شێرزاد شێخانی : ئەنتی پارتی و رژێمەکەی بارزانی .
زۆرجار کاتێک لەبەرنامە تەلەفزیۆنیەکاندا رای خۆم لەسەر روداوە سیاسیەکان دەرئەبڕم و ڕوی رەخنەکانم ئەکەمە پارتی و سەرۆکەکەیەوە ، بەرامبەرەکانم من و هەمو ئەو رۆشنبیرو کەسانەی دژ بەسیاسەتەکانی پارتیەوە قسە ئەکەن بە ” ئەنتی پارتی ” وەسفمان ئەکەن .. خۆی لەهەقیقەتیشدا پارتی ئێستا بەفیعلی بوەتە فایرۆسێکی کوشندە کە هەرێمەکەمانی توشی شێرپەنجەی پلەچوار کردوە ، خەریکە دەسکەوتەکانی راپەڕین و خوێنی هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانەشمان بەفیڕۆ ئەڕوات ، لەجیاتی رزگاری و سەرفرازی و ئازادی ، ئێستا لەسای پارتی و بەرزانییەوە وڵاتەکەمان بوەتە زیندانێکی تاریکتر لەزیندانەکانی بەعس ، میللەتەکەشمان سەرشۆڕی موچەیەکن کەدەسەڵاتی پارتی و حکومەتەکەی ئەویشی پێ ڕەوا نابینن ، ئازادییەکانیشمان رۆژ بەدوای رۆژ بەرتەسکتر ئەبێت . بەش بەحاڵی خۆم هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینم لەنێوان ئەو پارتە کوردەو حیزبی بەعسەوە ، بۆیە لەنوسین و هەڵوێستەکانمدا خۆم وەکو نەیاری پارتی ئیعلان کردوە چۆن دژی رژێمەکەی بەعس لەشاخ و لەشاریشدا لەسەنگەری میللەتەکەمدا بوم ، ئاواش لەدژی پارتی و دیکتاتۆرییەتی سەرۆکەکەی لەهەمان سەنگەری میللەتەکەما ئەمێنمەوە .
چەندینجار لەوتارەکانمدا باسم لەناسنامەی ” دیکتاتۆر ” کردووە پێموایە هەمو دیکتاتۆرەکانی جیهان یەک پێناسەیان هەیە ، چ کورد بن یا عەرەب ، لەئاسیا بن یا ئەفریقا ، لەهەریمە بەشمەینەتەکەی خۆماندا بن یا لە بەغدا .. دیکتاتۆر بەجیاوازی مەکان و زەمان و ژیینگەی دروستبونیشیەوە هەمان خیتاب و هەمان مومارەساتی حوکمرانی پەیڕەو ئەکات .
– سەدامی دیکتاتۆر بە مەبەستی جوانکردن و رتوشکردنی روی رەشی رژێمەکەی لەساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا هەندێ حزب و حزبۆکەی لەدەوری رژێمەکەی کۆکردبوەوە بەناوی هاوپەیمانی لەناو بەرەی دیموکراتخوازی نەتەوەیی عیراقییەوە کە حزبی شیوعی ماوەیەک پێی هەڵخەڵەتابو ، دواتریش بەکۆکردنەوەی چەند حزبۆکەی کوردی وەکو حزبەکەی هاشم عەقراوی و مەلا ماتۆر ویستی وا نیشانی دونیا بدات کەوا رژێمەکەی ئەوپەڕی دیموکراسیی و فرەحزبیە . پارتیش لەوەتەی خیانەتە مێژوییەکەی لە 31 ئابدا بەهەمان شێوە بۆ خۆ جوانکردن کەوتە دامەزراندنی چەند دوکانێکی حزبی لەدەوری خۆیدا ئەوانەی تەنها لەبۆنەکاندا بەناوی چەندین حزبەوە بەیاناتی پشتگیری بۆ پارتی ئەنوسنەوە .
– لەسەردەمی سەدامی دیکتاتۆردا زۆرجار گوێمان لەو ئەشکەنجەدانە ترسناکانە ئەبو کە رزگاربوەکانی نێو زیندانەکانی بەعس بۆیان ئەگێڕاینەوە ، ئێستا لەزیندانە تاریکەکانی پارتی و پاراستن لەشەقڵاوەو ئاکرێدا هەمان باس ئەگێڕنەوە لەسەر جۆری ئەشکەنجەدانی رۆڵەی ئەم میللەتەمان .
– لەسەردەمی سەدامدا یاسا بونی نەبو ، بڕیارەکانی سەرکردایەتی شۆرش قووەتی قانونیان هەبو ، وڵات بە بریاری تاکەکسی سەدامەوە بەرێوە ئەبرا ، ئێستاش پارتی بەبریاری مەکتەبی سیاسییەکەی یاساو سەروەرییەکان پێشێل ئەکات و سەرۆکی شەرعی پەرلەمان بەبڕیاری سەرۆکێکی ناشەرعیەوە دەرئەکرێت و وەزیرانی حکومەت شاربەدەر ئەکرێن .
-رژێمی سەدام هیچکات رێزی لەرێکەوتنە سیاسیەکانی نەگرتووە ، بەبەرچاوی کامیراکانەوە رێکەوتنامەی جەزایری دڕاندو شەڕێکی بێئامانی لەگەل ئێراندا بەرپا کرد ، ئێستاش پارتی زۆر بەئاسایی لەلایەن خۆیەوە رێکەوتنامەکەی لەگەل بزوتنەوەی گۆڕاندا هەڵوەشاندەوە بەمەش وڵاتەکەمانی گەیاندە لێواری هەرەسەوە .
– سەدام حوسین بەدرێژایی حوکمی لەعیراقدا هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە لەرێگەی بنەماڵەو عەشرەتەکەیەوە کۆنترۆڵی دامودەزگا ئەمنیەکان بکات ، بۆ پاراستنی ئەمنیەتی خۆی گاردی کۆماری کردە بەهێزترین تەشکیلاتی رژێمەکەی کوڕەکەشی کردە سەرکردەی هەمو دامودەزگا ئەمنیەکانەوە . پارتی و مەسعود بارزانی بەهەمان شێوە کۆنترۆڵی دەزگا ئەمنیەکانیان کردوەو کوڕی مەسعود بەرپرسی ئەم دەزگایانەیەو ، سوپای بار زان و زێرەڤانیش وەکو گاردی گۆماری سەدام لەهێزەکانی پیشمەرگە پرچەککترو پر بودجەترن وەلائی تەواویشیان بۆ بنەماڵەی بارزانییە .
– بۆ سزادانی نەیارەکانی ، سەدام حوسین ماوەیەک دادگایەکی بەناو دادگای شۆرش ” مەحکمەی سەورە ” دامەزراندو ملی هەزاران کەسیان لەسێدارەدا بەدەر لەیاساکانی وڵات ، ئێستا پارتی لەرێگەی مەحکەمەی ئاساییشەوە کە حاکمەکانی سەر بە حزبەکەی خۆیەتی دەیان کەسیان بەدەر لەیاسا حوکمداوە .
– سەدام حوسین بۆ لەناوبردنی نەیارەکانی هانای بۆ تیرۆر کردن بردووە ، هەندێجار بەدەعمی سەیارە تەسفییەی نەیارەکانی ئەکرد ، جاریتر بەژەهردەرخواردن ، پارتیش هەمان رەفتاری لەگەل نەیارەکانی ئەکات لە تەسفییە کردنیان بەکوشتن یاخود بە ژەهر دەرخواردن لەنێوانیشیان چەند سەرکردەیەکی پارتیش هەبوە .
– سەدام بەدرێژایی حوکمە دیکتاتۆرییەکەی دەیان و سەدان هەزار کەسی لەنەیارەکانی بەماڵ و خێزانەوە ئاوارەو دەربەدەری وڵاتانی کرد ، ئێستاش پارتی نەیارەکانی فرێئەداتە پشت سەیتەرەکەی پردێ و دێگەڵەوە .
– سەدام بۆ راکێشانی سۆزی وڵاتانی دەرەوە لەنەودەکاندا سەرباری برسیەتی خەڵک و نەبونی و هەژاری بەهۆی ئابلۆقەی ئابوریەوە ، بەدەیان کەشتی نەوتی وەکو بەرتیل ئەدایە هەندێ نوسەرو رۆژنامەنوس و سیاسەتمەدارانی وڵاتانی دونیا کە فەزیحەتەکەی ناونرابو ” کۆبۆناتی نەوت ” ، ئێستا پارتیش نەوتەکەی هەرێمی تا پەنجا ساڵ وەکو بەرتیل خستۆتە بەردەستی تورکیا ، هەمان کۆبۆناتی نەوتیش دابەش ئەکاتە سەر هەندێ جەنەرالی خانەنشینی ئەمەریکی و ئەوروپی و باڵویزە دورخراوەکان لەعیراق ، دەیان رۆرژنامەنوسی عەرەبیش ببەپارچە زەوی لەباشترین شوێنەکانی هەولێر کڕیوە ، لەسەر قوتی خەڵکی برسیش میواندارییان بۆ ساز ئەکات لەئوتێل دیڤانەی هەولێر و بەمانگ لەوێ ئەلەوەرێن لەسەر حیسابی حکومەتەکەی پارتیەوە .
-سەدام حوسین لەسەردەمی حوکمڕانیدا ناوچەیەکی فراوانی لەبەغدای پایتەخت داگییر کردبو بۆ کۆشکی کۆماری ، پارتیش ئێستا دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی هاوینەهەواری سەری رەشدا گرتوەو چەندین قەسری کۆماری تێدا دروست کردوە کە قسە هەیە زیاتر لە200 ملیۆن دۆلاری تێچوبێت ، سەرۆکی حکومەتەکەشی 40 دۆنم زەوی لەباشترین ناوچەی شاری هەولێر داگییر کردوە دو قەسری خەیاڵیشی تێدا دروست کردوە .
– سەدام حوسین بۆ کڕینی دەنگ و وەلای عەشرەتەکانی عیراق سەرۆکی ئەو عەشرەتانەی ئەکردە خانەنشینی عەسکەری و مەدەنی بەموچەیەکی گەورەو فەرمانگەیەکی دروست کردبو بەناوی ” دائیرەت مونەزمات شەعبیە ” کە سەر بە سەرکردایەتی بەناو مەجلیسی قیادەی سەورەوە بو ، پارتیش دەزگایەکی دروست کردوە بەناوی ئەیلولەوە سەدان هەزاران کەسی و یژدانفرۆش لەوێ موچەی خانەنشینی وەرئەگرن و سەدان هەزاری تریشیان بەبندیوار موچە لەحکومەت وەرئەگرن .
لێرەدا بۆمان دەر ئەکەوێ کەوا پارتی و بەعس دو روی یەک دراون ، بۆیە ئەو رژێمەی پارتی کەئێستا خۆی سەپاندوە بەسەر میللەتەوە هیچی کەمتر نیە لەرژێمە دیکتاتۆرو رەفتار فاشییەکەی بەعس ، بۆیە ئەو میللەتەی کە بیستوپێنج ساڵ لەمەوبەر لەبەرامبەر زوڵم و ستەمی رژێمی بەعس راپەڕی ، ئێستا کاتی ئەوە هاتوە ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرو رەفتارفاشییەی پارتیش رابماڵێ بۆ ئەوەی تا هەتا هەتا بە ئازادی وسەرفرازی بژێت .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts