کەمال چۆمانی : ململانێی سعودیە و ئێران لەسەر چییە ؟
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
بەپێی بەڵگەنامەیەکی ویکیلیکس بڕێنان توڕەیی بنەماڵەی ئال سعود لە ٢٠١٠ بۆ ئۆباما دەگوازێتەوە لە بەرانبەر گەشەکردنی کاریگەریی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . ئەوان زۆر بەڕاشکاویی پەیام بۆ باڕاک ئۆباما دەنێرن و داوای ” پانکردنەوەی سەری مارەکە ” ی لێ دەکەن . بەڵام دوای شەش ساڵ لە داوا و پاڕانەوەی سعودیە بۆ ” پانکردنەوەی سەری مارەکە ”، ئەمریکا نەک سەری مارەکەی پاننەکردەوە ، بەڵکو سەری مارەکە لە هەر چوار لاوە خۆی لە سعودیە ئاڵاندوە و ئەمریکاش رۆژ بە رۆژ لە مارەکە نزیکدەبێتەوە .
مەلیک عەبدوڵا بن عەبدولعەزیز ئالسعود ( مەلیکی سعودیە لە ٢٠٠٥ تا کۆچی دوایی لە ٢٠١٥)، وەزیری دەرەوە , شازادە موقرین ، جێنشین شازادە نائیف و زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی بنەماڵەی ئال سعود لەسەر ئەوە کۆک بون کە پەستانی زیاتر بخرێتە سەر ئێران تا لە عێڕاقدا لاوازبکرێت چونکە ئەمە بۆ مەلیک عەبدوڵا پێشینەی ستراتیژییەکانە . عادل ئەلجوبەیر ، باڵیۆزی ئەوکاتی سعودیە لە ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئێستای سعودیە [ تاکە بەرپرسە لە بنەماڵەی ئال سعود نەبێت و بگاتە ئەو پۆستە باڵایە ]، جەختکردنەوەی بەردەوامی مەلیکی سعودیەی بە بەرپرسە ئەمریکییەکە راگەیاند کە مەلیک دەیەوێت ” ئەمریکا هێرشبکاتە سەر ئێران و کۆتایی بە چەکی ناوەکیی ئێران بێنێت .”
هەر لەو کاتدا ، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران ، مەنوچەهر موتەکیی ، سەردانی سعودیەی کردبو و لە گفتوگۆیەکی زۆر کراوەدا لەگەڵ مەلیکی سعودیە گفتوگۆیەکی گەرم دەکەن . کاتێک مەلیکی سعودیە رەخنەی ئەوە لە موتەکیی دەگرێت کە دەست لە کاروباری جیهانی عەڕەب و حەماس وەردەدەن ، موتەکی پێی دەڵێت کە ” حەماس موسڵمانن ”، بەڵام مەلیک عەبدوڵا دژی دەوەستێتەوە پێی دەڵێت : ” نا، ئەوان عەڕەبن . ئێوەی فارس هیچ پەیوەندییتان بە مەسەلەکانی دونیای عەڕەبەوە نییە ”. موتەکی داوادەکات پەیوەندییەکانیان باشبکەن ، بەڵام مەلیک یەک ساڵ مۆڵەتیان پێدەدات کە دوای ئەو ساڵە پەیوەندییەکانیان باش نابن .
مەلیک عەبدوڵا وا وەسفی ئێرانی کرد : ” دراوسێیەک نییە کە بتەوێت بیبینیت . بەڵکو دراوسێیەکە دەبێت خۆی لێ دور بگریت .”
ئێستا لە باکور و باشوری سعودیە هێزە میلیشیا شیعییە پڕۆکسییەکانی ئێران نەک هەر چالاکن و هەوڵی فراوانخوازیی زیاتریش دەدەن ، بەڵکو هەڕەشەیەکی جدیین لە داهاتودا ئەگەر پێکدادانی ئێران و سعودیە دروستببێت . هەروەها ، ئەگەر راپەڕینێکی جەماوەریی شیعیی دروستببێت لە سعودیە کە ٪١٠-١٥ی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن ، ئەوا تێکدانی باری ئاساییشی سعودیە لەلایەن هێزە پڕۆکسییەکانی ئێرانەوە زۆر ئاسانتر دەبێت کە بە چەند سەعاتێکی کەم لە سنورەکانی یەمەن لە باشور و عێڕاق لە باکور دەگەنە ریازی پایتەخت ..
ئێستا سعودیە لەوپەڕی بێهیواییدا بە دوای گێڕانەوەی هەژمون دایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . سعودیە لە ناوچەکەدا لە قەیرانێکی قوڵ دایە بە هۆی گەشەکردنی ئێران و کشانی بەرەو یەمەن لەڕێی حوسییەکان ، لوبنان لەڕێی حیزبوڵا ، عێڕاق لەڕێی زۆرینەی شیعە و راگرتنی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا . لە بەحرەین زۆرینەی شیعە دەچەوسێندرێتەوە و لە دوای ٢٠١١ و سەرهەڵدانی بەهاری عەڕەبیی ، سعودیە بە زەبری هێز راپەڕینی شیعەکانی دامرکاندەوە . لە ناوخۆی سعودیەشدا ، شیعەکان دەچەوسێندرێنەوە و سعودیە سیاسەتێکی مەزهەبیی توند پەیڕەودەکات .
ئەوەی بۆ ئەمریکا گرنگە ، پاراستنی هاوسەنگییە لەنێوان ئەو دو هێزە و تورکیادا . ئەمریکا نایەوێت ململانێکان بتەقنەوە ئاستی پێکدادانی سەربازیی ، بەڵام هەبونی ئەو شەڕە ساردە بازاڕی چەکی ئەمریکیی لە سعودیە گەرمتر دەکات و ئێرانیش نەرمتر دەکات لە رێککەوتنی چەکی ناوەکیی . تورکیاش وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکیی، لە ترسی ئەوەی ئێران جێی ئەو هاوپەیمانێتییە بگرێتەوە ، هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا باشتر رابگرێت و ببێتە بەشێک لە بەرەی دژە تیرۆر و هاوکاریکردنی زیاتری ئەمریکا لە شەڕی لە داعش .
ململانێی شیعە و سونە یان ململانێی ئێران و سعودیە ؟
ئەو ململانێیەی ئێستا لەنێوان ئێران و سعودیەدا هەیە ، لای زۆرێک لە شارەزایانی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوخۆی کوردستان ، ناوچەکە و جیهان بە ململانێی شیعە و سونە دادەنرێت وەک دو مەزهەبیی دژ – بە – یەکی ئیسلام . رەگی ئەو ململانێیە دەگەڕێننەوە بۆ رۆژانی کۆچی دوایی پێغەمبەر ( د . خ ) و دروستبونی ” ناکۆکی ” ی لەسەر دانانی جێنشێنی پێغەمبەر . هەندێک پێیان وایە ئەو ململانێیە ململانێیەکی شیعیی- سونییە کە هەردوکیان ” تێنون بە خوێنی یەکتر ”. لە بەرانبەردا ، زۆرێکیش ئەو ململانییە بەتەواوی بە ململانێیەکی سیاسیی و پێکدادانی بەرژەوەندییەکان و نیگەرانییە جیۆپلۆتیکییەکان دەبینن .
ئەوەی رودەدات لەنێوان سعودیە و ئێراندا پەیوەندییەکی کەمی بە هەردو مەزهەبی شیعە و سونەوە هەیە . ئێران و سعودیە دو وڵاتی نوێن کە لەسەر بنەمای دەوڵەت – نەتەوە دامەزراون نەک لەسەر بنەمای مەزهەب و دین . تا ساڵی ١٩٧٩ و سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە سەرکردایەتیی ئایەتوڵا خومەینی ، کەمترین ململانێی مەزهەبیی لەنێوان ئەو دو وڵاتەدە هەبوە . شای ئێران حکومەتێکی عەلمانیی بو نەک مەزهەبیی . بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران و راگەیاندنی دژایەتیی بۆ مەلەکییەت و لەناوبردنی مەلەکییەت ، سعودیەش بزوتنەوەی وەهابیزمی گەشەپێدا . لەو کاتەوە هەردو شیعیزم و وەهابیزم دژ – بە – یەک لە ململانێیەکی قوڵ دان . لە دیدی وەهابیزمەوە شیعە ” رەتکەرەوەن ” لە بێبڕواکانیش خراپترن . لە دیدی شیعیزمیشەوە بە هەمان شێوە وەهابیزم مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر شیعە و بەرهەمهێنەری تێرۆرن .
ئەوەی ئێستا لەنێوان سعودیە و ئێران دەگوزەرێت رکابەرییەکی گەورەی دەستەڵاتدارێتیی و فراوانخوازییە بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراستدا. هەر وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشبۆتە سەر مەزهەبی جیاواز کە بۆ پاراستنی لێڤرجی سیاسیی خۆیان ، خۆیان دەدەنە پاڵ هاوپەیمانە مەزهەبییەکەیان ؛ سونەکان پاڵدەدەنە سعودیە و شیعەکانیش پاڵدەدەنە پاڵ ئێران . ئەو دابەشبونە لە یەمەن ، لوبنان ، عێڕاق و سوریادا شەڕێکی خوێناویی گەورەی دروستکردوە کە ئێران و سعودیە لەڕێی هێزە پڕۆکسییەکانیانەوە [ هێزی دەسکەلا کە بە بریکاریی شەڕدەکەن ] بەکاریاندێنن . ئەو پێکدادانە هێشتا بەردەوامن و ئەنجامەکەی هێشتا تەواونەبوە ، بەڵام تا ئەو ساتەش ئێران براوەیە .
کاریگەریی ململانێ ناوخۆییەکانی سعودیە و ئێران لە خۆشکردنی ئاگری شەڕی مەزهەبیی
ململانێ ناوخۆییەکانی سعودیە و ئێران هۆکارێکی گەشەکردن و گەشەپێدانی ململانێی سعودیە و ئێران و زەقکردنەوەی ململانێی سونە و شیعەن . سعودیە لە سەرەتای ئەمساڵدا ، شێخ نەمر ئەلنەمری لەسێدارەدا . ئەمە دەنگدانەوەیەکی گەورەی ناوخۆیی و ناوچەیی و دونیای بەدوای خۆیدا هێنا . لە بەرانبەردا ، کۆنزەرڤاتیڤ و باڵی توندڕەوی ئێران کاردانەوەی توندیان هەبو بەرانبەر سعودیە و باڵیۆزخانەی سعودیەیان ئاگردا .
لە ناوخۆی سعودیەدا ، مەلیک سەلمان کە تەنها چەند مانگێکە جێی مەلیک عەبدوڵای گرتۆتەوە ، دەیەوێت وێنەی ناسیۆنالیستانەی خۆی گەشەپێبدات . کوڕەکەی کە بۆتە وەزیری بەرگریی ، بە ئەستێرەیەکی بریسکاوەی سیاسەت و ئابوریی سعودیە دادەنرێت ، هەرچەندە کەلە رەق و توندڕەو و دژە شیعە و لاسارێکی سیاسییە . دەگوترێت ئێستا کوڕەکەی مەلیک سەلمان ، محەمەد بن سەلمان ، سیاسەتی سعودیە دادەڕێژێت . هەر خۆشی بو هاوپەیمانێتیی ئیسلامیی دژی داعش راگەیاند . ئەو دەیەوێت لەڕێی دوژمنایەتیی شیعە و ئێران ، رای گشتیی سعودیە بباتەوە دژ بە نەیارەکانی خۆی لەناو بنەماڵەی ئال سعوددا . هەروەها ، کێشەی بێکاریی کە ئێستا رێژەی بێکاریی گەیشتۆتە ٪٢٠-٢٥ و داتەپینیی ئابوریی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بشارێتەوە . هەرچەندە محەمەد بن سەلمان دەیەوێت سیستەمی ئابوریی سعودیە بگۆڕێت و کۆمپانیای ئارامکۆ کە خاوەنی گەورەترین یەدەگی جیهانە بە ٢٥٠ ملیار بەرمیل نەوت و نرخی زیاد لە سێ تریلیۆن دۆلار بە پشک بکات . ئارامکۆ یەکێکە لە یاریکەرە هەرە سەرەکییەکانی گەمەکردن بە نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا .
سوریا خاڵی پێکدادان
دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق ، سعودیە هێندەی دی نیگەران بو لەوەی کە ئێران گەشەی زیاتر دەکات . بە کشانەوەی ئێران لە ئەمریکا ، سعودییەکان پێیانوایە ئەمریکا عێڕاقی پێشکەشی ئێران کرد . لە دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەڕەبیش ، ئەمریکا جارێکی تر سعودییەکانی توڕە و نیگەران کرد بە پشتیوانیکردنی هاتنی ئیخوان موسلیمین بۆ سەر حکوم لە تونس و میسڕ . هەرچەندە سعودیە سەرکەوتو بو لە گێڕانەوەی حوکمڕانیی میسڕ بۆ ژێر دەستەڵاتدارێتیی نزیکانی خۆی ، بەڵام کەوتنی حوسنی موباڕەک ئەگەری کەوتنی بنەماڵەی ئال سعودیشی دروستکرد .
دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی خەڵکی سوریا ، سعودیە پشتیوانیی لابردنی بەشار ئەسەدی نزیک لە ئێران و عەلەویی کرد . لەڕێی هێزە پڕۆکسییەکانیەوە هەوڵیدا ئەسەد بڕوخێت . سعودیە شارەزاییەکی ئەوتۆی نییە لە رێکخستن و چەکدارکردن و ئاراستەکردنی هێزە پڕۆکسییەکانی . بەڵام ئێران ئەزمونێکی دور و درێژی ٣٠ ساڵەی هەیە لە کۆنترۆڵکردن و ئاراستەکردن و پڕچەککردنی هێزە پڕۆکسییەکانی . سعودیە تەنها پارە دەبەشێتەوە و دواتر نازانێت ئەو پارەیە و چەکە کێ پێ قەڵەو دەبێت وەک لە مەسەلەی بەرەی نوسرە و داعش رویدا ، بەڵام ئێران نەک هەر پڕ چەکیان دەکات ، بەڵکو راوێژکارەکانی خۆشیان لە گۆڕەپانەکە بەشداریی پێدەکات .
لە سەرەتادا ئەمریکاش پشتیوانیی روخانی ئەسەد بو ، بەڵام لە ٢٠١٣ کاتێک دڵنیابو کە ناتوانێت لەڕێی ئۆپۆزسیۆنی سورییەوە ئەسەد بڕوخێت و ئۆپۆزسیۆنی سوریی لەلایەن هێزە تێرۆریستەکانەوە کۆنترۆڵکرا ، ئەمریکا نەک هەر پشتیوانییەکانی راگرتن و بڕیاری پڕچەککردن و مەشقپێکردنی راگرت ، بەڵکو لەڕێی روسیا و ئەڵمانیاوە زانیاریی هەواڵگرییشی پێشکەش بە سوپای بەشار ئەسەد کرد تا هێزەکانی دژ بە بەشار ئەسەد کە ئەمریکا بە تێرۆریستیان دەزانێت بەرانبەر ئەسەد سەرکەوتن بەدەستنەهێنن .
ئەنجومەنی ئاساییش لەسەر داهاتوی سوریا گەیشتە رێککەوتنی ژمارە ٢٢٥٤ کە ویستی روسیا و ئێرانی تێدا جێکرایەوە بەوەی ئەسەد لە سەرەتادا ناڕوات . ئەمە دژ بە ویستی سعودیە و تورکیا بو . بڕیارە گفتوگۆکانی لایەنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی پێنج سالەی سوریا لە ٢٥ی ئەم مانگەدا لە جنێڤی سویسڕا ، لەسەر بنەمای بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاساییش دەستپێبکەن . لە گفتوگۆکاندا هەردو وڵاتی نەیار ، سعودیە و ئێران بەشداردەبن . خۆشبەختانە هەردولا رایانگەیاندوە کە تێكچونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان کاریگەریی لەسەر دانیشتنەکە نابێت . ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوژمنەکانی ئێران و ئەمریکا ، دوژمنی هاوبەشن لە وێنەی داعش و بەرەی نوسڕە و ئەحراڕ و شام . ئەو هێزانەشی کە ئەمریکا بە دوژمنی خۆیان دەزانێت و دۆستی ئێرانن ، لە وێنەی حیزبوڵا ، ئێران تا رادەیەک کۆنترۆڵی بەسەردا هەن کە ئەوەش دیسان بۆ ئەمریکا گرنگە . جگە لە شیعە و کورد ، هیچ وڵاتێک و لایەنێک لە ناوچەکەدا دوژمنی راستەقینەی داعش نین . تەواوی دەوڵەتە سونەکانی ناوچەکە جگە لە قاعیدە هیچ هێزێکی دیکەی سونیی تێرۆریست کە شەڕی بەشار ئەسەد دەکات بە دوژمنی راستەقینەی خۆیان دانانێن .
کورد چی بکات ؟
ئەگەر بۆ زلهێزێکی وەک ئەمریکا بێلایەنیی لە ململانێی سونە – شیعەدا بژاردەی هەرە باش بێت ، ئەوا بۆ کورد تاکە بژاردەیە .
کورد ئەمڕۆ لە سێ پارچەی کوردستاندا لەناو دڵی ململانێکان و پێکدادانەکان دایە . ئێمە دەبێت هێزی خۆمان بزانین . ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا ئەکتەرە نادەركەوتییەکان هێندەی دەوڵەتەکان، زیاتریش، کاریگەرن . ئەگەر کورد نەبێتە خاوەنی ستراتیژێکی نیشتیمانیی ، نەتەوەیی و یەکگرتو ، زەحمەتە لەناو دەستە ئاسنینەکانی ناو ململانێکەدا سەلامەت دەربچێت .
کاتێک دو فیل شەڕدەکەن ، گژوگیاکە زۆرترین زیانی پێدەگات . کورد هیچ قازانجێک لە تەقینەوەی ململانێکان ناکات بۆ شەڕێکی گەورەی خوێناویی نێوان ئێران و سعودیە .
تورکیا کە چەند ساڵێک لەمەوبەر خەونی براگەورەیی جیهانی ئیسلام و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەبو ، ئەمڕۆ بە براگەورەیی سعودیە رازییە . دۆخی تورکیا دۆخێکی ناسکە . سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەی تورکیا شکستیخواردوە . پارتیی کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ پشتیوانیی خۆسەریی دیموکراتیی دەکات کە گەل رایگەیاندوە . نابێت پاشەکەشە لەو راگەیاندنە بکرێت مەگەر بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتیی نەبێت . کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە تورکیا نیگەرانە بەڵام بە هۆی شەڕی داعشەوە بێدەنگییان هەڵبژاردوە . تورکیا کە لە بەرەی داعش و سعودیەیە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و روسیا لەوپەڕی خراپیی دان ، دەکرێت ببنە هۆکارێک بۆ پشتیوانیی لە کورد لە داهاتوی سوریا . لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی گەورەتریش ، روسیا پەنجەرەیەکی باش دەبێت بۆ راکێشانی چەک .
لە رۆژئاڤای کوردستان ، هێڵی سییەم لەسەر بنەما و پرەنسیپی بەرژوەندیی گشتیی دەرگای کراوەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ هەمو هێزێک بە مەرجی پرەنسیپی هاوبەش و بەرژوەندیی گشتیی . یەکێک لە گرنگترین پیۆرییەکانی هێڵی سێیەم ” پیۆری گوڵە ” کە گوڵ بۆ پاراستنی خۆی دڕک دەردەکات تا خۆی پێ بپارێزێت . هەر کۆمەڵگەیەک پاراستنی نەبێت هەم لە ناو دەچێت یان لە باشترین حالەتیدا دەخرێتە خزمەتی هێڵی یەکەم و دوەمەوە . رۆژئاڤای کوردستان باشترین نمونەی هێڵی سێیەمە . هێڵی سێیەم لە ئاستی لۆکاڵدا و لە حالەتی ئاڵۆزیی لە وڵاتێکدا کە هێزی ئۆپۆزیسیۆنی وابەستەی دەرەوە هەبێت ، سێیەمە نە هێزی دەوڵەتە کە یەکەمە و نە هێزی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەیە کە وابەستەی دەرەوەیە وەک دۆخی سوریا. رۆژئاڤا توانیویەتی لە نێوانی بەرەی روسیا و ئەمریکادا هێڵی سێیەم هەڵبژێرێت کە لای هەردولا پەسەند بوە .
لە باشوری کوردستاندا ، پێویستە کورد لەبری روکردنە ریاچ و ئەنقەرە ، روی بەرەو بەغداد بێت .
خەریکە ئاگری شەڕی سونە و شیعە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی پێکدادانی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوریی و جیۆپۆلۆتیکییەکانی ئێران و سعودیە باشوری کوردستانیش دەگرێتەوە . کورد لە عێڕاقدا نابێت دژی هیچ لایەنێک بێت ، نە سونە و نە شیعە بەڵام هاوپەیمانێتیی لەگەڵ شیعە بەرژەوەندیی زیاتری بۆ کورد پێیە . بەردەوامیدان بە هاوپەیمانێتیی هێزە نیشتیمانییە شیعییەکان لە عێڕاق باشترین رێگایەکە بۆئەوەی کورد پێیدا بڕوات چونکە لە عێڕاقدا شیعە بە زۆرینە دەمێنێتەوە کە حوکمڕانێتیی لە دەستیاندا بۆ دورمەودایە . لە شەڕی تێرۆری داعشدا شیعە پشتیوانیی ئەمریکای هەیە و کورد نابێت لەو هاوپەیمانێتییە دوربکەوێتەوە بۆئەوەی هێزی پێشمەرگە بتوانێت چەک و بودجەی پێویست وەربگرێت . لەسەر ئاستی ناوچەکەشدا ، پێویستە باشور بەردەوامیی بدات بە باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش و بەرژەوەندیی دولایەنە . بێگومانیش نابێت چیتر سیاسەتی ناوچەیی سیاسەتی حیزب بێت .
سەرچاوە – پاسەوان
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە