دكتۆر جەبار قادر : لە یادی ڕاپەڕینە گەورەکەی ساڵی ١٩٢٥ لە باکوری کوردستان .
كرۆنۆلۆژیای ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران (1925)
1 – 11 كانونی دووەمی (1918) كازم قەرەبەكر، جێگری سەركردەی سوپا ، بیروبۆچونەكانی خۆی لەبارەی دۆزی كوردەوە پێشكەش بەكاربەدەستانی باڵا كرد .
2 – 4 دیسێمبەری (1918) كۆمەڵەی پارێزگاری لە مافەكانی ویلایەتەكانی ڕۆژهەڵات دامەزرا . دامەزرێنەرانی سلێمان نافیزی شاعیر، مەحمود نەدیم بەكار ، والی پێشوی بەیروت حەققی بەگ ، نوێنەری بایەزید لەمەجلیسی مەبعوسان ، شەفیق بەگ و نوێنەرانی دیاربەكر لەمەجلیسی مەبعوسان فەوزی بەگ و لوتفی بەگ بوون ، (Vilayet-I Şarkiye müdafaa-I Hukuk Cemiyeti ) ( ویلایەتی شرقیە مودافعەی حقوق جمعیتی )
3 – 4 ئابی (1919) دکتۆر شوكری بابان و یەكێ لەبەڕێوەبەرە كۆنەكانی پۆلیس خەلیل بەگ چاویان كەوت بە كۆمسیۆنی لێكۆڵینەوەی ئەمریكی لە ئەنادۆڵ و داوای سەربەخۆیی كوردستانیان كرد .
4 – 12 كانونی دووەمی (1920) كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ( مەجلیسی مەبعوسان ) ی نوێی عوسمانی لەئەستەمۆڵ ( موستەفا كەمال هەرچەندە بەئەندام هەڵبژێردرابوو ، بەڵام بەشداری لە كۆبونەوەكەدا نەكرد ) .
5 – 28 كانونی دووەمی (1920) ئەنجومەنی نوێنەران لەئەستەمۆڵ میساقی میللی (Milli Misak-i ) قەبوڵ كرد . لە بڕیارەدان لە سەر ئەم پەیماننامەیە فشار و كاریگەری مەستەفا كەمال گەورە بوو . بۆ ئەم مەبەستە گروپی بەرژەوەندی وڵات لە مەجلیس پێكهێنرابوو و لە ژێر ناوی ( فەلاحی وەتەن Felah-i Vatan) كاری دەكرد .
6 – 11 نیسانی (1920) ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانی لەلایەن حكومەتی سوڵتانەوە بڵاوەی پێكراو ، نوێنەران بەرەو ئەنادۆڵ هەڵهاتن . لێرەوە لایەنگرانی موستەفا كەمال ، كە بە قوای میللیە تەشكیلاتی نێودەبران شەرعیەتیان وەرگرت .
7 – 23 نیسانی (1920) ئەنجومەنی مەزنی میللیی توركیا TBMM لەئەنقەرە ڕاگەیاندرا و ئەمە بووە هەنگاوی یەكەم بۆ دامەزراندنی حكومەتی ئەنقەرە بە ڕابەرایەتی موستەفا كەمال . لەو ڕۆژەوە ئەو ئەنجومەنە دەستیكرد بە دەركردنی قانون و بڕیاڕ .
8 – 29 نیسان (1920) ئەنجومەنی مەزنی میللیی توركیا قانونی خیانەتی نیشتمانی دەركرد .
9 – 18 تەمموزی (1920) ئە.م.م.ت TBMM ش دەنگی لەسەر میساقی میللی دا . ئەمە بووە مانیفیستۆی جەنگی ڕزگاری توركیا . ئەم میساقە لە شەش ماددە پێكدەهات .
10 – 10 ئابی (1920) پەیماننامەی سێڤر ، كە حكومەتی سوڵتان لە ئەستەمۆڵ قەبوڵی كرد ، لە پاریس مۆركرا .
11 – 11 ئەیلویلی (1920) ئەنجومەنی مەزنی میللیی توركیا هەردوو قانونی دادگای سەربەخۆیی و قانونی سەربازانی هەڵاتوو لە سوپا و بەرەی شەڕی ڕزگاری ، دەركرد .
12 – 20 كانونی دووەمی (1921) قانونی ژمارە ( 85 ) ی تەشكیلاتی ئەساسیەی ، كە بە یەكەمین دەستوری كەمالی دادەنرێ دەركرا . ئەم قانونە دەستورییە لە (9) ماددە پێكدەهات و دەسەڵاتی بەبێ مەرج و سنور دەدا بە گەڵ .
13 – 21 ئۆكتۆبەری (1921) ئەنقەرە و فەرەنسا ڕێككەوتننامەیان مۆركرد بۆ كۆتاییهێنانی بە كێشەكانی نێوانیان ، بەریتانیا لە دژی ئەم ڕێككەوتننامەیە بوو و هەڵوێستی نواند .
14 – 21 ئۆكتۆبەری (1921) كۆمەڵەی سەربەخۆیی كوردستان (Kürdistan Istiklal Cemiyeti) ، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و بانگی كوردانی كرد بۆ سەربەخۆیی. بەیاننامەكە لە ئەستەموڵ و ولایەتەكانی كوردستان بڵاو كرایەوە .
15 – 26 حوزەیرانی (1922) ئێران بەڕەسمی دانینا بەحكومەتی ئەنقەرەدا .
16 – 30 ئۆكتۆبەر-1 نۆڤەمبەر (1922) ئەنجومەنی مەزنی میللی توركیا هەردوو بڕیاری ژمارە (307) و (308) ی دەركرد لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی سەڵتەنەت و دانانی دەوڵەتی توركیا لە شوێنی .
17 – 18 نۆڤەمبەری (1922) ئەنجومەنی مەزنی میللیی توركیا عەبدولمەجیدی تەنها بە خەلیفە ڕاگەیاند .
18 – 25 كانونی دووەمی (1923) توركیا داوای كرد لە كۆمەڵەی گەلان ببێتە ئەندام .
19 – 26 كانونی دووەمی (1923) موستەفا كەمال لەوتارێكدا كەلە (17) ی ئەو مانگەدا لە ئیزمیت پێشكەشی كردبوو ، لە وەڵامی بەپرسیارێكدا سەبارەت بە مافەكانی كورد قسەی كردبوو ( دەقی ئەو باسە لە یادداشتەكانی : ئەحمەد ئەمین یاڵمان ، بەسەر هات و بیرەوەرییەكانم لە مێژووی نزیكماندا ) بڵاوكراوەتەوە .
20 – 6 مارتی (1923) گفت و گۆ لەبارەی كێشەی موسڵەوە لە ئەنجومەنی مەزنی میللیی توركیا كرا .
21 – 13 ئۆكتۆبەری (1923) ئەنقەرە كرا بە پایتەختی دەوڵەتی نوێی توركیا .
22 – 29 ئۆكتۆبەری (1923) كۆماری توركیا ڕاگەیاندرا ، موستەفا كەمال بەسەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا و عیسمەت ئینەنوش بەسەرۆك وەزیرانی یەكەمین ئەنجومەنی وەزیرانی كۆماری توركیا .
23 – 8 دیسەمبەری (1923) بەپێی قانونی ژمارە (249) كە لە (31) كانونی دووەمی (1922) دەركرا بوو ، ئەندامانی دادگای سەربەخۆیی ئەستەموڵ ئاشكرا كران .
24 – 7 كانونی دووەمی (1924) بە تۆمەتی دوژمنایەتی كردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی ، حكومەتی كەمالی (150) كەسی لە وڵات وەدەرنا . لە28حوزەیرانی 1938بڕیاری لێخۆشبون بۆ ئەو كەسانە دەركرا .
25 – 15 شوباتی (1924) لەكاتی كۆبوونەوە كاربەدەستە سەربازییەكانی كۆماری توركیا لە ئەزمیر ، بڕیاردرا زنجیرەیەك چاكسازی بكرێن و هەندێ قانونیش دەربكرێن ، لەوانەش قانونێك لەبارەی دامەزراوەی خیلافەتەوە .
26 – 3 مارتی (1924) قانونی ژمارە(429) تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی ئەوقاف و دامەزراوەكانی شەریعەت و ئەركانی گشتی جەنگ .
27 – 3 مارتی (1924) قانونی ژمارە (430) سەبارەت بەیەكسیستەمی خوێندن و فێركردن لە كۆماری توركیا دەركرا .
28 – 3 مارتی (1924) بەپێی قانونی ژمارە (431) خیلافەت هەڵوەشێندرایەوە و ئەندامانی بنەماڵەو دەست و دایەرەی خەلیفەو سەڵتەنەت لە وڵات وەدەرنران .
29 – 8 مارتی (1924) دادگا شەرعییەكان هەڵوەشێندراونەوە .
30 – 16 نیسانی (1924) قانونی (488) لە بارەی بە گۆڕینەوەی هاوڵاتیان و سامانەكانیان دەركرا . ئەم قانونە مەترسی گەورەی لەلای كورد بە گشتی و خاوەن زەوی و زار و ئاغاكانی كوردستان بە تایبەتی پەیدا كرد و بووە هۆی گۆڕانكاری گەورە لە دیمۆگرافیای ناوچەكە ، چونكە ئەو توركانەی لە وڵاتانی بەلقانەوە دەهێنران لە كوردستان نیشتەجێ كران .
31 – 20 نیسانی (1924) دەستوری كۆماری توركیا دەنگی لەسەردرا . قانونەكە ژمارەی (491)ی هەڵدەگرت و لە (24 نیسانی 1924) كەوتە واری جێبەجێكردنەوە . هەرچەندە ئەمە یەكەمین دەستوری كۆمار بوو ، بەڵام بە لای نووسەرانەوە بە دووەم قانونی ئەساسی دادەنرێ ، لە دوای قانونی دەستوری یا قانونی تەشكیلاتی ئەساسییەی ساڵی (1921) .
32 – 30 نیسانی (1924) كازم قەرەبەكر لەكۆشكی چانقایە موستەفا كەمالی لە ئەگەری سەرهەڵدانی كورد ئاگادار كردەوە و نیگەرانیی خۆی لەو بارەوە پێی ڕاگەیاند .
33 – 19 مایسی (1924) لە ئەستەموڵ كۆنفراس لە بارەی موسڵەوە دەستی پێكرد .
34 – 18 حوزەیران (1924) كازم قەرەبەكر ڕەجەب پیكیری وەزیری ناوخۆی لە ئەگەری سەرهەڵدانی كورد ئاگادار كردەوە و مەترسی و دڵەڕاوكێی خۆی پێ ڕاگەیاند .
35 – 7 ئابی (1924) والی هەكاری كەوتە بۆسەیەكەوە لە نزیك هانگەدیگی Hangediği ، كە گوندێكی سەر بە چاڵدێرانە ، لە ویلایەتی وان .
36 – 14 ئابی (1924) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرهەڵدانی نەستورییەكان ، ئەنجومەنی وەزیرانی توركیا كۆبووەوە و بڕیاری تایبەتی لەوبارەوە وەرگرت .
37 – 4 ئەیلولی (1924) ئەفسەرانی كورد ئیحسان نوری، خورشید، راسیم ، ڕەزا و تەوفیق و (275) كەسی تر لەو هێزە سەربازییەی ، كە دەبوایە نەستورییەكان سەركوت بكات ، ڕایانكرد بۆ ئێران و بە دەستێكەڵكردن لەگەڵ دوژمنانی نشتیماندا تاوانبار كران .
38 – 11 ئەیلولی (1924) وەزارەتی ناوخۆ لە نامەیەكدا بۆ والی ئەستەموڵ ، داوای كرد چاودێری كەسایەتییە كوردەكان بكرێت لەو شارە و لە ئەگەری ڕاپەڕینی كورد ئاگادار كرایەوە .
39 – 12 ئەیلولی (1924) سەرهەڵدانی نەستورییەكان دەستپێكرد .
40 – 12 ئەیلویلی (1924) لە پاڵو كۆبونەوەیەكی كوردی سازكرا . بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكانی تورك شێخ سەعیدی پیران و سەعدییە كوێر (كوێر سەعدی) لە پشتی ڕێكخستنی ئەم كۆبوونەوەیە بوون .
41 – 28 ئەیلولی (1924) سەرهەڵدانی نەستورییەكان سەركوت كرا .
42 – 30 ئەیلویلی (1924) كۆمەڵەی گەلان لە نوێنەرانی هەنگاریا ، بەلجیكا و سوید كۆمسیۆنێكی تایبەت بە كێشەی موسڵی دامەزراند .
43 – 7 ئۆكتۆبەری (1924) سەردانی موستەفا كەمال بۆ دەڤەری حەسەن قەڵا یا پارسین ( بە توركی پاسینلەر ) لەویلایەتی ئەرزەڕۆم ، كە بوومەلەرزە لێیدابوو . دوای گفت و گۆكردنی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی ناوچەكە لەبارەی بزوتنەوەی كوردییەوە ، ڕێنمایی و فەرمانی وەرگرتنی هەموو ڕێكارێكی پێدان بۆ سەركوتكردنی هەر سەرهەڵدانێكی كوردی كە بەرپا دەبێت .
44 – 8 ئۆكتۆبەری (1924) قسەوباسەكان لەبارەی سەرهەڵدانی كوردەوە لە بەهاری داهاتوو بە ڕاپۆرتێك لە لایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەستەموڵەوە پێشكەش بە والی ئەوشارە دەكرێت .
45 – 10 ئۆكتۆبەری (1924) خالید جبرالی و یوسف زیا لە ئەرزەڕۆم دەگیرێن و ڕەوانەی بدلیس دەكرێن .
46 – 14 ئۆكتۆبەری (1924) بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەستەموڵ بۆ دووەمین جار ڕاپۆرتی هۆشداری سەبارەت بە ڕاپەڕینی كوردان لە داهاتووییەكی نزیكدا پێشكەش بە والی ئەوشارە دەكات .
47 – 26 ئۆكتۆبەری (1924) كازم قەرەبەكر لە پۆستی پشكێنەری سوپای یەكەم دەسدەكێشێتەوە ، هەر لەو كاتەدا جەواد شاكر چۆبانلی وەكو سەركردەی سوپای دووەم چووبووە دیاربەكر و سەرهەڵدانی نەستورییەكانی سەركوت كردبوو .
48 – 26 ئۆكتۆبەری (1924) زەكی دیندار ئەلپ ، مامۆستای یەكەمی چەپاقچور لە بینگیۆل ، ڕاپۆرتێكی دابوو بەناوەندی گەنچ ، لەبارەی ئەوەوە كە كوردەكان خەریكی خۆئامادەكردنن بۆ ڕاپەڕین و مەترسیەكانی خۆی خستبووە ڕوو ، لە دەسپێكدا بە تۆمەتی بوختان هەڵبەستن درا بە دادگا و سێ مانگ خرایە زیندانەوە ، دوای ئازادكردنی لەلایەن كەسانی نادیارەوە لەسەر شەقام كوژرا .
49 – 30 ئۆكتۆبەری (1924) پشكێنەری سوپای دووم عەلی فوئاد جەبەسۆی لەپۆستەكەی دەستیكێشایەوە .
50 – نۆڤەمبەری (1924) موستەفا كەمال لەچاڵاكیە ( زیانبەخشەكانی ) خالید جبرانلی و شێخ سەعیدی پیران ئاگاداركرایەوە .
51 – 10 نۆڤەمبەری (1924) ناوی فرقەی گەل گۆڕدرا بۆ پارتی كۆماریی گەل .
52 – 13 نۆڤەمبەری (1924) كۆمسیۆنی موسڵی سەر بە كۆمەڵەی گەلان یەكەمین كۆبونەوەی خۆی لە لەندەن سازكرد .
53 – 17 نۆڤەمبەری (1924) پارتی پێشكەوتنخوازی كۆماری Terakkiperver Cumhuriyet firkasi) ( تەرەقیپەروەر جمهوریت فرقەسی ) دامەزرا .
54 – 27 نۆڤەمبەری (1924) كازم قەرەبەكر لە پارتی كۆماری گەل جیابووەوە .
55 – 8 دیسەمبەری (1924) كازم قەرەبەكر بەسەرۆكی گشتی پارتی پێشكەوتنخوازی كۆماری و جەنەراڵ عەلی فوئاد جەبەسوییش بە سكرتێری گشتی پارتەكە هەڵبژێردران .
56 – 17 دیسەمبەری (1924) جەنەراڵ كازم ئینانچ لە جێگەی جەواد شاكیر كرا بەپشكێنەری سوپای سێیەم .
57 – 22 دیسەمبەری (1924) لە دادگای ئەرزەڕۆم بڕیار درا ئیفادەی شێخ سەعید وەربگیرێت، یا بۆ شایەتی بانگ بكرێت بۆ دادگا .
58 – 30 دیسەمبەری (1924) شێخ سەعید خنسی بەجێهێشت .
59 – 16 كانونی دووەمی (1925) كۆمسیۆنی موسڵ دووەمین كۆبونەوەی خۆی كرد . بە پێی ڕسپاردەكانی كۆمسیۆنەكە دەبوایە مەندەیتی بەریتانیا ، كە لە ساڵی (1928) تەواو دەبوو ، بۆ (25) ساڵ درێژ بكرابایەتەوە و سەربەخۆییەكی خۆجێیش بدرابایە بەكوردان لە ویلایەتی موسڵ .
60 – 5 شوباتی (1925) جەنەراڵ كازم ئینانچ وەكو پشكێنەری سوپای سێیەم دەستبەكار بوو .
61 – 8 شوباتی (1925) شێخ سەعید گەیشتە پیران و هێرشكرایە سەر بنكەی ژاندارمی ئەو شارۆچكەیە .
62 – 11 شوباتی (1925) ڕاپەڕینی كوردان بە سەرۆكایەتی شێخ سەعیدی پیران دەستیپێكرد .
63 – 13 شوباتی (1925) گرتنی پیران لەلایەن سەرهەڵداوانەوە، هێرشیش كرایە سەر پۆستەی لیجە و سەرهەڵداوان بەڕەو گەنچ ملیان نا .
64 – 13 شوباتی (1925) توركیا دژی ڕاپۆرتی كۆمەڵەی گەلان لە بارەی موسڵەوە هەڵوێستی نەرێنی خۆی ڕاگەیاند و داوای كرد كێشەكە بخرێتە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی .
65 – 16 شوباتی (1925) یەكەمین شەڕی توند لە نێوان سەرهەڵداوان و سوپای توركیادا لە ناوچەی هانی ( بەكوردی هینێ ) ڕویداو سوپای كەمالی زیانی لێكەوت .
66 – 16 لە سەر 17 شوباتی (1925) شێخ سەعید گەیشتە دەرەهانی (گەنچ)، كە بە پایتەختی كاتی شۆڕش ڕاگەیاندرا و داواكرا خەڵك باج بۆ ئەوێ بنێرێ، تا دیاربەكر ڕزگار دەكرێ و پایتەختی كوردستان دەگوێزرێتەوە بۆ ئەوێ .
67 – 17 شوباتی (1925) حكومەت باجی دەیەكی (عشار) بە پێی قانونی ژمارە (552) هەڵگرت .
68 – 18 شوباتی (1925) هێزی سوارەی (21) سوپا لەدەربەندی فیس كەوتە بۆسەی سەرهەڵداوانەوە و دوای زیانێكی زۆر ناچاركرا بكشێتەوە. ئەو هێزە بەسەرۆكایەتی رائیدێك بوو كە ناوی حوسنی بوو .
69 – 19 شوباتی (1925) شێخ سەعید و پیاوەكانی بەرەو دیاربەكر بەڕێكەوتن و یەكەم وێستگەیان شارۆچكەی لیجە بوو .
70 – 20 شوباتی (1925) دووەمین هێرش لە دەربەندی فیس كە بەكۆشتنی سەركردەی هێزی سوارەی (21) ڕائید حوسنی كۆتایی هات .
71 – 21 شوباتی (1925) ڕاگەیاندنی باری ئاوەرتە ( نائاسایی ، عورفی ) لەناوچەكانی ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران .
72 – 22 شوباتی (1925) شەڕێكی توند لە هینێ ( بە توركی : هانی ) بە دەستبەسەراگرتنی شارۆچكەكە لە لایەن سەرهەڵداوانەوە كۆتایی هات .
73 – 23 شوباتی (1925) درێژكردنەوەی باری ئاوەرتە لەناوچەكانی ڕاپەڕینەكە بۆماوەی مانگێك .
74 – 23 شوباتی (1925) دیداری سەرۆك وەزیران فەتحی بەگ و سەرۆكی پارتی پێشكەوتنخوازی كۆماری كازم قەرەبەكر . لەم دیدەدەنییەدا سەرۆك وەزیران تكای لە بەرپرسانی پارتەكە كرد بە خۆیان دەستپێشخەری بكەن و پارتەكەیان هەڵۆەشێننەوە . ئەو دەیزانی دەسەڵاتی نوێ هیچ هێزێكی بەرهەڵستكار قەبوڵا ناكات .
75 – 23 شوباتی (1925) گرتنی هاڤیتبوجاغ و دەستگیركردنی بەڕێوەبەری ناحیەكە لە لایەن سەرهەڵدانەوە .
76 – 24 شوباتی (1925) سەرهەڵداوان هێرشیانكردە سەر ئەلعەزیز ( ئەلیازگ) و ئەو شارەیان گرت . دیمەنی تاڵانكردن و ڕاوڕوت خەڵكی ئەو شارەی لە پشتگیری كردنی سەرهەڵدانەكە سارد كردەوە .
77 – 24 شوباتی (1925) كازم قەرەبەكر لە ئەنجومەنی مەزنی میللی توركیا قسەی كرد پشتگیری خۆی ڕاگەیاند بۆ قەدەغەكردنی بەكارهێنانی ئایین بە مەبەستی ئامانجی سیاسی و دەركردنی قانونی خیانەتی نیشتیمانی .
78 – 24 شوباتی (1925) ڕاگەیاندنی سەفەربەرلك و قانونی سەپاندنی ئەمن و ئاسایش ( تقریری سكون قانونی ) .
79 – 25 شوباتی (1925) دەركردنی قانونی ژمارە (556) تایبەت بە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی ئایین بەمەبەستی بەدیهێنانی ئامانجی سیاسی .
80 – 26 شوباتی (1925) هاتنی شێخ سەعید بۆ هینێ و پەرەسەندن و فراوانبوونی ڕاپەڕینەكە .
81 – 3 مارتی (1925) دەستلەكاركێشانەوەی فەتحی ئۆكیار و پێكهێنانی حكومەتی عیسمەت ئینەنو .
82 – 4 مارتی (1925) قانونی ژمارە (578) بە ناوی (دابین كردنی ئەمن و ئاسایش) قبول كرا ، بە بەهانەی سەرهەڵدانی شێخ سەعیدەوە ئەم قانوونە ڕاگەیندراو دوو دادگای سەربەخۆییش یەكێكیان لە ئەنقەرەو ئەویتریان لە ناوچەكانی سەرهەڵدانكە بەپێی ئەم قانونە دامەزرێنران .
83 – 5 مارتی (1925) موستەفا كەمال بانگەوازێكی بۆ میللەت بڵاو كردەوە، كە تێیدا داوای لە خەڵك كرد ئەركی نیشتمانی خۆیان بەجێ بێنن .
84 – 6 لەسەر7 ی مارتی (1925) لەو شەوەدا سەرهەڵداوان هێرشیان كردە سەر دیاربەكر، هەندێ لەسەر هەڵداوان توانیان دزە بكەنە ناو شارەكەوە .
85 – 7 مارتی (1925) دادگاكانی سەربەخۆیی دەستیان بەكارەكانیان كرد .
86 – 8 مارتی (1925) سەرهەڵداوان لە هێڕشەكەیان بۆ سەر دیار بەكر شكستیان خواردو هێزەكانی مورسیل پاشا ناچاریان كردن لە شار و دەوروبەری بكشێنەوە .
87 – 9 مارتی (1925) كەمالییەكان پروپاگەندەی ئەوەیان كرد ، گوایە هەندێ بەڵگەی ئینگلیزییان لە لای سەرهەڵداوان بەدەست كەوتووەو ئەوە دەردەخەن ، كە سەرهەڵدانەكە بەفیتی ئەنگلیز بووە .
88 – 10 مارتی (1925) حكومەت هێزی سەربازیی نوێی بۆ دیاربەكر ڕەوانەكرد بۆ پشتیوانی كردنی هێزەكانی مورسیل پاشا .
89 – 14 مارتی (1925) سەرهەڵداوان ڤارتۆیان ڕزگار كرد .
90 – 24 مارتی (1925) حكومەتی نوێ بە (122) دەنگ بەرامبەر بە (22) دەنگ متمانەی ئەنجومەنی مەزنی میللی توركیای بەدەستهێنا .
91 – 25 مارتی (1925) سەرهەڵداوان دەستیان بەكشانەوە كرد لە دیاربەكر ، دوای دوای ئەوەی هەوڵەكانیان بۆ ڕزگاركردنی ئەو شارە و ڕاگەیاندنی بە پایتەختی كوردستان ، شكستیان هێنا .
92 – 27 مارتی (1925) هێزەكانی دەوڵەت توانیان سەرهەڵداوان لەناوچەكانی دیاربەكر بە تەواوی وەدەرنێن .
93 – 1 نیسانی (1925) پاڵو و هێنی لەسەر هەڵداوان وەرگیرانەوە (74) سەرهەڵداو كوژران و لەهێزەكانی دەوڵەتیش (50) كوژراو و بریندار هەبوون .
94 – 3 نیسانی (1925) هێزەكانی دەوڵەت لە قولپ بەرەو گەنچ كەوتنەڕێ و گەیشتنە ڕووباری موراد .
95 – 3 نیسانی (1925) قانونی ژمارە (310) دەركرا لە بارەی گێڕانەوەی ئەوانەی لەكاتی هێرشەكاندا سوپای ڕووسدا بەرەو ڕۆژئاوای توركیا كۆچیان كردبوو بۆ ویلایەتەكانی ڕۆژهەڵات ، لەمەدا مەبەست گێڕانەوەی تورك و هێنانی كۆچبەرانی توركی بەلقان بوو بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان و ئەرمەنستان .
96 – 4 نیسانی (1925) ژمارەیەك لەسەرهەڵداوانی لە كیگی بەدیل گیران .
97 – 5 نیسانی (1925) سەرهەڵداوان بەرەو گەنچ كشانەوە .
98 – 7 نیسانی (1925) عیسمەت ئینەنو زانیاری لە بارەی سەرهەڵدانەكەوە پێشكەش بە ئەنجومەنی مەزنی میللی توركیا كرد .
99 – 8 نیسانی (1925) هێزەكانی حكومەت گەیشتنە قولپ وڕێگەیان لە سەرهەڵداوان گرت كە لە چەپاقچور و گەنچەوە دەهاتن ، چونكە هێزەكانی دەوڵەت چەپاقچوریان گرتبووەوە . شێخ سەعید گەنچەوە دەهات و (500) سەرهەڵدایش لە چەپاقچورەوە و بەرەو سوڵحان ڕایان كرد .
100 – 11 نیسانی ساڵی (1925) شەڕی هێزەكانی حكومەت لەگەڵ سەرهەڵداواندا لە بەشیری ( بە كوردی : قوبین ) . هێزەكانی حكومەت (15) كەسیان لێ كوژراو (10) كەسیشیان لێ بریندار بوون .
101 – 12 نیسانی (1925) گرتنی دەرەهینێ لە لایەن هێزەكانی حكومەتەوە و ئازادكردنی ئەو ئەفسەر و فەرماندانەی سوپای تورك، كە لە لایەن سەرهەڵداوانەوە بەدیل گیرابوون .
102 – 14 نیسانی (1925) لە سێدارەدانی خالید جبرانلی و یوسف زیا خورشید لە بدلیس . ناوچەكانی چەپاقچور و گەنچ لەسەر هەڵداوان وەرگیرانەوە و باڵادەستی بۆ هێزەكانی حكومەت گەڕایەوە .
103 – 14/15 نیسانی (1925) شێخ سەعیدی پیران و (24) كەس لە هەڤاڵەكانی لەسەر پردی عەبدولڕەحمان پاشا ، نزیكی ڤارتۆ دوای تۆپبارانێكی خەست ، بەناچاری خۆیاندا بەدەستی سوپای توركەوە ، كە غالیب بەگ و حوسێن سەلجوقی سەركردایەتییان دەكر .
104 – 15 نیسانی (1925) ڕاگەیاندنی ڕەسمی لە بارەی سەرهەڵدانەكەوە بڵاوركرایەوە .
105 -21 نیسانی (1925) بڵاوركدنەوەی قسە و باس لە بارەی ڕاپۆرتی باڵوێزخانەی بەریتانییەوە لە ئەستەموڵ ، گوایە باسی پەیوەندی كاربەدەستانی ئینگلیزی كردبوو لە عێراق بە ڕووداوەكانی سەرهەڵدانەكەوە . كاربەدەستانی توركیا پڕوپاگەندەییەكی زۆریان لەم بارەیەوە لە ڕۆژنامەكانی توركیا و ئاژانسەكانی هەواڵدا بڵاوكردەوە ، گوایە ئەو سەرهەڵدانە بە فیتی ئینگلیز بووە بۆ ئەوەی كێشەی موسڵا بە قازانجی ئەوان لە عیراق كۆتایی بێت .
106 – 23 نیسانی (1925) والی گەنچ لە نامەیەكدا بۆ وەزارەتی نێوخۆ باسی لە كوشتنی زەكی دیندار ئەلپ كردووە ، كە كاتی خۆی هەواڵی دابووە حكومەت لە بارەی ئامادەكاریی كوردەكانەوە بۆ سەرهەڵدان لە دژی حكومەت .
107 – مایس (1925) حوسێنە كوێر لەبەرئەوەی بەشداری لە ڕاپەڕینەكەدا نەكردبوو لە كوردستان دوورخرایەوە ، دوای سێ ساڵ بەر لێبوردن كەوت ، بەڵام بەهۆیەكی ترەوە دیسان لە زیندان قایم كرا و هەرلەوێش كۆچی دوای كرد .
108 – 14 مایسی (1925) دادگایكردنی سەید عەبدولقادر و هاوڕێكانی لەدادگای سەربەخۆیی دیاربەكر دەستیپێكرد و لە 26 ئەو مانگە كۆتایی پێهێنرا .
109 – 27 مایسی (1925) سەید عەبدولقادری نەهری و هاوڕێكانی لە سێدارەدران .
110 – 31 مایسی (1925) هەڵگرتنی باری سەفەربەر ( واتا باری جەنگ كە حكومەت هەموو كەسێ توانای شەڕی هەبێ دەیبات بۆ بەرەكانی شەڕ ، بە واتایەكی تر ڕەشبگیری بۆ سەربازی ) .
111 – 1 حوزەیرانی (1925) كەسانی یەدەك و ڕەشبگیركراو بۆ سوپا لە خزمەتی سەربازی ئازاد كران .
112 – 3 حوزەیرانی (1925) داخستنی پارتی پێشكەوتنخوازی كۆماری .
113 – 27حوزەیرانی (1925) دادگاییكردنی شێخ سەعید و هاوڕێیانی ، كە بەر لە مانگێك بەبێ وچان دەستیپێكردبوو ، كۆتایی هات .
114 – 28 حوزەیرانی (1925) دادگای سەربەخۆیی دیاربەكر بڕیاری لەسێدارەدانی شێخ سەعید (28) كەس لە یاوەرانیدا ، هەر ئەو شەوە لەنیوەشەودا بڕیارەكان جێبەجێكران .
115 – 24 ئابی (1925) موستەفا كەمال یەكەم جار بە شەپقەوە دەركەوت .
116 – 2 ئەیلولی (1925) داخستنی تەكیە و مەزارگەكان و بڕیاری ژمارە (2493) ئەنجومەنی وەزیران لە بارەی پۆشاك و كڵاولەسەرنانی فەرمانبەران ڕاگەیاندرا .
117 – 21 نۆڤەمبەری (1925) درێژكردنەوەی باری نائاسایی لە دەڤەرەكانی سەرهەڵدانەكە بۆ ماوەی یەك ساڵا .
118 – 25 نۆڤەمبەری (1925) دەركردنی قانونی ژمارە ( 671) لە بارەی لەسەرنانی شەپقە دەركرا .
119 – 25 نۆڤەمبەری (1925) ئەنجومەنی مێژووی تورك لە ئەستەموڵ كۆبووەوەو و بڕیاردرا دەست بكرێت بە لێكۆڵینەوەی مێژووی تورك بە شێوەیەكی ئەكادیمی و تێزی تورك بۆ مێژوو دیاربكرێت .
120 – 30 نۆڤەمبەری (1925) داخستنی تەكیە و مەزارگەی زاوییەكان و هەڵگرتنی ژمارەیەك ناو و نازناو لە مەزارگەكاندا بەپێی قانونی (677) كە لەم ڕۆژەدا دەركرا .
121 – 16 كانونی یەكەمی (1925) برَیاری كۆمەڵەی گەلان بەلكاندنی موسڵ بە عێراقی ژێرمەندەیتی بریتانییەوە .
122 – 26 كانونی یەكەمی (1925) كاتژمێر و ڕۆژ ژمێری ( كەلاندەری ) جیهانی قەبوڵ كرا بەپێی قانونی ژمارە (697) ، كە لە (1/1/1926) كەوتەواری جێبەجێكردنەوە .
123 – 17 شوباتی 1926 قانونی مەدەنی ژمارە( 743) قەبوڵكراو لە (4) ئۆكتۆبەری (1926) ەوە كاری پێكرا .
124 – 28 شوباتی (1926) بڕیاردرا كارەكانی دادگاكانی سەربەخۆیی تا (7) ئەیلولی (1926) درێژ بكرێنەوە .
125 – 1 مارتی (1926) ئەنجومەنی مەزنی میللی توركیا قانونی سزای توركی ژمارە (765) دەركرد .
126 – 22 مارتی (1926) ئەنجومەنی مەزنی میللی توركیا قانونی ژمارە (789) ی سەبارەت دامەزراوەی زمانی توركی دەركرد .
127 – 16 مایس (1926) بەرایی سەرهەڵدان لە ئاگری .
128 – 18 مایس (1926) ئەرك و كارەكانی دادگاكانی سەربەخۆیی تا ( 7) مارتی (1927) درێژكرانەوە .
129 – 27 مایس (1926) ڕاپەڕینی هۆزی موتكی .
130 – 6 حوزەیرانی (1926) توركیا بڕیاری كۆمەڵەی گەلانی لەبارەی چارەنووسی موسڵەوە قەبوڵ كرد .
131 – 15 حوزەیرانی (1926) هەوڵی كوشتنی موستەفا كەمال لە ئەزمیر بەهۆی هەواڵێكەوە پەردەی لەسەر لادرا .
132 – 22 نۆڤەمبەری (1926) باری نائاسایی بۆ ساڵێكی تریش درێژكرایەوە .
133 – 24 دیسەمبەری (1926) گۆڕانكاری و هەمواركردنی قانونی ژمارە (1505) تایبەت بە زەوییەكانی حكومەت . ئەم قانونە دەسەڵاتێكی زۆری بە حكومەت بەخشی بۆ ئەوەی ئەو زەوییانە بدات بە تورك یا ئەوانەی ، بە وتەی قانونەكە، پابەندی كولتوری توركین .
134 – 28 مایسی (1927) قانونی ژمارە ( 203) لەبارەی سەندنەوەی مافی هاوڵاتَێتی لەو (150) كەسەی ، كە بەپێی پەیماننامەی لۆزان دەبوایە بەر لێبوردنی گشتی بكەوتبانایە .
135 – 16 حوزەیران (1927) بەپێی قانونی (1515) گواستنەوەی ئەو هۆز و بنەماڵانەی ، كە حكومەتی توركیا هەڵس و كەوتیانی بەزیانبەخش لەقەڵەم دەدا بۆ ڕۆژئاوای وڵات. ئەمە ئەوانەشی دەگرتەوە كە حوكمی گرانیان بۆ دەركرابوو .
136 – 19 حوزەیران (1927) ئەو زەوییانەی دەگەڕانەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت ، دەبوایە بە پێی قانونی ژمارە (1097) بدرێن بە وەرزێڕە بێ زەوییەكان .
137 – 9 نیسانی (1928) لابردنی دەستەواژەی ( ئیسلامی ئایینی ڕەسمی دەوڵەتە) لە دەستوری توركیا و گۆڕانكاری لە ڕێ و ڕەسمی سوێند خورادنی سەرۆك كۆمارو ئەندامانی پەرلەمان، بەوەی بەڕێ و ڕەسمی مەدەنی جێگەی ڕێ و ڕەسمی ئایینی بگرنەوە .
138 – 2 حوزەیرانی (1929) دامەزراندنی ویلایەتی موش بەپێی قانونی ژمارە ( 1509)، كە چەپاقچور و گەنچ لە ویلایەتی سێرت دابڕان و خرانە سەر ویلایەتی نوێ.
تێبینی :
بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سود لە زۆر کتێب و لێکۆڵینەوە و سەرچاوە وەرگیراوە، کە گرنگترینیان پشتی بە ئەرشیفی دەزگای هەوالگری سەربازی تورکیا بەستووە و بە ناونیشانی ” شیخ سعید عصیانی کرۆنۆلۆژیسی” (ŞEYH SAİD İSYANI KRONOLOJİSİ). هەرچەندە ئەم کرۆنۆلۆژییایە زانیاری زۆر وردی لە مەڕ کات و شوێنی ڕووداوەکان تێدایە، بەڵام وەک هەمیشە لە گوتاری سیاسی و ئەدەبیاتی مێژوویی تورکدا باوە، ئەمیش پڕە لە دەستەواژەی کوردی یاخیبوو و دژ بە ریفۆڕم …هتد. تا پێمکرابێ و زیانی بە لایەنی زانستی بابەتەکە نەبووبێت لەو زمانە پاکم کردۆتەوە .
بەکلیکێك لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت