عوسمان عومەر : شەرەکانى شوباتى ١٩٨٨ ى دۆڵى جافەتى وکشانەوەو ودواتر ناونانى بە ئەنفال .
بەشى دووەم
کانى موراد ـ ئەو کانیەبوو لە سەروى یاخسەمەر کە بارەگاى جەنابى مامجەلال و سکرتاریەتەکەى و بیتەلى ناوەندى کەرتى سکرتاریەتى و بەدالەیەکى سەربازى بەهێڵ رکێشراو سەرەتا کاک پەرۆش و کاک ئالان کاریان لەسەر دەکرد لێ بوو ، لەناوەراستى ساڵى ١٩٨٥ بنکەوبارەگامان لێ دامەزراند سەرەتا لەناوخەیمەدا بوین بەجەنابى مامجەلالیشەوە تا تەواوکردنى بارەگاکان بەسەرپەرشتى بەرێزکاک فەرەیدون , ماوەى سالەکانى ١٩٨٦ تا ١٩٨٨ دەتوانم بڵیم ٥٠ تا ٦٠ هێرشى ئاسمانى بە نوێترین جۆرى فرۆکە کراوەتە سەرتاسەرى ناوچەکە و بارەگاکانمان ودەشتوانم ئەوەبڵێم بەهۆى شەپۆلى رادیۆی FM گوێمان لە بێتەلى فڕۆکەوانە بەعسیەکان دەگرت و ئەوەندە شارەزا ببوین شفرەکانیان بە ژمارەیەک یا ناونیشانیکى نهینى دەوت دەمانزانى کوێ بۆردومان دەکرێ وبەبۆمباى ناپالم وهێشویی ( عنقودى ) هەرچەندە مفرەزەى دژە ئاسمانى بەسەرپەرشتى کاک نەورۆز وچەند پیشمەرگەیەک دۆشکاى ١٢,٥ و١٤,٥ دیمترۆف,٢٣,٥ ملم لە زۆر شوین دانرابوو بەلام فڕۆکەکان هەرکارى خۆیان دەکرد بەلام نەیان دەهێشت شوێن مەبەست بپێکێ .
هەرپاش جێگیر بونمان لە دۆڵى جافەتى رژێمى تۆتالیتارى رەفتار فاشى تۆپبارانى دەست پێکرد بۆ ناوچەکە و زیاتر بێزار کەر بوو لە زۆربەى لاکانەوە تۆپى قورسی پێوەدەناین وەک سورەقەلات , ماوەت , سوسێ , دوکان , ساردا و…. هتد . هەر لە سەرەتاشەوە وەک ناوچەیەکی قەدەغەکراو لە قەڵەم درا بوو بازگەکان و خالەکانی پشکنین زۆر توند بوون لەگەڵ خێزان و کەس وکاری پێشمەرگە و هاووڵاتیانی سیڤیلی دانیشتوی گوندەکان کە هاتوچوی شاریان دەکرد نەیان دەهێشت بە هیچ جۆرێ کەلوپەل و ئازوقە وخواردەمەنی پێداویستی رۆژانە بگاتە ئەو ناوچانە ئەوەش بار وگوزەرانی خەلکەکەی قورستر کردبوو بۆیە لە زۆربەی گوندەکان خەڵکەکە بەرە بەرە روویان لە شارەکان و ئۆردوگا زۆرە ملێکان دەکرد وگوندەکان تا دەهات چۆڵ دەبوون هەندێ خەلکی خۆراگرو ماڵە پێشمەرگە نەبێ لەوێ مابونەوە .
سەرەتای ساڵی نوێی ١٩٨٨ لە سەرتاسەری جیهان Happy new year یان لەیەکتری دەکرد ئەوانیش بە تۆپی قورس تۆپبارانی ناوچەکە وئێمە و خەڵکە سیڤیلەکە کە لەقەد پاڵەکان شوێنی حەوانەوە وەک پەناگا بۆ خۆپاراستن ساز کردبوو کرد .. هەر لە ومانگەدا پەیتا پەیتا هەواڵ لە رێکخستنەکان و مەلبەندەکان و هێزەکانی خوارەوەمان و هەندێکیان لە رێکخستنەکانی ناو سوپا و هەندێکی بەنامەی تایبەت بۆ ناوەندی کۆمەڵەو شۆرشگێران و هەندێکی بۆ سەرکردەو فەرماندە سەربازیەکان دەهات و ئەوانیش بە بێتەل و بەشفرە بۆ بێتەلەکەی بەرێز کاک نەوشیروان و ئێمەش هاوکاریمان دەکردن لە وەرگرتن چونکە جەنابی مام لە گەشتێکی دا بوو لەدەرەوەی ووڵات هەموو سەرچاوەکان جەختیان لەوە دەکردەوە کە ڕژێمی بەعس بە نیازی هێرشێکی بەربڵاوە بۆ سەرکردایەتی ی ن ک و دەرکردنیەتی لە ناوچەکە چونکە تا دەهات سوپای پاسداران لە ناوچەکانی ئێمە نزیک دەبونەوەو ببوە ناوچەی جەنگی و سوپای پاسداران لە هێرشەکانیان زەبری کوشندەیان لە سوپای عیراق دەدا و ناوچەیان لێ داگیر دەکردن ترسیشیان لەو هاوکاریەی نێوان ی ن ک و ئێران لێ نیشتبوو ئەو ناوچەیەیان لە دەست بچی عیراقیش بیری لەوە دەکردەوە ئەوناوچەیە بکاتە هێڵێ یەکەمی بەرگری بەهێزبێ بۆ پاراستنی بەنداوی دوکان ورانیە و قەڵادزێ هێڵی دووەمی بەرگری لە هەیبەت سولتان بێ لەبەر کەرکوک ، بەبڕوای من هەر زوو سەرکردایەتی ئەوەی خۆێندبۆوە کە ئەو هێرشە هەر ئەنجام دەدرێ بۆیە هەندێ لە بارەگاکان کەل وپەل و ئەرشیفی ناردەوە سەر سنور و ئیزگەیەکی یەدەگی ناردە دۆلەکۆگ .
بەرێز کاک نەوشیروان و ئەندامانی مەکتەبی عەسکەری و فەرماندەکان و ئەندامانی م . س و سەرکردایەتی سەرپەرشتی زۆربەی بەرەکانى شەریان دەکرد کە درێژیەکەی نزیکەی ٤٠ کم دەبوو ، مانگی شوبات هات و دیسان زانیاریەکان چڕ بونەوەو جەختی ئەو هێرشە بەربڵاوە دەکردەوە و بەرێز کاک نەوشیروان بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی تایبەتی زانیاری خۆی هەبوو دلنیا بوو کە ئەو هێرشە ئەنجام دەدرێ و لە بیرەوەریەکی ترم دا ئاماژەم بەوە داوە کە لە شەرەکانی قەیوان – ماوەت هەر مەلبەندە ٢٠٠ پێشمەرگەیان دەناردە سەرکردایەتی وەک یەدەگ لەبەر هێرشی لەنکاوی دوژمن و بروسکەی تر کرا مەلبەندەکان هێزی زیاتر بنێرن دوای ئەوەی کە روونبۆوە کە سوپای عیراق هێزەکانی فەیلەقی ١ و ٥ و قواتخاسەو ومغاویری لیواکانی ٦٥ و ٦٦ و بەشێک لە گاردی کۆماری و چەندین فیرقە ولیوای پیادەو چەندین فەوجی سوک لە بادینان و ناوچەکانی دەوروبەرمان مۆڵ دەدا و سەرەڕای چەندین کەتیبەی تۆپخانەی قورس و دوور مەوداو چەندین کەتیبەی هاوەنات و کاتیوشای چلی و دەبابەو زرێپۆش و تۆپی ١٠٦ ملم بە پێی مەزەندە هێزەکانی دوژمن خۆیان لە ١٠٠ هەزار سەربازو جاش دەدا لەبەرامبەردا ی ن ک زۆربەی هێزە چالاک و شەرکەرەکانی وەک تیپی/١٢ی سۆران و ت/١٩ی کۆرەک و ١٧ ی زمناکۆ و ٣١ ی سلێمانی و ٤٣ی ئاسۆس و٤٧ ی پیرەمەگرون و٦٣ ی جوتیاران و ٣٧ ی شارباژێرو ٥١ ی گەرمیان و ٥٣ ی شێروانەو٥٧ ی سەگرمەو ٥٩ ی حەمرین و ٧٨ ی کاروخ و ٧٤ ی بالەک و ٨٦ ی دەشتی هەولێرو ٨٧ ی قەرەچوخ و٩٣ ی کۆیەو ٩٩ ی بیتوێن و ٢١ ی کەرکوک و ٢٥ ی خاڵخاڵان و چەند تیپێکی تر و دەستەو مەفرەزەکانی فەرماندەکان و تیپی پارێزگاری و تۆپخانەی شۆرش و هەندێ لە هێزی سۆسیالیست و پاسۆک خرابونە ئامادەباشیەوە بۆ هەر هێرشێک پلنگ ئاسا بەرەنگاریان ببنەوە ، زانیاریەکان زیاتر وورد دەبونەوە کە رۆژی هێرشەکە نزیک بۆتەوە و وەک جەنگێکی دەرونی بوو لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەکرا ناو بەناو هێرشێکی بچوک دەکرا و بەتوندی وەڵام دەدرایەوە و دەشکێنرا ، تۆپبارانییش بەردوام و چڕ وەک حەبی گولاج سێ ژەمە .
لە بۆسەیەک دا دەستەیەک پێشمەرگە لە سەرڕێگای دوکان سلێـمانی لەکاتی پەرینەوە بۆ بەری سەرکردایەتی لە هێزێکی سەربازیان دابوو کە فەرماندەی فەیلەقی یەکی ئەوکات هاشم سولتان و نەزار خەزرەجی لەو قافلەیەدا کەبۆ بەسەرکردنەوەو ئیستیتلاع بین بەرەو دوکان بەلام لەلایەن خۆفرۆشێکەوە ئاگاداری کردبونەوە کە بۆسەیان بۆ دانراوە نەڕۆن بەگوێیان نەکردبوو تا لە پێشەوەی قافڵەکە درا و بووەهۆی گیرانی نەقیبێک و چەند سەربازێک و کوژرانی هەندێکی تر .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت
- Latest Posts by عوسمان عومەر
هیپاتیا، ژنێک لەسەردەمی نەخوێندەواری.
-بۆچی فرۆکەخانەی ئەتاتورک ناونرا؛ صبیحە.
-تا بەرانی شاخدار هەبێ، من خوریەکەی ببڕمەوە بیفرۆشم.
- All Posts