ئەبوبەکر جاف : ئێمە تەنیاین سەرۆكی حكومەت .
نەخێر ئێوە تەنیا نین .
دیسانەوە لە بارەی تەنیایی سەرۆكی حكومەتەوە .
ئێوە شعور دەكەن تەنیاین ، هەست دەكەن تەنیان . بەڵام شعور و ئیحساسی ئێوە بە تەنیایی لە كوێوو دێت ؟ ئێوە تەنیا نین لە بەر ئەوەی كەس لە گەڵتان نییە ، ئێوە تەنیاین لە بەر ئەوەی قەرەباڵغی داغانی كردوون ، ئێوە تەنیا چوونكە درۆو موجامەلەو ساختەیی و دەیان ڕوویی “چواردەورو ڕاوێژكارەكان ” پولێَكی قەڵبی عوسمانی نەهێناوەو نەیان هێشتووە تەنیا بن .
ئێوە تەنیا نین لە بەر ئەوەی كەسێك نییە دەردەڵ و هاودڵتان بێت و بتوانن غەم و خەیاڵی لای هەڵڕێژن . نا , ئێوە تەنیاین چوونكە نەتان پەرژاوەتەوە سەر تەنیایی ، نەهیان هێشتووە تەنیا بن وەك ئەوەی پێویستە . نەیان توانیوە غەمگینت بكەن . لە بری گێڕانەوەی چیرۆكە غەمگینەكان ، ئێوە گوێبیستی قاقای پڕٍ نیفاق و فێڵاویی ڕاوێژكارەكانتان بوون . ئەوان ئەهلی غەمگینی و ئەهلی دڵتەنگیی و ئەهلی ڕاستگۆیی و ئەهلی خەم و بە تەنگەوە هاتنەنین .
ڕاویژكارو نزیك و چواردەورەكەتان هەرگیز نەیانهێشتووە تەنیا بن . نەیانهێشتووە تەنیا بن تا بیر بكەنەوە . ئەوان هەمیشە سەرئێشەو حەشاماتێك بوون ئێوەیان كرد بە “پرد ” نا ، تەنیایی دۆخی پیاوە گەورەكانە ، دۆخی ئەو پیاوانەیە كە دوور لە پاسەوانەكان و ڕاوێژكارەكان موعجیزە دەخولقێنێت . گومانتان نەبێت یەك زەڕە هێشتبێتیان تەنیا بن . گەر تەنیا بوونایە دزو شەوكوتێك نەدەكرا بە سەرپەرشت و بەپسیارێتی لێژنە چاكسازی , گەر تەنیا بوونایە دەتان زانی چواردەورو ڕاوێكارو بەرپرسی نوسینگەكان نەیانهێشتووە تەنیا بن . درۆ ، پاشان درۆ ، دوو ڕوویی ، موجامەلە ، ئەو هەموو بازرگانەی كە لە چواردەورتن و بوون بە خاوەنی وڵات .
ئێوە هێشتاكە تەنیا نین ، تەنیا نین چوونكە ئێستاكەش بەم دۆخ و حاڵەتە سەختەوە جگە لە شەوكوت و جەردە ، جگە لە ڕاوێژكاری بازرگان و ڕێگر .. كەسێكی دیكە نابینی ن. ئەگەر تەنیا بوونایە دەبوایە تەناییتان زیاتر لە تەنیاو بێباڵاكانی نزیك بكردنایەتەوە نەك لە و ڕاوڕووتكەرو خوێنمژوو و شەوكوت . نەیانهێشتووە تەنیا بن , كێشەی گەورەی حاكم و فەرمانڕەواكان ئەوەیە كە دارو دەسەكەی ناهێڵن تەنیا بێت .
نەخێر، ئوونكە تەنیایی فەرمانڕەوا بە لەمسكدن و ئێشو ئازارو بە تەنگەوە هاتن و خەمی ئینسان و خەمی هاوڵاتییەكانی تەواو دەبێت . ئێوە قەرەباڵغیی و هەراو زەناو دەنگە دەنگی چواردەورەكەتان وای كردووە تەنیا نەبن . لەوەتەی هەن دزو شەوكوت و جەردە كەسی نزیك و كەسی پلە یەك و كەسی ڕاوێژكار تان بووە سەرۆكی ئەو لیژنانەی كە نەیانهێشتووە هیچ بگاتە لاتان . ئەو نزیكانە باسی برسێتی و نەدارییان بۆ كردوون یان باسی سەفقەی بازرگانی ؟، ئێوە تا خاوەنی … و … و … و ….. دەیانی دیكەی لەم جۆرە بن ، تەنیا نابن ، ناهێڵن تەنیا بن، ئەوان كاریان بە قەرەباڵغی ئێوەیە . ناهێڵن تەنیا بن تا ئەو شوێنەی ببێتە دۆخێكی وجودی و كەینونەیی ماندوو كەر ، بتانگرێنێت . بە جددی سەرۆك و فەرمانڕەوا دەبێت بگری تا بتانگەڕێنێتەوە سەر خەم و بە تەنگەوەهاتنی ئینسانی بەشمەینەتی ئێمە .
ئێوە تەنیا نین ، لە گەڵ ئەو ڕاوێژكارو چواردەورەتاندا هەرگیز ناتوانن تەنیا بن ، ئینسان هەمیشە لە ناو ئینسانی ساغدا هەست بە تەنیاییەكی پڕ لە ئەساڵەت دەكات .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت