ئارام قزلەریی : نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز قوباد تاڵەبانی .
بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ـ کاک قوباد تاڵەبانی . زۆر بەداخەوە خوازیار بوین جێگری حکومەتێکی کارا بویتایەو ، وەک سەرکردەیەکی لاو بوتوانیایە خزمەت بەگەلەکەت و سەرجەم هاوڵایاتیانی خەڵکی کوردستان بکەیت بە بێ جیاوازی ئەم شارو ئەو شار و دور لە بیری تەسکی حیزبایەتی جێ دەستت دیار بوایە لەناو حکومەتدا .
بە پێویستی ئەزانم پێش هەموو شتێک ئەوەت بیر بخەمەوە کە تۆ کوڕی پیاوێکی تێکۆشەرو بنەماڵەیەکی ناسراوی کوردستانیت و خۆت نەخەیتە ڕێگایەکی هات و نەهات و ئەنجامی کۆتاییەکەشی لە ناو چونی ڕابردووە پڕشنگدارە سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆت و بنەماڵەکەت بێت .
بەڕێز تاڵەبانی باوکت لەناو خەڵکی کوردستان و تەنانەت زۆربەی وڵاتانی جیهانیشدا وەک سەرکردەیەکی لێهاتو بلیمەت ناسراوەو ، لە مێژوی خەبات و تێکۆشانی کوردایەتیدا هەمیشە ڕابەرو خەباتکەرو لێهاتو بووە ، بۆیە گەر لەم بارودۆخەی ئەمڕۆی کوردستاندا جەنابیان باری تەندروستیان باش بوایەو لە گۆڕەبانی سیاسەت و خەباتکردندا وەک جاری جار بونیان هەبوایە . زۆر بە دڵنییاییەوە دەبووە ئومێدی خەڵکی کوردستان و لەوە دڵنیا دەبون کە بەرێزیان وڵات بە وڵات دەگەڕاو کۆمەک و یارمەتی بۆ هاوڵاتیانی کوردستان کۆ دەکردەوەو نەیدەیەشت بەم جۆرە میللەت برسی ببێت .
هەزاران حەیف و مەخابن باری تەندروستی جەنابیان وای کردوە کە نەتوانێت وەک پێویست لەم بارو دۆخەدا دەوری باڵای هەبێت و کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارە سەر بکات .
بەڕێز قوباد تاڵەبانی ، تۆ کوڕی ئەم گەلەیت ، بۆیە دەبێت هەڵویستی جوامیرانەتان هەبێت و دەستبەرداری کورسی دەسەڵاتەکەتان بن و لە زوترین کاتدا دەست لەکار بکێشننەوە و ، ناکرێت حکومەتێک لە منداڵانی قەیراندا لەدایک ببێت و ، جومگەکانی لەژیر کۆنتڕۆڵی کۆمەڵێک مایستەری قەیراناویدا بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حیزبەکەیان هەڵیبسوڕێنن و ، مێژووی بنەماڵەکەتان بکەنە قوربانی کورسی حکومەتێکی ئاوها ، جگە لە سوتاندن و لەکەداربون ، هیچی تریی لێ ناچنیتەوە .
هیوادارم چەند جێبەجێکەریی ، ئەوەندەش گوێگر بیت .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت