ڕێبین هەردی : سیاسەت وەک بیانویەک بۆ تەسلیمبون .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
سیاسەت یاری فێڵکردنو درۆیە . یاریەکە دور لەبیروڕاو باوەڕو زۆر نزیک لەبەرژەوەندی هەمو ئەو گەمەکارەنەوەیە کە بەشداری تێدا ئەکەن . رەنگە ئەمە باوترینو بەربڵاوترین بۆچونێک بێت کە لەسەر سیاسەت هەیەو خەڵکێکی زۆریش هەروا تەماشای سیاسەت ئەکەن . لەم روانینەدا ( کە زۆرترین لایەنگری هەیە ) سیاسەت یاری چاوچنۆکی گەمەکەرانێکە کە لەپێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا کار ئەکەن ، بەس وا بەخەڵکی ئەفرۆشنەوە وەک ئەوەی لەپێناوی خەڵکو بەرژەوەندی خەڵکدا کارئەکەن . کە پێت خستە ناو سیاسەتەوە واتە پێت خستۆتە مەیدانێکەوە پڕە لەفێڵ ، لەهەڵگەڕانەوە ، لەشتی چاوەڕواننەکراو . پرە لەلادانو لەکاری ناڕاستو تەنانەت لەتاوان . رۆشنبیری بەناوبانگی عەرەب کەنعان مەکیە لەیەكیک لەکتێبەکانیدا باسی ئەوە ئەکات کە رژێمی بەعس توانیبوی ئەم بۆچونە بەناو هەمو خەڵکدا بەشێوەیەک بڵاوبکاتەوە کە کەس توشی هیچ نیگەرانیو سەرسوڕمانێک نەبێت لەو هەمو پێشهاتو روداوانەی لەبەرچاوی خۆیاندا ئەیبینن . کەنعان مەکیە ئەڵێت : بەشێک لەوەی عێراقیەکان هەرگیز کاردانەوەیەکیان لەبەردەم هیچ هەنگاو یان بڕیار یان روداوێکی سیاسی عێراقدا پیشان نەئەدا ، ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی عێراقیەکان لەبنەڕەتەوە ئەوەیان بە بەڵگەنەویست داناوە کە یاری سیاسی یاریکەری پڕ لەفێڵو درۆو هەڵگەڕانەوەیە . ئەوەی کە بەعس هەمو بڕیارە هەڵەکانی بەسەرکەوتن بەعێراقیەکان ئەفرۆشتەوە ، ئەوەی کە رێکەوتنی جەزائیری لەسەر شاشەی تیڤی دڕاندو پاش بەکوشتدانی سەدان هەزار کەس گەڕایەوەو هەمان رێکەوتنی قەبوڵ کردەوە ، ئەوەی کە کوەیتی داگیرکردو وتی : هەرگیز جێی ناهێڵینو لەبەردەم هێرشەکاندا بەپەلە لێی کشایەوەو ئیمزای تەسلمیبونی لەدەوارەکەی سەفوان کرد ، ئەوەی کە دروشمی هەمیشە یەکێتی عەرەبو برایەتی عەرەب بو ، بەڵام کەس هێندەی ئەو جیهانی عەرەبی لەتوپەتو پارچەپارچە نەکرد ، ئەوەی کە بەردەوام بەتیۆرەو بەراگەیاندن باسی پاراستنی کەرامەتی ئینسانی عەرەبی ئەکرد ، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع خۆیو دەزگا موخابەراتیەکەی بوبوە ترسناکترین دەزگا بۆ شکاندنی کەرامەتی ئینسانی عێراقیو عەرەبی ، هەمو ئەمانەی ئەنجامئەدا بەبێ ئەوەی هیچ ئینسانێکی عێراقی گومانی لێبکات ، لەبەرئەوەی هەموان لەسەرەتاوە ئەوەیان قەبوڵکردوە لەسیاسەتدا راستی نیە ، بیروڕاو باوەڕو مەبدەئەکان نیە . سیاسەت بواری پاراستنی بەرژەوهندی ئەو کەسانەیە کە گەمەی تیا ئەکەنو سیاسی لێزانیش ئەوانەن کە ئەتوانن بەئاسانی درۆ بکەن ، هەڵە بکەنو وەک کاری راست بیفرۆشنەوە ، خیانەت بکەنو وەک نیشتیمانپەروەریی باسی بکەن ، دزی بکەنو وەک خزمەتکردنی خەڵک پێشکەشی بکەن . سیاسەت گەمەیەکی بێ مەبدەئەو تیایدا تەنها چەپڵە بۆ براوە لێدەدرێت ، بەبێ گوێدانە ئەوەی چۆنو بەچی بردوێتیەوە .
بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە ئەم بۆچونە تەنها بۆچونێکی باوی ناو خەڵکی رەشو روتو سادە نیە کە بێزاری خۆی لەدنیای سیاسیەکان بەوە دەرئەبڕێت کە سیاسەت لەدرۆو فێڵ زیاتر نیەو گەورەترین بەها تیایدا بردنەوەیە . بەڵکو بۆچونی زۆر هێزی سیاسیو تەنانەت کادری سیاسی گەورەو باڵادەستیی ناو چەندان هێزی سیاسی کوردستانیشە . ئەمە بۆچونی ئەو بڕە لەسیاسیەیە کە ئەیانەوێت هیچ پێنەبونو دەستەوەسانیی خۆیان لەبەردەم دنیاو روداو و پێشهاتەکاندا بەو لۆژیکە بشارنەوە کە سیاسەت گەمەی خۆگونجاندنە لەگەڵ واقیعدا ، نەک قسەی بەردەم راگەیاندنو پڕوپاگەندەی سیاسی . لۆژیکی ئەمانە نەک خەڵکە سادەکە ئەوەیە یان سیاسەت مەکە یان کە کردت ئەبێت واقیع جوانو ئاقڵانە بخوێنیتەوەو شتێک نەکەیت کە زیان بگەیەنێت . کە لەم زاتانەش ئەپرسیت زیان چیە ، بەئاسانی ئەڵێن ئەوەی بدۆڕێتو دەرقەتی روداوەکە نەیەتو لەیاریەکە دەربکرێت .
بەشێک لەسیاسی زیرەکو هێزە بەرپرسیارەکانی وڵات وەک هەمان خەڵکی سادە سیاسەت بەکاری ئەو کەسە ئاقڵانە ئەزانن کە هەرگیز نابێت ریسک بکەنو ئەوەندە بێ ئەقڵ بن بیانەوێت دوای بیروڕاو مەبدەئەکانی خۆیان بکەونو هیچ حسابێک بۆ ئەمری واقیعو باردودۆخ نەکەن کە وڵاتی تیادەژی .
ئەم لۆژیکە کە لۆژیکی هەمو ئەو کەسو هێزانەیە کە بەڕاستی سیاسەت وەک جێگەیەک بۆ بەرژەوندی تایبەتی خۆیان تەماشا ئەکەن ، پاساوێکی هەمو ئەو کەسە بەزیو و دۆڕاوانەیە کە بێ ئیرادەییو دەستەوەسانیی خۆیان وەک تێگەیشتن لەدنیای سیاسەت تەماشا ئەکەن . لەراستیدا ئەوەی سیاسەتی کردوە بەیاری درۆو تەسلیمبون ، خودی چەمکی سیاسەت نیە ، بەڵکو ئەو بکەرە سیاسیانەن کە ئەیانەویت تەسلیمبونی خۆیانو ترسنۆکیو بێ هەڵوێستیی خۆیان وەک واقیعبینیو سیاسەتزانین بەخەڵک ئەفرۆشنەوە . پێویستمان بەنمونەی زۆر دور نیە بۆ ئەوەی پڕوپوچی ئەم بۆچونە بسەلمێنین ، هەر پیاچونەوە بەبزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا بەسە بۆ ئەوەی دەریبخات کە ئەم بۆچونە چەند پوچو بێ بنەمایە ، چونکە گەر بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بەم لۆژیکە لەسیاسەتو سیاسەتکردن بگەیشتایە ، ئەبو لەبەردەم دەسەڵاتی بەعسدا چۆکی دابدایەو هەرگیز هیچ کارێکی نەکردایە ، ئەبو پەکەکە لەبەردەم سوپای تورکیای پڕ چەکو هێزدا تەسلیم بێتو رازی بێت بەوەی چی پێ ئەدەن لەڕێی خوایە ، قەبوڵی بکات ، ئەبو قارەمانەکانی کۆبانی لەو دو تاکە دو کۆڵانە رایانبکردایە کە تاکە دو کۆڵان بو لەدوا ساتەکانی پەلامارەکانی کۆبانیدا بەدەستیانەوە مابو .
سیاسەت یاری درۆو خۆگونجاندنو تەسلیبونی نیە بەئەمری واقیعو فرۆشتنەوەی بەخەڵک وەک پارێزگاریکردن لەبەرژەوەندیەکانیان ، بەڵکو گەمەیەکە کە ئەبێت بەپێی ئەو بیروڕاو بەهایانەوە بەڕێوەبچێت کە خەڵک بڕوای پێیانە . هەمو ئەوانەی ترسنۆکیو بێ مەبدەئی خۆیان بەناوی ئاقڵبونو تێگەیشتن لەواقیع بەخەڵک ئەفرۆشنەوە ، چارەنوسیان هەروەک بەعسو هاوشێوەکانی ئەبێتو بردنەوەی کۆتاییش بۆ هەمو ئەو هێزو کەسانە ئەبێت کە سیاسەت وەک جێگەیەک بۆ رێزگرتن لەبەهاکانو بەرگری لەو بیروڕاو مژدانە ئەزانن کە بەخەڵکیان داوە .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە