کاوسێن بابەکر : بوەستن قانوون قسەدەکات .
دوای بیست وچوار سال حوکمڕانی خۆماڵی نەمانتوانیوە کۆمەڵگا لەکۆمەڵگایەکی سروشتیەوە بگوازینەوە بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی و شارستانی و دەولەتی ماف و قانوون دابمەزرێنین ! دیارە ناکرێ بڵێین هیج هەنگاو نەچووینەتە پێشەوە ، بەڵام هێشتا پەیوەندیەکانی خێڵ زاڵن ، هێشتا بەهاکانی خێڵایەتی نەک لەنێو کۆمەڵگادا بڵاون بەڵکو بەناو بواری سیاسیشدا ڕۆچوون وحزبەکان هەریەک بەئەندازەیەک قانگدراون بەکەلتورو بەهای خێڵایەتی ، لەبواری بەڕیوەبردنی دام ودەزگاکانی حزب و دەستەڵات ، هەر ئەمەش شٶڕبۆتەوە بۆ بواری حوکمڕانی ووڵات و ڕوانگەی سیاسی وفەلسەفیان بەتەواوی بەم بەها خێڵەکیانە زاخاوداوە!کورتبینیەکی گەورەیە گەر تەنها حزبێک یان دووان بەم خەوشە تۆمەتبار بکەین چونکە سەرجەم حزبەکانی کوردستان ئەوکاتە بەرگری لەقانوون دەکەن کە بەقازانجی خۆیان بشکێتەوە! ئەوکاتە هاواریان لێ هەڵدەستێ کە قانوون لەلایەن ئەوی دیکەوە پێشێل دەکرێ ! من دەپرسم کام حزبەیان مڵک و ماڵی گشتی داگیر نەکردووە؟کام حزبەیان دەیان و سەدان گەندەڵکاری تیانیە و بچوکترین لێپرسینەوەشیان لەگەل هیچکامێکیان نەکردوە ؟، خۆئەوەی گەندەڵکاری تیانەبێ ئەوا لانی کەم هەلوێستێکی جدی وبەرپرسانەی نەبووە لەسەر کەیسی گەندەڵکاری وهەر ئەوکاتانە ووروژاندویەتی کەمەبەستیکی سیاسی لەپشتەوە بووبێ دەنا دواتر لەبیرخۆیان بردۆتەوە !
کێشمەکێشی دەستەڵات وقانوونی سەرۆکایەتی هەرێم
هەرێم و ناوچەکە بەقۆناخێکی هەستیارو گرنگدا تێدەپەڕێ بۆ هەرێم قۆناخێکی گواستنەوەی گرنگە گواستنەوەیەک لەکۆمەڵگای سروشتی وخێڵەکی وەک ئاماژەم پێدا بۆ کۆمەڵگای مەدەنی و شارستانی و بەرەو چەسپاندنی قانوون ، ئەم کێشمەکێشە هەرچەند خاڵی نیە لەهەڵوێستی هەلپەرستانە بۆ دەستکەوتی حزبی وکەسی لەلایەک و ڕەنگکردنی ململانێکە بەگرەوی دۆڕاندن و بردنەوە کەزیاتر لەشەڕی کۆنە قینان دەچێ، سەرەڕاش ، دەکرێ بڵێین قۆناخی گواستنەوەکە ئەگەر سەداسەدیش دەستکەوتەکانی بەدینەیەن هێشتا دەکرێ بڵێین گوستنەوەیە بەرەو چەسپاندنی قانوون بۆیەکەمجار لەمێژووی کوردیدا !
ڕاستکردنەوەی هەڵەکان
ململانێ لەپێناو بردنەوە و دۆڕاندنی بەرانبەر ، گفتوگۆکان بەرەو بنبەست دەباو وادەکات هیچ لایەک لە داواکانی خۆی نەیەتە خوارەوە ، ئەو گفتوگۆیانەو کۆبوونەوانە بەکۆبوونەوەکانی پەرلەمانیشەوە زۆر دڵگەرمانە و حەماسیانە بەڕیوە چوون کە ، پێشانی دەدا هەرلایەو خۆی بەحەق و سەرکەوتووبزانێ و بەرانبەرەکەی بەناحەق و دۆڕاو ! تائەو رادەیەی نەک هەر کادیرە سیاسیەکان بەڵکو کادیرە قانوونی و خاوەن ئەزموونەکانیش بەئانقەست تەفسیری ناڕاستیان بۆ ماددەو بڕگەکانی قانوونەکان دەکرد !! ئەوە خەریکە دەبێتە دیاردەیەک بۆڕەتکردنەوەی لۆژیک وسەرخستنی ئەو قسەیەی کەدەڵی ( بشفڕێ هەر بزنە ! ).. بۆنمونە ؛
یەکەم : مادەی سێیەم لەقانوونی سەرۆکایتی هەرێم دەڵێ ؛ ( ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بۆ چوار ساڵەو، دەشێ بۆ جاری دووەمیش هەڵبژێرێتەوە .)
دوای هەڵبژاردنەوەی بۆ جاری دووەم ، بەیاسای ژمارە ١٩ی سالی ٢٠١٣ دووساڵی تر بۆ سەرۆکی ئێستا دریژکرایەوە .
دووەم : مادەی یەکەم ویلایەتی سەرۆکی هەرێم لە٢٠/٨/٢٠١٣دا تەواودەبیت ، بەردەوام دەبیت ، درێژدەکریتەوە تا١٩/٨/٢٠١٥ کە ئیتر بۆجاری دووەم یارای درێژکردنەوەی نیە . پێموایە هیچ لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرن جگە لەوەی کە ماددەکان بەدێڕەکان خۆیان ڕوونکردۆتەوە !
سێیەم : پەنابردن بۆ ئەنجومەنی شورا ، تاچەند قانوونیە ؟
ئەمجومەنی شورا سەر بەوەزاڕەتی دادە و سەرۆکەکەی لەپلەی بەڕێوەبەری گستی دایەو لەئاستیکدا نیە ڕایەک دەرببڕێ کە لەسەروی وەزاڕەتەوە بێ و پابەند بن پێیەوە ، تەنهاو تەنها دەتوانێ ڕاویژ پێشکەش بکات ، چونکە زۆر بەڕوونی لەمادەی هەشتەم دەڵێ : ئەنجومەن ڕاوێژی یاسایی پێشکەش دەکات لەو پرسانەی کەلەلایەنی باڵاوە ( واتا سەروی ئاستی خۆیەوە ) بۆ پرسپێکردنی دەخرینە بەردەمی … وەک ئێستا . بەڵام مادەی نۆیەم کە ئەورایانە دەگرێتەوە کەدەریان دەبڕێ لەسەر ئەوکێشانەی لە لەلایەن وەزارەت و دەستەکانەوە دەخرینە بەردەمی و ئەوکات دەبێ لایەنەکان پابەندبن پێوەی ، ئەویش بەومەرجەی کە مادەی دەیەم دایناوە کە لە بڕگەی یەکەمیدا بەڕوونی دەڵێ : ( نابێ جگە لە وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی پەیوەست نەبوو بەوەزاڕەتەوە کێشەکان بخرێنە بەردەمی ) . بۆ ئەم کێشەیە سەرۆکی پەرلەمان ئیمزای نەکردووە کەواتە لەڕووی شکڵیشەوە هەر ناقانوونیەو دەبوایە ئەنجومەن بیگێڕێتەوە هەروەک پێشتر ئەو نوسراوانەی گێڕاوەتەوە کەئیمزای سەرۆکی پەرلەمان یان وەزیری بەسەرەوە نەبووە .!
دەبێ هەموو ئەو هەڵوێستە حەماسیانەو لێکدانەوە ناڕاستانە بۆ ماددەو برگەکانی یاساکان ڕاستبکەینەوەو تێپەڕێنین و حزبەکان ڕاستگۆیی خۆیان بسەلمێنن لەو دروشم و بانگەوازانەی کەبۆ چەسپاندنی یاساوڕێساکان وپرەنسیپەکانی دێموکراسی دەریان بڕیوەو خۆیان پێوە باداوە و دەنگیان پێ کۆکردۆتەوە .
با قانووون قسەبکات
کاتی ئەوە هاتووە کوردستانیش خاوەنی دەستوورو قانوون بێت و ئەوانیش سەروەربن ، سەروەریش سەرەتا لەوەوە دەست پێدەکات کە ئەو حزب و لایەنانەی پروپاگەندەی بۆ دەکەن کاری پێبکەن و ڕێزی بگرن و ببنە نمونەی ئەوانی تریش بۆئەوەی چاوتان لێبکەن . دەستکاری قانوونەکان لەبەر خاتری کەسی دەبێتە پێشینەیەکی خراپ بۆ نەوەی داهاتوو . باگومان نەکەوێتە سەر ئەوڕابردوە پڕ لەخەباتەی چەندین دەیەیە بەخوێن ماندووبوونی پێشمەرگەو کادیرەکانتان ڕەنگڕێژکراوە لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان کوردستانیان ، لەپێناو دەوڵەتی قانوون و دێموکراسی ، ئێستا ڕاستگۆیی ئێوە حزبەکان لەمەحەکدایە داخۆ وەک داواتان کردووە بەکردەوەش جێبەجێی دەکەن ؟!
بارزانی هەر سەرۆکە ؟
مامەڵەکردن لەگەل سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی مامەڵەیەکی تەواو کەسی و دوو ڕویانەیە ، لەکاتیکدا هەمووان قانوون دەکەنە بەڵگە بۆ تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی ، لەهەمان کاتدا کەس ئازایەتی ئەوەی نیە یان لەبەرژەوەندی نیە بەکردەوە پێشانی بدا کە سەرۆکێکی ماوە بەسەرچووە !! بەپێچەوانەوە وەک جاران پابەندن بەکۆبوونەوە و مامەڵەکان وەک پێشووتر! نە سەرۆکی پەرلەمان و نە تاقە یەک کادیرو حزبیش خۆی لەقەرەی ئەو باسە نەداوەو هەروەک جاری جاران بارزانی سەرۆکە ! بێجگە لەوەی هیچ حزبێکیش پڕکێشی پێشکەشکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی ناکات ! کەچی وەک ئاماژەم پێدا کادیرو ئەندام پەرلەمانەکانیان بە ووتەو ووتاری ئاگراویەوە بەرداوەتە مەیدانەکەو لەگەڵ ئەوانی پارتی تا ڕۆخی دۆخی شەڕی ناوخۆ هەراکەیان تاوداوە !! ئەوە جگە لە بێموبالاتی و خەمساردی سیاسی و باش نەخوێندنەوەی دۆخەکە و هەلپەرستی سیاسی و گەمەکردن بەهەستی هاوڵاتیان چی دیکەی لێ دەفامرێتەوە ؟
بەکەسیکردنی کەیسەکە
لەهەموو ئەوانە خراپتر قانوونی سەرۆکایەتی بەباڵای سەرۆک بارزانی دەبڕن و کەس بیر لەوە ناکاتەوە ڕەنگە ڕۆژێک بێت کەسیکی تر ئەو جێگایە پر بکاتەوە! ئایا ئەوانەی ئێستا شەڕ لەسەر دەستەڵاتە زۆرەکانی سەرۆک بۆدرێژکردنەوەی ماوەکانی سەرۆکایەتی دەکەن سبەی بۆ ئەو کەسەش هەمان شت ڕازی دەبن ؟ یان ئەو دەم داوای هەموارکردنەوەو بەسونبولکردنی دەستەڵاتەکانی سەرۆک دەکەن ، وەک ئێستای چوار پارتەکە ؟! یان پەنادەبرێ بۆڕێگای دووەم کە هەڵگەڕانەوە دەبێ لەو کەمە پرەنسیپ و ئازادیەی بەدەیان ڕوباری خوێن و فرمێسک بەدەستهاتووە !!
قانوون چیە ؟
قانوون بریتیە لە( مجموعة قواعد عامة و مجردة ) کۆمەڵێک بنەمان کە گشتی ودابڕاون .. ئەگەر کوردیەکەی تەواو بێت . واتا گشتی بۆ هەموانن وەک یەکیش هەموان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی ، دابڕاون واتە پەیوەست نین بەکسێک یان گروپێک بەڵکو مەبەست هەرکەس و گروپێکە بەبێ هیج جیاوزی ونیشانەیەک . کەواتا لێرەدا کە قانوونی سەرۆکایتی هەرێم دەنوسرێتەوەوهەمواردەکرێت دەبێ گشتی و دابڕاوبێ نابێ کاتی نوسینەوە کەسێک لەخەیاڵی یاسادانەراندا بێت و بۆ ئەوی بنوسنەوە ! چونکە ئەم یاسایە بۆ دواڕۆژەو کەس نازانێ کی ئەم پۆستە وەردەگرێت ئەگەر ئێستاش بزانین کێ دەبێ بەسەرۆک دوای ئەو یەکێکی تر دێت ، بەتایبەت بۆ کوردستان کەیەکەمجارە قەراردراوە دەستورو یاسایەکی مەدەنی دێموکرات بنوسینەوەو تازە بەتازە خاوەنی حکومەت و دامودەزگای خۆمانین ، جەختکردنەوە لە ئینسانی بوون و دێموکراسی بوون زۆر گرنگترە لەوەی کێ ئەم دەستەڵاتە وەردەگرێ ، دەبێ یاساو دەستورێک بن ؛ ڕێگە بۆ دێموکراسیەت و دەستاودەستکردنی دەستەڵات و هێنانەدی دەوڵەتی سەربەخۆ خۆشکەن و ڕێگە لە دیکتاتۆریەت وتاکڕەوی وهەڕەشە لەیەکپارچەیی خاکی کوردستان بگرن .
جۆرج واشنتن وئەوانی دی
مێژوو پڕیەتی لەسەرکردەو کەسانێک کە بەڕاستگۆیی خزمەتی ووڵات و گەلەکەیان کرد ، جۆرج واشنتن (١٧٣٢-١٧٩٩) یەکەمین سەرۆکی ئەمریکاو (١٧٨٩-١٧٩٧)، یەکێک لەباوکە دامەزرێنەرەکانی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ، ئەو پیاوە دوای تەواوکردنی دوودەورەی سەرۆکایەتی وازی لەکورسی دەستەڵات هێنا ، هەرچەند خەڵک و ڕوناکبیران داوایان کرد بەردەوام بێ و هیچ یاسایەکیش ماوەی سەرۆکایەتی دیاری نەکردبوو ، بەڵام ئەو دیاری کردوو لەخۆیەوە دەستی پێکرد ، کەدەبێ سەرۆکایەتی دەستاودەست بکات و کەسیش لەدوو دەورە زیاتر بۆی نەبێ خۆی کاندید بکاتەوە ، هەرچەند ڕۆشنبیران و جەماوەر داوایانکرد بمێنێتەوەو پێشبینی دەکرا شەڕی ناوخۆ ڕووبدات هەرواش دەرچوو! بەڵام ئەو نەریتی دێموکراسیانەی دەستاودەستکردنی دەستەڵاتی داهێناو دەستەڵاتی تەسلیم بەجۆرج ئادمزکردو هەتائێستاش ئەم نەریتە بەردەوامە.
نمونەی دووەممان لولا داسلڤیا (١٩٤٥- ) سەرۆکی پێشوتری بەرازیلە کەساڵی (٢٠٣-٢١٠) چوە سەر کورسی دەستەلات و ئابووری ووڵاتەکەی بوژاندەوەو دوای دوودەورە وازی لەدەستڵات هێناو هەرچەند خۆپێشاندانی ملیۆنی ڕێکخرا بۆ بەردەوام بوونی و هەموارکردنی یاسا بۆ مانەوەی بۆ خولێکی تر ، ئەو ڕەتیکردەوەو ووتی ” ماوەی بیست سال خەباتم کرد و چوومە زیندان بۆ ئەوەی سەرۆکەکان لەماوەی یاسایی خۆیان زیاتر نەمێننەوە ، چۆن ڕێگە بەخۆم دەدەم ئەو کارەبکەم “
ئەوە ماندێلا و گاندی و ( خۆسیە مۆخیکا ) { کەئەمەی دواییان ٩٠% مووچەکەی بۆ هەژاران تەرخان کردووە لەکاتیکدا بڕی مووچەکەی تەنها ١٢٥٠٠$ دۆلاری ئەمریکیە ، بەهەژارترین سەرۆکی دونیا هەژماردەکرێ } سەرۆکی ئۆرۆگوای و دەیان سەرۆکی تریش نمونەی جوانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ و نیشتمان پەروەرین و نەک هەر گەلەکەی خۆیان بەڵکو مرۆڤایەتی تاهەتایە شانازیان پێوە دەکات .
بۆ گلەیی هەر لەسەرۆک بارزانیە ؟
مرۆڤ بەسروشتی خۆی حەزی لەدەستەڵاتە ، بەڵام دەستەڵات گەندەڵکارەو مرۆڤ لەڕەفتارە مرۆییەکانی لەچاکەو خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی دووردەخاتەوەو بەرەو گەندەڵی دەبات ، رۆسۆ دەڵی : دەستەڵات گەندەڵکارە ، تا دەستەڵات زۆرتر بێ زیاتر گەندەڵکاردەبێ ، دەستەڵاتی ڕەها بەڕەهایی گەندەڵکارە ” ئێستا ڕووی دەمی هەموان لەمەسعودبارزانی سەرۆکە ، بەڵام ئەوانی دی لەمەکتەب سیاسی و سکرتێرو ئەمیرو سەرۆکی حزبەکان کامیان باوەری بەدەستاودەستکردنی دەستەلاتە ؟! جگە لە ئەمینداری یەکگرتوو و دوو ئەندام مەکتەب سیاسی یەکێتی ، تاقە یەک کەسیش شک نابەم بەئارەزووی خۆی وەک پرەنسیپی دەستاودەستکردنی دێموکراسیانەی دەستەڵات وازی لەدەستەڵات و پلەو پایەکەی هێنابێ ! گەلۆ کەسێک لەحزبەکەیدا دێموکراسیخواز نەبێ دەستەڵات بۆ هەڤاڵەکەی حزبەکەی خۆی بەجێنەهێڵێ سبەی بێتە جێگای مەسعود بارزانی ئایا هەڵوێستێکی دیکە ی لێ چاوەڕوان دەکرێ ؟ کەچی مەسعود بارزانی ڕەخنە باران دەکەن !! باشترە ئەم کەلتورە خۆسەپێنە تۆتالیتارە بگۆڕدرێ ئەوەش بەقانوون دەکرێ و ئەویش بەپەرلەمان بسپێرن و ڕێزی لێبگرن .
خەمی خەڵک مەکەنە قوربانی
خەڵک لەخەمی نان و خەمی ژیاندا دەست و پێی خۆی بزرکردووەو نازانێ فریای چی بکەوێ ! هەتادێتەوە کارەبا نیە دەچێتە دەرەوە کار نیە چەند مانگ دەڕوات مووچەنیە ، لەولاشەوە خۆشەویستانی لەبەردەم گوللەی غەدری داعشەکاندا کاتەکانیان دەبەنە سەر ! کەچی مەسەلەی کورسی دەستەڵاتیان لێکردوونە خەمی گەورەو کێشەی ژیان و مردن لەکاتێکدا بێکاری و نەبوونی و بێهیوایی گەنجان بەرەو تاراوگە ڕاودەنێ ، کەچی برادەران شەڕیانە لەسەر کورسی بۆ ئەو بێ یان لێی بەسننەوە !!
قسەی کۆتایی بابۆ پەرلەمان بێ
پەرلەمان گەورەترین دەزگای یاسادانانە ئەو یاسای سەرۆکایەتیەش هەر لە دەستەڵاتی ئەوە چۆنی هەموار بکات ، وازی لێ بێنن با پەرلەمان کاری خۆی بکات ، سازان مەکەنە ڕێگر لەبەردەم کارە یاساییەکاندا ، خەمی ژیان و گوزەرانی خەڵک و چاکسازی و بە گژاچوونەوەی گەندەڵی بەسستەمکردنی دامودەزگاکان بەتایبەت وەزاڕەتی سامانە سروشتیەکان با پێشنۆرەی کارەکان بن نەک کورسی سەرۆکایەتی ، بارزانی دادەنێنەوە یان هەرکەسێک دادەنێن گرنگ نیە گرنگ ژیان و دێموکراسی و ئازادی خەڵکە .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت