فوئاد ئەلکەنجی : نامۆیی ـ الاغتراب .
بەکوردیکردن : جیهاد موحەمەد
نامۆیی دۆخێکە ، کە مرۆڤ هەست بە کەماسی و بێ توانایی لە گۆڕینی بارودۆخی ژیانی خۆیدا دەکات ، بە واتایەکی تر مرۆڤ لە تۆڕە پەیوەندییەکانیدا بەوانی دیکەوە هەست بە دڕدۆنگی و دوو دڵی دەکات ، چ لە ناو خێزان یان دەزگاکانی دیکەدا هەست بە بێتوانیی و پەراوێزخستنی خۆی دەکات ، هەست بە ستەمی بەرامبەرەکەی دەکات ، هێز و زاڵبوون و لوتبەرزی ئەوانی دیکە بەسەر خۆیدا هەست پێ دەکات ، بە جۆرێک ، کە تاک تواناو کاریگەریی بۆ گۆڕینی ئەو ستەم و زاڵبوونە نامێنێت ، هەرچ کاتێکیش لە ئایدۆلۆژییە باوەکە بچێتە دەرەوە سزا دەدرێت ، هیچ جۆرە بوارێک بۆ چالاکییەکانی نامێنێتەوە و هەست بە بەردەوامی نامۆیی دەکات . بە شێوەیەکی گشتی” نامۆیی ” بەوە ناسراوە ، کە تاکەکان لەگەڵ یەکدیدا یان لە پڕۆسەیەکی دیاریکراودا هەست بە نامۆبوون دەکەن ، نامۆبوون ئەنجامی بونیادە کۆمەڵایەتییەکانە ، کە مرۆڤەکان تێکدەشکێنێت و ناوەڕۆکە مرۆییەکەی لێ دەسێنێتەوە. نامۆیی لەمرۆدا بە شێوەیەکی گشتی بەسەر ئەدەب و هونەری سەردەم و مێژووی بیریی کۆمەڵایەتیدا باڵی کێشاوە .
لەسەرەتای دەرکەوتنی زانستی کۆمەڵناسی وەک زانستێکی سەربەخۆ ، چەمکی” نامۆیی ” بە هاوبەشیکردنی دامەزرێنەرانی زانستی کۆمەڵناسی ، وەک ( ئیمێل دۆرکایم ) ، ( مارکس ) ، ( ماکس ڤێبەر ) و ( کارل مانهایم ) گۆڕینی گەورەی بەسەردا هاتووە . بە شیکاریی نوێی بارودۆخی کۆمەڵایەتی واتاگەلێکی تری نوێی لە خۆ گرتووە .
لە رێگەی ( کارل مارکس ) ـەوە بە شێوەیەکی سەرەکی و روون “ نامۆیی ” رێچکەی زانستی کۆمەڵناسیی دۆزییەوە ، کە بەسەر هەموو نووسینەکانییەوە نامۆیی رەنگی دابووەوە ، لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکانی دەربارەی چەمکی ” نامۆیی ” ـو وەک لەـ دەستنووسەکانیدا ـ دەردەکەوێت وا لێکی داوەتەوە ، کە نامۆیی هیچی تر نییە جگە لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و دۆخێکی دەروونی ، کە بە هۆکاری هەستکردنێکی شارەوە بە کەماسیی و دابڕان دێتە ئەنجام .
بە درێژایی مێژوو ، بیری مرۆڤ و رای بیرمەندەکان دەربارەی پێناسەکردن و بەکارهێنانی چەمکی” نامۆیی ” جیاوازیی بە خۆیەوە بینیوە ، ئەم جیاوازییەش بە پلەی یەکەم لە گۆشەنیگای جیاوازی بیرمەندانەوە بۆ ئەو چەمکە سەرچاوەی گرتووە ، لەگەڵ ئەوەی تیۆرییە نوێکان دەربارەی بابەتی “ نامۆیی ” لەسەر لێکۆڵینەوەی ( ئاستی رەفتار و کرداری کۆمەڵایەتیی ) راوەستاوە ، کە پەیوەندی هەیە بە سیفەتە کرۆکییەکانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە .
دانانی شیکارییەکی گشتگیر و گشتی بۆ چەمکی” نامۆیی ” دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامی هەڵوێستە تیۆرییە جیاوازەکان ، کە لەسەریان لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان هەڵنراوە و ئەم چەمکەی لێوە هاتووە و لێکدراوەتەوە ، لە راستیدا لە لایەن چەندین قوتابخانەی بیرییەوە وەک زانستی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەو زانستی سیاسیی و زانستی دەروونیی و بونگەراییەوە ئەم چەمکە بەکارهێنراوە ، کاتێکیش ، کە بابەتی” نامۆیی ” پێوەندیدار بێت بە زانستی کۆمەڵایەتییەوە واتە پێوەندیدارە بە لێکدانەوە جۆراو جۆرەکانی رەفتار و کرداری کۆمەڵایەتییەوە . لە تێروانینی دینیشەوە ، چ دیانەتی جولەکەکان یان مەسیحییەکان یان ئیسلامییەکان “ نامۆیی ” لەگەڵ چەمکێکی بناغەیی دینییدا یەک دەگرێتەوە ، کە بە ( جیابوونەوەی ) مرۆڤ لە خواوەند راڤەکراوە ، هەروەها بە جیابوونەوەی مرۆڤ لە سروشت و ـ چێژو خۆشنوودییەکان ـ جیابوونەوەی ( باوەڕداران ) لە ( بێ باوەڕان ) لێکدراوەتەوە . تێگەیشتن و لێکدانەوەی دینیی بۆ “ نامۆیی ” لەوانی دیکە و لە ستروشت ، ئەوەیە ، کە ” نامۆیی ” بە دیاردەیەکی بێ چەندوچوون لە بوونی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی دادەنێت ، لە روانگەی دینییەوە “ نامۆیی ” هیچی تر نییە جگە لە نامۆبوون لە نیشتیمانە نەمر و هەتاهەتایی و بەهادارە رەهاکە ، واتە نیشتیمانی ئاسمانیی .
گۆشەنیگای زانستە فەلسەفەییەکان دەربارەی” نامۆیی ” لە رای هەردوو فەیلەسووف ( هێگڵ ) و( مارکس ) دا کورت دەبێتەوە ، لەگەڵ ئەوەی ، کە فەیلەسووفگەلێکی دیکەش بە جۆرێک لەسەر ئەم بابەتە لێکدانەوە و نووسینیان هەبووە، کە بایەخیان کەمتر نەبووە لە لێکدانەوە و جددیەتی ئەم دوو فەیلەسووفە . بەڵام بونیادی بناغەیی ئەم چەمکە لە لایەن ئەم دوو فەیلەسووفە مەزنەوە دامەزرێنراوە ، بۆیە دەربارەی ئەم چەمکە بوون بە پێشەنگی لێکۆڵێنەوە فەلسەفییەکان . فەیلەسووفە بوونگەراییەکانیش لە هێگڵ و مارکسەوە بە تێڕوانینێکی گشتیرانە ئەم چەمکەیان وەرگرتووە و لێکداوەتەوە ، کە لە ” سەرکەوتن و داڕوخانی پەیوەندییە ئۆرگانییەکانی نێوان مرۆڤ و ئەزموونەکانیاندا ، لە نێوان خود و بابەتدا ، لە نێوان بەشە چکۆلەکان و گشتدا ، لە نێوان تاک و کۆمەڵگادا ، لە نێوان ئێستاو داهاتوودا ئەم چەمکە فەلسەفەییەیان بەرجەستە کردووە “.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ نامـــــــــــــــــــــــۆیی
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕیکانت