوانینیان بۆ چارەسەرکردنى قەیران و پرسە سیاسیەکانى ناوخۆ و دەرەوەى هەرێمیش لەیەکەوە نزیکە ، هەموشیان پێکەوە تاڕادەیەکى زۆر لە بەغدادو ئێرانەوە نزیکن .
جگەلە یەکێتى و یەکگرتوو ، گشت لایەنەکانى تر خۆیان لە نێوان ئەو دوو بەرەیەدا یەکلاکردۆتەوەو چاوەڕێن دۆخەکە لەبەرژەوەندییان بشکێتەوە .
دابەشبونى یەکێتى و یەکگرتوو بەسەر بەرەى گۆڕان و پارتى پەیوەندى بە کۆمەڵێک فاکتەرى ناوخۆیى و دەرەکى ئەو دوو حزبەوە هەیە ، دۆخى ناوخۆى ئەو دوو حزبەش وایکردوە ، چ گۆڕان و چ پارتیش ، نەتوانن ئامانجە سیاسیەکانیان بەدى بهێنن ، بەو واتایەى تا ئێستا گۆڕان نەیتوانیوە زۆرینەى پەرلەمانى کۆبکاتەوە بۆ هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم و پرسى چاکسازى و داهاتى نەوت . پارتیش بە هەمان شێوە تا ئێستا نەیتوانیوە زۆرینەى پەرلەمان کۆبکاتەوە بۆ رێکخستنى دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان و هەڵبژاردنى دەستەیەکى نوێ بۆ پەرلەمان و سەرلەنوێ پێکهێناوەى حکومەت بەبێ گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامی ، ئەم مەبەستەى پارتى لە دوا پەیامى بارزانیدا ئاراستەى لایەنە سیاسیەکانى کرد .
یەکێتى کە خاوەنى هەژدە کورسى پەرلەمان و یەکگرتووش خاوەنى 10 کورسى پەرلەمان ، دواى تێپەڕبونى چەند مانگێک بەسەر پەکخستنى پەرلەمان ، روئیایەکى رونیان نیەو هێڵى سێیەمیان هەڵبژاردوە کەئەویش چارەسەرکردنى کێشەکانە لەرێگەى گفتوگۆ و دانیشتنى گۆڕان و پارتى ، ئەم رێگاچارەیەش تا ئێستا بێ ئاکام بوە لەبەرئەوەى گۆڕان سورە لەسەر دەستبەکاربونەوەى سەرۆکى پەرلەمان بەر لە کۆبونەوە ، پارتیش بەهەموو جۆرێک گەڕانەوەى دکتۆر یوسف محەمەد وەک سەرۆکى پەرلەمان بۆ هەولێر رەتدەکاتەوە .
هەڵبژاردنى رێگاى سێیەم لەلایەن یەکێتى و یەکگرتووى ئیسلامیەوە ، ئەوەندەى پەیوەندى بەدۆخى سیاسى و ئابورى و بەرژەوەندى باڵەکانى ئەو دوو حزبەوە هەیە ئەوەندە پەیوەندى بە هەوڵى جدى ئەو دوو حزبەوە نیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان ، چونکە سەرکردایەتى ئەو حزبە باش دەزانن کەتواناى بڕیاردانیان نیەو لە حالەتێکیشدا ، گەر بڕیارى خۆ یەکلاکردنەوە بدەن ئەوا جیابونەوەى باڵێکیان دەبێتە کارێکى حەتمى .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت