کاوسێن بابەکر : سەرەتایەک لەمەڕ ؛ دەوڵەتی قانوون ، دێموکراسی و هەڵبژاردن .
حکومەتە دیکتاتۆرەکان هەوێنی لەناوچونیان لەناوخۆیاندا هەڵدەگرن
دێموکراسی
کەباس لەدەوڵەتی قانوون دەکرێ،دەبێ ئەوە بزانین کە سیستەمی دیموکراسی باشترین ژینگەیە بۆ دەوڵەتی قانوون وسەروەری یاسا،ئەوەش دەخوازێ ئازادی ڕادەربڕین دەستەبەرکرابێ و هەڵبژاردن بەرقەراربێ بەشێوازێکی پاک و دوور لەدەستێوەردانی دەستڵاتداران . ئەوەی ئێمە دەیبینین لەدونیای عەرەبیدا کە ئێمەش هێشتا بەشێکین لەووڵاتێکی عەرەبی ، هێشتا زۆر دوورە بۆ سیستمێکی دێموکراسی و لەدایکبوونی دەوڵەتی قانوون و سەروەربوونی یاساو هەڵبژاردنێکی سەربەخۆوپاک وبێگەرد .
دونیای عەرەبی لەزەلکاوی چەمک و هەڵسوکەوتدا تێک هەڵدەنگوێ کە ناتوانێ یارمەتی لەدایکبوونی هیچ جۆرە دێموکراسیەکی ماقوڵ بدات . لەو چەمکانە : هێز رەوایی دروست دەکات ، ئایین چارەسەرە ، ئایین بنچینەی یاسا دانانە ، دەستەڵاتی فەقیه ، دەستەڵاتی ( ئەهلی حەل و عەقد) ، ملکەچی وەلی ئەمر لەترسی ئاژاوە ، دەمارگیری ئایینی و هۆزوتیرەو پۆپۆلیستی ، سەرۆک یان پاشا یان ئەمیری ئیلهام بەخش ، رێکخراوەناڕەواکان کە بە تێپەڕینی کات ڕەوایی بەدەست دێنن ، سەرۆکایەتی دەوڵەت تامردن ، بەمیراتکردنی فەرمانڕەوایی ، شورا جێگای دێموکراسیەتە ، رەتکردنەوەی گفتوگۆ ، رەتکردنەوەی رای جیاواز ، ملکەچکردن بۆ واقیع وەکو قەدەرێک ، پشتبەستن بە خوا بۆ چارەسەری کێشەکانمان …. ئەودونیایە لەژێر نیری زۆر دیکتاتۆری سیاسی یان ئایینی یان هەردوکیاندا دەژیت . نازانرێ چونەدەر لە دونیای تاریکیەکان بۆ دونیای ئازادیەکان چۆن دەبێ وە لەسەر چ بنچینەیەک پێویستە دەوڵەتی نوێ وکۆمەڵگای دادپەروەرورێزگری مافەکانی مرۆڤ دروستبکرێ . بارودۆخمان ئەمڕۆ زۆر خراپترە لەبارودۆخی رابردومان . ئەمڕۆ هێرشی بەبەرنامەی کۆنەپەرستان و سەلەفیە ئایینیەکان دەبینین بۆ راکێشانی شەقامی عەرەبی وگەیشتن بەدەستەڵات بۆ پێکهێنانی حکومەتێک ئامانجەکەی دیکتاتۆریەتی ئایینیە کەرێگری لە خەڵک دەکا بیربکەنەوەو ئازادانە هەڵسوکەوت بکەن لەژیانی تایبەتی و گشتی خۆیاندا و دەیانخەنە قاڵبی بەرنامەڕێژکراو کەهیچ رێگایەکی رەخنەلێگرتنی نیە .ئەمڕۆ شەقامی عارەبی ، بیرە سەلەفیە ئایینیەکان رایدەکێشن ، ئەورەوتە ئیسلامیانە بەرنامەیەکی سیاسی ماقوڵ و روونیان نیە کە بتوانێ دەوڵەتی نوێ گەشە پێبدات و پەراوێزی ئازادی هاوڵاتیان فراوان بکات بۆئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتیانە مامەڵە لەگەڵ دونیای نوێدابکات . ئەورەوتە ئیسلامیانە بەرەو هەڵدێری مێژوومان دەبەن ، رابردوومان پێشکەش دەکەن گوایە لوتکەی شارستانیەتە ، زانست و مەعریفەودادپەروەری تێدایە … وە بەشێوەیەکی ئەفسوناوی هەمووچارەسەرەکانی دونیای نوێی هەڵگرتووە . جلی پیرۆزیان بەبەر ئەو ڕابردوەدا کردوە لەلایەنی ئایینی وروناکبیری و هەتا سیاسیش مێشکی خەڵکیان کڵۆم داوە بۆ ئەوەی بیرنەکەنەوە وهەوڵ نەدەن چونکە سەردەمی هەوڵدان پێویست نییە.سەلەفیەکان ئەوەی پێویستە وتیان وجێبەجێیانکرد . تەنها ئەوەندە بەسە کاری پێبکەین بۆئەوەی ببین بە باشترینی نەتەوەکان ” خير الاومة “. حکومەتە عارەبیە نا دێموکراسیەکان لە هەموئاستەکانی ژیانی گەلەکانیان دەستوەردەدەن : سیاسەت و ئابووری و فێرکردن و هونەر ئاڕاستە دەکەن . ئاین دەکەنە ئامڕازی پڕوپاگەندەکردن بۆخۆیان . ئەو حکومەتە چەوسێنەرانە ئیرادەی جەماوەریان سنوردارکردوە وکردویانن بەمێگەلێک کەزۆر بەئاسانی دەتوانن لێیانخوڕن . ئەوحکومەتانە بەدرێژایی چەندین نەوە گەلەکانیان لەبەشداری چالاکانەی سیاسی دوورخستۆتەوە . چەندین نەوەی بێ ئیرادەو گوێڕایەڵیان داهێنا تا فەرمانڕەواکانیان پیرۆز بکەن و ملکەچیان بن بێ هیچ لێپرسینەوەیەک . ئەزمون نەکردنی دێموکراسی بۆشاییەکی گەورەی لە رۆشنبیری هاووڵاتی عەرەبیدا دروستکرد .” نەخوێندەواری سیاسی” هەیەلەمێشکی هاووڵاتیدا . دەستاودەستکردنی دەستەڵات و پێکهێنانی پارتەسیاسیە مەدەنیەکان بەبۆچوونی سوڵتانەکانی ووڵات دەرچوون و کەڵەوەکێشیە لەگەڵ بلیمەتی فەرمانڕەوا . ئازادی رادەربڕین و رەخنەگرتن لەفەرمانڕەوا ، هەموو ئەوانە لەگۆڕێ نین لەشانشینە عەرەبیەکاندا . زۆر ئاسانە پڕوپاگەندەی ئەوە بکەی کە سیاسەت پیاوی خۆی هەیە . کارێکی قێزەونە ، پڕیەتی لە دووڕوویی و درۆوتاڵانی … ئەو باوەڕانە هەرچەند زۆریان راستی تێدایە هێچ چاکسازی و گۆڕانێک دروست ناکەن . پێویستە لەسەر هاووڵاتی خۆی بە بواری سیاسیدا بکات بۆ ئەوەی باشترینی کەسان هەڵبژێرێ هەتا نوێنەرایەتی بکەن لە دەوڵەتدا . هاووڵاتی بریتیە لە نێوجەرگەی دەستەڵاتی دێموکراسی راستەقینە . دەست لە کارکێشانەوە لەکاری سیاسی بەتاک یان بەکۆ مانای ملکەچبوونە بۆ بەهێزترەکان وە داشکاندنی خۆبەخۆیە لەمافەکانمان وەک هاووڵاتیانی خاوەنی رەوایی . کۆمەڵگای عەرەبی هاوچەرخ بەشێکەلە دونیای نوێ کەواتە پێویستە پێشی بخەین بۆئەوەی بەشدار بێ لە بەهاو ئامانج و نیگەرانیەکانی . بابەتەکانی ئازادی و مافی مرۆڤ و دێموکراسیەت میراتی مرۆڤایەتین بەگشتی . هەر قسەکردنێک لە ” تایبەتمەندیەکان ” ی عەرەبی لەو بوارە ژیانیانە پێدەچێ بیانوی پوچ و بێـمانابن ، ئامانج لەوە هەروەک واقع پێشانی دەدا ، بەڵگە هێنانەوەیە بۆ ئەورەفتارەی فەرمانڕەوایان لەدژی هاووڵاتیان دەیکەن ، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چارەنوسیان و بەشداری پێنەکردنیان لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی خۆیان و مانەوەی چینە دەستەڵاتدارەکان و هاوکارانیان لە بەرژەوەندیەکاندا ئەوانەی خێروبێری ئەو وڵاتە بەتاڵان دەبەن .
پەرچەکرداری رەتکەرەوەی کۆنەپەرەستانی عەرەبی لەسیاسەت و ئایین ، بۆ هەر گەڕانەوەیەک بۆ دێموکراسیەت بەبیانوی ئەوەی ” چەمکێکی خۆرئاواییە “، ئەوە هەڵوێستێکی نا ئەقڵانییە ، چونکە شیانی بەشداری ئەزموونی مرۆڤایەتی لە عەرەب دادەماڵێ و لەوانی جیادەکاتەوە وەک ئەوەی عەرەب لەدونیایەکی داخراودا بژین . دێموکراسیەتی جێبەجێکراو لەزۆر لەوڵاتان ئەوەی سەلماندوە کە لەسیستمەکانی ئێستای دونیا باشترە لەبارەی رێزگرتنی مافەکانی هاووڵاتی و پێشکەوتنی شارستانیەت و فراوانکردنی بوار لەبەردەم هاوڵاتیاندا بۆ خۆدەرککردن و بیناکردنی وڵاتەکەیان .
لە١٩٧٠وە تاکو ٢٠٠٨ ژمارەی دەوڵەتانی دێموکرات لە ٤٤ دەوڵەتەوە بەرزبۆوە بۆ ٨٩ ووڵات ، هەروەک مافەکانی مرۆڤ پارێزراون و فرە حزبیش لەئارادایە .
بەڵام دەوڵەتانی نادێموکرات لە٦٩ دەوڵەتەوە بۆ ٤٢ دەوڵەت کەم بونەتەوە .
ژمارەی ئەو وڵاتانەش کە شتێکیان لەئازادی تێدایە لە ٤٢وڵاتەوە بۆ ٦٢وڵات زیادبووە .
سەرەڕای ئەوپێشکەوتنە دەردەکەوێ کەتەنها٤٦% ی دانیشتوانی جیهان لەوڵاتانی دێموکراتدا دەژین ، ولەماوەی ١٠ساڵدا چەقین دەرکەوت ئەگەر پاشەکشە نەبوبێ لەمەیدانی ئازادیە رۆژنامەگەریەکان ورێکخراوە ناحکومیەکان و دامەزراوە مەدەنیەکاندا لە زیاتر لە٣٠ دەوڵەتدا . شۆڕشەکانی عارەب لە٢٠١١دا ئاماژەیەکی ئەرێنین ” لێیان دەوەشێتەو ” بمانبەنە نێودونیای شارستانی دێموکراسی بەو مەرجەی ئاین نەخزێنینە نێو سیاسەت . [1]
دەوڵەتی قانوون
دەوڵەتی قانوون ووشەیەک نیە بگوترێ و نەدروشمێکیشە بەرزبکرێتەوە بەڵکوژیانێکە تێیدا بژین ، قانوون هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ مرۆڤی دەستەڵاتدارو مرۆڤی یاسازان و مرۆڤی قازی گفتوگۆ بکات .
لەوانەیە روانینی دەستەڵاتدار دەربارەی ( قانوون ) ڕوانیننێکی بەپیرۆزگرتن بێ ، کاتێ دەیەوێ دەستەڵاتەکەی لە ( بنەمای قانوونیدا ) کە سەروەری هەیە ، بچەسپێنێ ، یاخود دەیکات بە (لوتکەی حیکمەت) کاتێ دەیەوێ بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی مسۆگەر بکاو بێنێتەدی .
بەڵام ڕوانینی یاساناسی فەیلەسوف دەربارەی قانوونی دانراو بریتیە لە ڕوانینی ڕێزدارانە . یاساناسی فەیلەسوف ، سەرەڕای ڕێزگرتنی قانوون ، لەوانەیە ڕەخنەش لەهێندێک ماددە یان ئاڕاستەکانی بگرێ ، ئەوکاتە داوا ی گۆڕانکاری دەکات لە قانوونەکەداو بە شێوەیەک لەگەڵ باوەڕ و فەلسەفەکەیدا بگونجێ . ئەگەر ڕوانینی یاساناسی فەیلەسوف بۆدەستەڵاتدار ڕوانینێکی گوماناوی بێ ، ئەو کاتە هەوڵی سنوردارکردنی دەستەڵاتەکانی دەدات . کاتێ بنەمای قانوونی دانراو لەوەدا نابینێتەوە ، ئەو کاتە لەقانوونی بەرزتردا بەدوایدا دەگەڕێ ، قانوونێک ڕێزوملکەچی بەسەر هەمواندا ؛ دەستەڵتداران و بندەستان بسەپێنێ .
دوای ئەوە قانوونی دانراو پێویستە جێبەجێبکرێ بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری لەنێو مرۆڤاندا ، کە هیچ داپەروەریەک نیە جگەلە ( دادپەروەری دانراو ) کە لە قانوونەوە سەرچاوە دەگرێ و پشتی پی دەبەستێ . هەر ئەو کاتەش ڕۆڵی دادوەری و پێوەندی بەقانوونەوە دەردەکەوێ کاتێ دەبێتە لایەنێکی یەکسان بۆ دادوەر لە هاوکێشەی دادپەروەری ، قانوون حوکمی خۆی بەسەر دادوەردا ناسەپێنێ ، دادوەریش بۆچوونی خۆی بەسەرقانووندا ناسەپێنێ .[2]دەوڵەتی قانوون ( هەروەک (Rectstaat ئەڵمانەکان دەڵێن ، شارێکە بەڕوانگە یان فەلسەفەیەکی دیاریکراو لەقانوون کە دەگووترێ قانوون دەربڕی ئیرادەی دەوڵەتە ، بەشێوەیەک کە قانوونی دانراو مانای ئیرادەی دەوڵەت ، کەبەهۆیەوە بەبنەمای قانوونی نەک کەسی گوزارشتی لێ دەکەن . هیچ قانوونێکیش نیە جگە لەو قانوونەی کە دەستەڵاتی فەرمانڕەوا دایدەنێ ، بەومانایە ، دەوڵەتی قانوون قانوونی دەوڵەت دەگەیەنێ هیچ قانوونێکیش جگە لە قانوونی دەوڵەت نیە .[3]
بنچینەکانی دەوڵەتی قانوون
ووتمان هیچ قانوونێک جگە لە قانوونی دەستەڵاتداران نیە کە بە ئیرادەی خۆیان قانوون دادەنێن و بەو قانوونە دەڵێن قانوونی دانراو ، واتا ئیرادەی مرۆڤەکان لەوانیش ئەو کۆمەڵەی دەستەڵاتی بەدەستە . لێرەدا ئەو قانوونە دەکەوێتە بەر کاریگەری فەلسەفەی (ئیرادە) ، ئەو دیاردەیەش لە دروستکردنی ئیرادەی دەستەڵاتدارە ، ئینجا کەسی بێ یان کۆمەڵ . بەو شێوەیە قانوون ، بەنسبەت دانانە قانوونیەکە ؛ بریتیە لە قانوونی دانراو کە ئیرادەی فەرمانڕەوا ویستویەتی یان دایناوە .
( ئیرادی ) ڕەگەکەی بۆ دوور لەبیری مرۆڤانە دەڕوات . زۆربەی قوتابخانە فەلسەفیە ئیغریقیەکان ، ڕۆڵی ئیرادە زەق دەکەنەوە بەنسبەت قانوون . ڕۆمانەکانیش پشتیوانی ئەو ئاڕاستەیەیان کرد . هەر بیرۆکەیەکی فەلسەفیان بیناکردبێ زانا ڕۆمانەکان ، ئەوەی باو بوو بریتی بوو لەوەی ؛ هیچ بنەچەیەک بۆ قانوون نیە لە دەرەوەی ئیرادەی فەرمانڕەوا . ئەو ڕوانگەیە بەدرێژایی سەدەی ناوەڕاست بەردەوام بوو . گووتەکە بەناوبانگ بوو کە دەڵێ : ویستی پاشا ویستی قانوونە . ئەو بیرۆکە و ئەوئاڕاستەیە لای فەیلەسوفی ئینگلیزی هۆبز (١٥٨٨-١٦٧٩) دەدۆزینەوەکە گوتی : نەک دادپەروەری بەڵکو فەرمانڕەوا قانوون دادەنێ . هەروەک بۆرتالیس (١٧٤٦-١٨٠٧) کە لە دیارترین دانەرانی نوسراوی قانوونی شارستانی فەڕەنسیە ، ڕایگەیاند ( قانوونەکان ئیرادەکانن ) .[4] بەم شێوەیە دەبینین هەڵوێستەکان بەرانبەر دیاردە قانوونیەکان ، کەوتنە بەر کاریگەری فەلسەفەی دانراو لە سەدەی نۆزدەمدا . لەو بوارەدا ( دانەری ) زانستی کۆمەڵناسی نوێ فەیلەسوفی فەڕەنسی ئۆگۆست کۆنت (١٧٩٨-١٨٥٧) ڕۆڵێکی مەزنی گێڕا . فەلسەفەی دانراو لەڕێگەی تێبینی و پرۆسەی ڕێکخستن و خوڵقاندن (induction) ( دەیەوێ بگاتە حەقیقەت ).
بژاری سەرکەوتوو لە دوای شۆڕشی فەڕەنسا ، کەوا هێمنایەتی چەسپاندو پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی دەکرد لەو قانوونانەدا دەستەبەریکی بۆ بەرژەوەندیەکانی دۆزیەوە ، نەیدەتوانی شتێکی تر بکات جگە لە ڕێزگرتن و پیرۆزکردنی دەقەکان ، لێرەوە بیرۆکەی ( پەرستنی دەق ) دروست بوو .
لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەم ، ئەڵمانیا بە قۆناغی دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆدا تێدەپەڕی ، هەروەک قۆناغی سیاسەتی بسمارکی و نەریتی فەلسەفەیەک کە لەسەری سەرەوەی فەلسەفەی هیگڵی هەبوو ، دەوڵەتی بەپیرۆز دەگرت . هەموو ئەوانە وایان لە ئەڵمانیا کرد ببێتە زەویەکی بەپیت کە ئەو بیرۆکەیە قبوڵ بکات کەقانوون بنچینەکەی فەرمانیکە دەبێ لەگەل زۆرلێکردن یان (سزا) ئاوێزان بێت .[5]
لەبنچینەی قانووندا ، قانوونمان وا ڕووبەڕوو بۆوە کە دەتوانین بڵێین بنەمای قانوونی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیە ، چونکە کردەوەو هەڵسوکەوتی تاکەکان ڕێکدەخات لەکۆمەڵدا . ئەو بنەمایە هەڵسوکەوتە پابەندیە ، فەرمانڕەوای دەستەڵاتدار دایدەنێ ، واتا دەوڵەت ئەو قانوونانە دەنرخێنێ و دایاندەنێ . ئامانجی قانوون ، بریتیە لە پاراستنی ژیانی کۆمەڵ و بەردەوامی و گەشەپێدانی . قانوون مرۆڤەکان دایدەنێن ( فەرمانڕەوا ) ، لەپێناوی سیستەم و نیزام کە پێویستە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی ، قانوون خۆی لەخۆیدا ئامانج نیە ، بەڵکو کەرەستەیەکە بۆ بەدیهێنانی ئامانجێک کە بریتیە لە پارێزگاری و مانەوەو بەردەوامی و گەشەکردنی کۆمەڵ .
لەدونیای نوێدا ، دەوڵەتی هاوچەرخ بەوسیفەتەی دەوڵەتی ( قانوونە ) ، بەپرەنسیبی رەوایی ( مبدا الشرعیە ) وەریدەگرێ کەوا سەرجەم دەستەڵاتە گشتیەکان ملکەچ دەکات بۆ قانوون ، هەروەک تاکەکان .
ئەنجومەنی نوێنەران ( پەرلەمان) ، خاوەنی دەستەڵاتی یاسادانانە لە دەوڵەتدا ، لە سەریەتی پابەندبێ بەڕێزگرتن لە قانوونی دەستووری کە ئەرکەکانی بۆ دیاری دەکات ، سنورەکانی دەکێشێ و چوارچێوەکانی بۆ دەستنیشان دەکات ، ئەو ڕێو و شوێنانەی بۆ دیاری دەکات کە پێویستە بیانگرێتەبەر، هەروەک پەرلەمان پابەند دەبێ بەڕێزگرتن لەو قانوونە کە دەریدەکات ، مادام هێشتا لەکاردایەو هەموار نەکراوەتەوە یان بەقانوونێکی تر لەکار نەخراوە .
دەستەڵاتی دادوەری بەدەوری خۆی پابەند دەبێ بەڕێزگرتن لەقانوون ، ئەوەش بەمانای ئەوەدێ کە دادگاکان ، پێویستە ڕێز لە قانوون بگرن کەوا جێبەجێی دەکەن کاتێ ئەرکەکانیان ڕایی دەکەن لەکاتی یەکلاکردنەوەی کێشەکان کە ڕۆژانە دێتە بەردەمیان .
هەروەک دەستەڵاتی بەڕێوەبردنی گشتی (الادارە العامە) پابەند دەبێ بەڕێزگرتن لە قانوون و نابێ لە بڕیارەکانی دەرچێ ، پرەنسیپی ملکەچی بەڕێوەبردن بۆ قانوون بریتیە لە لایەنێک لەلایەنەکانی پرەنسیپی ڕەوایی بەمانای فراوان کەوا سەرجەم دەستەڵاتەکان ملکەچ پێدەکات بۆ قانوون .[6]
کاتێ بەرانبەر ( قانوونی دەستوری ) دەوەستین وەک یەکیک لەو قانوونانەی کە بەشدارە لەڕێکخستنی ژیانی گشتی ، مەبەست لەو قانوونە دەستوریە نیە ، کە زانستێکە بە ناوەرۆک و مێژوو و گەشەکردنەکانی ، بەڵکو مەبەست لە بنەما ( دانراوەکان ) ـە ڕێکدەخات یان بەشدار دەبێ لەڕێکخستنی بەڕێوەبردنی دەستەڵات . لێرەدا مەبەست لە قانوونی دەستوری ، ئەوەیە کە بریتیە لە کۆمەڵێک بنەمای دانراو کە پێیان دەڵێن : بنەمای دەستوری بەشدار دەبن لەڕێکخستنی بەڕێوەبردنی دەستەڵات لەدەوڵەتدا ، لەلایەن فەرمانڕەواکانەوە ، کەدەستەڵاتیان بەدەستەوەیە .
لێرەدا پێویستە باسی ڕەوایی بێنینە گۆڕێ ، لەهەموو زەمەنێکدا باوەڕێک هەیە لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی دەستەڵات و سەرچاوەکانی ئەو دەستەڵاتەو چۆنیەتی بەڕێوە بردن وگواستنەوەی لە کەسێک یان کۆمەڵێکەوە بۆ یەکێکی تر . بەمانایەکی تر لە هەر قۆناخ و سەردەمێکدا باوەڕێکی گشتی باو هەیە کەلای زۆربە ڕەواجی هەیە دەربارەی کێ دەستەڵات بەڕێوە دەبا و چۆن چۆنی بەڕێوەی دەباو چۆن دەگوازرێتەوە بۆ دەستیکی تر . کاتێک دەستەڵات ڕەوایە کە ئەوەی بەڕێوەی دەبا و شێوازی بەڕێوەبردنی گونجاوبێ لەگەڵ ڕای باو لەنێو کۆمەڵدا . لەسەر ئەو بنچینەیە ڕەوایی مەلەکی هەیە ، واتا دەستەڵات ( یان حکومەت ) ڕەوایی نیە لەلای زۆربەی هاووڵاتیان ئەگەر لە دەستی مەلیکدا نەبێ . هەروەک ڕەوایی دێموکراسیانەش هەیە ، واتا دەستەڵات ڕەوایی نیە ( ئاواش پێویست ناکات ملکەچی بن ) تەنها مەگەر گەل بەڕێوەی ببات ( سەرچاوەی دەستەڵات ) یان ئەوانەی نوێنەرایەتی دەکەن . ئەو باوەڕەش بەپێی زەمان و شوێن دەگٶڕدرێ و لەئێستادا دێموکراسیەت باوەڕێکە گونجاوترین دۆخە کە تیایدا ئازادیەکان بەباشترین شێوە دەپارێزرێن و مافی مرۆف و دادی کۆمەڵایەتی گەشە دەکەن بەپێی پێویستیەکانی مرۆڤ . بیرۆکەی ڕەوایی دێموکراسی ، وا باس دەکرێ کە بەرهەمی ڕامانی فەیلەسوفەکانی سەدەی هەژدەم بێ ، بەڵام ئەو بیرۆکەیە بۆ زۆرکۆنتر دەگەڕیتەوە ، سەردەمی زانا کاسۆلیکەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ، بەتایبەت سانت تۆماس ئەکوینی (١٢٢٥-١٢٧٤) دواتر لەئەوروپا بەتایبەت لە فەرەنسا پەرەی پێدرا لەلایەن ئۆپزسیۆنی کاسۆلیک و پرۆتستات ، کەوەک چەکێک لەململانێ ئایینی و سیاسیەکاندا لەو قۆناغەدا بەکاردەهات .[7]
کەواتە دەستەڵات کاتێک ڕەوایی دەبێت ئەگەر شێوازی بەڕێوە بردنی و گواستنەوەی بەپێی ئەو بنەما یا نەبێ کە هاووڵاتیان ڕەزامەندن لەسەری. دەنگدانی هاووڵاتیان بەدەستورێک بەبەڵێ ئەوە نیشانەی ڕازیبوونیانە بە شێوازی بەڕێوەبردنی دەستەڵات و شێوازی گواستنەوەی لەڕاستیدا ، واتا بەڕێوەبردنی دەستەڵات لە شكڵدا وەک دەستور دیاری کردوە جوتە لەگەڵ بیرۆکەی ڕەوایی باو لەدەوڵەتدا .[8]
هەڵبژاردن
لەباسی دەوڵەتی قانوون و ڕەوایی و دێموکراسیەتدا هەڵبژاردن کۆڵەکەی سەرەکیە ، بەبێ هەڵبژاردنێکی ئازادو سەربەخۆ ئەو دەستەواژانەی سەرەوە هیچ مانایەکیان نابێ ، بوونی ئەوانە بە هەڵبژاردنێکی قانوونی و خاوێن دەپێورێن . کەواتە دەبێ باسێکی هەڵبژاردن بکەین . مافی هەڵبژاردن ل ەدێموکراسیدا بەردی بناغەیەتیایدا . چونکە رێگایەکە رەوایی سیاسی بە فەرمانڕەوا دەدات بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەخزمەتی گەلدا . بەکارهێنانی مافی دەنگدان بریتیە لەلوتکەی بەشداری دێموکراسی و زۆرترین کاریگەری لەسەر ئایندەی دەستەڵات هەیە . گرنگە زۆرترین رێژە لەهاووڵاتیان رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەوکەسەی نوێنەرایەتیان دەکات بۆ بەڕێوە بردنی دەستەڵات . بەڵام ” چەندایەتی ” خەڵک بەس نیە بۆبەشداری دێموکراسی ، هەروەها چۆنیەتی دەنگدانیش هەیە . لەبەرئەوەی دەشێ لەئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا گۆڕانکاری بنەڕەتی بەرهەمبێت کە رەنگە ببێتە هۆی پێشکەوتن یان دواکەوتنی وڵات . جێی حیکمەت و ئەرکی نیشتمانیە زانیاری پێویست هەبێ لەسەربەرنامە پێشکەشکراوەکانی پارتەکان و کاندیدەکانیان و هەڵبژاردنی باشترینیان بە ئاگاییەوە .
بەسوک سەیرکردنی مافی دەنگدان یان ئەو قسە باوەی کەدەڵێ” تاقە دەنگی من نەپێش دەخاو نەدوا دەخات ” دیموکراسی لە ناوەرۆکە بنچینەییەکەی کەبریتیە لەدەستەڵاتی گەل لەگەلەوە یەو بۆ گەلە بەتاڵ دەکاتەوە . ساویلکەیی و نەزانی جگەلە چاوبەستەکان ئەوانەی یاریدەکەن بەدرۆ و فێڵ و کڕینی دەنگی ساویلکەکان بەپارەکانیان کەسی تر ناگەیەنێتە دەستەڵات . شێوازو رێگەکانی هەڵبژاردن هاوشێوەیە لەگەڵ هەموو جۆرەکانی هەڵبژاردنەکان و راپرسیە جەماوەریەکان لەسەندیکایی و کۆمەڵایەتیەکان . ئاستی هۆشیاری دێموکراسی و ئەندازەی پێشکەوتنەکەی لەمەحەک دەدا . بوونی چاودێریەکی کارا بۆ کاندیدکردن و هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئەنجومەنە خۆجێییە سەربەخۆکان یان نێو دەوڵەتیەکان لەباریدا هەیە شوێنێکی شایستە لەدڵی دەنگدەران بەدەستبهێنێ کە دەبێتە هۆی رێزی دامەزراوەکان کەهەڵبژاردنیان تێدا دەکرێ و هەرکاندیدێکی هەڵبژێراو رەوایی تەواو بەدەست دەهێنێ .
بۆ چەسپاندنی پایەکانی دێموکراسی ، پێویستە لەسەر حکومەتی هەڵبژێراو بەوەفابێ بەرانبەر بەو بەڵێنانەی کە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەگەلی داون . ئەوە هەموو ئەو دامەزراوانەش دەگرێتەوە کە هەڵبژاردنەکانیان تێدا یە . رونکاری لەپێداویستیەکانی دێموکراسیە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان و دیالۆگی بەردەوام لەنێوان فەرمانڕەواو ژێرفەرماناندا لەرێگەی ئامڕازەکانی راگەیاندن و رستەیەک لە پەیوەندیە هەمە جۆرەکان وەک ئامادەبونی نوێنەر یان وەزیر بەشێوەیەکی دەوری لە ناوچەی بازنەکانی هەڵبژاردن بۆ تێگەیشتن لەکێشەکانی خەڵک لە واقیعی رۆژانەدا بۆئەوەی بڕیارو کارەکانیان بەرژەوەندی بەکردەوەی خەڵک بگرێتەوە .
لێرەدا دووسیستەمی بنچینەیی لەجۆری هەڵبژاردنە نوێنەرایەتیەکان هەیە :
1 – سیستەمی رێژەیی کەوا رێژەی نوێنەران لەگەڵ رێژەی دەنگدەران دەگونجێ ، بۆنمونە ٣نوێنەر بۆ هەر ١٠٠٠٠٠دەنگ بۆ ناوچەیەک یان لە سەر ئاستی هەموو وڵات . ئەو سیستەمە هانی فرەپارتی زۆردەدا کەتیایدا بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی قورس دەبێ بۆ فەرمانڕەوایی کردن بەشێوەیەکی کارا ، و نا ئارامی دەخزێتە نێو حکومەتەوە . بەڵام شوێن و دەنگی بیستراو دەداتە کۆمەڵە پارتە بچوکەکان و هانی دەرکەوتنی کەسایەتیە بەهێزەکان دەدات کەبارودۆخی سیاسی بۆ نەگونجاوە لە سیستەمێکی تردا کاربکات .
2 – سیستەمی زۆرایەتی کە دەوەستێتە سەر سەرکەوتنی نوێنەر لەبازنەی هەڵبژاردنەکەیدا کاتێ زۆرینەی دەنگی دەنگدەران بەدەست دەهێنێ واتا٥٠%+١.ئەو سیستەمە هانی کەمکردنەوەی ژمارەی پارتەکان دەدا ، حکومەتیش تیایدا سەقامگیری و هێزێکی زۆرتری دەبێ .
دەکرێ ئەم دووسیستەمە بە ئەندازەیەکی دیاریکراو تێکەڵبکرێن بۆ خۆلادان لە لایەنە خراپەکانیان هەروەک بۆنمونە لەئەڵمانیا جێبەجێکراوە . [9]
سەرچاوە :
١- ويل موبيض,الف باء الديمقراطية,حوار متمدن,العدد2992-2010-5-1 **
2 – الدكتور منذرالشاوى,دولة القانون,مكتبة الذاكرة,بغداد,الطبعة الاولى,2013,مقدمة,ص5-6
3- الدكتور,منذر الٍشاوى,دولة القانون .ن,م.ص,ص37
4- الدكتور,منذر الشاوى, دولة القانون .ن,م.ص.ص38
5 – الدكتور.منذر الشاوى, دولة القانون .ن,م.ص..ص41
[6] -الدكتور.حسين عثمان محمد,قانون قضاء الادارى,منشورات الحلبى الحقوقية,لبنان,2010,ص11-21
7 -الدكتور منذرالشاوى ,القانون الدستورى,الجزء الاول,الطبعة الثانية2007,المكتبة القانونية.ص66-71
8-الدكتور منذر الشاوى دولة القانون,م,ص,ص256
9 – نويل موبيض,الف باء الديمقراطية,حوار متمدن,م,ص.
*ریمۆن بۆلان سەرۆکی پێشوی زانکۆی سۆربۆن-پاریس
**ئەمە بابەتێکە بەناوی( ئەلف وبێی دێموکراسی ) لەلایەن نوسەرەوە کراوە بەکوردی ولەگۆڤاری دەنگداندا ژمارە ١٩-٢١دا بڵاوکراوەتەوە .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت