Hana-Ali

هانا عەلی : من ژنێكی ده‌ستكاری كراوم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من جۆره‌ ژنێكم موو به‌ مووی ژیانم ده‌ستلێدراوه‌ ، هیچ گۆشه‌یه‌كم نیه ‌، نه‌فره‌تی لێ نه‌كرابێت . هیچ كاتێكم نیه‌ به‌ر له‌عنه‌ته‌ی دین و كۆمه‌ڵگاو پیاو نه‌درابێت .
من ژنێكم به‌ ده‌ستلێدان گه‌وره‌ بووم ، ڕۆژ و مانگ و ساڵم تێپه‌ڕاند و له‌ گه‌ڵ هه‌ر ده‌ستكاری كردنێكمدا ، هاوارێكم كرد ، له‌ گه‌ڵ هه‌ر نه‌فره‌تێكدا، بستێك باڵام كرد ، له‌ هه‌ر له‌حزه‌یه‌كی ده‌ست بۆ هێنانم، من كلتوورێكم ژێر پێ نا .
له‌ ماوه‌ی ٣٤ ساڵی ته‌مه‌نمدا به‌ دڵنیایه‌وه‌ ٣٠ ساڵیم له‌ بیره‌ و له‌ ماوه‌ی ئه‌و سی ساڵه‌دا ، ڕۆژێكم نیه‌ ده‌ستكاری نه‌كرابم . ده‌ستكاری جه‌سته‌م ، هزرم ، ناوم . ده‌ست بۆ بردنی ڕۆحم و گیانم ، ژیانم .
ده‌ستكاری كردنی ژنێتیم ، له‌ هه‌موو شوێنێك بینی ، له‌ هه‌موو ماڵێكدا له‌مس كرد ، له‌ هه‌موو به‌رنامه‌یه‌كی تیڤیدا تووڕه‌ی كردم ، له‌ هه‌موو مزگه‌وتێكدا ، هێنامیه‌ قیژه‌ كردن .
ده‌ست لێدانی جه‌سته‌ی ژنم له‌ لایه‌ن هه‌موو پیاوێكه‌وه‌ به‌دی كرد ، له‌ هه‌موو ته‌مه‌نێكدا هه‌ستم پێ كرد ، هه‌ر له‌ له‌ به‌ر كردنی بیجامه‌یه‌كی درێژ له‌ ژێر ماكسیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سێگۆشه‌ی نێوان ڕان ده‌رنه‌كه‌وێت ، تا ده‌ست لێدانی سینگ و مه‌مكی كچان له‌ لایه‌ن مام و خاڵ و پیاوی نێو خێزانه‌كان ، له‌ ژێر ناوی ” سوعبه‌ت و گاڵته ” .
ده‌ستكاری كردنی ئه‌خلاقی ئینسانی ژن و شین و مۆر كردنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ژنم هه‌میشه‌ بینی و كه‌س نه‌یوت بۆ ؟! سه‌دان جار قریشكه‌ی كچه‌ دراوسێم بێست و هه‌موو هه‌ر وتیان ئه‌وه‌ كێشه‌ی خێزانیه ‌! سه‌دان كه‌ڕه‌ت ژنم بینی ته‌ڵاق دراو ، وتیان قه‌حپه‌یه‌و ئابڕووی باوك و براكه‌ی بردووه‌و قابیلی كوشتنه‌ ! هه‌واڵی سوتاندن و كوشتنی هه‌زاران ژنم بیست و مێدیایی سمێڵ زلی نیشتمان ناوی قاتلێكی بڵاو نه‌كرده‌وه‌ ، سیاسیه‌كم نه‌بینی و بێته‌ سه‌ر جاده‌و بڵێ ئه‌رێ بێئه‌خلاقی تا كه‌ی ؟!
ژن هه‌ر ده‌ستكاری كراو هه‌ركات ده‌ستی به‌رز كردبێته‌وه‌ سه‌دان فیشه‌كی پێوه‌ نراوه ‌، هه‌رگێز نه‌مبینی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌م پێنج خوله‌ك بێزاری خۆی ده‌رببڕێت ! هیچ كات نه‌مبینی حكوومه‌ته‌كه‌م وێنه‌كه‌ی وڵاتم ، له‌ شوێن خۆی ڕاست ببێته‌وه‌ .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت