ئەبوبەکر جاف : لە پێناوی سلێمانیدا ـ گەرمیانییەك بۆ سلێمانی .
شەڕت دەكەم ، شەڕیشت بۆ دەكەم
1
تەنیا لە وشەدا بۆ شەڕو یارو نەیاری مەگەڕێ ، بزانە قسەكەرێك چ جەبرو چ هابیتوس و چ باكگراوندێك دەیهێنیتە قسە . قسەكردن دەیەوێت چی بڵێت ؟ قسەكردن دەركەوتنی بەركەوتن و پەیوەندییەكانی قسەكەر/ قسە لە سەركراو و . واتە دەبێت دوورتر لە ڕستەو وشەیەك بڕوانین بۆ ئەوەی ستراكتۆرو خەیاڵدان و ( گرێیەك ) بدۆزینەوە كە قسەكردن بە زیمنی و بە ئاشكرا باسی دەكات .
2
سلێمانی نەوەی یەكەمی خەیاڵ و خەیاڵكردنی ناسیۆنالیستانەی ئینسان و بەیاغی دەستەجەمعی ئێمەیە . لە كارێكتەری سیاسی و هونەری و ئەدەبی و شاعیرەكانەوە ، بۆ كۆمەڵێك بكەری دیكە گوزارشتن لە ڕۆحی نەتەوەو ئینسانی ئێمە . سلێمانی بە تەنیا بزوتنەوەیەكی سیاسی نییە ، سلێمانی خولقێنەرو داهێنەری خەیاڵی شعری و هونەری و سیاسی بوونێكە ، كە ئەگەر سلێمانی نەبوایە زۆر نوقسانیمان هەبوو . سلێمانی مەولانا خالیدی نەقشەبەندی و نالی و مەحویو سالم و كوردی و شێخ نوری و پیرەمێردو گۆران و بێكەسی باوك و كوڕیش و ….. سلێمانی جوڵەو هەستانەوەكانی سەرای نیوەی یەكەمی سەدەی بیست . سلێمانی ساڵانێك كە بارزانی نەمر وەك پەناگەیەك لەوێ ژیا . سلێمانی یەكەمین تاراوگەی بارزانی باوك . بۆچی ؟
3
دەبێت لە ڕووی سیاسی و سۆسیۆلۆژییەوە لەو برینە تێبگەین ، لەو جێ خەنجەرە تێبگەین كە ، سلێمانی لە ڕۆحی چەپ و كۆمۆنیست و ماركسییەكانی سۆڤیەتگەراو عێراقچێتی دا . ڕۆژگارێك بۆ منەورانی كورد عەیبە بوو ماركسی نەبن . بەڵام سلێمانی تێكشكێنەرو ابراهیمی بتشكێنی ئیدۆلۆژیای عێراقچێتی شیوعییەكان بوو . سلێمانی بە كوردیكردنەوەی خەیاڵ و خەیاڵكردن و بە خەیاڵكردنی خەم و بە تەنگەوە هاتنی نەتەوە بوو . سلێمانی برینێكە لە جەستەی زۆڵەكوردو غەیرە كوردەكاندا تا ئەو ئاستەی دەیان ساڵی دیكەش دەڕوات . ئیشقاق و كەرتبوونی سلێمانییەكان لە حزب و پارتە ئەنتەرناسیۆنالیستەكان تەنیا خەیاڵی ( كوردبوون ) لە پشتیوەیەتی . سلێمانی لە خەیاڵی نالی و سالمەوە بۆ خەیاڵی ڕەهەندییەكان چییە جگە لە بت شكاندن . سلێمانی كە کاری تەنیا بتشكاندن نییە ، بەڵكو ڕیشەیی تر كاری ( بتپەرستی شكاندن و تەقسی بتپەرستییە ، بۆیە بتەكان زۆر نامێننەوە . شیوعییەكانیش ئەو بتە ئاوابوو مردووەن كە بە ئێستاشەوە شوێن خەنجەری سلێمانییان پێوە دیارە . ئەگەر سلێمانی چاوەڕوانی ستایشی شیوعییەكان بێت ، گەمژەیی و گێلێتییە . تەنانەت كۆمەڵەو كوڕانی كۆمەڵەی كوردستانیش كوردبوونەوەو نە كوردیكردنەوەی خەیاڵ و وەهمی ئەنتەرناسیۆنالیزم و برایەتی گەلان بوو . ئەگەر ئەمە ئەكتی سیاسی و خەیاڵكردنی سلێمانی بێت ، هەر دەبێت چاوەڕوانی ڕق و كێنەو بوغز بێن بەرانبەر سلێمانی لە لایەن كەس و گروپێكەوە كە سلێمانی دەستی هەبووبێت لە نەخیفكردن و شكاندنی شكۆو غروری ئەنتەرناسیۆنالیستییاندا .
4
پارتی بە قورسی و بە قورسایی لە ساڵانی شەست و حەفتاو هەشتاكاندا ڕۆحی لە سلێمانی دابووە . خێزانێك نابینیەوە لە سلێمانیدا كەسێكی بە جۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە نەبووبێت . هەرچی ئێستایە ، پەیوەندی ناڕێكی و زیزبوون و زویربوون و نیگەرانی و دڵگرانی ئێسڕای سلێمانییە ، لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی پەیوەندی بە دووركەوتنەوەی پارتییەوە هەیە كە ناتوانێت خەیاڵ بكات و خەیاڵی هەبێت . پارتی لە دەیان شوێندا كوڕی سلێمانییەو لە مناڵدان و خەیالدانی كوردییانەی سلێمانییەوە هاتۆتە دەرەوە . بەڵام ئێوەیەك هەر بە خەیاڵی ئەنتەرناسیۆنالیستییەوە لە سلێمانی و خەیالی سلێمانی بڕوانن ، هەر بەو حەسرەت و داخ و برینەوە دەمرن .
5
شەری سلێمانی بە كۆنەقین و كۆنە برین و خەیاڵی پێش كوردبوونەوە ناكرێت . شەری سلێمانی لە نالییەوە بۆ ڕەهەندییەكان بە ئیۆلۆژیاوە ناكرێت . دەبێت چەكی نوێت پێ بێت . دەبێت خاوەنی سەرمایەو كاپیتاڵی جیاواز بیت . دەبێت بزانیت لە كوێداو چۆن و بە چی شەر دەكەیت . دەبێت سلێمانی بناسیت . شەڕی سلێمانی دەبێت بە شەڕێك بێت لە پێناوی سلێمانی . من شەڕی سلێمانی دەكەم بۆ سلێمانی ، بەڵام دەزانم لە كوێدا خۆشم دەوێت و لە كوێشدا نیگەرانم لێی ، نەك ڕق و كینەو بوغز . شەڕ ی سلێمانیی و شەڕ بۆ سلێمانی بە هەژاری و كڵۆلی مەعریفییەوە ناكرێت . بەڵام شەڕی سلێمانی و شەڕیش بۆ سلێمانی دەبێت نییەتی پاك و ئیرادەی پاكی هەبێت . بۆ ئەوەی شەڕی سلێمانی بكەیت دەبێت بەشێك بیت لە سلێمانی بە عیشق و نیگەرانییەكانیشتەوە . واتە عیشق و توڕەیشت هەر بۆ سلێمانی بێت .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاورێکانت