Nechirvan-Yusf

ئاریتما موحه‌ممه‌دی : هه‌رێم له‌ قه‌یرانه‌وه‌ بۆ قه‌یران .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هه‌رێم و به‌غدا هه‌ر دوو نه‌وت ده‌فرۆشن ، له‌ باری سه‌قامگیریی ئه‌منیشه‌وه‌ دۆخی هه‌رێم زۆر باشتره له‌ به‌غدا‌، یه‌كێ له‌ ده‌روازه‌ هه‌ره‌ گرینگه‌كانی هاورده‌كردنی شتومه‌ك گوموورگی ئیبراهیم خه‌لیله‌ كه‌ له‌ كوردستان هه‌ڵكه‌وتووه‌ ، ده‌روازه‌یه‌كی دیكه‌ش سنووری په‌رویزخانه‌ و له‌گه‌ڵ چه‌ندین ده‌روازه‌ی دیكه‌ی لاوه‌كیی ده‌لاقه‌ی هه‌رێمیان به‌ ڕووی ده‌ره‌وه‌دا كردووه‌ته‌وه‌، كه‌چی به‌غدا ده‌ڵێت : ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وت نه‌فرۆشێ یان له‌ژێر چاوه‌دێری ئێمه‌دا ئه‌و كاره‌ بكات، ئێمه‌ بووجه‌یان بۆ ده‌نێرین ‫!‬

له‌ هه‌موو گرینگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌رێم و به‌غدا نه‌وت و داهاتی نێوخۆییه‌ ، به‌ڵام به‌غدا پاره‌ی هه‌یه‌ و هه‌رێم نییه‌تی‫.‬ حوكوومه‌تی هه‌رێم كێشه‌ی كه‌میی بووجه‌ و نه‌دانی مووچه‌ بۆ دابه‌زینی نرخی نه‌وت ده‌گڕێنێته‌وه‌، به‌ڵام كێشه‌ی كه‌میی بووجه‌ و نه‌دانی مووچه‌ و نه‌بوونی پاره‌ له‌ هه‌رێم بۆ پێش دابه‌زینی نرخی نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه ‫!‬

ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا ڕاستگۆ نین و خۆیان له‌ ڕوو كردنی ڕاستییه‌كان ده‌دزنه‌وه‌ ‫، ‬بێگومان خۆیان باش ده‌زانن كه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌رێم چییه‌ ‫!‬ به‌ڵام له‌ هێنانه‌ئارای گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی خۆیان ده‌بوێرن ، چونكه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ حیزبیی و حوكوومییه‌ به ‌به‌شێك له‌و قه‌یرانه‌ كه‌ خۆی له‌ژێر ناوی گه‌نده‌ڵیدا پێناسه‌ ده‌كات، ده‌بینێته‌وه‌ ‫.‬

ئیتر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ كه‌ پێشتر به‌كار ده‌هات له‌ ژێر ناوی ئه‌م حوكوومه‌ته‌ ساوه‌یه‌ و نه‌یاری سیاسیمان زۆره‌ و داگیركه‌رانی كوردستان هه‌وڵ بۆ ناسه‌قامگیریی سیاسیی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌سه‌ر چووه‌، چونكه‌ ئیستا دۆسته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ داگیركه‌رانی كوردستانن و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ زۆربه‌ی قه‌یرانه‌كانی له‌نێوخۆ دایه‌ نه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌‫.‬ واتا قه‌یرانه‌كان ده‌ره‌كیی نین به‌ڵكوو نێوخۆیین‫.‬

بۆیه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ كه‌ پێشتر بۆ ساوابوونی ئه‌م حوكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌كار ده‌هات ، بووه‌ هۆكاری په‌ره‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵیی و هه‌ركه‌س ڕه‌خنه‌ی له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌گرت ده‌مانوت ئه‌م حوكوومه‌ته‌ ساوایه‌ و ده‌ورووبه‌ری هه‌رێم پڕه‌ له‌ جه‌رده‌ كه‌ هه‌وڵی تێكدانی كوردستان ده‌ده‌ن ‫. ئیستا ده‌بینین كه‌ ئه‌م حوكوومه‌ته‌ ساوا نییه‌ و خه‌ریكه‌ پیریش ده‌بێ كه‌چی كێشه‌كانی هه‌ر سه‌ره‌تایه‌تی .‬

بۆیه‌ ڕه‌خنه‌گرتن به‌ شێوازی درووست ده‌بێته‌ هۆی به‌خۆداچوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئاگادار كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان و هاوكات به‌ مه‌ده‌نیی كردنی چینوتوێژه‌كانی كوردستان كه‌ هه‌میشه هه‌وڵ بده‌ن كه‌‌ به‌ چه‌شنی مه‌ده‌نییانه‌ ده‌سه‌ڵات بخه‌نه‌ژێر گوشاره‌وه‌‫ .‬ پێچه‌وانه ، پشتیوانی كردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌ژێر ناوی ساوا بوونی حوكوومه‌ت كه‌ گوایه‌ كوردستان نه‌یاری ده‌ره‌كیی زۆره‌ ، كێشه‌كان قوڵتر ده‌كاته‌وه‌ و لێدوانی له‌و چه‌شنه‌ش له‌ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی كورد نابینم و دۆخه‌كه‌ش پتر به‌ره‌و ئاڵۆزیی ده‌بات ‫.‬

پێویسته‌ كۆمه‌ڵ به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ و ئیتر كۆتایی به‌و یارییه‌ حیزبییه‌ بهێنێت كه‌ بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو كێشه‌كان، ده‌بێ حیزبیبوون كه‌مڕه‌نگ بكرێت و نشتیمانیبوون زاڵبێ به‌سه‌ر هزری حیزبیبوون دا، ئه‌و كات هیوای چاكسازیی بنه‌ڕه‌تیی دێته‌كایه‌وه‌، به‌ڵام له‌م دۆخه‌دا حیزبه‌كان مووچه‌خۆریان هه‌یه‌ و مووچه‌خۆره‌كانیش مووچه‌كه‌یان له‌ قوڕووگی حیزبدا ده‌بینن، كه‌واتا ده‌نگ به‌ هه‌مان حیزب ده‌ده‌ن كه‌ مووچه‌یان پێ ده‌ده‌ن و چاكسازیی له‌ بوونی مووچه‌دا ده‌بینن‫.‬،

كێشه‌كان كاتێك چاره‌سه‌ر ده‌بن كه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێك بۆ هه‌میشه‌ له‌ پێگه‌ سیاسییه‌كه‌یدا نه‌مێنێته‌وه یانخود بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بێ ، با جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان پێكهاته‌ سیاسییه‌كاندا به‌بێ جیاوازیی دابه‌ش بكرێت‫.‬ نابێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ڕاپه‌ڕاندن ، جێبه‌جێكار و چاوه‌دێریی له‌ژێر ده‌ست و هه‌ژموونی سیاسیی و ئیداریی یه‌ك لایه‌ندا بێ ، چونكه‌ ئه‌و كات ئه‌و حیزبه‌ ده‌توانێ به‌ گه‌نده‌ڵیی تێوه‌بگلێت ‫.‬

كوردستان به‌ قه‌د وڵاتێكی ئه‌ورووپی پێشكه‌وتوو نییه‌ كه‌ بتوانێ تا ئاستێك ڕێ له‌ گه‌نده‌ڵیی بگرێت و ئه‌گه‌ر حیزبێكیش له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێ به‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ تێوه‌نه‌گلێت ‫.‬ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو زوو ئاڵووێڵی پێ ده‌كرێت و حیزبێك ناتوانێ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ته‌نیا له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێ ‫.‬ یانخود سیاسییه‌كانی هه‌رێم هێنده‌ له‌ خوا ترس نین كه‌ به‌ گه‌نده‌ڵیی و خواردنی ماڵی گشتیی تێوه‌نه‌گلێن ، له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حوكوومه‌ت لێك جیایه‌‫ .‬

ئه‌م حوكوومه‌ته‌ وه‌ك ده‌ڵێن حه‌وسه‌د هه‌زار مووچه‌خۆری هه‌یه‌ ، كۆی دانیشتووانه‌كه‌ی هه‌رێم ده‌گاته‌ نزیك پێنج ملیۆن كه‌س ، وڵاتی چین كه‌ كۆی دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ سه‌روو یه‌ك ملیارد و پێنسه‌د ملیۆن نه‌فه‌ر هێنده‌ مووچه‌خۆریی فه‌رمیی نییه‌‫!‬ یانخود وڵاتی هیند هێنده‌ مووچه‌خۆری نییه‌‫ ! له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له‌ چه‌ندین بابه‌تدا ئاماژه‌م به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سیاسه‌ته‌كانی هه‌رێم به‌و چه‌شنه‌ به‌رده‌وام بێ و خاوه‌ن ستراتیژییه‌كیی سیاسیی، ئابووریی و نیشتمانیی نه‌‌بێ و كۆمه‌ڵگای هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان كرێكار هاورده‌ بكه‌ن، هه‌رێم تووشی بێ پاره‌یی ده‌بێ و قه‌یران ڕووی تێ ده‌كات . ‬

زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری كرێكاره‌كانی هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ هاتوون ، بێگومان ئه‌و پاره‌یه‌ كه‌ له‌و هه‌رێمه‌دا به‌ده‌ست دێ له‌ ڕێگای جۆربه‌جۆره‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ڕاده‌گوازرێت ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی بێ پاره‌یی، بۆ ده‌بێ په‌روه‌رده‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ هێنده‌ سه‌قه‌ت و ناته‌واو بێ كه‌ خه‌ڵك له‌ كوردستان كرێكاریی نه‌كه‌ن و پێیان وابێ كه‌ كرێكاریكردن مایه‌ی سه‌رشۆڕییه‌‫ !‬ به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێم كرێكاری ناكه‌ن كاتێ دێنه‌ ئه‌ورووپا یان له‌ كارگه‌كانی ئۆتۆمووبیل شۆردن، یان له‌ كارگه‌كانی خاوێن كردنه‌وه‌ یانخود له‌ خواردنگه‌كاندا قاپشۆریی ده‌كه‌ن، به‌شێكی كه‌میشیان ده‌بنه‌ فرۆشیاری ماده‌ی هۆشبه‌ر‫ !‬

هیچ پیشه‌یه‌ك به‌ده‌ر له‌ پیشه‌كانی زیانهێنه‌ر نابێته‌ مایه‌ی سه‌رشۆڕیی ، به‌ڵام بۆ له‌ هه‌رێم كار‌ ناكه‌ن كه‌ دێنه‌ ئه‌ورووپا به‌و كاره‌ هه‌ڵ ده‌ستن ، تازه‌ ده‌ستیشیان ناكه‌وێت و به‌ شێوه‌ی یاساییش مووچه‌یان پێ نادرێت و كاتژمێره‌ كارییه‌كانیشیا‌ن له‌سه‌روو ده‌ كاتژمێره‌‌ و شه‌ش یان حه‌وت كه‌س پێكه‌وه‌ له‌ هۆڵێكی بچووكدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن ‫.‬

حوكوومه‌ت ده‌بێ ڕێژه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دابه‌زێنێت ، نرخی شتوومه‌ك سه‌قامگیر بكات و هه‌وڵ بدات كه‌ ببێته‌ هه‌رێمێكی به‌رهه‌مهێنه‌ر ، پتر هه‌نارده‌ بكات تاكوو هاورده‌ ، ئابوورییناسان پێیان وایه‌ هه‌ر وڵاتێك كه‌ ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ كردنی له‌ هاورده‌ كردنی كه‌متر بێ ، تووشی قه‌یرانی ئابووریی و كورتهێنانی بووجه‌ ده‌بێت ‫.‬ سیاسه‌تی حوكوومه‌تداریی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا تووشی قه‌یران هاتووه‌ ، كه‌واتا ئه‌م ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ و پێویسته‌ ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت ‫.‬

با هه‌نارده‌ كردنی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی له‌ژێر چاوه‌دێری پارله‌مانی كوردستاندا بێ، به‌ڵام په‌رله‌مانێك كه‌ چالاك كرابێ و نوێنه‌رایه‌تیی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی هه‌رێم بكات، نابێ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ژێر ده‌ستی وه‌زاره‌تیی سامانه‌ سرووشتییه‌كاندا بێ‫.‬ هه‌رێم وڵاتێكی بێ ئه‌زموونه‌ له‌ هه‌نارده‌كردن و ده‌رهێنانی نه‌وت دا، كه‌واتا نابێ‌ چاو له‌ وڵاتان بكرێت كه‌ كه‌رتی نه‌وتیان به‌ وه‌زاره‌تێكی تاییبه‌ت به‌ نه‌وته‌وه‌ گرێ داوه‌‫.‬ تاكوو هه‌نووكه‌ پاره‌ی نه‌وت به‌ بارووت و تۆپ دراوه‌ و كوردی پێ كوژراوه‌، نابێ پاش ئه‌وه‌ نه‌وت ببێته‌ هۆی ماڵوێران كردنی كورد به‌ چه‌شنێكی دیكه‌ ‫.‬

دۆڕاندنی هه‌رێم به‌ كۆمپانیاكان له‌ سیاسه‌تی هه‌نارده‌كردن و ده‌رهێنانی نه‌وتدا به‌ واتای سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت دێت‫.‬ هه‌رێم له‌ سیاسه‌تی نه‌وتدا تووشی قه‌یران هاتووه‌، خێری نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیه‌ ده‌بێ ، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌م نه‌وته‌ كه‌ تاكوو هه‌نووكه‌ خێری بۆ ئابووریی كوردستان نه‌بووه‌ كه‌چی ئیستا بووته‌ هۆكاری كێشه‌ و ئاڵۆزیی سیاسیی نێوان لایه‌نه‌كانی هه‌رێم ‫.‬

هه‌رێم حه‌وتسه‌د ملیار دۆلار قه‌رزاره له‌ كاتێكدا كه‌ نه‌وتیشی فرۆشتووه‌‌، ئه‌گه‌ر وابێ هه‌رێم هه‌موو نه‌وته‌كه‌ی بفرۆشێت له‌وانه‌یه‌ نه‌توانێ قه‌رزه‌كانی بداته‌وه‫.‬ كه‌واتا ده‌بێ له‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه‌ هه‌رێم دۆڕاندووێتی بكۆڵرێته‌وه‌ ، له‌وانه‌ كه‌سانێك به‌ ئه‌نقه‌ست گرێبه‌ستی له‌و چه‌شنه‌یان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان به‌ستبێ و خۆیان له‌ژێره‌وه‌ له‌و پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی ده‌ستێنن هاوبه‌ش بن ‫.‬

پێكهاتن له‌گه‌ڵ به‌‫غدای لاواز باشتره‌ یانخود له‌گه‌ڵ وڵاتێكی وه‌ك توركیه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا و به‌تاییبه‌ت له‌ كاتی ده‌سپێكردنی شه‌ڕی داعش سه‌لماندی كه‌ دۆستی كورد نییه‌ ، جیابوونه‌وه‌ له‌ ئێراق ده‌بێ به‌ تێگه‌ییشتنی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ به‌غدا بێ ، ئه‌و وڵاتانی ده‌ره‌كیش ناتوانن دژایه‌تی بكه‌ن ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كلایه‌نه‌ بڕیاری جیابوونه‌وه‌ بدرێ و كارئاسانیی بۆ نه‌كرابێ ده‌بێته‌ هۆی قه‌یرانێكی گه‌وره‌تر . به‌ڵام هاوكات ده‌كرێ كه‌ پێوه‌ندی نزیك له‌گه‌ڵ توركیه‌شدا هه‌بێ ، بێگومان توركیه‌ وڵاتێكی گرینگی ناوچه‌كه‌یه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ .‬

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت