شێرزاد شێخانی : عەنتەریاتی پارتی .
لەئەدەبیاتی عەرەبیدا باس لەعەنتەری کوڕی شەداد وەکو سوارچاکێکی ئازاو دلێر ئەکرێت ، لەچەندین کتێبدا ئاماژە بەقارەمانێتی کراوە ، جارێکیان لەخودی عەنتەریان پرسی نهێنی ئەو ئازایەتی و قارمانیەتییەی لەکوێوەیە ، وەڵامی دانەوە ” هەر کاتێک بکەومە شەڕەوە زەبری یەکەمم ئەوەشێنمە جەنگاوەرە لەرو لاوازەکان تا بەهێزو بەجەرگەکان بتۆقێنم “. بەمەش دەر ئەکەوێ کەوا عەنتەر ئەو پاڵەوانە سوارچاکە بێوێنەیە نەبوە کە لەمێژودا باسی کراوە ، ئەو تەنها بەکەسە لەرو لاوازەکانەوە وێراوە .
بەم لۆژیکەوە پارتی عەنتەریاتەکەی ئەفرۆشێت بەسەرمانەوەو دەستی خۆی ئەوەشێنێت ( بۆ نمونە سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتو لەبادینان ، داگییرکردنی هەولێر بەواسیتەی حەرەس جەمهوری سەدام ، شەڕی پەکەکەو پەیەدە بەواسیتەی تورکیا ) ، کوشتنی رۆژنامەنوسی بێدەسەڵات ، ژەهردەرخواردنی سەرکردە خانەنشینەکانی خۆی ، گرتنو زیندانی کردنی دوو سێ گەنجی هەولێر ، بەمانەوە خۆی وەکو هێزێکی پاڵەوان نمایش ئەکات لەکاتێکدا بەدرێژایی تەمەنی ئەم حزبە بەبێ هاوکاری دەرەکی و هێزێکی پاڵپشتەوە نەیتوانیوە لەژیانی خۆیدا سەروەرییەک بۆ خۆی تۆمار بکات ، سەرنج بدەن بەدرێژایی ساڵانی خەباتی میللەتەکەمان لەشۆرشی نوێدا تەنها یەکجار لە خواکورک شەڕیان دژ بە رژێمی سەدام کرد ، ئێستاو ئێستاش نایبڕنەوە لە هەمو بۆنەیەکدا فیدیۆی ئەو شەڕە دوبارە ئەکەنەوە .
تەنانەت لە کاری سیاسیشدا هەمیشە پشتیان بەهێزی دەرەکی بەستوە . لەدەیان و سەدان دیکۆمینتی مێژوییدا باس لە رۆڵی شای ئیران ئەکرێت لەهاوکاریکردنی شۆرشی ئەیلولی مەلا مستەفا ، تەنانەت کاتێک شا کاری بە شۆڕشەکەی ئەو نەما ، بارزانیش ئاشبەتاڵی راگەیاندو وتی : کاری من تمام شد “، نەیتوانی رابەرایەتی شۆڕشێک بکات بەبێ دەستی بێگانە .. لە 31 ئابیشدا بینیمان بەیارمەتی سوپای سەدام هەولێری داگییرکرد ، ئێستاش بەهاوکاری تۆپو تەیارەکانی تورکیاوە دژایەتی پەکەکەو پەیەدە ئەکات ، هەر بە پشتگییری تورکیاش هەڕەشە لەداگییرکردنی سلێمانی ئەکاتو ئەیەوێت خەڵتانی خوێنی بکاتەوە .
زۆرجار کاتێک بەشداری بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان ئەکەمو ماهییەتو حەقیقەتی ئەم حزبە ئەخەمە ڕو ، ژنەکەم هاواری لێهەڵئەسێتو ئەڵێ : تۆ ئەگەر لەژیانی خۆشت بێزاریت ، بۆچی حیسابێک بۆ مناڵەکانت ناکەی ، ئەوان لەهەولێرن وپارتی ئەزیەتیان ئەدات ، بۆ ناترسی قونبەلەیەک بخەنە ناو ماڵەکەشمانەوە ؟ .
حەکیمێکی عەرەب قسەیەکی زۆر جوانی هەیە کە ئەڵی : ناپاکترین فەرمانڕەوا ئەو کەسەیە کە خەڵکی بێتاوان لێی بترسن .
ژنەکەی من لەژیانیدا کاری سیاسی نەکردوە ، تاوانی دژ بەهیچ کەسێک ئەنجامنەداوە ، بەڵام وەکو من ئەویش لە ماهییەتی ئەو حزبە گەیشتوە بۆیە بەسۆزی دایکایەتیەوە ترسی لێنیشتوە لەفەرمانڕەوایی و دەسەڵاتەکەی پارتی .
سەرباری ئەوەی بەقەڵەم موعاریزی خۆم بۆ حوکمی دیکتاتۆرییانە دەرئەبرم ، لێ دڵنیاشم لەوەی کەوا حزبێک سڵ لەخییانەت لەمیللەتەکەی خۆی نەکاتەوە ئیدی حیساب بۆ شتیتر ناکات . ئەوە نییە بەشانازییەوە بەرپرسی راگەیاندنەکەیان باس لەخیانەتی 31 ئاب ئەکاتو هەڕەشەی دوبارەکردنەوەی خیانەتێکی تر ئەکات لەمیللەتەکەمان و خۆی و حزبەکەی ساز ئەکات بۆ تەختکردنی سلێمانی . ئەوە نیە دۆنکیشۆتانە بۆ ترساندنی بەرامبەرکانیان ئەڵێن تەنانەت فرۆکە ئیسرائیلیەکانیش لەژێر فەرماندەی بارزانیدانە ؟
ئەو میللەتەی ئێمە کە دەیان ساڵ خوێنی لەپێناو ئازادیدا بەخشیوە لە راپەرینە مەزنەکەی بەهاری 1991یشدا وڵاتی خۆی ئازاد کردەوە ، بۆ ئەو رۆژەی نەکرد دیکتاتۆریکی عەرەب بەدیکتاتۆرێکی کورد بگۆرێتەوە ، ئێمەش کە ساڵانێک لەدژی حوکمی دیکتاتۆرییەت لەسەنگەری میللەتا بوین ، ئێستاش بەدەرکەوتنی سیمای دیکتاتۆریەتێکی تازەوە لەهەمان سەنگەردا ئەمێنینەوە ، با خوێنی ئیمەیش بچێتە پاڵ خوێنی دەیانو سەدان ئازادیخوازانی میللەتەکەمان بەتایبەتیش شەهیدانی قەڵەمی وەکو سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان و عەبدەولسەتار تاهیر شەریف و کاوە گەرمیانی ودەیان رۆشنبیری تر کە بەدیکتاتۆریان وت : ئیتر بەسە .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts