چاوپێکەوتنی کۆسرەت ڕەسوڵ : دەبێت سیستەمی سیاسی هەرێم لەسەرۆكایەتییەوە بكرێت بەپەرلەمانی .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
کۆسرەت ڕەسول جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ، دەڵێت : ئەم بارودۆخە قابیلی قبووڵ كردن نییە و لە سەر دۆخی ناوخۆی حزبەكەشی دەلێت : خۆمان بەخاوەنی یەكێتی ئەزانین و لێی جیانابینەوە .
كۆسرەت رەسوڵ ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ، باس لەبارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دەكاتو راشیدەگەیەنێت ئەم بارودۆخە قابیلی قبووڵ كردن نییە .
باسی بارودۆخی یەكێتی دەكاتو لەبارەی ئەگەری جیابوونەوەیان لەو حیزبە دەڵێت : خۆمان بەخاوەنی یەكێتی دەزانینو هیچ بەرنامەیەكیان نییە بۆ جیابوونەوە .
جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی جەختیدەكاتەوە ، كە دەبێت سیستەمی سیاسی هەرێم لەسەرۆكایەتییەوە بكرێت بەپەرلەمانی .
ئەم قسانەی كۆسرەت رەسوڵ لەچوارچێوەی چاوپێكەوتنێكدا هاتووە كە ماڵپەڕی شار پرێس لەگەڵیدا ئەنجامی داوە .
دەقی چاوپێكەوتنەكە :
كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتی شارپرێسدا باسی بارودۆخی یەكێتی دەكاتو هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەگۆڕانكارییەكانی كوردستان دەخاتە روو :
شارپرێس : بەشێوەیەكی گشتی هەلومەرجی ئێستای ناوچەكە چۆن هەڵدەسەنگێنی، بەتایبەتی كەبۆتە مەیدانی شەڕو ململانێیەكی گەورە لەنێوان هێزە ناوچەییو جیهانیەكان ؟
كۆسرەت رەسوڵ : ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە مەیدانی شەڕێكی گەورە ، داعش مەترسی زۆری لەسەر نەك هەر عێراقو سوریا دروستكردوە ، بەڵكو بۆتە هەڕەشە بۆ گشت جیهان ، بینیمان كە ئەمساڵ لەبەر مەترسی كاری تیرۆریستی لەچەندین پایتەختی دونیا مەراسیمی سەری ساڵ نەكرا ، پێشتریش چەندین كاری تیرۆریستی لەپاریسی لانكی دیموكراسی لەئەورپادا ئەنجامدرا .. ئەمە مانای ئەوەیە كە داعش مەترسی گەورەیە بۆیە پێویستی ئێمەش ئەو مەترسیە بەهەند وەربگرین .
ئەوەی جێگای شانازیە هێزی پێشمەرگە لەم شەڕەدا نەك هەر توانی بەرگری لەكوردستان بكات بەڵكو پاشەكشەی بەرچاوی بەداعش كردو بەشی هەرە زۆری ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمیشی لەدەست رزگاركردن ، بەمەش پشتیوانی دەرەكیمان دەستكەوت بەیەكگرتووی گەلەكەمانو پشت ئەستور بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان دەتوانین دەستكەوتی زیاتر وەدەست بهێنین ! كەواتە ئەوەی گرنتی سەركەوتنمان دەكات یەك و یەكریزی گەلەكەمان و یەكهەڵوێستی حیزب و لایەنە سیاسیەكانە لەئاست چارەنووسی میللەتەكەمان، بە پێچەوانەشەوە زەرەری گەورە دەكەین .
شارپرێس : ئەی وەزعی عێراق چۆن دەبینن ؟
كۆسرەت رەسوڵ : دوای شەڕی داعش و داگیركردنی چەند شارو ناوچەیەكی گرنگ عێراق ڕووبەرووی وەزعێكی خراپ بۆتەوە ، ئەو ڕووداوانەو شكستی سوپای عێراق لەبەرامبەر هێزی داعش نیشانەی ئەوە بوون كە وەزعی عێراق وەك جاران نامێنێتەوە ، ئەوەی ئێمە تێی گەیشتووین ئەوەیە كە نەخشەی سیاسی عێراق و ناوچەكە لەبەردەم گۆڕانكاریەكی ریشەیی دایە ، هەربۆیە پێویستە كە ئێمەی كوردیش خۆمان ئامادە بكەین تا بڕیاری چارەنووسازی خۆمان بدەین ، وە سوودیش لەم هەلە مێژوویە وەربگرین و بەرەو سەربەخۆیی كوردستان كە مافێكی ڕەوای گەلەكەمانە هەنگاو هەڵبگرین .
شارپرێس : تۆ باس لەوەزعی عێراق دەكەی ، بەڵام وەزعی كوردستان لە عێراق باشترنیە ، لەوبارەوە چی دەلێن ؟
كۆسرەت رەسوڵ : سەرەتا بەشانازیەوە دەلێم بەهۆی گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەزعمان لەشەڕ لەگەڵ داعش لەزۆر رووەوە لە جێگاكانی تر باشترە ، بەڵام لەبوارەكانی تر منیش هەمان ڕام هەیە بۆیە وەكو ووتم سەبارەت بە عێراق دەبێت ئێمە ناوماڵی خۆمان بەباشی ڕێك بخەینەوە .
ساڵی 2015 ساڵێكی پڕ لە قەیران بوو ، شەڕی تیرۆر ، ناكۆكی سیاسی نێوان لایەنەكان ، قەیرانی دارایی ، دواكەوتنی مووچەو نەبوونی خزمەت گوزاری ، ئەمانە دیاریترینی قەیرانەكانن ، نابێت بێباك بین لە كێشەو گرفتی خەڵك ، لە دابینكردنی مووچەو سەرجەم پێداویستیە زەروورەكانیش بۆیان ، ئەمەش بەوە دەكرێت چاكسازیەكی ڕاستەقینە ئەنجام بدەین ، دەبێت كۆتایی بە قۆرخكاری بێت و شەرعیەت بۆ دام و دەزگا شەڕعیەكانی دەوڵەتداریمان بگێڕینەوە ، پرۆسەی دەرهێنان و پرۆسەی نەوت شەفافانە بەخەڵك ڕابگەنرێت و بۆئەوەی ئەوان بزانن ئەو داهاتەی چەندەو چۆن بەكار دێت بۆیە وا پێویستە كە چاكسازی ڕاستەقینە لە مەلەفی نەوت و گازەوە دەست پێبكات ، ئاوڕێكی جدیش لە ژیان و پێداویستیەكانی پێشمەرگە بدەنەینەوە ، من دڵنیام ئەگەر خەڵك هەست بەوە بكات كە عەدالەت و شەفافیەت بەرقەرارە زیاتر دان بە خۆدادەگرن لە ئاست قەیرانەكان ، چونكە دەبێ ئێمە خۆمان بۆ قۆناغێكی گرنگ ئامادە بكەین كە بڕیاری چارەنوس و سەربەخۆی كوردستان و وەزعەكە بقۆزینەوە لەخزمەتی مافە نەتەوایەتیە ڕەواكانی خۆمان .
شارپرێس : تۆ باسی قەیرانەكانت كرد ، بەڵام ڕوونت نەكردەوە كێ لەو قەیرانانە بەرپرسە ؟
كۆسرەت رەسوڵ : هێزو لایەنە سیاسیەكان ، سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت بەرپرسیارن هەریەكەو بە پێی قەبارەو ڕۆلی خۆی ، حكومەتی هەرێم بەرپرسە كە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ چارەسەر یان سووككردنی باری قەبرانەكان بەسەر شانی كۆمەڵانی خەڵكەوە ، یەكێتیەكان بەتایبەتی چاویان لەوەیە كە ستافی یەكێتی لەناو حكومەت و فراكسیۆنەكەیان لەپەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە پێشەنگ بێت و بەرگری لەبەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات .
شارپرێس : هەڵوێستت سەبارەت بەكۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم چیە ؟
كۆسرەت رەسوڵ : هەڵوێستی من هەڵوێستی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو لەو بارەیەوە یەكێتی چ بڕیارێك بدات ئەوە بڕیاری منیشە ، بەڵام وەك ڕای تایبەتی خۆم ڕام وایە كە سیستەمی حوكمرانی لە هەرێم پەرلەمانی بێت ، كێشەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمیش ئەوە پرسێكی هەم سیاسی و هەم یاسایی یە ، بۆیە پێویستە چارەسەری ئەو كێشەیە هەردوو ڕەهەندی سیاسی و یاسایی لەخۆ بگرێت .
شارپرێس : ئەی ڕات سەبارەت بە گۆڕان ؟
كۆسرەت رەسوڵ : ئێمە و گۆڕان خاوەن مێژوویەكی هاوبەشین سەنگەری خەباتمان یەك بووەو هاوڕێبازبووین و شەهیدەكانیشمان هەر یەك بووە ، بۆیە من لایەنگیری ئەوەم كێشەكانمان چارەسەر بكەین و بگەینە ڕێككەوتنێك كە هەردوولامان بە باشی دەزانین ، پێموایە تاكە ڕێگەش هەر ئەوەیە ئێمە بگەینە ڕێكەوتن یان تێگەیشتنێك ، هەروەها لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی تریش بەهەمان شێوە بگەینە ڕێككەوتن بۆ ئەوەی گرفت و برینە گەورەكە چارەسەر بكەین كە دۆخی قەیراناوی ئێستای هەرێمە ، ڕێككەوتنیشمان لەگەڵ هەر لایەك لەسەر حیسابی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ لایەنەكانی تر نابێت .
شارپرێس : تۆ باس لە ڕێككەوتن دەكەی لەگەڵ گۆڕان و پارتی بەڵام وەكو یەكێتی لەناوخۆتان ڕێكناكەون ؟
كۆسرەت رەسوڵ : وابزانم چیتر نەقاعیدەی یەكێتی و نە جەماوەری دەنگدەریشمان ڕێگە نادەن كە بەم شێوەیە وەزعی یەكێتی بەردەوام بێت و بێ خەمی بنوێنین ، بۆیە بیر لە ڕێگە چارەیەكی گونجاو دەكەینەوە .
گرفتی ئێمە لەگەڵ هەڤاڵانمان لە قیادەی یەكێتی شتی شەخصی نیە ، بەڵكو لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتیە ، كە دوای نەخۆشكەوتنی جەنابی مام جەلال كێشەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارەكان و بەرپرسیاریەتی سەریان هەڵدا ، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی جێگرانی سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و تەواوی ئۆرگانەكان دەبێت كاری خۆیان بكەن ، بەڵام بەداخەوە ئەمە بەو شێوەیە نەكرا ، ئێمەش لەبەر بەرژەوەندی یەكێتی و ڕێزو حورمەتمان بۆ جەنابی مام جەلال و كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان بێ دەنگیمان نواندو پشوو درێژیەكی دڵسۆزانەمان هەڵبژارد . بەڵام دەركەوت كە ئەو هەڵوێستەمان بە هەڵە لێكدراوەتەوەو بە كردەوە هەندێك لە هەڤاڵانمان بڕیاردانیان لە یەكێتیدا قۆرخ كردوەو پێیان وایە كە یەكێتیش وەك هەر حزبێكی تەقلیدی ئەكرێت سیستمی پشتاوپشتكردنی دەسەلاتدارێتی تێدا جێگیر بكرێت ، بەڵام خۆتان باش دەزانن كەلەیەكێتیدا هەر لەسەرتای درووست بوونیەوە پرەنسیپی بڕیاردان لەمەكتەبی سیاسیو سەركردایەتیدا بڕیاردانی بەكۆمەڵ بووەو پارێزەری ئەو پرەنسیپەش خودی جەنابی مام جەلال بووە ، بەڵام بەهۆی ئیدارەی خراپی ئەم هەڤاڵانەوە شیرازەی ناوخۆی حیزب تێكچووەو بێ عەدالەتیەكی بەربڵاو لە نێو كادرو تێكۆشەرانی یەكێتیدا ئەنجام دراوە ، لەلایەك بەردەوامن لەسەر پەڕاوێزخستنی كادرە تێكۆشەرو خاوەن قسەو بە تواناكان و لەلایەكی تر بەخشینەوەی پۆستی ئیمتیازات بە بێ هیچ پێوەرو بنەمایەك بۆ كەسانی تر ، قۆرخكاری لە تەواوی كایە زیندوەكانی یەكێتی دا هەر لە دارایی یەكێتی كە هیچ ڕوونیەكی تێدا نیە تا بەكایە گرنگ و زیندوەكانی تری ئەم حیزبە دەگات ، وا بۆ نزیكەی سێ ساڵ دەچێت بەهۆی سیاسەت و نەهجی هەڵەوە سەرباری ئەدای بەهێزی یەكێتی لەشەڕی دژ بەداعش و فیداكاری پێشمەرگەكانیو سەرباری سیاسەتی نەتەوەییانەی یەكێتی بەرامبەر بە پارچەكانی تری كوردستان لەباكورو خۆرئاواو پشتیوانی لێكردنیان یەكێتی وەك حیزب چ لەناوخۆیدا چ لە ئاستی حكومەتی هەرێم هەروەها لەبەغداو ناوچەكەش پاشەكشەی بەرچاوی كردوەو دەبینین یەكێتی بەلارێدا دەبرێت و بەشدار دەبێت لە كۆمەلێك سیاسەتی چەوت و هەڵەدا كەبەزیان بۆ میللەتەكەمان شكاوەتەوە ، بەڵام هەتا ئێستا ئەوە كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و جەماوەرە خۆڕاگرەكەیەتی كە یەكێتیان ڕاگرتووە ، بۆیە چیتر نابێ ڕێگە بدەین لەوە زیاتر بێ باكی بەرامبەر یەكێتی و خوێنی شەهیدو خەباتی پێشمەرگە قارەمانەكان بكرێت ، دەبێ بڕیاردان لەیەكێتیدا ببرێتەوە ناوەندی شەرعی خۆی كە جێگرانی سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیەكەیەتی بە پێی ئەو دەسەڵاتانەی كە شەرعیەتیان لە كۆنگرەوە وەرگرتووەو هەموو شتێك لەوێ یەكلایی بكرێتەوە ، نەك لەدەرەوەی مەكتەبی سیاسی و لەڕێگەی ڕێكەوتن و سەفقەی سیاسی گوماناوی ، ناكرێ چیتر گشت جوومگەكانی بڕیاری حیزبی و حكومی لەدەست كەمینەیەك و جەماعەتێك بێت و تەنهاش بۆ بەرژەوەندی و باڵبالێنەی خۆیان دوور لەبەرژەوەندی گشتی خەڵك و یەكێتی قۆرخ بكرێت .
شارپرێس : ڕێككەوتن و سەفقە لەگەڵ كێ ؟
كۆسرەت رەسوڵ : دەبێ هەموو ڕێككەوتن و مامەلەیەكی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكان لەناوخۆو عێراقدا لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندی نیشتمانی و یەكێتی بێت و بەڕاستە رێی بڕیاری شەرعی و پەیرەو ئەنجام بدرێت ، بە پێی ئەو دەسەڵاتانە بێت كەلەپەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە ڕێگە نادەین چیتر ناوەندی بڕیاری یەكێتی پاوان بكرێت ، من وەك جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی بە پێی پەیڕەو لەگەڵ دكتۆر بەرهەم و هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی كارەكان ڕایی دەكەین و ئەم دۆخە نەخوازراوە كۆتایی پێدە هێنین ، ناكرێ چیتر پەیڕەو شكێنی و قۆرخكاری لەبڕیاردان و سیاسەتی یەكێتی بەردەوام بێت و كار بۆ بە بنەماڵەیی كردنی بكرێت ، دەبێت یەكێتی بخرێتەوە سەر ڕێچكەی خۆیی و وا بكەین ببێتەوە بە یەكێتی هەمووان و جەماوەرە تێكۆشەرەكەی .
شارپرێس : بۆ ووتت دكتۆر بەرهەم و ناوی هێرۆخانت نەهێنا ؟
كۆسرەت رەسوڵ : وەك دەزانین دكتۆر بەرهەم بژاردەی مام جەلال و پەسەندكراوی دوا كۆنگرەی یەكێتیە وەك جێگری دووەمی سكرتێری گشتی و هاورێی نزیكی منەو پێكەوە هاوڕاین بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكانی یەكێتی و كەسایەتیەكی بەهێزو خاوەن توانایە لەناویەكێتیدا ، هەر ئەركێك بەو سپێردرابێت بەسەركەوتووی لە خزمەتی یەكێتی جێبەجێی كردوە ، دلنیاشم بۆ ئەو قۆناغەش كەسایەتیەكی لێوەشاوەو پێویستە ، مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی كۆمەلێك تێكۆشەری گەورەو بە ئەزموون و فەرماندەی لێهاتووی تێدایە هاورێی خەباتی منن و شانازیان پێوە دەكەم و ئەوانە لە پاراستنی كوردستان لە دژی داعش و داگیر كەران پێشمەرگەی ئازاو گیان فیداو لە ریزی پێشەوە بوون و هەمیشە تێكۆشەری دڵسۆزی یەكێتین .
هێروخانیش جگە لەوەی هاوسەری مام جەلالە كەسێكی كاراو تێكۆشەرەو ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەم حیزبەیەو پێگەو ڕۆڵی رێز لێگیراوە ئەمە جگە لەوەی هێرۆخان شایستەی شوێن و پێگەی خۆیەتی و وەك خۆشم هەمیشە پەیوەندیم لەگەلی باش بووەو بەتایبەت وەك ژنێكی ئازاو پێشمەرگەی دانەبڕاوی یەكێتی ، منیش هەمیشە پشتیوانی ڕۆڵی ژنان بووم لەكایە سیاسی و مەدەنیەكانی كوردستاندا .
شارپرێس : باشە كەوایە بۆ مەكتەبی سیاسی كۆنابێتەوەو كێشەكان باس بكەن و چارەسەریان بكەن ؟
كۆسرەت رەسوڵ : چەندین جار كۆبووینەتەوەو لێژنەی چاكسازی ناو یەكێتیشمان پێكهێناو لێژنەكانیش كاری خۆیان بەباشی گەیاندە ئەنجام و بڕیاریشمان لەسەری داوە بەڵام بڕیارەكان فەرامۆشكراون و لەپشتی مەكتەبی سیاسیەوە جۆرەها بڕیارو تەحالوفاتكراوە . لەسەر داوای پێشمەرگەو ڕێكخستنە دێرینەكان و نێوەندگیری دۆست و دڵسۆزەكانمان چەندین جار دەستمان كردۆتەوە بە كۆبوونەوە ، بەڵام دەركەوت كە ئەو برادەرانە هەر مەبەستیانە شەرعیەت بەبەرنامەو سیاسەتە لابەلاكانی خۆیان بدەن نەك پەرۆشی بۆ چارەسەری كێشەكان . ئێستا بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی ئیفلیج كراوەو كاریان پێناكرێت ، دەبێت ئەمە بگۆڕدرێت زەمانەتی جێبەجێ كردنی بڕیاری شەرعی یەكێتی بدرێت ئەوكات كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی جێگای خۆی دەگرێت ، كۆبوونەوە ناكرێ كە تەنها لێی ئامانج لێی پەردەپۆشكردنی كێشەكان و پێدانی شەرعیەت بێت بەم سیاسەتە نادروستانەی كە ئێستا پەیڕەو دەكرێن .
شارپرێس : واتا دەنگۆی جیابوونەوەی ئێوە لە یەكێتی ڕاست نیە ؟
كۆسرەت رەسوڵ : نەك هەر ڕاست نیە ، ئێمە خۆمان بەخاوەنی ئەم حیزبە دەزانین ، نەیارەكانم پێش دۆستەكانم شاهیدی ئەوەم بۆ دەدەن كە من چیم بۆ یەكێتی كردوە ، هەموو برادەران خوێن و تەمەن و ژیانی خۆیان بۆ یەكێتی داناوە ، چۆن لە ڕۆژە سەخت وناخۆشەكان بە خوێن بەرگریمان لێكردوە و پاراستومانە ئێستاش بەردەوام دەبین بۆیە نەك بە جێی ناهێلین بەڵكو بەهێزی دەكەین و دەیگەڕێنینەوە دۆخی جارانی ، ئێمە لایەنگری چارەسەری بنەڕەتیانەی كۆی كێشەكانی یەكێتین بە ئاڕاستەی بەهێزكردن و پتەو كردنی یەكێتی ناو یەكێتی و بەرجەستەكردنی سیاسەتی چەپكە گوڵەكەی جەنابی مام جەلال ، ئێستا بەرپرسیاریەتی بوژانەوەو ڕاستكردنەوەی سیاسەتەكانی یەكێتی بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی ئێمەیە ، بێگۆمان بە هاوكاری هەموو هەڤاڵان لەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی هەروەها بەهیممەت و لێبڕاوانەی تەواوی كادرو ئەندامە دڵسۆزو پەرۆشەكانی یەكێتی ، بۆیە ناكرێ چیتر بێ دەنگ بین یەكێتیش بۆ مەرامی هەندێك كەس لاوازو بچوك بكرێتەوە ، ئەگەر ئەوەش جێبەجێ نەكرا ئەوە ئێمە ناوەندی بڕیاردانی شەرعی دیاریدەكەین و بە پێی بەرژەوەندی یەكێتی كاردەكەین و چیتر وەزعی ئێستا قابیلی بەردەوام بوون نیە و بەدڵنیاییەوە قبوڵی ناكەین و بڕیاری خۆمان دەدەین .
شارپرێس : تۆ باس لەوە دەكەی كە نابێ یەكێتی بە بنەماڵە بكرێ بەڵام تۆش كوڕەكانی خۆتت هێناوەتە پێشەوە ؟
كۆسرەت رەسوڵ : پێم خۆشە ئەو پرسیارە دەكەی ، من كە دەلێم ڕەخنەو گلەیی هەیە خۆم لەبەرپرسیاریەتی نادزمەوە و منیش بەقەد قورسایی حیزبەكەم و خۆم بەرپرسیاریەتی لەبەرامبەر كێشەكان دەگرمە ئەستۆ ، وەكو چۆن لە دەستكەوت و خەباتی ڕۆژە سەختەكان بە شاهیدی نەیارانم و دۆستەكانیشم دوا نەكەوتووم و كەمتەرخەم نەبووم ئێمە هەموومان بە شێكین لەو دۆخ ە، قسەیەكی كوردیش هەیە كە ناكرێ بۆ خەڵك عادەت بێت بۆ ئێمەش عیبرەت ، سەرباری ئەوەش كوڕەكانی ئێمە بەبڕیارو سەپاندن و سیناریۆیی تاریك نەهاتوونەتە پێشەوە بەڵكو هەردووكیان بە هەڵبژاردن و لە ڕێگەی دەنگدانەوە هاتوون ، یەكێكیان پۆستی حیزبی وەرگرتووە و لە كۆنگرە دەنگی پێدراوە بە حزووری جەنابی مام جەلال ، واتا ئەگەر گلەییەك لەوبارەیەوە هەبێت بەر لەوەی ڕووبەڕووی من ببێتەوە ڕووبەڕووی گۆنگرە دەبێتەوە ، ئەوی تریشیان لە هەڵبژاردنی گشتی كوردستان بەدەنگی خەڵك بۆتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەڵكو لەلیستەكەشدا یەكەمین دەنگی هێناوە ، بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای هەر یەكێكیشیان ئەوە بۆ خەڵك و یەكێتیەكان دەهێڵمەوە .
بە كورتی من نەبۆ خۆم و نە بۆ هیچ كەسێكی تر لایەنگری بە بنەماڵەیی كردنی یەكێتی نیم و پێشم وایە یەكێتی بەرلە هەموو شتێك فێری ئەوەی كردووین كە دژی ئەو ئاڕاستەو ڕەوتە بین لەناو حیزبەكەماندا بۆیە بە ئەركی خۆم و تەواوی یەكێتیەكانی دەزانم كە شێڵ گیرانە داكۆكی لە شوناسی یەكێتی و سروشتی پێكهاتەكەی بكەین و ڕێگە نە بە بنەماڵەیی كردنی حزب و نە بە قۆرخكاری لە بڕیارداندا بدەین .
شارپرێس : تۆ باسی ڕیچككەوتن و سەفقە دەكەیت ، لە هەندێك ناوەندەوە ئێوە بەوە تاوان بار دەكرێن كە نزیكن لە پارتیەوە ؟
كۆسرەت رەسوڵ : ئەوە تۆمەتێكی ناڕەواو بێ بنەمایە ئێمە لەگەڵ تەبایین لەگەڵ پارتی و لەگەڵ گۆڕان و لایەنەسەرەكیەكانی سەر ساحەی سیاسی كوردستان ، چوونكە قۆناغەكە وا دەخوازێت بەڵام دژی پاشكۆبوون و لەدەستدانی سەربەخۆیی بڕیاردانین لە یەكێتیدا ، دژی ئەوەشین كەی پەیوەندیەكانمان دژی لایەك بە قازانجی لایەنێكی تر بشكێتەوە ، ئەگەر وەك دەلێن پارتی بەهۆی یەكێتیەوە كۆنترۆڵی جوومگە سەرەكیەكانی كردبێت و سیاسەتی خۆی بردبێتە سەر ، ئەوە لە ڕێگەی پاشكۆبوونی خەڵكانی ترەوە لە دۆسیەی نەوت و لاوازی نوێنەرایەتیمانە لە حكومەتی هەرێم و بەغدا و پەیوەندیەكان . كە ئێمە لێی بەرپرس نین و ئاگاشمان لێی نیە ئێستا غازیشی هاتۆتە سەرو بەم سیاسەتە پێگەی یەكێتیان بەرامبەر پارتی لاواز كردو و زیانی زۆریان پێگەیاند. واتە كێ لەو دۆسیانەو بەڕێوەبردن و ووردەكاریەكان ئاگادارو بەشدارە ئەوە ئەوانن بوونەتە پاشكۆ .
ئێمە لایەنگری یەكریزین و بۆ بەدیهێنانی مافی گەل و گەڕانەوەی قووت و داهاتی خەڵك و خزمەتی نیشتمان هەرگیز پاشكۆبوون لە ئێمە ناوەشێتەوە ، من ژیانی خۆمم بۆ گەلەكەم و بۆ یەكێتی تەرخان كردوە ، دڵنیابن هەروا دەبم و پێداگری لەسەر بەرژەوەندیەكانی گەلەكەم دەكەم و لەو پێناوەشدا بەردەوام خەبات دەكەم .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانی
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە