عیماد عەلی : دەیەوێت چاوی برێژێت ئەگەر کوێری نەکات .
دوای ئەو هەموو چەقبەستنە ، وادیارە هەر لایەنەو لە روانگەی ڕۆَڵبینین و رازیکردنی جەماوەری خۆی مامەڵە لەگەڵ سەرجەم پرسەکاندا دەکات و دەیەوێـت لە کەلێنێکەوە هەر هیچ نەبێت دڵی کادرانی خۆیان بدەنەوە ، ئەگینا هەموویان لەم کێشە و قەیرانانە بەرپرسن و ، ئەوەی بەشێک بێت لە کێشەکە و دروستی کردبێت ناتوانێت چارەسەری بکات .
بۆ نزیکەی مانگێک دەچێت دوور لە حزبەکانی تر ، یەکێتی و پارتی خەریکی یەکترن و دەیهێنن و دەیبەن تاوەکو لە کونێکەوە هەردولایان قازانج بکەن و دڵی لایەنگریانیان رازیبکەن و کێشەناوخۆییەکانی خۆشیان هەناردەی دەرەوە بکەن .
ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر ژمارەیەک خاڵ رێکبکەون ، بۆ خەڵک زۆر بە روونی دیارە ، کە تەنها قازانجی حزبی نەبێت هیچ قازانجێکی گشتی تێدا نابێت ، لەبەر :
یەکەم : بە خۆیان هۆکاری سەرەکی دروستبونی ئەم قەیرانەن کە بۆ خەریکە دەگاتە سێ دەیە هاوکوفی یەکن و لە دەسەڵاتدا برابەشن ، ئەمە بە ئیستغلالکردنی یەکێتی لە لایەن پارتیەوە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ .
دووەم : دوور لە حزبەکانی تر کێشەکان بنبر نابن ، ئەگەر هەردولا و لایەنێکی دوودڵی تریش رازیبکەن . لەبەر ئەوەی لایەنەکانی هاوکێشەکە سیاسیەکەی کوردستان هەر یەکەو ئەوەی بەدەستەوەیە کە رێگری لەوی تر بکات ، بۆیە جگە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی کورتمەودای حزبی و بەرێکردنی کات هیچ شتێک بەدوای خۆیدا ناهێنێت ، ئەگەر هەردوولا بە رەهاییش بگەنە رێککەوتن، کە بێگومان کرچوکاڵ دەردەچێت . ئەمەش لەم قەیرانە یەک بست کەم ناکاتەوە .
جا بەم شێوەیە بێت تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو بەم حاڵی ئێستامانەوە درێژە دەکێشێت ، یان ئەگەر رێکبکەون لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن ئەوە قەیرانەکان درێژە پێدەدەن بۆ چەند ساڵێکی تر نەک لەچارەسەر نزیک ببنەوە و هەنگاوە کردەییەکان بۆ چارەسەر خێرابەکەنەوە .
مەبەستی هەردوولا لە چرکرنەوەی کۆبونەوەکان، دیارە وا بزانن خەڵک بێ ئومێد بووە و بتوانن بە هەنگاوی بچوک لە خشتەی بەرن و بە چارەسەر لەقەڵەمی بدەن و خۆیان قازانج بکەن ئەوە بەهەڵەدا چوون . بۆیە بێ بەشداری سەرجەم حزبە سەرەکیەکان لەسەر ئەرزی واقع بەهیچ دەرئەنجامێکی کردەیی دەرناچن مەگەر بەدەستهاتی بچوکی حزبی نەبێَت ، ئەمەش لە قازانجی هەردوولایاندایە .
گۆران لای خۆیەوە لە نێوان دووبەرداشدا گیری خواردووە ، دەیەوێت بە ڕوومەت سوری لێی دەربچێت و ، سەرۆکی پەرلەمان ئەگەر بۆ سەعاتێکیش بێت بگەرێتەوە ، بەڵام ئەو میکانیزمەی کە ئەمە جێبەجێ بکات و خەڵک لەسەر ئەمە لۆمەی نەکات لەبەردەستی نیە ، ئەمە لەلایەک لە لایەکی تریشەوە لە رێکەوتنی یەکێتی و پارتی دەترسێت نەوەک بتوانن بەو رێکەوتنە ناکامڵە خەڵک لەخشتەبەرن و ئەو نائومێدیەی خەڵک تێکەوتووە و لەسەرجەم حزبەکان بێزارە ئیستیغلال بکەن ، کە خەڵک بەکەمترین ئاسایی کردنەوە رازیبن . لەونێوەندەشدا بەرزبونەوەی نرخی نەوت زۆرێک لە هاوکێشە ناوخۆیی دەرەکیەکانیش دەگۆرێت کە لە قازانجی دەسەڵات و گەندەڵکارانیشە و ، لە بەرژەوەندی حزبیی گۆران نیە بە تایبەتی .
حزبە ئیسلامیەکان لەهەر کوێەک بای بێت شەنو کەوی خۆیان دەکەن و دەتوانن ئاراستەکەیان بەهەمو شێوەیەک بگۆرن ، کە چۆن لە مێژووی دوور و نزیکی خۆیاندا وابون ، دەتوانن لە سیاسەتدا هەزار و یەک بەهانە و حوجەتی شەرعی بۆ هەر هنەنگاوێک بدۆزنەوە ، چ لەگەڵ وەلی ئەمردا بن یان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن .
کارکردن لەسەر کێشەو قەیران و لەسەر لەبیرکردنی خەڵک ، جگە لە پینەو پەرۆ و بەسەرخۆدا شکانەوە و زەرەر لە خۆ و لە میلەت دان هیچی تری لێ ناکەوێتەوە ، بۆیە ئەمە لەسەرەتاوە بێئەنجامی دیارە .
بۆیە پرسیارە ریشەییەکە لەوێدایە ئەی ئەم لایەنانە چی بکەن ؟ سیاسەتی هەریەکەیان چۆن بێت ؟
ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئەم لایەنانە بەهیچ شێوەیەک ناتوانن بگەنە رێکەوتن لەبەر هۆکار گەلێک کە زۆرینەی بۆ خەڵکە ئاساییەکەش دیارە ، ئینجا هەریەکەو ئەوەندە خاڵی لاوازی خۆی لای ئەویتر هەیە ، کە نەتوانێت بە راشکاوی قسە لەسەر پرسەکە بکات و رون بێت لەگەڵ خەڵکدا و خۆی لەو تاوانانەی کراوە بێبەری بکات و بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت . چەند رێگەیەک لەبەردەم هەمویاندا هەیە وو هەریەکەو بە شێوەیەک .
یەکەم : بەم شێوەیە کاربەرێبکەن و چاوەرێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم بکەن کە ئەویش ئاسان نیە و هەزار و یەک دەردانی لێدەکەوێتەوە و بەرێوەچونی هەڵبژاردنکە ئاسن نابێت ، کە هۆکاری سەرەکی هەنگاوە ناشەرعیەکان و خودپەرستی و بەژەوەندخوازی گەیشتن بەم بنبەستیە ؛ پارتیە بە پلەی یەکەم و تەنازولی یەکێتی لەبەر خاتری بەرژەوەندی کەسی و ئەڵقە جیاوازەکانی نێوخۆی خۆی و زۆر جار لەخۆبایی بونی گۆران و پاشکۆیەتی ئیسلامیەکانە .
دووەم : یەکێتی و پارتی ئەوەندە لەیەک نزیک ببنەوە و هاوپەیمانێتیەکی وەک یەک حزبی لەدوو قازغدا دروست بکەن ، کە ئەمەش لە مردنی یەکێتیە راستەقینەکە نزیکیان دەکاتەوە و لەم هەنگاوەش دەبێت پشت بە لەبیرچونی خەڵک ببسەتن ، کە لە هیچ شتیچک دادیان نادات .
سێ یەم :کشانەوەی یەکێتی لە پرۆسە سیاسیەکەی کوردستان ، کە ئەمە دوورە لە پیادەکردنەوە، لەبەر بونی چەندین رەوتی سیاسی کەسیی نێوخۆیی لە یەکێتی دا، واتە باڵباڵێنی توند لە ناو یەکێتیدا، کە ئەمە بەرژەوەندی تەسک فەرز دەکات و یەک باوەری حزبی ناهێڵێت، بەڵام ئەگەر بگەنە ئەو هەنگاوە قازانجی حزبیان زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوەی لە یەکلایی کردنەوەی قەیرانەکە نزیک دەبێتەوە و بە کردەیی هەنگاوەکان بە هەر چونێک بێت خۆیان فەرز دەکەن، بەڵام لەسەر حسابی خەڵکٍ . نەک وەک ئەمرۆ بۆ وشەیەک چەندین کۆبونەوە دەکرێت .
چوارەم : لە وابەستەیی بە ناوەندی عیراق و وڵاتانی دەروە بەهێزتر بن و لامەرکەزی بە شێوەیەکی کردەیەی بچەسپێنن و کەس ناوی فیدراڵی نەنهێنێت و زۆنەکان لەیەک جیابکەنەوە . کە ئەمە زۆر ئاسان دەبێت لەبەر ئەوەی لە قازانجی دەوروبەر دەبێت ، کە هەر یەکەیان وابەستەیە بە یەکێکەوە .
پێنجەم : گۆران پاشەکشە لە پرۆسە سیاسیەکە بکات و، ئۆپۆزسیۆن بونی راستەقینەی خۆی رابگەیەنێت ، کە تاوەکو ئەم حزبانە لە دەسەڵاتدا بن ئەو بەشداری هیچ حکومەتێک نەکات و بەم کردەوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا لە شوێنی خۆی دەمینێتەوە و ، راست و چەپی هەموو شتێک بۆ خەڵک دەردەکەوێت و لە مەودایەکی تردا دەتوانێت دەسەلات بگرێتە دەست و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و ئەڵقەی تەسک وەدەرنات ، کە ئەمە مەحاڵ نیە لە دونیای ئەمرۆماندا ، ئەمەش هەڵوێستی راست و میلەتخوازی دەسەلمێنێت .
ئەگەر دەسەڵاتێک بەو هەموو داهاتەوە نەتوانێت ژیانی خەڵک مسۆگەر بکات ، ئەوە لە هیچ کاتێکدا لەمە باشتری پێ ناکرێت و ، دەبێت چاورەێی رقی زیاتری خەڵک بکات و، لەو بارەوە گۆران دەتوانێت لە دەرفەتێکی گونجاودا سەرپەرشتی و سەرکردایەتی رەوتی نارازی و رق لە دڵی ئەو خەڵک بکات، کە جەبەروتی دیکتاتۆرێکی وەک سەدام گۆری ئەگەر بە یارمەتی دەرەکیش بوبێت ، لەبەر ئەوەی دەرفەتی دووبارەوەی ئەو وەزعەی ئەوسا بۆ کوردستان هەمیشە لە شێمانەکاندایە .
بۆیە، نە کۆبونەوەکانی یەکێتی و پارتی دەگەنە ئەنجامێک کە لەم مەتاهاتە دەربچن و، نەش دەتوانن خەڵک لەم نەهامەتیە دەربکەن و ، نەش کوردستان دەگەیەننە سەر رێگەیەکی بێ بەربەست . دەبێت هەموان چاوەرێ شتی لەپر و نادیار بین و دوارۆژیشمان بە نارونی هێشتەوە و، مێژووش رەحمیان پێناکات .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت