کەمال ڕەئوف : یەكێتی قسەیەكی تری كرد .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
راگەیاندنە كورت و پوختەكەی مەكتەب سیاسی یەكێتی ، چەند خاڵێكی گرنگ و جیاوازی لەخۆ گرت ، رەنگە ئەوەش دەرخەری ئەوەبێت كە یەكێتییەكان گەر هەمووان پێكەوەبن بەجۆرێك بیربكەنەوە ، كە تەواو جیاواز بێت لەوەی لەكۆبوونە داخراوەكان دەبیسترێت .
لە راگەیاندنەكەدا لەسەر كێشە گەورەكە ( پرسی سەرۆكایەتی هەرێم ) كەبەدایكی كێشەكانی تر دەزانرێت دەڵێت : كێشە چارەسەرنەكراوەكانی ئێستای سەرۆكایەتی هەرێم ” واتە بەگۆێرەی راگەیاندنەكە ، پرسی سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەرنەكراوە ، واتە بەرەسمی شەرعیەت نادەنە بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم . لە هەمبەر پرسی سەرۆكی پەرلەمان و حكومەتیش ، هاوشێوەی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم بەكێشەیەكی چارەسەرنەكراو هەڵپەسێردراوی دەدەنە قەڵەم ، ئەم بۆ چوونەش پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە دەركەوێت كە تائێستا یەكێتی مامەڵەی لەگەڵ ئەو پرسانەدا كردوە .
لەخاڵی دووەمدا دەڵێت : بەكردەوە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و چارەسەری سیاسی راستەقینەی نێوان لایەنەكان . ئەم خاڵەش ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی یەكێتی بۆچوونی گۆردراوە سەبارەت بە بریارەكانی كۆبوونەوەی لایەنەكان لەگەڵ بارزانی كە كۆمیتە دروستكراوە بۆ گفتوگۆ كردن لەگەڵ لایەنەكان ، بەپێچەوانەوە ئێستا یەكێتی داوای ئاسایكردنەوەی دۆخەكە دەكات بەكاراكردنەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت دەستپێدەكات ، پێش گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان .
لەخاڵی سێهەمیش تەواوی پرۆژە چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە تاردەی رەتكردنەوە و بەئاراستەیەكی جیاواز پرسی چاكسازی دەخاتە روو ، لەوخاڵەدا دەڵێت : بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی ، لەلایەكەوە درێژەپێدانی گفتوگۆ ، بەپێی پرۆژەیەكی نوێی ئابوریی و سیاسی و جێبەجێكردنی یاسایی پەسەندكراوی تەواوی لایەنەكانی حكومەت ، لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی . هاوكات ، دەبێ شەفافییەتی چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت ، گاز ، گرێبەستەكان و داهاتەكانیان ، بۆ رای گشتی روونبكرێتەوە . ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی یەكێتی دانبەوەدا دەنێت پرسی فرۆشتنی نەوت و گاز ناشەفافە و گرێبەستەكان ، لەخەڵك شاردراوەتەوە . هەر لەم خاڵەدا و لەهەمانكاتدا یەكێتی بەكەمێك شەرمیشەوە باس لە پرۆژەیەكی نوێش دەكات و دەڵێت : درێژەپێدانی گفتوگۆ ، بەپێی پرۆژەیەكی نوێی ئابوریی و سیاسی و جێبەجێكردنی یاسایی پەسەندكراوی تەواوی لایەنەكانی حكومەت ، لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی . واتە بۆ رێككەوتن و گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی بەو مەرجە بێت هەموو لایەنەكان تیایدا بەشداربن و پارتی وەك جاری جاران بەتەنها خاوەن بریار نەبێت بەڵكو وەك لایەنەكانی تر هاوبەش و شەریك بێت .
باچاوەرێبكەین بزانین ئەم بریارانەی مەكەتەب سیاسی یەكێتی تا كوێ بردەكات ، چونكە بۆ برواكردن بەبریارەكان كردار شەرتە نەك راگەیاندنەكان .
س – ل
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە