عەتا قەرەداخی : ئایا بەو جۆرە داماون بەدەستی پارتیەوە یان ئێوەش بەشدارن ؟
ئەوەى رۆژانە دەیبیستین ئەوەیە کە بێجگە لە پارتی خۆیان هەموو حیزبەکانی تر بە تایبەتی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ و حیزبۆکەکانی تریش هەموویان هاوارو ناڵەو فیغانیانە بەدەست جەبەرووتی پارتیەوەو بەدەستیەوە داماون ، واینیشان دەدەن کە پارتی نە گوێ لەکەس دەگرێت و نە هیچ حیسابێک بۆ هەموو ئەمانەى تر دەکات ، تەنانەت بە یەکێتیشەوە. ئاى کە ئەم حیزبانە داماو و گوناهن مرۆڤ بەزەیی پیایاندا دێتەوە . باشە بۆچی خودا بە فریاى ئیسلامیەکان ناکەوێت و پارتی ژێرەو ژوور بکات . ئەى یەکێتیە شۆیال دیموکراتەکە بۆ هانا نابێت بۆ سۆشیال دیموکراتەکانی جیهان ، ئەى سکرتێرەکەى جیگرى سەرۆکی سۆشیال دیموکراتی جیهانی نیە؟ ئەى جەماوەرى دەنگدەرى گۆڕان کە نیو ملیۆن دەنگدەر بوون بۆ قبوڵی دەکەن پارتی سەرۆکی پەرلەمانەکەى دەربکات و وەزیرەکانیش ئاودیوى ئەم دیووى دێگەڵە بکات ؟ بەڵی وادیارە مەغبوونی ئەم حیزبانە بەدەستی پارتیەوە لە ئەندازە بەدەر بێت .
دیارە بەرپرسانی سەرەوەیان ناوێرن قسەبکەن یان لەبەر بەرژەوەندییەکانیان خۆیان قسە ناکەن و هانی هەندێ کادیرى لاوەکی دەدەن لەم کەناڵ و ئەو کەناڵ قسە بەپارتی بڵێن . دیارە بەپێی ئازارەکانی ئەم لایەنانە پارتی شایانی ئەوەیە قسەى جدى لەسەر بکرێت و پێی بگوترێت بەڵام با خاوەن بەرژەوەندییەکانی ناو ئەم چوار حیزبە واتە ئەوانەى کە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی قاقا پێدەکەنن ئەو قسان بکەن ، نەک ئەوانەى کەس هین بەکڵاویان ناپێوێت . بەڵێ لاوازى هەموو حیزبەکانی تر لەبەردەمی پارتیدا وایکردووە بەردەوام گوێمان لەو هاوارو ناڵینە بێت . من نازانم ئەوە تا چەند راستە کە پارتی ئەوەندە باڵادەست بێت ، بەڵام من هیچ گومانم نیە ئەگەرە ئەوە راست بێت ، ئەوە لە لێهاتووى و بەهێزى و پاڵەوانیتی پارتیەوە نیە کە ئەمان وا لاوازو بێ دەسەڵاتن . هەروەک دوورو نزیکیش پەیوەندی بەو درۆ گەورەیەوە نیە کە ئەم حیزبانە پێی دەڵێن پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی چونکە مەگەر ناهوشیارەکان بڕوا بەوە بکەن کە حیزبی کوردی بەتەنگ نیشتیمان و نەتەوەوە بێت .
بە پێچەوانەوە حیزبی کوردى کۆمپانیای قاچاخچێتی و کاسپی کردنە بە قوت و ژیانی خەڵکەوە . رەنگە ئەگەر راپرسی گشتی بۆ ئەم پرسیارە بکەین حیزبەکانی کوردستان هەموویان لە نیشتیمانپەروەرى و نەتەوە پەروەریدا راسب بن ، دیارە ئەوەش بەهۆى گەندەڵی و دزى و درۆزنى و بێ روویی و رووخاندنی بەهاو بنەما مرۆیی و نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانەوەیە لاى زۆرێک لەبەرپرسەکان ، نەک ئەندامانی خوارەوەو قاعیدەى حیزب چونکە ئەندامانی خوارەوەو و قاعیدەى هەموو حیزبەکان هاوشان و هاوخەم و هاوئازارى جەماوەرن و دەتوانین بڵێن ئەوانیش هەر بە جەماوەر دادەنرێن و ئەم سەرکردایتیە شکستخواردووەى دەسەڵات و حیزبی کوردی قاعیدەو ئەندامانی خوارەوەى حیزبەکانیشیان وەکو جەماوەرى دەرەوەى حیزب کردووە بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان . هەر قاعیدەى حیزبەکانیشن کە هەم خۆیان جەماوەرن و هەم جەماوەرى دەرەوەى حیزبیش وەکو بەشێک لەخۆیان سەیرى دەکەن وایانکردووە ئەم بەرپرسە نابەرپرسانەى کوردستان تاکو ئێستاش پارێزراوبن و وەدەرنەنرابن .
بەهەرحاڵ :
گریمان هەموو ئەو شتانەى کە ئەم حیزبانەى تر سەبارەت بە پارتی دەیڵێن راستەو پارتی هۆکارى هەموو کێشەکانی کوردستانە .
گریمان پارتی هۆی هەموو شەڕە ناوخۆییەکان بووە .
گریمان پارتی هۆى لاوازى ئازادى بیرکردنەوە ئازادى بیروڕا دەربڕین و تەسککردنەوەی پەراوێزى دیموکراسیە .
گریمان پارتی هۆى شکستەکانی حکومەتی هەرێمی کورستان و لاوازی پەرلەمان و سەرئەنجامیش بە دڵنیاییەوە هۆى لەکارخستنیەتی .
گریمان پارتی هۆى خۆپیشاندانەکانی 17ى شوبات و خۆپیشاندانەکانی ترو رشتنی خوێنی ئەو لاوانەیە کە بوونە قۆچی قوربانب .
گریمان هەموو ئەوانەى لە پەنجا ساڵی رابردوودا لە پشتەوە کوژراون هەر پارتیە .
گریمان هاتنە ناوەوەى سوپاى تورکیاو ئێران هەمان شێوەى 31 ى ئاب هەر بە دەستی پارتی بووە .
گریمان چوونەوە بەغداى کورد هەر هەمووى خەتاى پارتی بووەو مام جەلال و سەلاحەدین بەهادین بە ناچارى و بەفشارى پارتی چوونەتە بەغدا .
گریمان کۆى کێشەکانی کوردو بەغدا هەموو خەتاى پارتیە .
گریمان کۆى گەندەڵیەکانی کوردستان خەتاى پارتیە ، هەر پارتیە ئەو هەموو موچەخۆرى بن دیوارەى درووستکردووە .
گریمان هەر پارتیە ئەو هەموو خەڵکەى لە کۆنە بەعسی و جاش و خائین و خۆفرۆش و عەرەبی عێراقی و خەڵکی ترى دەرەوەى هەرێمی کوردستانی بە یلەى بەرزو جۆراو جۆر لەسەر قوتی خەڵکی کوردستان خانەنشین کردووە .
گریمان هەر پارتیە کە هەرێمی کوردستانی رووبەڕووى ئەم قەیرانە خنکێنەرە ئابوورى و سیاسیەى ئێستا کردووەتەوە ، لەگەڵ سەدان گریمانی تر بۆ کارى خراپی پارتی .
ئەى بەڕێزینە ئێوە چین لەم کوردستاندا ؟ داهۆڵن یان بتن ، یان ئیفلیج و کەفتەکارن ؟، یان شێت و شەیداى پارەو سامانن و ئێوەش بەشدارن لە هەموو ئەو گریمانانەداو تاکو ئێستاش پێکەوە لەگەڵ پارتیدا سەروەت و سامان و قوتی خەڵکی کوردستان بە فێرۆ دەدەن و دەدزن ؟ ئەگەر بەڕاست ئێوەش بەشدارى ئەو هەموو خراپەکارییانە نین دەى فەرموو وەکو پیاو هەر هەمووتان بە تایبەتی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ پێکەوە لەو دەسەڵاتە شکستخواردووەى هەرێم کە وەکو خۆتان دەڵێن بێجگە لە پارتی کەس هیچی بەدەست نیە تێیدا ، وەرنە دەرەوەو بێ گوناهیى و خاوێنی خۆتان بە کردەوە نیشان بدەن . بەڵام بێگومان هەرگیز ئەوەتان پێناکرێت چونکە ئێوەش هەریەکەتان بە قەبارەى خۆتان لە کۆى خراپەکارییەکانی حیزب و کەندەڵی و رووخاندنی ئینتیماى خەڵکی کوردستاندا بەشدارن . هەمووتان لە پۆخڵەواتەکانی دەسەڵاتی کوردیدا بەرامبەر بەگەل و چارەنووسی گەل بەشدارن و هەر شتێکی لەوەى ئێستاش خراپتر رووبدات هەمووتان لەوەى ئێستاتان زیاتر روو زەردو ریسواى مێژوو دەبن و هەموو ئەوەى لە داهاتی گشتی میللەتتان بردووتانە بە فریاتان ناکەێت .
بەڵێ ئەو حیزب و لایەنەى خۆى بە بەشدارى خراپەکارییەکانی دەسەڵاتی کوردى یان وەکو خۆتان دەڵێن دەسەڵاتی پارتی بەرامبەر بەگەل نازانێت و واى نیشان دەدات کە خاوێنە با سەنگەرەکە بۆ پارتی چۆڵ بکات و چیتر بەشدراى ئەو هەموو تاوانە نەبێت بەرامبەر بە گەل . بەڵام واپێدەچێت لەو چوار حیزبەیە کەسیان بوێرى بڕیاردانێکی لەوجۆرەیان نەبێت و هەموو ئەو شینەى دەیکەن شینی هەریسەکەیە نەک شین بۆ ژیانی زەحمەتکێشان و جەماوەرى گەل. بۆیە باشتر وایە لەوە زیاتر خەڵک فریوو نەدەن . ئەگەر بەراست ئێوە بەشدارى ئەو هەموو کارەسات و قەیران و گەندەڵیە نین کە ئێستا یەخەى هەرێمی کوردستانی گرتووە ، فەرموون رێگاکە دیارو ئاشکرایەو وەرنە دەرەوەى ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەو ببنە هاوشانی جەماوەر ، دیارە هیچ پاساوێک نیە بۆ مانەوەتان لە دەسەڵاندا ئەگەر بەراستی بەشدارى هەموو ئەو ئەگەرانە نین کە هەرێمی کوردستانیان گەیاندووە بەم بارە ناهەموارەى ئێستا .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت