میران محەمەد : عه‌داله‌ت ئه‌وه‌یه هه‌رکه‌س باجی هه‌ڵه‌ی خۆی بدات …
میدیاکانی هه‌رێم له بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ، له رۆژی ٢٠/١/٢٠١٦ دا ، ئاماژه به وته‌کانی نێچیرڤان بارزانی ده‌ده‌ن . ئێمه‌ش له‌م نوسینه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین خاڵ به خاڵی بۆچون و وته‌کانی هه‌ڵبسه‌نگێنین و وه‌ك هاوڵاتیه‌ك ڕاو و تێبینینهکانی خۆمانیان له‌سه‌ر بخه‌ینه ڕوو :
به گوێره‌ی هه‌واڵه‌کان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندوه :
ئێمه زۆر ته‌نیاین ، له كاتێكدا ئێمه له جیاتى جیهان شه‌ڕ ده‌كه‌ین ، له ڕووى داراییه‌وه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش هیچ هاوكارییه‌كى دارایى بۆ هه‌رێمى كوردستان نه‌كراوه .
ئێمه‌ش ده‌ڵێین : ئه‌وه ٢٥ ساڵه گوێتان بۆ ئامۆژگاری هیچ دڵسۆزێك را نه ده‌گرت و مێشکی ئه‌م خه‌ڵکه‌تان به‌وه پڕده‌کرد که له سایه‌ی هه‌وڵ و سیاسه‌تی حهکیمانهتانهوه چی دی کورد به‌ته‌نیا نیه ! گه‌لان و گه‌وره وڵات و زلهێزانی جیهان له پشتمانن و جارێکی تر کورد بێکه‌س کوژ نا کرێنه‌وه !! که‌چی ئێستا ده‌ڵێن ئێمه زۆر ته‌نیان !
ئه‌مه دان پێدانانێکی ئاشکرایه و له ده‌می خۆتانه‌وه که هه‌وڵه‌کانتان ، گه‌ر راست بێ و درابێتیش ، به‌ردار نه بون و سیاسهتهکانیشتان به هیچ جۆرێك حه‌کیمانه نه‌بون و ئه‌و ئامانجانه‌یان نه پێکاوه که پڕوپاگەندەتان بۆ ده‌کرد . مه‌سه‌له‌ی داعش و یارمه‌تیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ش داده‌نێم بۆ خۆتان و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و میدیا جیهانیهکان !
له درێژه‌ی هه‌واڵه‌کاندا ، ده‌رباره‌ی قه‌یرانه داراییه‌کانیش سەرۆک وەزیران هۆكاره‌كانى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ:
1 – بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تى عیراقه‌وه !
ئێمه‌ش ده‌پرسین ، ئایا په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق کێ پلانداڕێژه‌ر و به‌ڕیوه‌به‌ری بووه ، ئێوه یان هاوڵاتیانی داماو ؟ گه‌ر بڕینى بودجه‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تى عیراقه‌وه هۆیه‌کی قه‌یرانه‌کان بێت ، ئه‌وه شکست هێنانی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌شه و ناحه‌کیمانه‌ی ئێوه بوه نه‌ك هاوڵاتیانی داماو .
2 – شه‌ڕى داعش !
ئێمه‌ش ده‌پرسین ، کێ ئاسانکاری بۆ داعش و دیزاینه‌ر و پاڵپشته‌کانی پشت پهردهیانی کرد ؟
کێ بێ به‌رگری به‌ره و هه‌رێم په‌لکێشی کردن و کوردی له‌و شه‌ڕه نه‌گریسه‌وه گلاند ؟
کێ ده‌ستی به بازرگانی کرد له گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تی ئه‌مری واقعه‌ی که ناوتان لێنا دراوسێ تازه‌که‌ی هه‌رێم ؟
ئه‌وه ئێوه بو یان هاوڵاتیانی داماو ؟
تا خۆتان له‌م گێچه‌ڵه ده‌ربازکه‌ن ، پێویسته سه‌رچاوه میدیا دیار و به‌ناوبانگه جیهانیهکان به‌درۆدا بخه‌نه‌وه ، ده‌نا ؟!
3 – په‌ناهێنانى زیاتر له ملیۆنێك و هه‌شت سه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمى كوردستان :
ئێمه‌ش ده‌پرسین ، کێ بو :
بێ به‌رنامه و پلان ڕێگای پیدان و ئاسان کاری بۆکردن ؟
له ده‌می هاوڵاتیانی خۆی گرته‌وه بۆیان ؟
له که‌ناڵه لۆکا‌ڵی و جیهانیه‌کانه‌وه خۆی پێوه هه‌ڵده‌کێشاو له‌گه‌ڵ خاتو ئینجلينا جولیدا له سه‌ره‌ی وێنه‌گرتندا بون ؟
ئه‌وه ئێوه بون یان هاوڵاتیانی داماو ؟
4 – له هه‌مووانیش به‌ئازارتر به‌ڕای سەرۆک وەزیران دابه‌زینى نرخى نه‌وته :
ئێمه‌ش ده‌پرسین ، له هه‌مو رویه‌که‌وه کێ داڕێژه‌ر و به‌ڕیوه‌به‌ری سیاسه‌تی نه‌وت و گازی هه‌رێم بووه ، به‌م دواییانه به که‌رکوکیشه‌وه ؟
کێ سه‌رپه‌رشتیار و واژوکهری عه‌قده نهێنی و پڕ گومانه‌کانی بوه ؟
داهاته ملیاریهکانی کێ وه‌ریگرتون ، به ئه‌مری کێ و له‌کوێن و بۆ کوێ چون و ده‌چن ؟
ئێوه‌ی به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدار ئاگادارن یان هاوڵاتیانی داماو ؟
بێ ئه‌وه‌ی بوبێتن به خاوه‌ن وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ ، بۆ گه‌شه‌پێدانی هه‌رێم له هه‌مو ڕویه‌که‌وه بیرتان له پته‌و کردنی ژێرخانی ئابوری هه‌رێم و پێداوستیه سه‌ره‌کیه‌کانی سێکته‌ره جیاوازه گرینگه‌کانی تری داهات نه‌کرده‌وه .
کارێکی ئه‌وتۆی کارامه و دڵسۆزانه‌تان نه‌کرد بۆ به‌دی هێنانی ئاسایشی گیانی و خۆراکی هاوڵاتیان که دو پایه‌ی گرنیگ و سه‌ره‌کی به‌رگری و له‌سه‌ر پێ ڕاوه‌ستانی گه‌لانه له ساته‌وه‌ختی قه‌یران و بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ر به‌خۆدا . وه‌لی ئێوه وه‌ك نه‌دی و بدی ، له که‌ری نه‌بو ده‌ستان به ئاخوڕ به‌ستن کرد . که‌وتنه گێڕانی ئاهه‌نگ و مناسه‌بات و ته‌خشان و په‌خشان و به‌فیڕۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م هه‌رێمه ده‌وڵه‌مه‌نده و ده‌ستان دایه قوتکردنه‌وه‌ی ده‌یان که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی دۆلار لوشدهر و کۆشك و سه‌نته‌ر و باڵه‌خانه و مۆڵ و ئه‌م شته گرانبه‌ها کهمالیاتانهی که هاوڵاتیانی ئاسایی له سه‌یرکردنیان به‌ولاوه هیچی تریان پێ نه‌ده‌بڕا ! ئه‌وا ئێستاش زۆربه‌یان به ناته‌واوی بێ ناز که‌وتون و به هۆی ساخته وساخته‌کاری له دروستکردن و هه‌نوکه‌ش له بێ خزمه‌تیاندا هاکا دارمان و له که‌ڵك که‌وتن !
له به‌رامبه‌ریشدا ، ئه‌وه‌تا له‌م دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌دا ، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و دوبه‌یه‌ی که خه‌ڵکیتان پێ فریو ده‌دا گوایه هه‌رێمی له‌سه‌ر کۆپی ده‌که‌ن، ئه‌وه‌تا به سه‌ر به‌رزیه‌وه ده‌ڵێن هه‌وڵ و سیاسه‌ته‌کانیان سه‌رکه‌وتو بوه له دابه‌زینی پشت به‌ستنی بودجه‌ی ساڵانه‌یان بۆ ته‌نها له ٤٠% لی داهاتی به‌رهه‌مه نه‌وتی و گازیه‌کانی وڵاته‌که‌یان ! ئه‌مه‌ش چونکه ده‌سکه‌وتی ساڵانی به‌گران فرۆشتنی نه‌وت و گازی وڵاته‌که‌یان حه‌کیمانه به‌کارهێناوه !
ئه‌ی ئێوه چیتان له‌و ده‌سکه‌وته زه‌به‌لاحه له ئه‌ندازه به‌ده‌رانه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم کرد ؟
گه‌ر دیارنیه ، دۆڕاوه ، نه‌ماوه ، خوراوه ، دزراوه یان به هه‌ر شێوه‌یه‌ك به هه‌ده‌ر چوه ، کێ لێ به‌ر پرسه ؟
ئه‌وه ئێوه‌ی به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارن یان هاوڵاتیانی داماو ؟
به دڵنیاییه‌وه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ، ئاشکرا ڕوی ئێوه‌ی به‌شدارانی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت ده‌گرێته‌وه !
تاکه هه‌ڵه‌ی هاوڵاتیانی داماو پێدانی متمانه‌یان بو به ئێوه ! که ئه‌وه‌ش به‌هیچ پێوه‌رێك ناگاته ئاستی تاوان .
سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م قه‌یرانانه به هۆی هه‌ڵه کوشنده‌کانی ئێوه‌وه سه‌لماندی که ئێوه سایشته‌ی ئه‌و متمانه‌یه‌ی هاوڵاتیان نه بون . هه‌ڵه‌کانیشتان هێند زۆر و گه‌وره‌ن ، ده‌گه‌نه ئاستی تاوان .
هه‌رێم و هاوڵاتیانیتان به عاقارێکی زۆر سه‌خت و دژوار‌دا برد .
ئاسایشی گیانی و خۆراکیانتان خستوه‌ته مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌وه و درێژ خایه‌نه‌وه!
ئی دی به چ مهنطقێك ده‌بێت :
ــ ده‌ر بازبون له‌م قه‌یرانانه له‌سه‌ر حسابی قوت و ژیانی پڕ ئازار و دڵه‌ڕاوکێ و نا ئارمی و داهاتوی ته‌ماوی هاوڵاتیانی داماوی هه‌رێم بێت ؟
ــ ئێوه‌ی هۆکار و خولقێێنهری قه‌یرانه‌کانیش له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات بمێنن و خۆتان و ماڵ مناڵ وده‌س و دائرهکانتان له ناز و نیعمه‌تێکی که‌ل نه‌بودا بێ باك بژین ؟
ــ له پۆست و پله‌و پایه و ژیانێكدا بن که به هیچ پێوه‌ر و عورف وعاده‌ت و یاسا و مهنطقێك شایسته‌ی نین ؟
بۆ تێپه‌راندنی قه‌یرانه‌کان له باتی داواکردنی پاڵپشتی لێ کردنتان له لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه ، غیره‌تتان هه‌بێت دان به هه‌ڵه‌کان و دۆڕانی متمانهتاندا بنێن و داوی لێبوردنیان لێ بکه‌ن .
وه‌ك ئه‌ندامانی حکومه‌تی یۆنان مه‌ردانه ده‌س له پۆسته‌کانتان بکێشنه‌وه و ده‌سبه‌رداری مڵک و ماڵ و سه‌روه‌ت و سامانه نا شهرعیهکانتان ببن ، وه‌ك هاوڵاتیه‌کی ئاسایی به‌شداری ژیانی تاڵی رۆژانه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی بنه‌وه.
هه‌ست به ئازاره‌کانیان بکه‌ن و سه‌ر پشکیان بکه‌ن له ده‌سنیشانکردنی حکومه‌تێکی نوێی کاراتری دڵسۆزتری جێگای متمانه‌یان .
ده‌نا به پێچه‌وانه‌وه عه‌داله‌ت ئه‌وه‌یه ، ئێوه‌ی به‌رپرس و خاوه ده‌سه‌ڵات باجی هه‌ڵه‌کانتان بده‌ن ، نه‌ك کۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی سته‌مدیده !
ته‌نها به چاو خشانهوهیهكی خێرا به مێژوی ئه‌م نزیکانه‌دا ، یۆنان ، ئۆکرانیا ، تونس ، مصر ، لیبیا و … هتد ، تێده‌گه‌ن ئه‌و باجه زۆر قورس ده‌بێت ! گه‌ر به خێرایی هۆشێکتان به به‌ردا نه یه‌ته‌وه وهه‌ڵوێستێکی کتوپڕی بوێری مه‌ردانه و دڵسۆزانه نه نوێنن ، به دڵنیاییه‌وه ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ده‌سنیشان و به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و باجهتان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن .
و ان الغد لناظره لقریب .