عیماد عەلی : ئەو پرسیارانەی وەڵام نادرێنەوە .
هەرێمی کوردستانیان توشی ئەم قەیرانە قووڵە کرد و، بە خۆیشیان متیان کردووە و ، هیچ شتێک ناڵێن کە بەرپرسیارێتی خۆیان لەم شکستە دەرخەن ، وەک ئەوە وایە کە میلەت بە خۆی کوردی بەم دەردە بردبێت . ئەگینا بۆ وەلامی کەس نادەنەوە ، بۆ دان بە شکستی خۆیان نانێن و بگەرێن و بجوڵێنەوە دۆشداماو نەوەستن ، بزانن کێ ئەڵتەرناتیڤی هەیە . ئەوەی گرنگە کە متمانەی خەڵک بە خۆی بگەرێتەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا ئاشتبونەوەیەکی راستەقینە رووبدات ، کە ئەمەش هەروا بە ئاسانی روونادات پێش ئەوەی دان بە هەڵەکاندا نەنرێت و راستیەکان دەرنەخرێت و میلەتی باوەر بە دەسەلات وحزبەکان نەکات ، بۆیە هەرکەس لە ئێمە ئەم پرسیارانە دەکات ، بەڵام کەس وەڵامی ناداتەوە :
1 – بەرپرسانی کورد خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە کە پارەی کاشیان لە بانقەکانی دەرەوە هەیە یان نا و ، بۆچی وەڵامی ئەو راپورتانە نادەنەوە کە باس لە سەروەت و سامانیان و ناردنی پارەی هەرێم بۆ دەروە دەکات و ، هیچ وەڵامێکیان نیە ؟
2 – بۆچی شێوەی مامەڵەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ تورکیا و بەندە نهێنیەکانی نێوانیان لە دۆسێی نەوت و غاز و شێوەی گۆرینەوەی پارە و مەرجەکانی تورکیا باس ناکەن ؟
3 – بۆچی وڵاتانی هاورێی هەرێمی کوردستان یارمەتی دارایی هەرێم نادەن لەم تەنگژە داراییەدا ، بەتایبەتی لەبری هەمووان شەری داعش دەکات و بە کرێگرتە سەیری دەکەن و دەسەڵاتیش هیچ قسەیەک لەوبارەوە ناکات ؟
4 – بۆچی حکومەتی هەرێم هەمیشە ملکەچی تورکیایە سەرەرای ئەوەی هیچ منەتێکیان بەسەر گەلی کوردەوە نیە ( باسی حزبی دەسەڵات ناکەم ) بە تایبەتی لە کاتی تەنگانەدا نابەرپرسیارێتی خۆی سەلماند و هیچ هەڵوێستێکی لە نزیکبونەوەی داعش لەهەولێر نەبوو ، لەگەڵ ئەوەشدا لەم کاتەدا کە لە تەنگژی داراییداین ، لەدوورە بە دەسەڵاتی هەرێم پێدەکەنێت ، تا ئێستاش حکومەتی هەرێم خۆی بە هاوپەیمانی دەزانێت ؟
5 – رێکەوتنە پەنجا ساڵیەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا چی بەسەرهات و ، مەرجە سەختەکانی تا ئێستا جێبەجێ دەکرێن ، ئایا راستە کە بەو پارانە دەبێت تورکیا و بەرهێنان بکات بۆ ماوەی هەشت ساڵ ؟
6 – بۆچی ئێستا حکومەتی هەرێم بێکەسە ، لە کاتێکدا پێشتر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان تورکیای بە برا گەورە و فریادرەست دانا و سەردانە مەکوکیەکانیان چیی بۆ کردن ؟
7 – کێ بەرپرسە لە گەندەڵی هەرێم و ، بۆ هەنگاوی ریشەیی نانرێت و بە رووکەش مامەڵە لەگەڵ ئەم دوسێیە دەکرێت و ، کوا ئەرکی نیشتمانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی حزبەکان لەم کاتەدا ؟
8 – کێ بەرپرسیاری یەکەمە لەم قەیرانەدا و ، بۆچی پێشبینی ئەم بارودۆخە نەکراوە و ، بۆچی دەسەڵات ناوێرێت دان بە شکستی خۆی لەحوکمرانی هەرێمدا بنێت و ، بوێرانە لەبەردەم خەڵکی کوردستان حەقیقەت دەربخات ؟
9 – کام کەسایەتی ، کام حزب ، کام بەرپرس ، دەتوانێت حەقیقەت و هۆکاری بارودۆخەکە وەک خۆی بۆ خەڵک دەربخات و کێ خەمی ئایندە و بارودۆخی لەمە خرابپتر دەخوات ؟
10 – بۆچی کەسە دەسترۆیشتوەکان نوتقیان لە خۆیان بریوە و ، ناوەخنی وەزعەکە و هۆکاری هەڵەکانیان و نەزانینی سیاسەت و ساویلکانە هەنگاونانیان ناخەنە روو و ، دان بە هەڵەی خۆیاندا نانێن و داوای لێبوردن ناکەن ؟
11 – یەکێتی و پارتی مەبەستیان چیە لەم رەفتارانەیاندا ، کە بەخەمساردیەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا دەکات و بەرژەوەندی حزبی زیاتر لەم کاتەدا لەبەرچاودەگرن . بۆچی گۆران تا ئێستا چاوەروانی چاکسازیە و خۆی یەکلایی ناکاتەوە و ئەویش لەبەرژەوەندیە حزبیەکەی خۆی نەکەوتووە ؟
12 – بۆچی ئەمریکا لەم قەیرانەدا بۆچونی راست و دروستی نیە و وەک کرێگرتەی شەر مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا دەکات ؟
13 – بۆچی هەرێم لە بواری یاری سیاسیی ناوچەکەدا ناتوانێت ئەرکەکانی بە جوانی بەرێوەببات ، بە تایبەتی لەم کاتەدا کە روسیا بە قورسی هاتۆتە خەتەوە و بواری یاریکردن و تەکتیک بەجۆرێک رەخساوە عەقڵی زانستیانەی سیاسەت بە ئاسانی دەتوانێت بەرژوەندیەکانی میلەت دابین بکات ؟
14 – بۆچی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ هەڵپەرسێردراوەکانیان یەکلایی ناکەنەوە ، کە ئەم دوورەپەرێزیەجگە لە قازانجی تورکیا بۆ هیچ کەس ناکەوێتەوە و ، بۆچی خۆیان ساغ ناکەنەوە ؟
15 – بۆچی چارەنوسی رێککەوتنەکانیان بۆ خەڵک باس ناکەن و بەرواردێک لە نێوان مامەڵە لە گەڵ بەغدا و ئەنقەرە ناکەن و باشترینیان هەڵنابژێرن ؟
16 – بۆچی هێزە کوردستانیەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان لەم کاتە هەستیارەدا پشتی یەکتر ناگرن و کۆنابنەوە و هێزی خۆیان بەرامبەر سەرجەم نەیاران و دوژمنان دەرناخەن و هەنگاویی گرنگ نانێن ، بۆ ئەوەی بارەکە سوکتر کەن لەسەر میلەت ؟
17 – بۆچی هەر پێنج حزبە سەرەکیەکەی هەرێمی کوردستان حزبایەتی تەسکیان خستۆتە پێش هەموو شتێکەوە و لە سەروی باڵاترین بەرژەوەندیان داناوە و هەنگاوەکانیان جێگەی گومانی هەمووانە ؟
18 – بۆچی گۆران هەنگاوی ریشەیی نانێت و تا ئێستا چاوەرێی دەستی پارتیە کە هەڵەکانی راست بکاتەوە ؟ تۆ بڵێیت هەروەک کاتی هاوپەیمانێتیەکەی بۆ دامەزراندنی حکومەت تا ئێستا پارتی نەناسێت و چاوەرێی خێری لێبکات ؟
19 – بۆچی پەیوەندی رەسمی هەرێم و ئێران پێشکەوتنی بەخۆوە نەبینیوە ، جگە لە دابەشبون بەسەر دوو جەمسەریەکەی ناوچەکەدا نەبێت و ، هەرێم لە نێوان تورکیا و ئێران نەیتوانیبێت ناکۆکیەکانیان بۆ خۆی وەبەر بهێنێت ؟
20 – هەرێم و روسیا چی دەکەن و پێویستە چی بکەن و بۆچی هەرێم ئەو ناکۆکیەی روسیا و تورکیا لە حساباتدا لەبەرچاونەگرتووە و دەسەڵاتی هەرێم بەهەمان سیاسەتی تورکیا مامەڵە لەگەڵ روسیادا دەکات ؟!
21 – پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و سەربەخۆیی کوردستان چی بەسەرهات و چون مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و بۆچی موجامەلە و مەرایی حزبی و بێ توانایی حزبە بچوکە پاشکۆکان بەردەوامە و کۆبەنەوەی یەکخستنی هەڵوێستەکانیان ناکەن ؟
پێویستە ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری تر کە لە دەروونی خەڵکدا خولدەخواتەوە لە لایەن دەسترۆیشتوان وەڵام بدرێنەوە و ، هۆکاری گەیشتن بەم وەزعە ئاشکرا بکرێت ، بۆ ئەوەی رێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوە ، ئەگینا بە نهێنی مانەوەی ، پرسەکان وەک خۆیان دەهێڵێتەوە و تەنها خەڵک زەرەر دەکات .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت