نەوزادی موهەندیس : ئەو دوو پرسیارەی كە هەموان چاوەڕوانی وەڵامەكانیانین !
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لە 23 حوزەیرانی ساڵی پارەوە هەرێمە ئارامەكەمان ڕووبەڕووی شڵەژانێكی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی توند بۆتەوە ، ئەویش بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسیەكان لە سەر چۆنێتی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە بەڕەسمی وادەكەی لە 19/ئابی 2015دا تەواو دەبوو ، ئەم كێشەیە هێندەی تر قەیرانی داراییەكەی سەر هەرێم و میلەتەكەمانی قوڵتر كردەوە كە لەسەرەتای ساڵی 2014وە بەدەستیەوە دەمانناڵاند و بەغداد بەشە پشكی 17% هەرێمی لە بودجەی عێراق نەدەنارد و ئەمەش بوە هۆی نەتوانینی هەرێم لە پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و تا ئێستاش ماوەی 2 ساڵ زیاترە ئەم قەیرانە داراییە بەرۆكی گرتوین و مانگ بە مانگیش توندتر و سەختر دەبێتەوە. و حكومەتی هەرێمیش تا ئێستا كە نەیتوانیوە 6 مانگ مووچە بدات دەستەوستان وەستاوە و چاوەڕوانی موعجیزەیەكە كە دەربازی بكات .
هەموان قەیرانە داراییەكەمان بە زۆر و بەخەفەتەوە قبوڵ بوو چونكە وامان دەزانی حیزبی دەسەڵاتدار و قۆرخكاری جومگە گرنگەكانی هەرێم لە سیاسەت و ئابوری و نەوت و دەزگاكانی هەواڵ و پاراستن بەڕاستی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی ڕادەگەیەنێت و هەموان وتمان با مووچەكانمان بە قوربانی دەوڵەتە سەربەخۆكەمان بێت ، بەڵام دەركەوت ئەویش تەنها بۆ دەسكەوتی حیزبی و موزایەداتی سیاسی بوو . ئیدی لەو ڕۆژەوە مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم و نوێكردنەوە و ڕەتكردنەوەی میلەت و كۆدەنگی سیاسی و میلی لە هەرێمدا كردە دووبەرەی دژ بەیەك و چەندین تاوان و ناو وناتۆرەی سەیر و نامۆیان بۆ یەكتر دروستكرد و هیچ لایەكیان نەرمیان نەدەنواند و نەیانتوانی زاڵبن بەسەر ویستە كەسی و حیزبیەكانیاندا و نەتوانرا سازانێكی گشتگیری نیشتیمانی سازبدەن و هەموو كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكەن ، لەكاتێكدا هەرێم و عێراق و ناوچەكەش لەسەر سكەی گۆڕانكاری گەورە و مەترسیدار و چارەنوسسازدان و هەموان خەریكی خۆڕێكستنەوەی ناوماڵی خۆیان بون تەنها كورد نەبێت كە خەریكی ماڵ وێرانكردن و ململانێی ناڕەوای ناوخۆیی بوون . كار گەیشتە ئەوەی كە پەڕلەمان پەك بخرێت و حكومەت هێندەی تر لاواز ببێت بە ناردنە ماڵەوەی وەزیرەكانی گۆڕان و و پەكخستنی پەڕلەمانیش . و ئەوەی كە ئاواتی دوژمنان بوو هاتە دی و تا ئێستا ماوەی زیاتر لە 4 مانگە هەرێمەكەمان هەرێمێكی بێ پەڕلەمان و بێ حكومەت و بێ سەرۆكێكی شەرعیە و ئاسۆی گەیشتن بەچارەسەرەكانیش ڕوون و ئاشكرا نین .
لەماوەی ئەم جەڕەیانەدا لەهەموو كۆڕ و كۆبونەوەیەكی سیاسی و میلی و تاكەكەسی و ناو بازاڕ و … هتد . هەمیشە دوو پرسیاری زۆر گرنگ دەكرێت و كەسیش ناتوانێت وەڵامێكی ڕاست و دروستی دەسبكەوێت ، ئەو دوو پرسیارانەش بریتین لە :
یەكەم : دەربارەی هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە ، كە بۆچی بێدەنگ و هەڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرا و یەكلاكەرەوەی نیە و ناتوانێت بە ڕووی هەژموون و دەسەڵاتی پارتیدا بوەستێتەوە ؟
دووەمیش : دەربارەی هەڵوێستی بەڕێز نەوشیروان مستەفایە ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە 17/9/2015وە بەناوی نەخۆشیەوە چۆتە دەرەوەی وڵات و تائێستا نەگەڕاوەتەوە و لەو ماوەی 5 مانگەشدا بۆچی یەك وتە و گوتار و لێدوان و بەرنامەی ڕانەگەیاندوە بۆ چارەسەرو هێوركردنەوەی دۆخەكەی هەرێم ؟
بەڕای من هەردوو پرسیارەكە لە جێگەی خۆیدایە و مافی هەموانیشە بپرسن، چونكە لەلایەك دۆخەكە وادەخوازێت كە دەستپێچشخەری و هەڵوێستێكی خەمخۆرانە و لێبڕوانە و دڵسۆزانەی بۆ بنوێنرێت و لەلایەكی تریشەوە پرسیارەكان و ڕەخەنەكانیش بۆ یەكێتی و كاك نەوشیروانیش تەواو لەجێگەی خۆیدان چونكە هەم یەكێتی و هەم كاك نەوشیروانیش دوو هێز و كەسایەتی بەهێز و كاریگەری سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستانن و گەر بیانەوێت بە باش یان خراپ دەتوانن بارودۆخەكان بگۆڕن و هەڵوێستەكانیان جێگەی بایەخی ناوخۆ و عێراق و ناوچەكە و دونیاشن. بۆیە ناكرێت ئەو دوو هێزە لەم بارودۆخەدا خاوەنی هەڵوێستێكی ڕوون و بوێر نەبن و ئەوبێدەنگیەش نەشكێنن .
تایبەت بە یەكێتی ، هەموان دەزانین كە هێزێكی گەورە و كاریگەرو خاوەن نفوزی سیاسی و ئابوری و سەربازی و جەماوەری گەورەیەو هەر ئەو نفوزەشی وایكردوە كە حساب بۆ یەكێتی بكرێت لەهەموو مەسەلەكاندا ، بەڵام بەداخەوە لەبەر ململانێ ناوخۆییەكانی خۆی ناتوانێت بڕیارێكی كۆنكرێتی بدات و هەموانیش دڵخۆش بكات و ڕزگاریان بكات لە چاوەڕوانی و دوودڵی و ڕاڕایی ، یەكێتی هەموو چاوەكان و هەموو چاوەڕوانیەكان و هەموو ڕووناكیەكانی بۆلای خۆی كەمەركێش كردوە بەڵام بەداخەوە لەئاست ئەو چاوەڕوانیەدا نەبوە ، لەگەڵ ئەوەی كە زنجیرەیەك هەوڵی بێوچانیدا لەنێوان هەموو لایەكاندا و گەرەكی بوو بە هەڵوێستێكی بێلایەنانەوە بۆ چارەسەرەكان هەنگاو بنێت و نەبێتە تەرەفێك دژی ئەوی تر ، چونكە دەیزانی كە دۆخەكان زۆر ناسكە و بەرگەی دابڕان و لێكترانێكی تر ناگرێت ، بەڵام نە جەماوەری میلەتەكەمان و نە زۆرینەی بنكەی جەماوەری یەكێتیش و نە سەركردە و حیزبە سیاسیەكانیش ئەم هەڵوێستەی یەكێتیان بەدڵ نەبوە و ناڕازیشن .هەرچەندە سەر زارەكی دەڵێن هەڵوێستی یەكێتی حەكیم و وشیار و خەمخۆرانەیە ، بەڵام هەموان گەرەكیانە كە یەكێتی لە جیاتی هەمویان دژی پارتی و سیاسەتەكانی بوەستێتەوە و سنورێك بۆ تاكڕەوی وملهوڕی و حساب بۆنەكردن و پاوانخوازی دەسەڵاتی دابنێت و تەنانەت هەندێك لایەن پێیان باشبوو كە یەكێتی بیگەیەنێتە دوو ئیدارەیی و تەنانەت شەڕی ناوخۆش،چونكە هەموانیان باش ئەو ڕاستییەیان دەزانی كە تەنها یەكێتیە بەو هێزو نفوزەیەوە دەتوانێت پارتی بوەستێنێت و پارتیش تەنها ترسی لە هێزی یەكێتیە و نایەوێت لەگەڵ یەكێتیدا بەتەواوەتی تێكی بدات و خۆی هێندەی تر تەریك و بێپشتیوان بكات . بەڵام یەكێتی نەدوای خواست و ویست و سۆزەكانی ئەوان كەوتوو نە ڕێگەشی دا پارتیش ئەوەی دەیەوێت بۆی بچێتە سەر و بەم شێوەیەش یەكێتی نەبوە پاشكۆی ڕاوبۆچونەكانی دژە پارتیەكان و نەبووشە پاشكۆی پارتی و دوای بكەوێت ، بەڵام بە ئێستاشەوە هەموان چاوەڕوانی هەڵوێستێكی بوێرانەتر دەكەن لە یەكێتی كە هەر ئەمەش بەقازانجی مەسەلە و چارەسەریەكان و دەسكەوتی حیزیی و جەماوەری یەكێتی و میلەتەكەشمان دەشكێتەوە .
تایبەت بە هەڵوێستی بەڕێز كاك نەوشیروان و بێدەنگیەكەی ، بەهەمان شێوە كەوتۆتە بەر ڕەخنە و گلەیی دۆست و دوژمنانیشی و هەموان چاوەڕوانی دەستپێشخەریەكی سەركردەیەكی مەزن و كاریزما و ڕابووردوو پاكیان لێدەكرد كە لەبەر بەرژەوەندی و لەپێناو میلەت و دۆزینەوەی چارەسەر دەبوو هەڵوێستێكی جدی و مێژوویی بنواندایە و هەموانی لەم چاوەڕوانی و دوودڵیە ڕزگار بكردایە و تەنانەت ماوەی 5 مانگیش و لەم دۆخە ئاڵۆزەدا وڵاتی بەجێنەهێشتایە و بزوتنەوەی گۆڕانیشی بێ سەر نەكردایە و نەیخستایەتە پێگەی یەكێتیەوە كە بەداخەوە بێ مام جەلالی پێوە دیاربوو و دیاریشە لەبەر نەخۆشی و دووركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا .
بۆیە هەڵویست و كاردانەوەی كاك نەوشیروان زۆر گرنگ و هەستیارە و بە ئێستاشەوە بێت دەبێت چارەسەكان هەر لەلای ئەو جوامێرەوە بێت ، چونكە دەركەوت نە كاك مەسعود و نە پارتی وەكو سەركردەی حیزبێكی گەورە نەیانتوانی كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكەن .
لەئێستاشدا و دوای توندبونەوەی هەڵوێستەكان و قوڵبونەوەی قەیرانە داراییەكان و برسیكردنی بە بەرنامەی جەماوەر و زیادبونی توڕەیی و بێزاری هاوڵاتیانیش لەم دەسەڵات و حكومەتە ، هێندەی تر هەموان چاوەڕوانی وەڵامی ئەو دووپرسیارەن لە یەكێتی و كاك نەوشیروان چونكە باش دەزانن كە تەنها ئەو دوو هێزە دەتوانن ئارامی و ئاشتی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی ئەم هەرێمە بپارێزن كە چارەنوسی ئێستا و ئایندەی میلەتەكەمانی پێوە بەندە .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی