عیماد عەلی : رۆشنبیرانی عەرەب و قەیرانەکانی کوردستان .
دیارە ئەو کارە نابەجێانە و دژ بە مرۆڤایەتیەی لە باکووری کوردستان لەسەر دەستی دەسەڵاتی تورکیا روودەدات لە لایەک و ، ئەم قەیرانە ئابووریە سەختە و وەزعی نالەباری هەرێمی کوردستان لە لایەکی ترەوە ، قسەی زۆر هەڵدەگرێت . بەڵام لێرەدا تەنها با لە هەڵوێست و روانینی رۆشنبیرانی عەرەب بە گشتی و عیراقیەکان بە تایبەتی لەم بارەوە بدوێین .
پێشتر رۆژ نەبوو باس لە وەزعی کوردستان و وردە پێشکەوتنەکانی و هەندێک دەستکەوتی کاتی نەکەن ، گوایە بە پارەی نەوتی بەسرە و شارەکانی خواروو هاتۆتە دی و ، بە منەت لەسەر ئێمەیان حساب دەکرد و بۆ جارێکیش باسیان لە دەیان ساڵ نەوتی بەتاڵان براوی کوردستانیان نەکرد ، هەر جارەو داوای برینی بودجە و چاوخشاندنەوەیان بە مامەڵە کردن لەگەڵ هەرێمدا دەکرد ، تاوەکو جەنابی مالکی بودجەکەی بری و ئەوانیش متقیان لێبرا . ئەو هەموو قسەو مامەڵانە هەروا بە ئاسانی ناتوانین هەڵیسەنگێنین و بیخوێنینەوە ئەگەر دوور لە رەگەزپەرستی مێژوو عەقڵیەتی عەرەبمان لەبەر چاو نەبێت کە چون تەماشای خەڵکی تر دەکەن . لە لایەکی ترەوە هەر جارێک کە لە بازگەیەک بۆ پشکنین و خۆ پاراستنی هەرێم لە ناهتنە ناوەوەی تیرۆرستان یەک تۆز پرسیاریان لێ بکرایە هەزار بۆڵەبۆڵ و رەخنەیان دەگرت و ، وەک ئەوەی خاوەن ماڵمان دەرکردبێت باسیان لێوە دەکرد و ، ئێستا لە هەر شوێن و جێگەیەک بن خۆیان بە میر ناگۆرنەوە . ئەگەر ئێمە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە نەبێت ئێستا خاوەنی سەرجەم بنەما سەرەکیەکانی جاردانی سەربەخۆیی خۆمان دەبوین ، بەڵام نەزانی و گەندەڵی و خودپەرستی و بنەماڵە و حزبپەرتسی دەیان ساڵ بەرەو دوای بردین .
هەر ئەوانەی تادوێنی لەژێردەستی ئەواندا دەمانناڵاند و لە کاتێکیشدا کە لێیان قەوما هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ گرتنەوە ، یەڵام بە خۆیان وەک دوومەزهەب بەم شێوەیە پێشوازیان لەیەک نەگرت و پردی بزێبز شایەتی ئەو مامەڵە نا بەجێیەی نێوان ئەو مەزهەبانەیە بەرامبەر یەکتر و ، تا ئێستاش بەغدا بە ئازادی رێگەی پێ نەداون برۆنە ژوورەوە . کەچی لەم هەموو قات و قری و نەهامەتی و قەیران و تەنگژەیەی هەرێمی کوردستاندا سەرەرای ئەوەی هۆکارەکەی زیاتر ناوەکیە لەوەی دەرەکی بێت لەم قۆناغەدا ، بەڵام یەک کەس لەو بەناو رۆشنبیرانەی خواروو بە دڵسۆزیەوە باسی لە چۆنێتی رزگار بونی کورد لەم قۆناغەی نەکردووە ، بەڵکو زۆر بە پشودرێژیەوە فەرمان و کردەوەکانی مالکیان بە ئاساییەوە خوێندەوە و لەباری مرۆڤایەتیەوە هیچ حسابێکیان بۆ گەلی کوردستان نەکرد .
لە لایەکی ترەوە لە ئاستی ناوچەکەدا ، وا بە رۆژی رووناک دەبینین رژێمی تورکیا چ کردەوەیەک بە سەر میلەتەکەمان لە باکووری کوردستاندا دێنێت و چۆن رەفتار دەکات کەچی لە ئاستی عیراق بە فەرمی و نافەرمی ، بە تاییبەتی لە لایەن رۆشنبیرانە هەر هیچ نەبێت تاکە هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەمان لە جێی خۆیدا لەمەر ئەم مەسەلەیەمان نەبینی و ، کەس بە دێرێکی رووتیش باسی ناکات . ئەوەی زیاتر دەخوێنرێتەوە لەبارە نەتەوەیی و مەزهەبیەکەدا باسی دەکەن نەک وەک مەسەلەیکی مرۆڤایەتی و سیاسی . بۆیەلێرەدا بە پێویست دەزانرێت کە بزانین ، کە سروستی هەر نەتەوەیەک بەندە بە مێژوو و باری کۆمەڵایەتی و بیرکردنەوە و ناخی خودی نەتەوەکەوە و بە ئاسانی لە پەرگیری و خودپەرتسی رزگاریان نابێتبە نایبەتی ئەمانەی کە لە مێژوودا کردەوەی چەپەڵ نیە دەستیان بۆ نەبردبێت . بەڵام لێرەدا و بەتایبەتی لەم ناوچەیەدا و لە لایەن نەتەوە سەردەستەکانی ئەم وڵاتانەی کە ئێمە بەسرەیاندا دابەش کراوین ، ئەوەی دەیبینین پێشکەوتنەکانی زانین لەباری ئینسانیەوە هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر ئەم برادەرانە نەبووە و ، بۆ تاقە رووداوێکی مرۆڤایەتیش بێت ، کەس گوێی لەمانە نەبوو هەڵوێستی مەردانەیان لەمەر کێشەکانی گەلی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی عیراق هەبێت .
بۆیە زۆر پێویستە کە ئێمەش لە روانین و مامەڵەی خۆماندا وردبینەوە و ، هەڵوێستەکانمان لەئاست قۆناغەکەدا بێت و ، لە بەرژەوەندی خۆماندا بێت زیاتر لەوەی وەک سۆز مامەڵە لەگەڵ پرسەکاندا بکەین و ، هەمیشە خۆمان بە برا بچوک نەزانین . تاوەکو ئەم میلەتانەش وەک سەرجەم میلەتانی پێشکەوتو پرسی میلەتانی تر بخوێننەوە و رەفتاری لەگەڵدا بکەن و هەڵوێستی لەمەر وەربگرن نەک وەک ئێستا بە پێی پشتخانی مێژوویی و رۆشنبیری و فکری و فەلسەفی خۆیان .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت