شێرزاد شێخانی : شینەكەی نوسەری دەربار  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای راپەڕینی بەهاری 1991 و گەڕانەوەی بنەماڵەی بارزانی لەكەرەجەوە بەرەو هەولێر بەپیشتیوانی ئێران ، حیزبی پارتی حزبێكی شەكەتو لاواز بو ، جەماوەر بەگشتی رووی لەلای یەكێتی بوو ، هەم بەحوكمی ئەوەی كەوا پاڵەوانو داهێنەری راپەڕین بوو ، هەم لەبەرامبەر رۆڵی سەرەكی لەهەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان . بەڵام رۆڵی ئێرانو فشارەكانی لەو سەردەمەدا وایانكرد پارتی جارێكیتر بێتەوە سەر ساحەكەو ، لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا بەتەزویرو تەزویركاری ببێتە حزبی یەكەمی كوردستان .. لەوساوە بەشێك لەكادیرو رۆشنبیرانی حزبەكانی كوردستان بەتایبەتیش كادیرانی حزبی شیوعی كە لەهەڵبژاردندا شكستێكی ئابروبەرانەی توشهات ، هاتنە ناو پارتیەوە .. پێشتریش لەرێگەی پیلانیكەوە پارتی توانیبوی حزبی سۆسیالیستی كوردستان بتوێنێتەوە كە هێزی سێیەمی سەر گۆڕەپانەكە بوو بەشێك لەسەركردەكانیشی بەواسیتەی سامی عەبدولرەحمانەوە راكێشێتە ناو حزبەكەیەوە ، بەمەش پارتی بوژایەوە . هەر لەسەرەتاوە ئەو كادیرو رۆشنبیری حزبەكان لەبەرامبەر ئەو هەمو ئیمیتازاتو پارەو پۆستانەی پێیاندرا ، كەوتنە خزمەتی بنەماڵەی بارزانی . بیرمان نەچێت ئەو كادیرانەی شیوعی  لەرێگەی گۆڤاری گوڵان و میدیاكانی پارتیەوە چ رۆڵێكی روخینەریان بینی لە قوڵكردنەوەی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی ، هەر لەسەرتاوە كەوتنە ئاگرخۆشكردنەوەی شەری ناوخۆوە .

سەرۆ قادری كە ئەندامی سەركردایەتی پارتیش نەبو بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر دڵسۆزی بنەماڵە بو لە قۆناغێكدا كرایە سەرۆكی دەزگای راگەیاندنی ئەو حیزبە ، مەبەستیش لەدانانی جێبەجێ كردنی بەرنامەی بەتەقدیسكردنی بارزانی بو ، لەمەشدا هیچ جۆرە درێغییەكی نەكرد . هەڵبەت كادیرانی حزبی شیوعی كە زۆربەیان باوەڕییان بەهیچ پیرۆزییەكی ئایینیو تەنانەت هی واشیان تێدایە كە باوەڕیان بەبونی خواش نیە ، كاریان بۆ تەقدیسكردنی مەسعود بارزانی كرد ، بۆیە زۆر ئاساییە كادیرێكیان بڵێێت : پێش ناوهێنانی بنەماڵە ئەبێت دەستنویژ هەڵبگیرێت ، خۆ مرۆڤ كاتێك لەرێگەی نوێژەوە ئەچێتە بەردەم قاپی خواوەو ئەبێت بەپاكی بچێتە پێش ، دەستنوێژ هەڵگرتن پێش ناوهێنانی بارزانی بەهەمو واتایەكەوە پیرۆز كردنیەتی ، كاتێك نوسەرێكی دەرباریش ئەڵێ : ئەم كوردستانە  پیاوێكی تێدا نیە شان لەشانی بارزانی بدات ” ئەویش لەواقیعدا ئەیەوێ بڵێ كەوا بارزانی لەپیرۆزییدا شەریكی نیە ؟

سەیرە كۆیلایەتی رۆشنبیر بگاتە ئەو ئاستە نزمەوە كە لەنێو پێنج ملیۆن كەسدا ، یەكێك بارتەقای مەسعود بارزانی تیا نەبینن ببێتە سەرۆكی هەرێم ؟.سەیرە ئەم كۆیلانە چاویان كوێر بێت لەبینینی هەزاران هەزار بیرمەندو مامۆستای زانكۆو خاوەن شەهادەی بەرز وسیاسەتمداری موخەزرەمی ئەم هەرێمە كە بەشێكیان مامۆستای مەسعود بارزانی بونە ، سەیرە وڵاتێك ومیللەتیك بەند بكرێن بەبونی كەسێكەوە ، خۆ ستالینیش كاتی خۆی خوای شیوعیەكان بو ، ماوتسی تۆنگیش لە چیین هەروا ، تەنانەت گاندیش بەرۆحیكی موقەدەس دائەنرا ، بەڵام كە ئەوان رۆشتنو ماڵئاواییانكرد میللەتەكانیان نەمردن هەر ماون ، ژیان بەبێ ئەوانیش هەر بەردەوامە  .

بەپێی هەمو عورفو یاسایەك هەمو هاوڵاتیەكی ئەم كوردستانە بۆی هەیە خۆی كاندید بكات بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بە حەماڵەكانی شیخەڵلاو تەزبیحفرۆشانی بەردەركی مزگەوتی گەورەی سلیمانیشەوە ، لەیاسای سەرۆكایەتیدا هیچ دەقێك نیە بڵێ تەنها مەسعود بارزانی مافی خۆكاندیكردنی هەیە ، بەڵام  ئەمرۆ كە كەس زاتی ئەوە ناكات خۆی كاندید بكات لەبەر شانو باڵی مەسعود بارزانی نیە ، بەڵكو لەترسی ئەوەیە نەبادا بەیانی بەبریاری ناوچەی گەڕەكی بەلاشەوەی پارتی لە هەولێر پێی بوترێت بڕۆ لەماڵەوە دانیشە . خۆ شتێكی لەو بابەتەیان كرد بەرامبەر بەسەرۆكی پەرلەمان كە باڵاترین دەسەڵاتی كوردستانە بەپۆستەكەی مەسعود بارزانیشەوە ، خۆ وێنەكانی بەرێز دكتۆر كەمال سەید قادریشمان لەبیر ناچێت كە چۆن هێلكەباران كرا لەناو جەرگەی دەسەڵاتی پارتیدا .. بارزانیش بەزمانی خۆی وتویەتی كەوا دەستبەرداری سەرۆكایەتیەكەی نابێت تا مردن ، ئیدی ئەو پیاوانەی كوردستان خۆیان بەرامبەر كێ كاندید بكەن ؟؟. كاریش بەوە تەواو نابێت كەوا پارتی و سەرۆكەكەی بڵێ  فەرمون لەدیوەخانەكانتانا لەسەر یەكێك رێكبكەون تا دەسەڵاتی رادەست بكەم ، ئەمە ئالیاتی قانون رێكی ئەخات نەوەك بریاری دیوەخانەكان .

لەبەشێكی وتارەكەی ئەمدواییەی رێبوار كەریم وەلیدا باسی هێرۆخانی كردوە ، لەسەرتای خوێندنەوەی وتارەكەشدا ئەو پرسیارەم لا گەڵاڵە بو، ئەرێ بەڕاست ئەم رێبوارە چ كارێكی بەكێشەو ململانێكانی ناو یەكێتیەوە هەیە ؟.ئەو مونەزری حزبەكەی پارتییەو خۆی لێمان كردوە بەبیرمەند ” مفكر ” ی هاوشێوەكەی ئاشتی هەورامییەوە كەوتی كەسی وەك من نیەو نابێت ، ئەو رێبوارە وەكو كەڵەشێرەكەی ئاواییەكەی لێهاتوە كەلەبەر نەبونی مەلا پێیان ئەوت بڵقاسم ، ئەو ئەبێ بچێت بۆ حیزبەكەی خۆی بخوێنێ چ كاری بەیەكێتی وسەركردەكانیەوە هەیە ، تۆ بڵێی لێیان شێوابێت و بەراستی هەست بكەن كەوا ئەمان حیزبی قائیدو ئەوانی تریش پاشكۆو گوێرایەڵ ؟ .

لەو بەشەی وتارەكەیدا رێبوار جارێكیتر خەونە دێرینەكەی پارتی بەپاشكۆ كردنی یەكێتیەوە ئەگێرێتەوە ، ئەڵێ لە خەوما بینیم ” هیرۆخان لەسۆنگەی رێككەوتنی لەگەڵ پارتی وبارزانیدا ، زۆر بەبێ منەتانەو توند وەڵامی جێگری سكرتێری گشتی داوەتەوەو تەنانەت هەرەشەش دەكات . چونكە سەرباری ئەوەی كە دەگوترێ یەكێتی وپارتی خەریكی رێكەوتنی تازەن ! یەكێتی وپارتی دەمێكە براندویانەتەوەو بەشێكی پرۆسەكە بۆ سەرقاڵكردنی خەڵكە . باڵی دەسڕۆیشت و لاریی لەمانەوەی بارزانی ودەركردنی گۆڕان نەبوەو نییە ، بۆیە دیار نییە كەخەلك چاوەڕانی چ جۆرە رێككەوتنێكی دیكە دەكات .

نوسەر هێشتا لەخەوە خۆشەكەی بەخەبەر نەهاتۆتەوە ، ئەگینا كام رێككەوتنی یەكێتی وپارتی ، كام لارینەبون لەمانەوەی بارزانی ، كام دەركردنی گۆڕان ؟ . ئەم خەونە خەونێكی دەستەجەمعییە شەوان ئەچێتە خەوی پارتیەكانەوە ، پێشم سەیرە هەمویان بەشەو هەمان ئەو خەونە ئەبیننو بەیانی ئەبێتە تەسریحاتو بابەتی نوسینەكانیان . ئەگینا یەكێتی لەناو كۆبونەوەی فەرمی مەكتەبی سیاسی پارتی ویەكیتیدا راشكاوانە پێیانی راگەیاندوە كەوا بەبێ گۆڕان ناچێتە ناو هیچ رێكەوتنێكی سیاسییەوە . یەكێتی دەمێكە وتویەتی كەوا رێكەوتنی ستراتیژی پارتی ویەكێتیش تمام شد . یەكێتی ئێستا شەریكە دەسەڵاتە لەگەڵ گۆران لەزۆنەكەی خۆیدا ، لەپای چی ولەپێناو چی وەزعی ناوچەكانی خۆی بخاتە سەر دەستی عفریتەوە لەبەر خاتری چاوی ڕەشی پارتی و رازیكردنیدا . بۆچی یەكێتی كارێكی وا بكات  ناوچەكانی خۆی خەڵتانی خوێن بكات ، خوێنی رۆڵەكانی سلێمانیو گەرمیانو هەڵەبجەو پێنجوینو شارباژێروقەڵادزێ وراپەرین وشوێنەكانی تری ئەم هەرێمە بڕژێت لەپێناو كورسیەكی ئێكسپایەری سەرۆكی هەرێمەوە ؟ .

من پێموایە شینەكەی كاك رێبوار بۆ یەكێتی نییە ، بەڵكو بۆ هەریسەكەیە كە ئەو راهاتوە لەهەریسە نۆش كردن و گرنگیش نییە كێ دەسخۆشی نوسینی ئەم وتارانەی لێئەكات ، مادام دەربار رازییەو سیولەی نەقدیشی هەیە ، با كوردستان تۆفان بیبات و خاكەكشی خاپورو وێران بێت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت