هەرێم قادر : کێ لەگەڵ یەکڕیزییە و ، کێ داوای یەکڕیزیی دەکات ؟ .
ئەگەر کوردستانیان یەک دەنگ بن کەس ناتونێت ڕێگەی سەرکەوتنیان لێ بگرێت ، ئەمە دێرەکە لە ڕاگەیەنراویی بەناو سەرۆکایەتی هەرێم بەبۆنەی یادی ڕاپەڕین ، ئەوەی جێگای تێڕامانە لەم دێرەدا دەردەکەێت وەک ئەوە وایە کەفریشتەیەکی ئاسمانی ئەم پەیامە بەگوێی کورداندا بدات ، چونکە بەرزانی خۆی و پێگەکەی و کورد بوونی وادەرخستووە هیچ دەورێکی نیە لەشکست و سەرکەوتنەکان، بەرزانی لەڕاگەینراوەکە دەڵێت : یەک دەنگ بن ناڵێت یەک دەنگ بین ، دەڵێت : کەس ناتوانێت ڕێگەی سەرکەوتنیان لێ بگرێت ، ناڵێت : کەس ناتوانێت ڕێگەی سەرکەوتنمان لێ بگرێت .
جێگای خۆیەتی لێرەدا بپرسین ، ئەگەر یەک دەنگین کێ هۆکارەکەیەتی ، ئەگەر پەرتەوازەشین کێ هۆکارەکەیەتی ؟ بێگومان کورد بەشێوازێکی گشتی ئێستا کورد یەک دەنگ و یەک ڕیز نین ، کەواتە دەبێت بپرسین کێ هۆکارە ؟ بێگومان لەهەرکەسێکی عاقڵمەند و بەیژدان و بەهەڵوێست بپرسی کێ بەرپرسە لەیەک دەنگ نەبوون و یەک ڕیزی کوردان ڕاستەوخۆ دەڵێت : بارزانی و پارتەکەی . چونکە بەرزانی لەماوەی ڕابردوو و ئێستاش کە بە نایاسایی مومارەسەی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم دەکات . لەهەموو وڵاتێکیش بەرپرسی یەکەمی وڵات بەرپرسیاری یەکەمە لەبەرامبەر یەکدەنگ نەبوونی هاووڵاتیان و لایەنە سیاسیەکان بەرامبەر پرسە نەتەوەییەکان .
بەرزانی و پارتەکەی هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە بەئێستاشەوە لەکۆی هەموو ئەو ناکۆکی و دووبەرەکیانە کەلەنێوان لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان ڕوویداوە ، بەرزانی و پارتەکەی لایەنێک و جەمسەرێکی سەرەکی ناکۆکیە سیاسیەکان و تەنانەت شەڕو پێکدادانەکان بوونە ، گرتنی جەمسەرێکی ناکۆکیەکان لەلایەن بەرزانی و پارتەکەی هەر لەباشوری کوردستان قەتیس نەماوە بەڵکو پەلی هاویشتووە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان .
جێگای خۆیەتی بپرسین ئایایە یەک دەنگ بوونی کوردستانیان ئەوەیە هەموو لایەنەکان بەئاڕاستەی ڕەوڕەوەی سیاسەتە چەوتەکانی پارتی و بەرزانیدا بڕوات ئەگەر وانیە بۆچی دەبێت بۆ هەمیشەیی جەمسەرێکی ناکۆکیەکان تایبەت بێت بە پارتی و بەرزانی ، ئایا پارتی و بەرزانی لای زۆرینەی هاوڵاتیان مەقبوڵن تاوەکو ئەوەی بیانەوێت بیسەپێنن بەسەر لایەنەکاندا ؟ بێگومان نەخێر چونکە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەمەیان یەکلایی کردۆتەوە ، یاخود بەرزانی و پارتەکەی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی نەتەوەین تاوەکو ئەوەی بیانەوێت بیسەپێن و جێ بەجێی بکەن بێگومان دەبێت بڵێین نەخێر نەک هەڵبژێردراوی کۆنگرەی نەتەوەی نین بەڵکو هۆکارێکی سەرەکی نەبەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بوون ، ئەوەش جێگای سەرسوڕمانە ئەو لایەنەی سیاسەتەکانی دژ بەئاراستەی گشتی داڕشتووە و زۆرترین دژایەتی خەباتی کوردان دەکات و بۆتە هۆی پەکخستنی دامودەزگا شەرعیەکانی وڵات و خۆی سەپاندوە بەسەر کورسی سەرۆکایەتیەوە هەرئەمیش داوای یەک هەڵوێستی و یەک دەنگی و یەک ڕیزی لە هاونیشتمانیان دەکات .
بە کلیکێک لەسەر مسبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕیکانت