Barzani

شێرزاد شێخانی : ئێستا راستیەکان دەرکەوتن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی : ئەم بابەتە پێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە عەرەبی بڵاوکرایەوە ، خوێنەرێکی زۆری هەبوو . نامەیەکی زۆریی خوێنەرانی وتاریکوردمان بۆ هات ، داوایان لێکردنی کە ئەم بابەتە بکەین بەکوردی . داواکەمان ئاراستەی بەڕێز شێخانی کردو ، بەسوپاسەوە داواکەی قبوڵ کردین .. وتاریکورد .

تەمەنی ئەزمونی حوکمی کورد لەهەرێمی کوردستان گەشتە چارەکە سەدەیەک ، ئەمەش تەمەنی پێگەشتن و کامڵبونە ، بەم تەمەنەوە ئەکرا سەرکردەکانمان بەکارامەییەوە شانیان بدایە بەرپرسیاریەتی بەرێوەبردن و رێکخستنی نێوماڵی کوردو ئەزمونەکەمان بکەنە نمونەیەکی جوان و گەشاوە لەسەرتارسەری جیهاندا.
هیواو ئاواتی میللەت دوای راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی 1991و گەرانەوەی حزبەکان لەشاخەکانەوە تەنها و تەنها ئەوە بو وڵاتێکی تازەو ئارام بونیابنرێت دور لە زوڵمو زۆرداری و ستەمکاری دەسەڵات و ئەنفال و کیمیاباران . ئومێد وابو دەسەڵاتی کورد کاربکات بۆ دابینکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گێڕانەوەی کەرامەتی بەهەدەردراوی میللەت ، کە بەدەست فاشستەکانی بەعسەوە لەژێر پێنرا بو . بەڵام ئەفسوس رەفتاری خراپی حزبە کوردستانیەکان و ململانێی تەسکی حزبیانەیان وایان لەو میللەتەی هەرێم کرد هەزار درودو رەحمەت بنێرن بۆ گۆڕی دیکتاتۆرێکی وەک سەدام حوسێن کە بەبەراورد لەنێوان رۆژانی سەختی میللەت لەژێر سایەی دیکتاتۆریەتی ئەودا زۆر خۆشتر بووە لەو رۆژانەی ئێستا میللەت بەموعاناتەوە ئەیباتەسەر بەدەست حزبە کوردستانیەکانەوە لەسایەی ئەو هەمو قەیرانە ترسناکانەی وەکو نەبونی کارەباو ئاو و رێگاوبان و لەسەروی هەموشیانەوە نەبونی موچەو نەداری و هەژاری زۆربەی هەرە زۆری میللەت کە توشی رۆژێکی رەشی تاریک بوەو رەنگە داهاتوی رەشتریش بێت دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم بەرە داروخان دەرواتو راشکاوانە سەرۆکەکەی دان بەوەدا دەنێت کەوا پارەیان لەبەردەست نیە موچەی فەرمانبەرانی پێ دابینبکات .
چەند رۆژێک لەمەوبەر هاورێیەکم حاڵەتیکی دڵتەزێنی بۆم گێڕایەوە کاتیک لەسەرەی نانکڕینی نانەواخانەیەک لە سلێمانی وەستا بوو ، زەلامێک کە لەوە ئەچێت فەرمانبەر بوبێت خۆی کردووە بەنانەواخانەکەو چوەتە بنگوێی خاوەنەکەی و داوای لێکردوە چەند نانێکی بەقەرز بداتێ .. کاتێک ئەم چیرۆکە جەرگبڕەم بیست نەفرەتم لەو رۆژە کرد کەوا ساڵانێکی ژیانمان لەشاخەکاندا بەسەر برد ، چونکە ئێمەی پێشمەرگە دێرینەکانی سەنگەر قەت بڕوامان نەدەکرد رۆژێک دابێت وەکو ئەمرۆژە رەشەی ئێستا میللەت سواڵی نان بکات بۆ مناڵەکانی .
لەساڵی 2005 ەوە دەستوری عیراق بریاری لەسەر دانانی 17 % بودجەی وڵاتی وەکو پشکی هەرێم دیاریکرد ، لەوساوە تا ئەمرۆ زیاتر لە 80 ملیار دۆلار دراوە بەحکومەتی هەرێم .. ئەگەر چەند ملیارێکی داهاتی گومرگەکان و باجی ناوخۆشی بخەینەسەر خۆی ئەدات لە 100 ملیار دۆلار کەدەست ئەو حکومەتە کەوتوە لەماوەی دە ساڵدا.. ئەگەر بە تەقدیریش بێت حکومەت لەرێگەی تانکەرو بۆری نەوتیشەوە بایی 20 ملیار دۆلاری تر نەوتی فرۆشتوە ، کۆی پارەکەی دەسکەوتی حکومەتی ئەکاتە 120 ملیار دۆلار .
لەگەڵ ئەم هەمو پارە زەبەلاحەوە ئێستا حکومەتی هەرێم رایگەیاندوە کەوا موفلیسەو پارەی نیەو ناتوانێت موچەی یەک مانگی مامۆستایانیش دابین بکات ، باس لەوەش دەکرێت کەوا نیازی هەیە موچەی فەرمانبەرانیش بکات بەنیوە . نێچیرڤان بارزانی ختوکەی ئەهات کاتێک پیسخۆرو کاسەلێسەکانی دەورەپیشتی بە ” ئەندازیاری ئاوەدانکردوە ” وەسفیان ئەکرد ، تەنانەت یەکێک لەچڵکاوخۆرەکانی شەرمیشی نەکرد لەوەی هەولێر بە دوبەی دوەم بناسێنێت ، ئەو دوبەیەی چەند رۆژێک پێش ئێستا ئاهەنگی راگرتنی ناردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات راگەیاند ، لەکوردستانەکەی ئێمەشدا حکومەت ئاهەنگی بڕینی موچەو دەڕماڵەی فەرمانبەرانی گێڕا .
دوای کودەتاکەی پارتی بەسەر شەرعیەتی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان لەحکومەتەکەی زۆر کەس وا تیگەشتبون گوایە ئیدی دونیا ئەبێت بەشامی شەریف وهەرچی کێشەو قەیرانەکانی کوردستانە کۆتاییان پێدێت چونکە ئۆپۆسزیۆن لەناو حکومەتدا نەما ئاستەنگی بۆ دروستبکات ، بیریان چو کە خودی کودەتاکەی پارتی بۆ دەستبەسەراگرتنی جومگەکانی دسەڵات بو کە ئێستا زۆر بەرون و ئاشکرا هەموی بەتەنها کەوتۆتە دەست پارتیەوە لەسەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانەکەو بەدەسەڵاتی دادوەریشەوە ، بەمەش بەرپرسیاریەتی کۆی کێشەو قەیرانەکانی هەرێم روبەروی ئەم حزبە ئەبنەوە .
دە ساڵ زیاترە خۆم و چەندین نوسەرری ئەم کوردستانە لە سایتەکانا باسی گەندەڵی و ناعەدالەتی ئەم دەسەڵاتەی پارتیمان کردووە ، زۆرجار هوشداریمان داوە لەوەی ئەم گەندەڵیە ئەزمونەکەمان لەبار ئەبات ، لە روانگەی دڵسۆزی و هەستکردنمان بەمەسئولیەتەوە ئاگاداری دەسەڵاتمان کردۆتەوە لەو کەسانەی دەوروپشتیان لە گەندەڵکارو پیسخۆرو مشەخۆرانە ، هوشیارمان کردونەتەوە لەو راپۆتە درۆیانەی کەسانی دەوربەریان بۆ جوانکردنی دەموچاو و سیاسەتە ناشرینەو چەوتەکانیان ، بەڵام کەسیان گوێیان لێنەگرتین ، بەڵکو لەرێگەی چەند قەڵەمیکی بەکرێگیراو بەپارەی دزراوی میللەتەوە بەخیانەتکاروخۆفرۆش تۆمەتیان بۆ هەڵبەستین . لەرێگەی داموزدەزگا تۆقێنەرەکانیان هەوڵیاندا بمانترسێنن ، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی هەرەشەی کوشتن و لەناوبردنیشمان لێبکرێت.. خودی سەرۆکی حکومەت نێچیرفان بارزانی لەرێگەی بەکرێگیراوێکی خۆی کە عەرەبێکی کۆنەبەعسی رۆژنامەی جمهورییەی سەدام بو لەرۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنیدا توانی من لەسەر کاری پەیامنێری ئەم رۆژنامەیە دەربکات کە زیاتر لە 14 ساڵ کارم لەگەل ئەم رۆژنامەیە ئەکرد تەنها لەسەر ئەوەی وتارێکم لەسەر حکومەتەکەی نوسیوە ئەو بەدڵی نەبوە .. نانبڕاوی کردم لەسەر دو وشەی هەق کە کردومە لەپێناو میللەتەکەمدا ، هەر خودی ئەو دەسەڵاتەی پارتیش بو کە حوکمی زیندانی یەک مانگی بەسەرمدا سەپاند لەسەر وتارێکی ترم دژی پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی .
کاتێک سەردانی سایتەکانی سەر بەدەسەڵاتی پارتی و سایتە سێبەرەکانیان ئەکەیت ئەبینی ئەو قەڵەمە خۆفرۆشانە چۆن چۆنی داکۆکی لەم دەسەڵاتە ئەکەن و چۆن باسی کوردستان ئەکەن وەکو بەهەشتی سەرزەمین ، بەڵام دەرکەوت کە ئەم کوردستانە بوەتە دۆزەخێک گەنجەکانی لەداخا رائەکەنە دەرەوە ، دەرکەوت ئەم ئەندازیارەی ئاوەدانی شەهادەکەی تەزویرەو نە ئەندازیارەو نەهیپچ بەڵکو کەسێکی روخێنەرى وڵاتە ، دوای 17 ساڵ لەحوکمرانی ناتوانێت پارەی نیو موچەی مامۆستایان دابینبکات .. ئەبێ ئێستا ئەو قەڵەمە بەکرێگیراونە چی بڵێن لەبارەی ئەم وەزعەی وڵاتەکەمانەوە .
– کوا سەرکردایەتیە حەکیمانەکەی مەسعود بارزانی لەکاتێکدا سەرجەم ئەزمونی کوردستان بەرە هەڵدێر خلۆر ئەبێتەوە ؟.
– کوا ئەو دەوڵەتە کوردییەی بارزانی بانگەشەی بۆ ئەکر د، ئایا دەوڵەت لەسەر ساجی عەلی دروست ئەبێت ؟
– کوا هەولێرەکەی دەستەخوشکی دوبەی کە ئێستا کارەباکەی کەمتر لە 10 سەعات رۆژانەیە؟.
– کوا دەوڵەتی سەربەخۆی بارزانی کە ئێستا هەمو سەروەت و سامانی نەوتی بۆ پەنجا ساڵ دراوە بەتورکیاو بەنیازیشە رێکەوتنێکی گازیشی لەگەڵدا بکات بۆ ئەوەی گازەکەشمان بۆ پەنجا ساڵی تر بدرێتە تورکیاوە ؟.
– کوا سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی پارتی و حکومەتەکەی لەکاتێکدا پارەی نیو موچەیان پێدابین ناکرێت .
– کوا ئەو پشتگییریە نێودەوڵەتیە لەبارزانی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەکاتکێدا خودی نێچیرڤانی برازای مەسعود بار زانی زۆر بە ئاشکرا وتویەتی ئێمە زۆر تەنهاین ؟.
– کوا سیاسەتی سەرکەوتوی نەوتی ئاشتی هەورامی لەکاتێکدا ژنەکەی تۆمەتبارە بەگەندەڵی لەکەرتی نەوتفرۆشتندا و276 ملیار دیناری دەستی بەسەردا گیراوە ؟.
کوا ئەو هەمو پیاهەڵدانو پیرۆزکردنی مەسعود بارزانی وسیاسەتە حەکیمانەکەی خۆی وبنەماڵەکەی لە کاتێکدا میللەت نان نیە بیخوات .
ئێستا راستیەکان دەریانخست کەوا ئەو هەمو قسەو نوسینانەی قەڵەمە بەکرێگیراوەکانی پارتی تەنها فرۆشتنی وەهم بووە بەم خەڵکەی گیرۆدەی دەستی حزب و بنەماڵەی گەندەڵی بارزانی بونە ، خوای گەورەش لە قورئانی پیرۆزدا ئەفەرموێت ” گەر بمانەوێ دێیەک خاپووربکەین ، فەرمان ئەدەین بەگەورەکانیان گەندەڵی بکەن بۆ ئەوەی حوکمی هەقیان بەسەرا بسەپێنین “. خوایە بەتاوانی ئەم گەندەڵ و بێویژدانانە سزامان نەدیەت ئامین یار رەبولعالەمین .

تیبینی : ئەم وتارە بەعەرەبی نوسراوە لەسەر خواستی بەشیک لە خوینەران لەلایەن خودی نوسەرەوە کراوە بەکوردی ..

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت