Abubakir-Caf-2

ئەبوبەکر جاف : ڕاپەرین و شۆڕش یان كۆمەڵگەی قۆچی قوربانی؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەمكی ” قۆچی قوربانی ڕۆنێ ژیرار ، René Girard ” بۆ دونیای ئێمە

1

جیاوازییەكە لە بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەو چۆنێتی ئاراستەكردنی كەڵكەڵەو مەیلێكی توندو زبرو ڕەقی كۆمەڵەگەو نەستێكی دەستە جەمعیدایە . پۆتۆنسیالیتێی زەبروزەنگ و توندوتیژی هەر دەبێت بە بوونێكی كرداری ، ئەوەی كە دەبێت بكرێت بە ئیشكال و گیروگرفت ، چۆنێتی خاڵیكردنەوەو چۆنێتی ئاراستەكردن و چۆنێتی بەرهەمهێنانی ئەو كەڵكەڵەو غەریزەی وێرانكردن و غەریزەی تێكدان و ڕوخاندنەیە لە ناو میكانیزمێكدا كە بە جۆرێكی دیكە بەرهەمی بهێنینەوە .

2

ئێمە وەختێكی درێژ نییە گەورە ئەنترۆپۆلۆگ و فەیلەسوفێكی گەورەی فەرەنسیمان لە دەستدا . ڕۆنێ ژیرار ، خاوەنی چەمك و تیۆری ” قۆچی قوربانی،Bouc émissaire “، كەڵكەڵەو مەیل و ئارەزویەكی تینو بە قۆچێك هەمیشە دەردەكەوێت ، هەمیشە ئارەزوی هەڵقوڵان و فیچقەكردنێتی ، چۆنێتی خاوبوونەوەو دامركانەوەو ماڵیكردنی ئەم فیچقەكردنە دەكەوێتە سەر ئەستۆی ئەو كۆمەڵگەو ئەو كۆنتێكستەی كە چۆن لەمسی ئەم مەیل و ئارەزووە دەكات ، کین بەرهەمی دەهێنێتەوەو چۆن ئاراستەی دەكات . ڕۆژگارێك ، لە سەروبەندی مێژوویی ئەو كۆمەڵگایانەی كە لە ناو جۆرێك لە غەیبانێت و جۆرێك لە پێش- مێژوویی و پێش مێژووی نوسراودا بوون ، دەبوایە لە ( موناسەبەو بۆنەو ئاهەنگێكدا ) كەسێك بكرابایەتە قۆچ ، قۆچی قوربانی ، خۆێنی ئینسانێك بڕێژرایە ، ئیدی كەسێكیان سەردەبڕی ، دەیان سوتان ، دەیانكرد بە قوڕگی ئەو دێو درنجانەی كە ، بە خوێنی مرۆڤ نەبوایە دانەمركانەوە ، خوێنی مرۆڤێك بۆ كارەسات و توڕەبوونی سروشت . لە هەلومەرج و بارودۆخ و كۆنتێكستێكی نوێدا ، مرۆڤ دەبێت بە ئاژەڵ ، بە قۆچكردن و قۆچی قوربانی كە لە بری مرۆڤێك ، ئاژەڵ بێت ، ئاینە ئاسمانییەكان ڕۆڵیان لەم جێگۆڕكێیەی ئاژەلەدا هەبوو لە بری ئینسان . لە ئاینەكاندا بۆ گێڕانەوەی بەڵاو موسیبەتێك ، ڕامكردن و نەرمكردنەوەو هێمنكردنەوەی توڕەیی خودا ئاژەڵێك دەكەن بە قۆچی قوربانی .

3

دیارە مرۆڤایەتی دەسبەرداری ( خوێن ڕشتنێك ) نابێت بۆ ئاساییكردنەوەو هێوركردنەووی بارودۆخێكی توڕە . مۆدێرنیتێ ، چركەساتی بە خودابوونی مرۆڤ ، چركەساتی لە دایكبوونی فۆرمێك لە مرۆڤ كە بەرهەمی ئەقڵانییەت و زانستە سروشتی و مرۆییەكانە ، دەبوایە ئەم قۆچی قوربانییەی لە ئینسانەوە بگواستایەتەوە بۆ بوونێكی نا – ئینسانی ، مرۆڤ هات و خودای لە ناو پانتایی ئینسانی و پانتاییە كۆمەڵایەتییەكاندا مراند ، ئەقڵ و ئەقڵانییەت و فیچقەكردن و هەڵقوڵانی ئەقڵ وەك فاكیوڵتییەك یان وەك غەریزەیەك دەبێت بوونەوەرێك سەربڕێت ، دەبێت خوێنێك بڕێژێت ، دەبێت قۆچی قوربانییەك بدات ، قۆچی قوربانی مەرگ و كوشتنی خودا بوو ، مەرگ و گوشتنی خودا بە قۆچكردنی قوربانییەك بوو كە دەبوایە زریان و لافاو كەڵكەڵەو غەریزەی زیادەڕۆی ئەقڵی پێ ساردبكرێتەوە . پاش مەرگی خودا ، چەند سەدەیەك زیاتر مرۆڤ ، ڕۆحی بە خودابوونی ئینسان كرا بە قۆچی قوربانی . واتە لە پاش كوشتنی خودا ، چی دەمێنێتەوە بۆ قۆچی قوربانی ؟ مرۆڤ مایەوە ، ئیدی لە ناو هەلومەرجی گەڕان بە دوای بوونێكدا كە دەبێت خوێنی لێبڕژێت ، ئینسان بە فۆرمێكی جیا كرا بە قۆچی قوربانی . مەرگ و كوشتنی ڕۆحی و ڕەمزی ئینسان لە ناو تاقیگەو دەسكاریكردنێكی ساردو سڕدا ، دوور لەوەی كە ، مرۆڤ ڕۆحێكی موقەدەس و خوێنێكی موقەدەسی تێدایە ، مرۆڤ بە دەستەجەمعی و بە گروپ كرا بە قۆچی قوربانی . لە ناو كۆنتێكستی كۆمەڵگە نەنوسراو نا – مێژووییەكاندا فردو كەسێك هەڵگری ماناو هێماو نیشانەی قۆچكردن و قۆچی قوربانی بوو ، لە ناو مۆدێرنەدا قۆچەكە دەستە جەمعییە . شۆڕشەكان ڕژاندن و بەربوونی خوێنێكی پێویستە بۆ دامركاندنەوە و هێوربوونەوە .

4

دونیای بەربەری و وەحشییەتی ئێمە ئەگەر چی لە ڕوخساردا بڕێكی كەم سەروكاری لە گەڵ مۆدێرنەو مۆدێرنیزاسیۆندا هەیە ، بەڵام هێشتاكە لە ناو دەیان كۆنتێكستی پارادۆكساڵ و دژ بە یەكین . لە لایەكەوە ئاژەڵ بۆ قۆچی قوربانی ئامادەیە ، لە لایەكی دیكەوە مرۆڤ كوشتن و ڕژانی خوێنی مرۆڤ وەك قۆچی قوربانی ئامادەیە . واتە لە یەك چركەساتی مێژووی – سۆسیۆلۆژیدا فۆرمی جۆراوجۆری قۆچی قوربانیمان هەیە . تەماشا : ڕێپێوان و هەستانەوەو بەركەوتن و ڕاپەڕین و شۆڕشەكانمان تا ( مرۆڤێك ، یان چەند مرۆڤێك ) خوێنی نەڕژێت و نەكرێتە قۆچی قوربانی دانامركێینەوە . خۆ پیشاندانەكانمان لە نەستی دەستەجەمعی و كۆ نەستدا گەڕان و هەڵەداوانە بۆ خوێن ڕشتنێك كە ، دەبێت ببێت بە قۆچی قوربانی . لێرەو لەوێ خوێن دەرژێت و ئێمەش دادەمركێینەوە ، سارد دەبینەوە ، هەركەس بۆ ماڵی خۆی ، دانیشتن تا فۆرمێكی دیكەی دەركەوتنی فیچەقەكردن و كەڵقوڵانەكانمان بۆ بە قوربانیكردنی كەسێك ، چەند كەسێك . ئەم بە قۆچكردن و دۆزینەوەی بوونەوەرێك تا بیكەین بە قۆچی قوربانی هەمیشە بەردەوام دەبێت و بە فۆرمی جیاواز دەردەكەوێت .

5

بزوتنەوەی گۆڕان ماڵیكردن و ساردكردنەوەو ئاراستەكردنی هەڵقوڵان و فیچەقكردنی مەیلی خوێنڕشتن بوو ، مەیل و كەڵكەڵەی بە قۆچكردنی بوونێك ، گۆڕان و تەواوی ناڕەزایی و بەرهەڵستییەكانی دیكەی پێش گۆڕان ، فۆرمگۆڕین و ئاراستەكردنی مەیلی خوێنڕشتن و ساركردنەوەی ئارەزوویەك بوو دەبوایە بە ڕەمزی و سیمبۆلی بڕژێتە ناو نەزیفێكەوە . گۆڕان تا ئۆپۆزسیۆن بوو ئەم بەرزبوونەوە فیچقەكردنەی خستە ناو جۆگەی بەرگریی و بەرهەڵستكاری و بەرەنگاری ( قسەی توندو جنێو ئەكتی سیاسی ڕەق و توند و زبر ) ، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا تەكتیكێكی زەمەنیی و ڕاگوزەربوو كە هیچی پێ نەما لە قۆچی قوربانییەكە ، خوێنی تێدا نەما كە بە ڕەمزی و مەدەنیانە بیڕێژێت ، قۆچی قوربانی گۆڕان ، قۆچكردنەكە هێندەی هێوركەرەوەو موسەكین بوو ، هێندە قوربانییەك نەبوو بەڵاو موسیبەتێك بگێڕێتەوە . لێرەو لەوێ ئارەزووی ڕاپەڕین و خوێنڕشتن و شۆڕش و ئەكتی شۆڕشگێڕی و چەكداری ، ئاوابوون و ئیفلاسی گۆڕانە بەرانبەر قۆجی قوربانییەك جا یان درۆزن بوو ، یان ئەو قۆچە قوربانییە نەبوو كە كەڵكەڵەو مەیلی میتافیزیكییانەی ئینسانی ئێمە دەیویست .

6

دەبێت خوێنێك بڕژێت ، جا ئاقڵیی و ئەقلانێتی ئێمە لەوێدایە لە بری ئینسان ، لە بری خوێنی ئینسانێك بكەینە قۆچی قوربانی ، لە جیاتی ئەوەی گروپێك ببێتە قۆچی قوربانی ، دەبێت بە جۆرێكی دیكە ئاراستە بكرێت ، قۆچی قوربانییەكی دیكە . كێشەی هێزە سیاسییەكانی ئێمە لەوێدایە هێشتا خوێن لە ئەقڵ و مێشكیاندا جمە دەكات ، خوێن هەلیدەسوڕێنێت . خوێن مۆتیڤ و داینەمۆیە ، ئەگینا ئەگەر ئەقڵ و فكرو فەلسەفەی سیاسی بوونی هەبێت ، دەكرێت ، دەتوانرێت ، دەبێت بە ئاراستەیەكی دیكەدا ئەم مەیلە بەرهەم بێتەوە . نواندنی كردەی هەڵبژاردن و ڕۆیشتنی هێزێك و هاتنی هێزێك لە دونیای ڕۆژئاوادا ، دەس لەكار كێشانەوە و دووركەوتنەوەی پلەباڵایەكی حكومی ، گرتن و زیندانیكردن و لێپرسینەوە لە كۆمەڵێك دزو جەردەو شەوكوت دەكرێت ئەو كەنالە بێت كە هەم مەیل و كەڵكری خوێن ڕشتن دامرێكتەوە ، میللەتیش ساردببێتەوە و شتێكی گرنگ بكەینە قۆچی قوربانی . میكانیزم و ڕێگا زۆرن بۆ بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەو ئاراستەكردنی ئەم مەیل و كەڵكەڵەی خوێن ڕشتنە ، كولتوری و ڕەمزی و ئیداری و سیاسی … بەلام دونیای ئێمەو دونیای سیاسی ئێمە زۆر لەوە هەژارترو كڵۆڵترە بزانێت چی ڕوودەدات و چۆن بەرهەمی بهێنێتەوەو چۆن ئاراستەی بكات . بۆیە هەمیشەو بەردەوام دەبێت خوێنی ئینسانی ئێمە بڕژێت .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت