پێشڕەو ئیسماعیل : دبلۆماسی لوتکه ـ بەشی پێنجەم .
ڕێز‌و سوکایه‌تی پێکردنی دبلۆماسی
ته‌وقه کردن یان ده‌ست گوشین له نه‌ریتی ته‌واوی گه‌لانی دونیا دا ده‌ربڕینی ڕێزه به‌رامبه‌ر به یه‌کتری . جۆرێکی گه‌رمتر و نزیکبونه‌وه‌ی زیاتر له سڵاوی ئاسایی نیشان ده‌دات . شێوازی په‌یوه‌ندی و سه‌رنجی لایه‌نێك به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌که‌ی تر ده‌رده‌بڕێت .
هێربهرد سپێنسه‌ری ، کۆمهڵشوناس ، سه‌باره‌ت به ده‌ستی یه‌کتری ڕاگوشین بۆ چیرۆکێك ده‌گێڕێته‌وه که له نێوان دوو عه‌ره‌بی بیابانه‌کانی نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بی دا ڕویداوه . گوایه ئه‌و کاته له کاتی به‌یه‌ک گه‌یشتنه‌کان دا بۆ سڵاو کردن ده‌ست ماچ کردنی که‌سانی پله‌و پایه به‌رز تر نه‌ریتی ئه‌و ناوچه‌یه بووه و ده‌ستی یه‌کتر گوشین نه‌ناسراو بووه . به‌ڵام ئه‌و دوو ڕێبواره هیچ یه‌کێکیان نایه‌وێت خۆی به بچوکی ئه‌وی تر پێشان بدات و ده‌ستی ئه‌وی تر ماچ بکات . بۆیه هه‌ردو لا پاش که‌مێك چاوه‌ڕوانی یه‌کتری بۆ دهسمانچ کردنی ، بێ دوان و مشت و مڕ ته‌نها ده‌ستی یه‌کتری ده‌گوشن ، گوایه ته‌وقه کردن له‌و کاته‌وه له دایك ده‌بێت .
هه‌ر بۆیه زۆربه‌ی زۆری به‌یه‌کگه‌یشتنه‌کان له نێوان دبلۆماته‌کان و سه‌رانی وڵاتان یان له نێوان کۆمپانیا گه‌وره‌کانی گرێبه‌سته ئابوری و بازرگانیه‌کان لایه‌نه‌کان ، به ده‌ست خستنه ناو ده‌ستی یه‌کتری و پۆز لێدانیان له‌و باره‌دا بۆ کامێراکان و ڕای گشتی کۆیتایی به کاره‌کانیان ده‌هێنن یان ده‌ستی پێ ده‌که‌ن .
به ڕای ئێدوارد هال له چه‌رخه‌کانی ناوه‌ندی ئه‌وروپا سه‌ران و پادشاکانی ئه‌وروپا ده‌سته‌کانیان بڵاوده‌کرده‌وه و ده‌ستێکیان ده‌خسته سه‌ر ده‌سته‌که‌ی تری خۆیانه‌وه بۆ نیشان دانی ئه‌وه‌ی که چه‌کیان به ده‌سته‌وه نیه و مه‌به‌ست و ویستی ئاشتیان نیشانی به‌رامبه‌ر ده‌دا ، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك بوو ، که پاشان گۆڕدرا بۆ ده‌ست خستنه ده‌ستی یه‌کتریه‌وه و ده‌ستی یه‌کتر گوشین .
له نه‌ریتی گریکی کۆندا هه‌مان شت نیشاندانی به‌خێرهاتنی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و نیشانه‌ی ئاماده‌یی یان جه‌خت کردنه‌وه له‌سه‌ر هاوڕێیه‌تی و بڕوا به‌یه‌ك بون و ئاماده‌یی بۆ پشتیوانی بووه .
ته‌واوی ئه‌م نه‌ریت و چیرۆكانه ئه‌وه‌مان نیشان ده‌ده‌ن که ده‌ستی یه‌کتری گوشین له لایه‌که‌وه نیشانه‌ی ڕێزلێنان و نیشاندانی مه‌به‌ستی ئاشتیانه و دۆستانه و ئاماده‌یی هاوکاری به‌رامبه‌ر به یه‌کتریه . لایه‌کی تره‌وه نیشان دانی یه‌کسانی هه‌ردو لایه‌نه .
هه‌ندێك جار ده‌ست گوشین له نێوان سه‌رانی ناکۆکدا ده‌خرێته دوای به‌یه‌ک گه‌یشتنه‌کان و کۆبونه‌وه‌کان ، له چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامه‌کان دا . یان هه‌ندێك جار گه‌لێك به ساردیه‌وه ده‌ست ده‌خه‌نه ده‌ستی یه‌کتریه‌وه که به ئاسانی ده‌توانرێت هه‌ستی پێ بکرێت . به جۆرێك که ئانیشك له ئاستی که‌مه‌ردا ده‌مێنێته‌وه و ته‌واوی باڵ بۆ به‌رامبه‌ر ڕاناکێشرێت . له هه‌مان کاتدا لایه‌نه ناته‌باکان هه‌وڵ ده‌دن چاو نه‌بڕنه چاوی یه‌کتری و ساردی خۆیان له ڕێگای زمانی له‌شه‌وه ده‌رده‌بڕن . ئه‌و په‌یامه به به‌رامبه‌ر ده‌گه‌یه‌نن که ئه‌گه‌ر به ئه‌نجامی خوازیار نه‌گه‌ین دوژمنایه‌تی و ناکۆکیه‌کانمان درێژه پێ ده‌ده‌ینه‌وه .
هه‌ندێك جار تێبینی ده‌کرێت له نێوان هه‌مان سه‌رانی دوو وڵات‌دا ، جارێك به گه‌رمیه‌وه باوه‌ش به یه‌کدا ده‌که‌ن ، جارێکی تر ته‌نها ده‌ستی یه‌کتری ده‌گوشن ، به‌ڵام هه‌ندێك جاری نیوه باڵ بۆ یه‌کتری ڕاده‌کێشن . یان له کۆبونه‌وه‌ی سه‌رانی وڵاتان دا خۆیان له یه‌کتری گێل ده‌که‌ن تاکو سڵاو له یه‌کتری نه‌که‌ن یان ده‌ستی یه‌کتری نهگوشن . ته‌واوی ئه‌م چوار شێوازی ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌یه په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئه‌و وڵاتانه .
له ناو کۆمه‌ڵگاکانی ڕۆژهه‌ڵاتدا به پێچه‌وانه‌ی ڕۆژئاوایی له کاتی سڵاو کردن دا نێرینه و نێرینه ده‌ستی یه‌کتری ده‌گوشن به‌ڵام نێرینه و مێینه یان مێینه و مێینه ڕومه‌تی یه‌کتری له یه‌ك ده‌سون یان ماچی ده‌که‌ن . گه‌رچی له دوا چاره‌کی سه‌ده‌ی بیسته‌وه ماچ لای گه‌نجه نێرینه‌کان له فه‌ره‌نسا و ناوچه‌ی فه‌ره‌نسی زمانه‌کانی به‌لجیکا بۆته نه‌ریت ، به‌ڵام له ناو که‌سایه‌تیه سیاسیه‌کاندا هه‌رگیز ماچ کردن په‌یڕه‌وی ناکرێت و جێگای سه‌رسوڕمانه ، ئه‌گه‌ر جێگای قێز لێکردنه‌وه نه‌بێت . ماچ له نێوان نێرینه‌کانی سه‌رانی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی دا به وه‌رگرتن له داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگاکه‌یان گه‌لێك ئاساییه له نێوخۆیان دا نه‌ك له‌گه‌ڵ کولتوره‌کانی تردا .
باوه‌ش به یه‌کدا کردن له نێوان سه‌رانی نێرینه‌دا، په‌یوه‌سته به کولتور و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگاکه‌وه و باوه‌ش پیاکردنی یه‌ك لایه‌نه و ماچ کردن به بێ په‌سه‌ندی له لای لایه‌نی به‌رامبه‌ر که له زمان و دوانی له‌ش دا ده‌رده‌که‌وێت و خستنیه ئه‌مری واقیعه‌وه ده‌کرێت به جۆرێکه له خۆ بچوککردنه‌وه و خۆ پیا هه‌ڵواسین یان به نه‌زانی لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکرێت .
ده‌ست ڕانه‌کێشان بۆ ته‌وقه کردن یان پشتگوێ کردنی که‌سێك که ده‌ستی ڕاده‌کێشێت بۆ ته‌وقه کردن له نه‌ریتی ته‌واوی کۆمه‌ڵگاکاندا نیشان دانی بێ ڕێزیه به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سه یان به گرنگ تێنهڕوانینه به‌رامبه‌ری . هه‌ندێك جار به سوکایه‌تی پێکردنیش له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت . له پرسه‌ی جۆمۆ کینیاتای سه‌رۆكی کێنیا 1978 ، شازاده فلیپی به‌ریتانیا ده‌ست ڕاکێشانی عیدی ئه‌مینی پشتگوێ خست و ده‌ستی نهگوشی .
تۆنی بلێر به دور له چاوی کامێراکان و ڕای گشتی ده‌ستی خسته ناو ده‌ستی جێری ئاده‌مس، ڕابه‌ری ئیرلاندی پارتی شین فین . پێش به‌یه‌ك گه‌یشتنی یاسر عه‌ره‌فات و ئیزاك رابین جێگای پرسیاری چاودێرانی سیاسی بوو ، که ئایا ده‌ست ده‌خه‌نه ده‌ستی یه‌کتره‌وه یان نا ؟
سوکایه‌تی پێکردنی دبلۆماسی ده‌کرێت گه‌لێك جۆر و شێواز به خۆوه بگرێت . سه‌باره‌ت به سوکایه‌تی دبلۆماسی له مێژووی پێش زایین‌دا له ته‌وراتدا هاتووه که پاشای ئاموریه‌کان لایه‌کی ڕیشی نێرده‌ی داودی پاشای جوله‌که ده‌تاشێت و به‌و جۆره ده‌ینێرێته‌وه .
له مێژوودا فه‌ره‌نسیه‌کان به پله‌ی یه‌که‌م په‌نجه‌یان بۆ ڕاده‌کێشرێت که په‌یڕه‌وکه‌ری سوکایه‌تی پێکردنی دبلۆماسین له ئه‌وروپا . ناپلیۆن له‌و سه‌رده‌مانه‌دا که نیازی شه‌ری هه‌بو له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیاوازدا ، پێش هه‌ڵگیرسانی شه‌ره‌کان سوکایه‌تی به باڵوێزه‌کانی ئه‌و وڵاتانه ده‌کرد . له‌وانه باڵوێزه‌کانی نه‌مسا، ئینگلیز و ڕوسیا .
له کۆبونه‌وه‌ی سه‌رانی عه‌ره‌بیدا سوکایه‌تی کردنی ڕاسته‌وخۆ به‌یه‌کتری شتێکی ناوازه و سیروسهمهره نیه ، به تایبه‌تی له لایه‌ن حکومه‌ته توندڕه‌وه ناسیۆنالیستیهکانهوه .
سوکایه‌تی دبلۆماسی ته‌نها په‌یوه‌ست نیه به پرۆتۆکۆڵهکانهوه به‌ڵکو ، په‌یوه‌سته به داب و نه‌ریته‌کانی گه‌لانه‌وه. هه‌ندێ له دبلۆمات و سه‌رانی وڵاتان ناتوانن پۆزش بهێننه‌وه بۆ سوکایه‌تی پێکردنێك به‌رامبه‌ر دبلۆمات یان سه‌ران یان گه‌لانی وڵاتان، به‌وه‌ی که شاره‌زای داب و نه‌ریته‌کانی ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه نه‌بوون . ئه‌مه ده‌کرێت به یاسا به‌راورد بکرێت. گه‌لێك جار که‌سانێك سه‌رپێچی ده‌که‌ن له مه‌سه‌له‌یه‌کی دیاری کراودا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاگادار نه‌بون که ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی یاسایه ، به‌ڵام له ته‌وای هاوڵاتیانی وڵاتێك چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که ئاگاداری ته‌واوی یاساکان بن . ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان یان بێگانه‌یه‌کی گه‌ڕۆك له بوارێک‌دا ئاگاداری یاساکان نه‌بێت له تێڕوانینی یاساییه‌وه پێویسته پێش ئه‌نجام دانی ئه‌و کاره ڕاوێژ به که‌سان و سه‌رچاوه یاساییه‌کان بکات . بۆیه نه‌زانین نابێته پۆزش بۆ چاولێپۆشین .
له دونیای دبلۆماسیدا به هه‌مان جۆر چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له دبلۆمات و سه‌رانی وڵاتان له داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی دبلۆمات و سه‌رانی به‌رامبه‌ریان به ئاگابن .
قاچ خستنه سه‌ر قاچ ، له نه‌ریتی ڕۆژئاواییدا سوکایه‌تی کردن نیه به به‌رامبه‌ر ، به پێچه‌وانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه . زۆر له که‌سایه‌تیه سیاسیه‌کانی ڕۆژئاوا له کاتی کۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رانی ڕۆژهه‌ڵات هه‌وڵ ده‌ده‌ن پابه‌ند بن پێوه‌ی . له کاتی ڕودانی ئه‌وه‌دا دبلۆمات و .سه‌رانی ڕۆژهه‌ڵات مافی خۆیانه ناڕه‌زایی خۆیان بخه‌نه ڕوو. به‌ڵام زۆر جار به‌رامبه‌ر سه‌ران و دبلۆماته‌کانی ڕۆژئاوا بێده‌نگی ده‌کرێت و به گیانێکی کراوه‌وه وه‌ریده‌گرن ، له‌کاتێکدا لایه‌نی سوکایه‌تی پێکراو مافی خۆیه‌تی داوا له لایه‌نی به‌رامبه‌ر بکات تاکو داوی لێبوردن له خۆی و گه‌له‌که‌ی بکات .
ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی ده‌بنه هۆی به نایه‌کسان سه‌یر کردنی گه‌لان هه‌میشه به سوکایه‌تی پێکردن ده‌خوێنرێته‌وه . وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داوای وه‌زیر و سه‌رانی وڵاتان بۆ یه‌کتری ببیننی هاوشان و هاوپله‌ی خۆیان به دیاری کردنی که‌سانی زۆر نزم تر له پله‌ی سیاسی و دبلۆماسیدا ده‌کرێت به سوکایه‌تی کردن بخوێنرێته‌وه .
چاوه‌ڕوان کردنی سه‌ران و دبلۆماته‌کانی وڵاتان به بێ پۆزشی مه‌شروع که ئه‌نجامی کاره‌سات یان ڕوداوی چاوه‌ڕوان نه‌کراو نه‌بوبێت زۆر جار له مێژودا وه‌کو ئامێرێکی سوکایه‌تی پێکردن به‌کار هێنراوه ، هه‌روه‌کو چاوه‌ڕوان کردنی سه‌رۆکی چیک و سلۆڤاکیا بۆ چه‌ندین کاتژمێرێك له ئادۆلف هیتله‌ر به بیانوی ئه‌وه‌ی هیتله‌ر له‌گه‌ڵ ئیڤا براونی خۆشه‌ویستی له سینه‌ما بون و بۆیه چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی دوا خستوه .
هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ی وورده‌کاری ده‌بێته سوکایه‌تی پێکردن و گه‌لان و وڵاتانی سه‌ربه‌رز به‌رامبه‌ری پرۆتستۆ ده‌که‌ن . له مانگی یه‌کی 2010 دا ناڕه‌زایی توند له لایه‌ن تورکیاوه کرا به‌رامبه‌ر ئیسرائیل ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورسی سه‌فیری تورکیا له ئیسرائیل زه‌کی جێلیکۆل چه‌ند سانتیمه‌ترێك نزمتر بوو له کورسی دانی ئهیالۆنیس جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل . سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئیسرائیل ڕونکردنه‌وه‌ی دا ، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا باڵوێزی ئیسرائیلی بانگ کرد و به ره‌سمی ناره‌زایی ده‌ربڕی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا داوای له ئیسرائیل کرد که بنه‌ماکانی دبلۆماسی په‌یڕه‌و بکات .
هه‌ندێك جار ڕوداوێکی وه‌کو ئاڵا دانه‌نان ده‌بێته مایه‌ی لێکدانه‌وه بۆ سوکایه‌تی کردن به‌و که‌س و وڵاته . بێگومان لایه‌نی سوکایه‌تی پێکراو گوناهبار نیه له‌و ڕوداوه . به‌ڵام گوناهباری له‌وه‌دایه که بێده‌نگی لێ بکرێت و هیچ ناڕه‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕوداوه نیشان نه‌درێت .
کۆتایی بەشی پێنجەم
بەشی یەکەم ـ سه‌رهه‌ڵدانی دبلۆماسی لوتکه‌ی سه‌رده‌م
بەشی دوهەم ـ گه‌شه‌ی دبلۆماسی لوتکه
بەشی سێهەم ـ ته‌نگژه کان و داهاتوی دبلۆماسی لوتکه
بەشی چوارەم ـ پرۆتۆکۆڵی دبلۆماسی
بەشی پێنجەم ـ ڕێز‌و سوکایه‌تی پێکردنی دبلۆماسی
سه‌رچاوه‌کان
– Wiki Leaks docs reveal U.S. diplomats insulting world leaders, Liz Goodwin
– The Anatomy of Summitry, Ball, George W.
– summit Diplomacy Coming of Age, Jan Melissen
– The body language of diplomatic handshakes
– Developments in Protocol , Professor Erik Goldstein
– The Handshake, Kevin Andrew
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت