شێرزاد شێخانی : بۆچی حزبەکان لەحکومەتی پارتی ناکشێنەوە ؟
دەست لەکارکێشاناوەی وەزیری کارەباو ئاشکراکردنی هۆکارەکانی بەوەی حکومەت هاوکاریی نەکردوەو ، دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان ، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن بەوەی پارتی کەسی ناوێ شەرێکی راستەقینەی بێت لەدەسەڵاتدا .. دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و پەکخستنی رۆڵی یاسایی لەچاودێریکردنی کاروباری حکومەت ، بەڵگەی ئەوەیە پارتی نایەوێت هیچ دەسەڵاتێک لەسەروی ئەو حکومەتانەدا بێت ، کە ئەوان بەرێوەی ئەبەن . دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان بەبریاری مەکتەبی سیاسی پارتی ، بەڵگەی ئەوەیە پارتی هاوشێوەی مەجلیس قیادەی سەورەی بەعس بریارەکانی حزبەکەی قووەتی قانونی هەیەو کەس نابێت ئیعتراز بکات .
ئەم هەمو کارانەی لەم چەند مانگەدا پارتی کردی ، بەتایبەتیش دوای ئەو هیستیریایەی توشی بوە لەئەنجامی کۆڵنەدانی حزبەکانی کوردستان بۆ دریژکردنەوەی ویلایەتە بەسەرچووەکەی سەرۆکەکەیان ، زۆر ڕونو ئاشکرا پێمان ئەڵێن کەوا پارتی بەرەو دامەزراندنی حوکمێکی دیکتاتۆرییانەی شمولی هاوشێوەی حوکمی بەعس لەکوردستاندا هەنگاو دەنێت .. تۆ بڵێی منو کەسانی سادەی ئەم هەرێمە لەنیازو مەرامەکانی پارتی تێبگەین و درک بەو مەترسییە گەورەیە بکەین ، بەڵام سەرکردەی حزبەکان لەگوێی گادا خەوت بن و ئەم هەمو رەفتارو پێشێلکارییە نایاساییانە نەبینن ؟؟. ئەی کەواتە بە چ پاساوێک دەستوەستانن لەبەرامبەر ئەمکارانەی پارتی ، ئایا ئەمە مونتەهای زەلیلی و خۆبەدەستەوەدان نیە کە ئەو حزبانە ئەیکەن بەرامبەر بەپارتی ، بەتایبەت بەشێک لەو حزبانە ساڵانێکی دورودریژ بەشاخەکانەوە خەباتی چەکداریی بەرامبەر دڕاندانەترین و فاشیترین حزبی سەردەم ئەکردو لەم هەمو چەکی کۆکوژی بەعسیش نەئەترسان و دیفاعیان لەمیللەتەکەیان ئەکرد ؟ .
قەیرانی دارایی و هەژاری و برسیکردن هیچی کەمتر نیە لەتاوانەکانی کۆمەڵکوژی بەعس بەئەنفال و کیمیاباران ، رەنگە تاوانەکانی پارتی گەورەتریش بن چونکە هەمو کوردستانی گرتۆتەوە .. مافی مرۆڤ و ئازادییەکان ئەوەی دەیان ساڵ میللەتی کورد خەباتی بۆ کردوە ، زۆر لەبەعس خراپتر بەدەست پارتیەوە زەوت ئەکرێن . لەسەر پرسێکی یاسایی وئامادەنەبونی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێشێلکردنی یاسا ، لەپەرلەمانەکەی دەرئەکرێت ، وەزیریش بەبێ هیچ سوچو تاوانێک ئەنێردرێتە ماڵەوە . ئەمانە هەموی بەبەرچاوی سەرکردەی حزبەکانی کوردستانەوە رو ئەدەن بێ ئەوەی متەقیان لێوە بێت .
لەئەنجامی رێککەوتنە شومەکەی یەکێتیوپارتی لە 30 حوزەیران بەدرێژکردنەوەی ماوەی بەسەرچوی سەرۆکی هەرێم ، یەکێتی زەبرێکی گەورەی بەرکەوتو باجێکی زۆر قورسیدا کەتا ئێستا هێزی نەهاتۆتەوە بەرو،ئەگەر فاکتەری هێز نەبوایەو پێگەی جەماوەرییەکەی فریای نەکەوتایە ، ئێستا یەکێتی لەتەک گۆڕاندا دەرکرابوە دەرەوەی پرۆسەی سیاسییەوە،چونکە ئەو قیینو دوژمنکارییەی پارتی لەگەل یەکێتیدا کە لەشەست ساڵ تێپەری کردوە ، زۆر گەورەترە لەرقی پارتی دژ بە گۆڕان .
ئەگەر هاوپەیمانی ئەم چوار حزبە نەبوایە ، دورر نەبو پارتی بەناوی شەڕی تیرۆرەوە هەردو حزبە ئیسلامیەکەی کوردستان ( یەکگرتوو کۆمەڵ ) یش لەناو بەرێت و خۆیشی وانیشان بدات کەوا شەری تیرۆر ئەکات بەنمایندەی کۆمەڵگەی نێودەولەتی . حزبێک کەخیانەتی31ئابی کردبێت ، هەڵبەت دەست لەهیچ ناپارێزێت .
ئێستا حکومەتو دەسەڵاتەکەی پارتی لەلێواری روخاندان ، قەیرانە بێ چارەسەرییەکانو قوڵبونەوەیان ، توڕەیی خەڵکو ، بێمتمانەیی هێزە سیاسیەکان ، ململانێی زلهێزەکانی ناوچەکە ، ئەمانە بەگشتی نیشانەی نزیکبونەوەی کۆتایی مەتەڵەکەیە ، بۆیە ئەبێ ئەم حزبانەی ئەمڕۆ لەسەر ساحەکەن زۆر جییدییانە بچنە ناو گفتوگۆ لەگەڵ بنکەجەماوەرییەکانیان و ، لەگەڵ یەکتریشدا بیر لەئاییندە بکەنەوە .
ناکرێ ئەم حزبانە هەمیشە باجی شەراکەتێکی درۆزنانەو سیاسەتە فاشیلەکانی پارتی بدەن ، ناکرێ قوربانی بەبنکە جەماوەرییەکانی خۆیان بدەن لەپێناو پارتیدا کە لەهەمو هەڵبژادرنەکاندا بەگزیو فزی و تەزویرو زەبرەو زەنگو چاوترساندنو نانبڕینی خەڵک هەڵبژاردنەکان ئەباتەوە .. بۆچی سەرکردەی ئەم حزبانە ڕوی خۆیان و حزبەکانیان تا رۆژی قیامەت رەش ئەکەن لەبەر خاتری چاوی پارتی ؟؟. بۆ ئامادەن باجی گەورە بدەن بۆ سەرخستنی پیلانەکانی پارتی بۆ لەناوبردنی ئەزمونی دیموکراسی و دانانی سیستەمێکی دیکتاتۆرییانەی تاکڕەوانەو چەوسێنەر ؟ .
کاتێک هەر چوار حزبەکە پرۆژەیان پێشکەشکرد بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمرانی لەکوردستان و ، دانانی بناغەی حوکمرانێکی تەندروست ، بینیمان کاردانەوەی پارتی چیبو لەسەری ، دوای ئەویش بینیمان کەوا بەچ سیاسەتێکەوە ئەم پرۆژەیەی لەباربرد ، بۆیە ئێستا هیچ ئومێدیک نەماوە بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە تا پارتی بەمشێوەیە رەفتار بکات ، هەر بۆیە کاتی ئەوە هاتوە ئەم چوار لایەنە بریاری بوێرانەی خۆیان بدەن وبەیەکجاری لەحکومەتەکەی پارتی بکشێنەوەو هەرچواریان ببن بە ئۆپۆسزیۆنو دەسەڵات تەسلیم بەپارتی بکەنەوە بابزانین پارتی بەم سیاسەتەوە کوردستان بەرەو کوێ ئەبات و ، چۆن چۆنی قەیرانەکانی میللەت چارەسەر ئەکات ، با ئەم حزبانە لەئیستاوە دەست هەڵگرن لەو تاوانانەی پارتی دەرهەق بە میللەتەکەمان ئەکات وخۆیان نەخەنە بەر سزای گەل کە زۆر قوڕسو کاریگەر ئەبێت .
پارتی نەوت ئەدزێت . رێکەوتنی گوماناوی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیم ئیمزا ئەکات بی ئەوەی هیچ حسابێک بۆ لایەنەکانیتر بکات .. سەرکردەی بەعسی وسوننەکان لەکوردستان کۆ ئەکاتەوە بۆ دژایەتی بەغدا بێ ئەوەی پرس بەکەس بکات .. پەرلەمانی پەکخست وەزیری دەرکرد بێ گوێدانە یاسا ، ئیستا زۆربەی وەزارەتەکانی گۆڕانی پرکردۆتەوەو بەیانی وەزارەتەکانی تری لایەنەکانیش پڕئەکاتەوە منەتی کەسیش نازانێت ، چاوەڕاوانی ئەم حزبانە بۆچی لەپای چی ؟؟ بۆ چوار پێنج کورسی دارزیوی وەزاری حکومەتێکی شکستخواردو بۆچی پێنج ملیۆن کەس لەخۆیان ئەکەن بەدوژمنو ملی خۆیان ئەخەنە بەر شمشێری توڕەیی خەڵکەوە ؟ .
لەیاسادا بنەمایەک هەیە ئەڵێ ” شەریک لەتاوانا هەمان حوکم وەرئەگرێت ” بۆجی ئەو حزبانە شەڕاکەتی تاوانەکانی پارتی ئەکەن ؟؟ ئەو پرۆژە چوارقولٌییەی حزبەکان کەوا لای پارتی قییمەتی کاغەزی تەوالێتیشی نیە ، هەقوایە بگۆردرێت بۆ پرۆژەیەکی واقیعییانەترو ببێتە بنەمای دامەزراندنی بەرەیەکی ئۆپۆسزیۆنی بەهێز دژی پارتی لەناو پەرلەمانو کایەی سیاسییدا ، بەمەش چوار حزبەکە هەم ئۆپۆسزیۆنێکی کاراتر وکاریگەرتر دروست ئەکەن ، هەم خۆیان لەسزای گەل ئەپارێزنو،مالی قەلپیش سەر ساحێبی ..
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts