فەوزی ڕەمزی : وشەی ( Revolution ) واتە ” شۆڕش ” لە چییەوە هاتوە .
لە ناو کوردەواری خۆماندا وشەی ” شۆڕش ” ئەو وشە باو و بریقەردارەیە کە چەندین ساڵە بە گوێی هەموواندا دراوە و ئێستایش هەر دەدرێت و ئیتر هەر گرووپە بە پێی خواست وئارەزووی خۆی ، لێكدانەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكات ، لەوانەيش ؛ شۆڕشی كۆمەڵايەتی ، ڕۆشنبيری ، پيشەسازی ، دينی و … هتد ، هەروەها سياسی كە مەبەستمانە لەم نووسينەدا. بەڵام جارێكا با بزانين وشەی شۆڕش لە كوێوە ڕەگەژۆی هەڵداوە و تا چ ڕادەيەك بە وشەيەکی ڕەسەنی كوردی ناودێر دەكرێت ؟
لە زوانە زاگرۆزييەكاندا بە چەند شێوگ گۆی پێكراوە ، بۆ نموونە لە زوانی سۆمەری ـدا بە شەڕ Şer ، شڕŞır هاتووە ، لە زوانی هيتی ـدا بە شەڕوŞeru هاتووە ، لە زوانی ليڤی ـدا بە شەڕŞer و شەڕوش Şeruş هاتووە هاتووە .
لە مێژووی ئەدەبياتی فارسی ـ ئێرانيدا ، بەزۆری لێكدانەوەيەكی نەرێتی بۆکراوە ، بۆنموونە كوردانی لوڕ لە دژی دەسەڵاتی شا ئيسماعيلی سەفەوی ڕاپەڕين ، ئەم ڕاپەڕينە لە ئەدەبياتی فارسيدا بە شوڕشهای محەللی ناودێر كراوە كە مانای گومڕايی و ئاشووب لێكدراوەتەوە . پاش هاتنی ئيسلام وزوانی عارەبی زاڵبوو بەسەر زوانی فارسيدا و وشەی ئەنقلاب ـيان كردە زاراوەيەكی گەش بۆ گۆڕينی ڕەگوڕیشەی بارودۆخێك بۆ بارودۆخێكی باشتر .
بەڵام بە داخەوە لە زوانی كورديدا درەنگ پەيی پێبرا كە بخرێتە ناو ئەدەبياتی نوێی كوردييەوە ، ئەويش لەبەر چەندين هۆ كە ناكرێت لێرەدا بە چەند دەستەواژەيەك لێكبدرێتەوە . بەڵام بۆ خۆشبەختانە لە كورديدا بە پێچەوانەی ئەدەبياتی فارسی ، ڕوويەكی ئەرێنی گرتۆتە خۆ . مانای وەرچەرخان دێت لە بوارێكدا بەرەو باشتر . ئەو وەرچەرخانانەی کە كورد هەموو جارێك بە درێژايی مێژووی ئەم سەردەمە جۆرێك بووە لە شۆڕش بۆ سەندنەوەی ئازادی لە دەست داگيرکەران و ستەمکارانی ناوخۆی کورد . ئەو شۆڕشانەيش بە هێزی چەكداری هەڵگيرساون وەك شۆڕشی شێخ سەعيدی پێران لە باكووری كوردستان ، شۆڕشی خۆرەڵاتی كوردستان كە دامەزراندنی كۆماری كوردستانی بەدواهات و پێشەوا قازی محمەد بووە سەرەك كۆماری كوردستان . لە باشووری كوردستان ـيش بە دامەزراندنی مەملەکەتی كوردستان و شێخ مەحموود بووە مەلێكی كوردستان .
لە وڵاتانی پێشکەوتوو ، چەندين شۆڕشی هەمەجۆر كراوە و بە بەڕنامەڕێژی بەرهەمەكەيان بۆ خزمەتگوزاری نەك هەر وڵاتەكەيان بەڵکو گشت جيهانيش رەنگيان داوەتەوە و وڵاتانی ديكە سووديان لێوەرگرتووە . لەو شۆڕشانەی كە بارودۆخی پساتيان وەرچەرخان ؛ شۆڕشی زانستیScience revolution کە گەردوونناسی مەزن نيكۆڵاس كۆپەرنيكۆسNicolaus Copernicus(1473-1543) سەر كاروانی بوو ، شۆڕشی پيشەسازی Industrial Revolution (1820-1840) لە ئەنگلتەرا ، شۆڕشی فەڕەنساFrench Revolution(1789 –1799) كە بە تازەگەری ناسراوە و كۆمەڵێك لە ڕۆشنبيران هەوێنی بوون ، شۆڕشی وڵاتە يەكگرتووەکانی ئەمريكا بە سەركردايەتی جۆرج واشنگتون ، شۆڕشی هيند بە پێشەوايەتی گاندی و شۆڕشی باشووری ئەفريقا بە ڕابەرێتی نيلسۆن مەنديلا ، گەلێك شۆڕشی ديكە کە بە بەڕنامەڕێژی ئامانجەكانيان پێكاوە . لە ڕاستيدا ئەمانە بەمانای تەواو پێيان وتراوە شۆڕش ، ئەويش لەبەر چەند هۆيەك ، لەو هۆيانە كە زۆر گرنگ و ديارن ؛ بوونی سەردەكردەی دڵسۆزی لەخۆبورد و ڕاستگۆ لەگەڵ گەل و نيشتمانەكەی ، ئازا و بوێر و نەترس . بوونی بەڕنامەڕێژييەك كە بتوانرێت هەنگاو بەرەو پێشەوە ببرێت .
وشەی شۆڕش بە ناوە لاتینییەکەی لە ( Revolution ) وە هاتووە .
سەرچاوەی ئەم وشەیە Revolution دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی تازەگەری و نوێخوازی و گەشەکردنی بیروبۆچوون و ڕیفۆرم لە نێو گشت وڵاتانی ئەوروپادا . بنەماکەی بۆ ڕووداوێکی گرنگی گەردوونی دەگەڕێتەوە کە زانا و فەلەکناسی بەنێوبانگی پۆڵەندی نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس Nicolaus Copernicus ( 1473-1543 ) لەسەر جووڵەی زەوی و هەروەها گشت هەسارەکان (Planet ) بۆچوونی خۆی دەربڕێ و بوێرانە و بێ سڵەمینەوە بڵاوی کردەوە کە وەك بوومەلەرزەیەك گشت کڵێسە و کۆنەپەرستانی داتەپان و ئیتر نەیانتوانی خۆ بگرنەوە و ڕابوەستن بەرامبەر بە زانست و تواناکانی عەقڵ و ژیربێژی ( لۆجیك ) ، ئەوێش ئەوەیە کە هەر هەموو هەسارەکان بە زەویشەوە بە دەوری خۆردا دەخولێنەوە . Revolve around the Sun هەروەها دەڵێت : ئەم ڕووداوانە ( واتە خولاندنەوە و جووڵەی هەسارەکان ) لە ژێر توانا و کۆنترۆڵی هیچ کەس و مرۆڤێکدا نییە و بە سیستەمێکی دیاریکراو و گونجاو بەردەوام دەخولێنەوە یا دەجووڵێن . بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاستییە وەك شۆڕشێکی گەورە ئەژماکرا و بوە هەڵتەکاندنی بۆچوونە کۆنەپەرستەکان کە زەوییان بە چەقی گەردوون دادەنا و و بڕوایان وابوو کە یەزدانی مەزن لە بەر خاتری ” پیرۆزی زەوی ” وایکردووە کە هەموو گەردوون بە دەوریدا بسووڕێت .
هەر بۆیە پاپا و کڵێسەی کاتۆلیکی و کەشێشەکان ، کە ئەو کات باڵاترین دەسەڵات و حوکمفەرمابوون ، بە توندی بەرپەچیان دایەوە و دژی ئەو بۆچوونە هەڵوێستیان وەرگرت و بە کافر و لادەر و گومڕایان دایە قەڵەم . هەروەها ئەم سەلماندنەی کۆپەرنیکۆس بووە هۆکارێکی سەرەکی و پاڵپشتێکی پڕتوانا و بە هێز بۆ ئەو جەماوەرەی کە پشتگیریان لە زانست و زانین و چاکسازی و گۆڕانکاری و دوورکەوتنەوە لە بۆچوونی پڕوپووچ و بێ مانا و نازانستی . کەواتە وشەی (Revolution ) کە هاتە ئاراوە بە مانەی ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییانە و ڕاستەوخۆییانەوە هاتووە کە پشت بە زانست و حەقیقەت دەبەستێت و بووە دروشمی سەردەمی ڕیفۆرمخوازان دژ بەو بۆچوونە کۆنەپەرست و چەوتوچەوێڵ و دامودەستگا سەرکوتکەر و دز جەردە و خۆسەپێن و دیکتاتۆرانەی ئەوکاتە . بەڵام ئەو ڕژێمانەی کە پشتیوانییان لە پاپا و کڵێسە و کەشیشەکانەوە وەردەگرت و تا زیاتر خۆسەپێنتر بن و دزی وتاڵانی زیاتر بکەن ڕاشکاوانە هەڵوێستی خۆیان خستە پاڵ کڵێسە و دژ بە نوێخوازان وەستانەوە و دژی هەموو جووڵەیەکی شۆڕشگیرانە وەستانەوە و ناوی سەیر و سەمەرەیان دوادەخستن وەك ” ئاژاوەگێڕ ، لادەر ، گومڕا ، تێکدەر ، یاساشکێن و … هتد ، تا لەبەر چاوی کەسانی ساویلکە و کاسەلێس بە کەم و سووك سەیریان بکەن . ئەوجا لە ڕوانگەی ئەو وشە پڕمانایانەی کە زانایەکی وەك کۆپەرنیکۆس و هەڤاڵانی هێنایانە ناو فەرهەنگی سیاسییەوە (Revolution ) دەتوانین بە هەموو تازەگەری یا نوێخوازی یا… یا … یا…. کە لە بەرژەوەنی ڕای گشت و جەماوەردا بێت بڵێن شۆڕش .
( گەلی برادەرینە ، خۆتان سەرپشك بن ، ئاخۆ دەتوانین بە هەندێك لە جووڵەکانی ناو خۆمان بڵێن Revolution شۆڕش .
هەندێ بە ناو شٶڕش و چەواشەکاری هەیە ، لە ماڵ کاولی و شەلالی خوێن زیاتر هیچ سوودێکی بۆ گەل نییە و نەبوە ، چونکە لە پێناو ئەجیندای وڵاتێکی تردا و بە پەنجەی ئەوان بەڕێوە چووە یا دەچێت . بەڵام سەیرەکە لەوەدایە کە دەهۆڵکوت و زوڕنا ژەن و سەرچۆپیکێشەکانیان ، هەر قریوەیان دێت و وشەی شۆڕش و شۆڕش و شۆڕش ….. دەڵێنەوە !!
باسکردن لەسەر وشەی ” شۆڕش ” هەویرێکە و ئاوی زۆر دەکێشێ و باسوخوازی زۆری گەرەکە و هەڵدەگرێ !!
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت