ئاکار حەسەن : نامۆچکەیەک بۆ بەڕێز کاک نەوشیروان مستەفا . بۆ قسە ناکەیت بۆ ؟.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
پاش کشانەوەت لە یەکێتی خەڵکێکی زۆری هەمەچەشنەت بەشارەزاییانە لە پرۆژەکەی خۆت کۆکردەوە .
لەقۆناغی یەکەمدا کۆکەرەوەی هەموو ویست و پرۆژەکان بویت و خەڵکانێکی زۆرت بە پرۆژەکەوە سەرقاڵکرد ، تا لە کۆتاییدا هەمویانت لە پرۆژەکەی خۆتدا وونکرد و ئەوانی دید کردنە سەیر … کەر.
گۆڕان بەقۆناغ ـ پلەکانی خۆجێکردنەوەی حیزبی و جەماوەری و سیاسی و یاسایی بڕی و لە ناوخۆشیدا لە ” گەنجەوە بۆ رەنج لە چەوتەوە بۆ چەوێڵ و لە کەرەوە بۆ شەل ” ی لە ناوخۆیی و سەرکردایەتیەکەیدا کۆکردەوە .
کە لەسەروو بەندی روو بە روو بونەوەی راستەقینەی قۆناغە سەختەکەدا دەرکەوت کە جگە لە جومگە یاساییەکان و بەکارهێنانی ماتماتیکیانەی کات و بڕیارەکان ، جگە لە سوتانی شانس و شکانی چەند بووکەڵەیەک زیاتر هیچت لەخۆ نەگرت و وەک جارانی پێشوو هەڵهاتیت .
یەکێک لە کێشەکانی تۆ ترسە لە مێژوو هەر بۆیە نەت توانیوە بڕیاری مێژووی ڕاستەقینە بدەیت و ببیتە بەرپرسیاری راستەقینەی خەڵک و بەردەوام رۆڵی کەسی دوەمت بینیوە پێشتەوە دیارە کە ناتوانیت لەوە دەرباز ببیت .
من تێدەگەم بەرپرسیارێتی کەسی یەکەم بارێکی مێژووی سەختە و ناکرێت بە وریاییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ نەکرێت ، بەڵام ترسنۆکییش مێژوو ناشرین دەکات .
تۆ هەمو هاوڕێکانت بەچەک و تفاقەوە لەخۆتدا کڵۆمکرد و لەدەست و پێت خستن و کەسیانت بە بوێری و بڕیار ڕانەهێنا ، هەرچییەکیان وت دەتناردنە ماڵەوە و دەتگوت ئێمە هیچ پۆست پایەیەکمان نیەو نابێت . کەچی بە خشکەیی سەرۆک و بەرۆکی حکومەت و حیزبتان لە چاوشارکێیەکی سێ قۆڵیدا دابەشکردو کەس نەبوو بڵێت بەری چاوت کلیی پێوەیە ، بە ووردی برادەرەکانت وردکردەوەو خۆشت کرد بە داشە هارە .
بیر خستنەوەی ئەوەی سەرەوە بۆ ئەوەبوو کە ئەوەی تۆ دەتەوێت و چاوەڕوانیت لە دەورو بەرت گوایە دوای خۆت چیت دروستکردوە و دەتوانن چی بکەن ، کەنایکەن و ئەوانیش وەک جەنابت خەڵکی ساویلکەی ناو گۆڕەپانەکە نین و تەنها گەنجەکان دەگەوجێنن و خۆیان دەچنەوە دەستی باڵا و تۆپەکە دەخەنەوە باوەشی خۆت ، گەر دەتەوەێت ئەوەش بڵێیت کە ئەوەی پێت کراوە هەر ئەوەندە دەتوانیت و لە تواناتدا نەماوە .
تۆمارە دەنگی و نوسینەکان و پەیمانەکانت بەخەڵک و حیزب و کوردستان ، لەوەت ناپارێزن کە وا بە سادەیی لێی دەرباز ببیت باوەڕیشم نیە خۆت بیرت لەوەکردبێتەوە کە بەدەستی خۆت هەموو مێژووەکەت بکوژیت .
مەبەستی من ئازاردانت نیەوە وەک کەسێکی نەیار ، بگرە باوەڕی تەواوم هەیە بەوەی گەر بتەوێت دەرفەتێکی مێژوویی گەورەترت بۆ خوڵقاوەو ناکرێت لەوە زیاتر خۆت گۆشەگیر بکەیت .
ئێمە میللەتێکی ژیان سەختی بە ئازار و چەوساوەین ، لەنێوان ئازادی و مەرگدا ساڵانێکە بەگەمەی پوچەوە دەناڵێینین ، جەستەمان خوینی لێدەتکێ و بەرگەی زۆر لەوە زیاتر ناگرین ،
خۆت مەشارەوە هێزێکی نەپساوەیی گەلت لەگەڵ و توانای فشاری زۆری هەیە ، گەل برسییە و داوای نان و ئازادی دەکات .
یان راستگۆیانە و بێشەرم بفەرموو من لێرەوە لەم کاروانە دادەبەزم و توانای جەستەیی و مێژوویم وەک مرۆڤێک نەماوە ، کە من وەک مرۆڤێک زۆر ئاسیی لێت وەردەگرم و بڕواشم وایە کە خەڵک لێت تێدەگات .
ئیتر ( نوتق لە تۆ و جمەش لە ئێمە ) قوربان .!
سەلامەتبن و دڵنیاشم لێرەوە دواهەنسکی گریانی تورە بونم دەخوێننەوە .
هه ڵسوڕاوێکی گۆڕان لە شاری سلێمانی .
تێبینی :
1 – بەهیوای دڵ زویر نەبیت ، لەوەی گۆڕانخوازێک شتی لەسەر نوسیویت و پێم نەزانیوە ، هەوڵمدا نامەکەم بگەیەنم و بڵاوی نەکەمەوە ، کەسم دەست نەکەوت جگە لە ژمارەی تەلەفۆنێک کە هەڵی نەدەگرت
2 – سهر ههڵگرتنی خهڵکی کوردستان و بێ گوزهرانیان له وڵات ناچارماندهکات دهستت بۆ بهرین .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێكانت
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە